ڕەسوڵ بۆسکێنى: ڕزگارکردنى موسڵ و مەترسى شەپۆلێکى ترى ئاوارەبوون.
بەشی پێنجەم .
قۆناغى دواى داعش و چارەنووسى کورد
ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش وەک ڕووداوێکى لەناکاو سەرى هەڵداو لە 10-6-2014 شارى موسڵى داگیر کرد و، لەماوەیەکى کەمدا سنوورێکى فراوان لە ناوچەکەى کۆنتڕۆڵ کرد. ئەگەرچى لەماوەى چەند مانگى ڕابردوودا داعش’ لەعیراق دووچارى شکستێکى گەورە بۆتەوە و، ناوچەیەکى زۆرى لەدەستداوە، کە پێشتر داگیرى کردبوو، بەڵام هێشتا شارى موسڵ و چەند ناوچەیەکى ترى بەدەستەوەیە.
هێزە عیراقیەکان بەهاوکارى هاوپەیمانان لە هەوڵى کۆنتڕۆڵ کردنەوەى ئەو شارە دان، هێرشە پچڕ پچڕەکانى سوپاى عیراق لە باشوورى پارێزگاى نەینەوا و باکوورى سەلاحەدین، لەچوارچێوەى ئامادەکاریەکان دایە بۆ دەست پێکردنى ئۆپەراسیۆنى بەرفراوانى ئازاد کردنى شارى موسڵ. ئامانجى داهاتووى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و عیراق ڕزگارکردنى شارى موسڵە کە بە حەشارگەى سەرەکى داعش هەژمار دەکرێت. بەپێى زانیاریە ئەمنیەکان و لێدوانى بەرپرسانى سەربازى عیراقى و ئەمریکى لەماوەیەکى نزیکدا شەڕى کۆنتڕۆڵ کردنەوەى موسڵ و ڕزگارکردنى لەدەست داعش دەست پێدەکات، بەهۆى ئەو شەڕەوە پێشبینى دەکرێت نزیکەى یەک ملیۆن کەسى دیکە لەو پارێزگایە ئاوارەى هەرێمى کوردستان و وڵاتانى تر بن.
سایتى خەندان لە 18-7-2016 بڵاوىکردەوە دواى سەردانێکى بۆ عیراق (یولخیم رۆکەر) دیپلۆماتکارى ناودارى ئەڵمانى و نوێنەرى هەمیشەیى ئەڵمانیا لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا ئاماژەى بەوە کرد: مەزندە دەکرێت زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتى عیراقى ناچاربن ماڵەکانى خۆیان جێبهێڵن بەهۆى شەڕى داعشەوە، دوور نیە بارودۆخى خراپى داعش هەندێک لەخەڵکانى خۆیان بەتایبەت ئەو کەس و منداڵانەى لەسەر مەشق ڕاهێنراون، خۆیان بخزێننە کاروانى ئاوارەکان و بێن لەکوردستان وەک ئاوارەیەک نیشتەدێ بن، ئەمەش مەترسیەکى گەورەیە لەداهاتوودا کاریگەرى نەک لەسەر عەرەبە ئاوارەکان، بەڵکو کاریگەریان لەسەر کوردیش هەبێت، بەهار عەبدولڕەحمان بڕیاردەرى لیژنەى پێشمەرگە لەپەرلەمانى کوردستان بۆ (باسنیوز)ى ڕاگەیاند: پێشبینى دەکرێت چەکدارەکانى داعش ئەو منداڵانەى لە فێرگەکانى ئەو ڕێکخراوە ڕاهێنانیان پێ کراوە، خۆیان بخەنە ناو ئەو ئاوارانە ڕوو لە هەرێمى کوردستان بکەن، وەک ئەوەى ڕوویان لە ئەوروپا کردووە، گووتیشى گرنگە لەلایەنى ئەمنى کوردستان ئەو پرسە بەگرنگ وەربگرێ و خۆى بۆ ئامادە بکات، گووتیشى: پرسى ئاوارە و پرسى ئەمنى دوو بابەتى لەیەکتر جیاوازن، ” هەرێمى کوردستان بەهۆى حەواندنەوەى ئاوارە و کارکردن بۆیان ناوبانگى زۆرى لەدنیا پەیدا کردووە و زۆربەى هاوکاریەکانى وڵاتانیش بەو هۆیەوە بووە، بەڵام پرسى ئەمنى بابەتێکى جیایە” باشتروایە ئاوارەکان کەمپى تایبەت بەخۆیان هەبێت و تێکەڵ بە خەڵکى هەرێمى کوردستان نەکرێن، بەبوونى کەمپەکان زیاتر دەتوانرێ کۆنتڕۆڵى ئەو کەسانە بکرێت کە داعشن، یان هەڵگرى بیروڕاى داعشن و لەبەرگى ئاوارەدا ڕوو لە کوردستان دەکەن.
سوپاى عیراق بەهاوکارى گروپە چەکدارەکانى تر و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى زۆرێک لە خاکى ژێر چنگى داعشیان ئازاد کردووە، خالد عوبێدى وەزیرى بەرگرى عیراق ڕایگەیاند هێرش کردن بۆ ئازاد کردنەوەى موسڵ پێویستى بەهەماهەنگى کاریگەر هەیە لەگەڵ هێزى پێشمەرگەى کوردستان و ئاشکراى کرد لە ئێستادا لە10% ى خاکى وڵات بەدەست داعشەوە ماوە. پێشبینیشى کرد لەگەڵ دەست پێکردنى شەڕ خەڵکى ئەو شارە هەڵبێن و خۆیان ڕزگار بکەن.
لەو بارەیەوە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بەداعش بۆ کۆنتڕۆڵ کردنەوەى موسڵ لەکۆبونەوەیەکى فراواندا لەئەمریکا بەبێ نوێنەرایەتى کورد تاوتوێى هەنگاوەکانى ڕووبەڕوو بوونەوەى ئەو ڕێکخراوەیان کرد، ئەوەش کاردانەوەى بەرپرسانى هەرێمى کوردستانى لێکەوتەوە، چونکە کورد لایەنێکى سەرەکى ئەو شەڕەیە، پشت گوێ خستن و خەمساردى بەرامبەر بەکورد زیان بەپرۆسەکە دەگەیەنێ، بێ گومان دواى جەنگى داعشیش بارودۆخى ناوچەکە بابەتێکى ئاڵۆزە بەتێڕوانین لە کێشە ناوخۆییەکان ئەوە ڕەچاو دەکرێت بۆ لەمەودواى شەڕى داعش سروشتى بەردەوامى ململانێکان و گۆڕانکارى جوگرافى سیاسى ناوچەکە بەردەوام بێت، ئێمە قسەمان لەسەر موسڵ و هەرێمى کوردستانە، لە ڕووکەشدا شەڕەکە دژى داعشە، بەڵام لە ڕاستى دا شەڕێکى مەزهەبى- ئیتنى یە، گۆڕەپانى شەڕەکەش ناوچەى سوننەنشین و خاکى کوردە، هەرچەندە کورد لەشەڕى داعش قارەمانى زۆرى نواند و قوربانى زۆرى داوە، گورزى بەهێزیشى لە داعش داوە، ڕەوتى ڕووداوەکان ئاماژە بۆ لاواز بوونى داعش و لەدەستدانى بەشێکى زۆر لەتواناکانى لە پاشەکشێ دایە، ئەمریکا و ڕۆژئاواش بەپەلەیە لە کۆتایى هێنان بە باڵادەستى سەربازى داعش لەناوچەکە یان هەرنەبێت بۆ ئەم قۆناغە، لەئێستادا ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکارى قۆناغێکى نوێ دایە ئەویش قۆناغى دواى داعشە.
قۆناغى دواى داعش قۆناغێکى ئاڵۆزدەبێت بەپێى ئاماژەکان گرژى و ئاڵۆزى نێوان سوننەکان و شیعە بەردەوام دەبێت، بێ مەرجەعى شیعە و هەر گروپە ڕووى لەلایەک ئەوەش کێشەیەکى ترە، لەلایەکى دیکە کێشەى ناوچە جێناکۆکەکان ئەگەرچى بەقارەمانیەتى و گیانبازى پێشمەرگەى کوردستان لەدەستى داعش دەرهێنراون و لەلایەن پێشمەرگەوە سەرپەرشتى دەکرێن، تائێستا وەکو کێشەیەکى ئاڵۆز و هەڵواسراو ماوەتەوە و چارەنووسى دیار نیە، ئێستا داعش هۆکارێکە بۆ داپۆشینى هەموو ئەگەرەکان لەنێوان حکومەتى عیراق و هەرێمى کوردستان هەموو هەستە شاراوەکان و بوغز و کینە نهێنیەکانى ناو دڵى دەسەڵاتدارانى بەغدا کپ کراون، هەر کاتێک شەڕى داعش نەما ئەوا ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ بەغدا دەست پێدەکەن، لەبەر ئەوە کورد پێویستە قۆناغى دواى داعش لەبەرچاو بگرێت و بەرچاوى ڕوون بێت لەوەى پاش شەڕى داعش گۆڕانکاریەکان چۆن دەبن و چى ڕوودەدات، پاش قۆناغى شەڕى داعش یەکێک لە ئاماژەکان ئەوەیە فیدڕاڵیەت بۆ سوننەکان دروست بێت، ئەوەش بۆ خۆى کێشەیەکى دیکەیە، پرسى ڕزگارکردنى موسڵ و مامەڵە کردن لەگەڵیدا پرسێکى ئاڵۆزە، کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و لایەنە ناوخۆییەکان کۆکن لەسەر ئەوەى پێش ڕزگارکردنى موسڵ، ڕێک کەوتن بکرێت لە نێوان حکومەتى عیراق و هەرێمى کوردستان و حکومەتى خۆجێى موسڵ لە ڕووى سیاسى و سەربازى، پێویستى بەلێک تێگەیشتنى لایەنى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عیراق و حکومەتى خۆجێى موسڵ و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى هەیە.
لەلایەکى تر بەرامبەر بەسیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا کوردى عیراق هەقە دراسەیەکى وردى بۆ بکەن، چونکە بارودۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست یان لانى کەم ئەم ناوچەیەى ئێمە لەنێوان دەستێوەردانى خۆرئاوایى و سیستەمى خێڵەکى و مۆدێرنەتەیەکى شەرمن سەرگەردانە، لەماوەى سەد ساڵى ڕابردوودا ڕۆژئاوا لەپشتگیرى عەرەبێکى خێڵەکى و ئیشتراکى و ئەمڕۆش پشتگیرى گروپى ئیسلامى و سیاسیە جۆراو جۆرەکان لە هەڵبەز و دابەز دابووە، هەروەها پەیوەندى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەش بەدرێژاى ماوەى جەنگى سارد و ئێستا چەندین گۆڕانکارى لە پەیوەندى وڵاتانى ناوچەکە و خۆرئاوا هاتۆتە ئاراوە، ئەگەرچى ئێستا زۆر کەس کورد و نیشتمانەکەى بە پێویستیەکى جیۆپۆلەتیکى دەزانن بۆ ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا، بەهۆى بوونى هەڵکەوتەى جوگرافى و سامانێکى زۆرى سروشتى و سامانێکى مرۆیى بەپیت لەبوارى سەربازى، بەڵام مەترسى گەورە ئەوەیە شەڕى داعش کۆتایى بێت. لە دابەش کردنى دەستکەوتەکانى شەڕ کورد مایەپوچ بێت و نەیتوانبێت خۆى کۆبکاتەوە و هیچ بڕیارێکى نەدابێت، لەبەر ئەوە گرنگە پێش کۆتایى هاتنى شەڕى داعش کورد بڕیارى کۆتایى خۆى دابێت، چونکە دواى کۆتایى هاتنى داعش مەترسى ئەوە هەیە ڕووداوەکان هێندە خێرا بن کورد فریاى ئەوە نەکەوێت لەو کارانە بدوێت. بەڵام ئەوەى مایەى نیگەرانیە ناکۆکى توندى نێوان لایەنە سیاسیەکانى هەرێمە، جیاوازیان لەچەندین لایەنى وەکو سەرۆکایەتى هەرێم و سەربەخۆیى و ڕیفراندۆم و چەندین شتى تر هەیە، ئەوەش دوورنیە بەهۆى دابەش بوونى هێزە ناوچەییەکان بێت، کەلایەنە سیاسیەکانى کوردى بەسەر دابەش بووە، زۆر گرنگە لەم قۆناغەدا کورد مامەڵەیەکى لەبار و تەندروست بکات نەیەڵێت ململانێکان بەئاقارى لاوەکى و نەشیاودا هەنگاو بنێن و مەبەستە سەرەکیەکە لەبار ببات.