ئاریتما موحه‌ممه‌دی: دیموكراسی له تیئۆرییه‌وه بۆ تێڕوانین ! به‌شی 15 .
له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا كه كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێ، ئیستاشی له‌گه‌ڵ بێ، مرۆڤه‌كان كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا به ئایینه‌وه گرێ ده‌ده‌ن، به‌ڵام له ڕاستیدا ئایین له ڕه‌وتی مێژوودا و تاكوو هه‌نووكه‌ش هه‌موو هه‌وڵی ئه‌وه بووه كه سنوور بۆ سه‌ره‌ڕۆییه‌كانی مرۆڤه ههڵپهرهستان و نادادپه‌روه‌ره‌كان دابنێت و كۆتایی به سته‌می داگیركه‌ران و زاڵمان بهێنێت. بۆیه هه‌موو كێشه‌كانی ئه‌م جیهانه له ناخی مرۆڤ و له بیروهۆشی مرۆڤه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و گرێدانی به ئایینه‌وه خۆدزینه‌وه له ڕاستییه‌كانه و ئه‌مه‌ش چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناكات. هه‌موو نهخۆشینێك ده‌كرێ چاره‌سه‌ر بكرێ، ئه‌گه‌ر هاتوو و له‌كاتی خۆیدا و پێش ئه‌وه په‌ره بستێنێت ده‌ستنیشان بكرێت و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بنه‌ڕه‌تیی بۆ بخرێته‌گه‌ڕ. له‌بیرمان نه‌چێت كه له ڕه‌وتی مێژوودا ئه‌وانه‌ی كه دژایه‌تیی ئایینه ئاسمانییه‌كانیان كردووه ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌ره‌ڕۆ، سه‌رمایه‌داران و سهرمایهخوازانی گه‌نده‌ڵ و ملهوڕ و خۆبه‌زلزان بوونه.
كه‌واتا با له‌و بازنه كۆن و نازانستییه ده‌ربچین كه پێمان وابێ هه‌موو كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگا له هه‌ناوی ئایینه‌وه دێنه‌ده‌ر. با پتر بهزرین و باشتر بیر بكه‌ینه‌وه، چونكه جیهانی چاره‌سه‌ریی هه‌موو كێشه‌كان له ده‌لاقه‌ی هزرین و بیركردنه‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. هزرین و بیركردنه‌وه‌ی خۆماڵیانه بۆ كێشه‌كان نه‌ك هه‌ر ده‌بێته هۆی پێشكه‌وتن، به‌ڵكوو ئاره‌سته‌ی ڕووداوه‌كانیش ده‌گۆڕێت و ڕێ له‌وه‌ش ده‌گرێت كه هه‌لپه‌ره‌ستان و ده‌سه‌ڵاتخوازانی گه‌نده‌ڵ كۆشكی ده‌سه‌ڵات به‌رزبكه‌نه‌وه و شۆڕشی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابوورییش دێنێتهكایهوه. بیركردنه‌وه مرۆڤ له ئاڵۆزییه هزریی و كێشه ده‌روونییه‌كان ده‌پارێزێت و هاوكات ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌كه ئاشتیی و ئاساییشی كۆمه‌ڵایه‌تیی بچه‌سپێت و ده‌سه‌ڵاتدارانیش ناتوانن بۆ ئامانجه چه‌وته‌كانی خۆیان كۆمه‌ڵگا به‌كار بهێنن. چونكه كۆمه‌ڵی هۆشیار، كراوه و خاوه‌ن هزری چالاك به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵات لێی ده‌ترسێت.
بێگومان تێكڕای كێشه‌كان و ئالۆزییه‌كانی كۆمه‌ڵگه له بیروهۆشی مرۆڤه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و به‌ستنه‌وه‌یان به ئایین خۆ دزینه‌وه له ڕاستییه‌كانه. هۆكاری سه‌ره‌كیی سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌كانیش بۆ بنه‌ماكانی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات له‌نێو كۆمه‌ڵگه ده‌گه‌ڕێته‌وه. له‌و پێناوه‌شدا هه‌زاران كه‌س به قوربانی ده‌كرێن و له ئاكامیشدا ئه‌وه‌ی كه ڕه‌نگ و ده‌نگی هه‌یه سه‌رمایه‌دار و ده‌سه‌ڵاتداره. ئیتر ئه‌وه‌ی كه خوێنی ڕژا و خۆی به قوربانی كرد، نێوی له‌نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژوودا ون ده‌بێت.
له كۆی ئه‌وه زه‌نجیره بابه‌ته‌دا به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌ییشتین كه ناكرێت دیموكراسیی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی تیئۆرییدا باسی له‌سه‌ر بكرێت و له‌و پێوه‌ندییه‌شدا خه‌باتی بۆ ده‌ست پێبكرێت. دیموكراسیی ده‌بێ سه‌ره‌تا له تێڕوانینی مرۆڤه‌كاندا وێنا بكرێ و هێمای بۆ نه‌خشێنرابێ، ئه‌وكات ده‌كرێ له گۆڕه‌پانی كرده‌وه‌دا هه‌نگاوی بۆ بنرێت. له به‌شێك له كۆمه‌ڵگاكانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا ده‌یان ساڵه باسی له دیموكراسیی و جێگریبوونی ئه‌و پڕۆسه‌یه ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ تاكوو ئیستا له كرده‌وه‌دا هه‌نگاوی بۆ نه‌نراوه یانخود جێگیر نه‌كراوه!. بێگومان هۆكاری سه‌ره‌كیی جێگرنه‌بوونی دیموكراسیی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه هه‌وڵدان بۆ جێگركردنی كولتووری دیموكراسیی ته‌نیا له چوارچێوه‌ی تیئۆریدا ماوه‌ته‌وه و ئه‌م هه‌وڵدانه ئاوێته‌ی تێڕوانینی مرۆڤه‌كان نه‌بووه. تئۆرییهكان كاتێ ده‌چنه بوواری كرده‌وه كه له هزر و مێشكی مرۆڤه‌كاندا وێنا بكرێت و تێكه‌ڵ به تێڕوانینی مرۆڤ و كۆی گشتیی كۆمه‌ڵگه ببێت.
پلۆرالیسم و فره‌گه‌ریی و فره‌ڕه‌نگیی پێویستی به كه‌شی له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه كه چه‌مكه‌كانی هاورده‌ی كۆمه‌ڵگاكانی دیكه نه‌بێ و ده‌بێ به‌رهه‌می تێكۆشان و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌مان كۆمه‌ڵگه بێ. ئه‌وه‌یكه ده‌یهه‌وێت چه‌مكی دیموكراتیی ڕۆژئاوایی له كوردستاندا بچه‌سپێنێت، په‌ره به ئاڵۆزییه كولتووریی، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌دات. چونكه دۆخی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ته‌نانه‌ت ئابووریی كوردستان و ڕۆژئاوا گه‌لێك لێك جیاوازه. كوردستان، شاخ و پێده‌شته‌كانی زاگرۆش خاوه‌ن پێواژۆ، چه‌مكی سیاسیی، كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئابووریی خۆیه‌تی. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵی كورده‌واریی ئه‌و كولتووره خێڵه‌كییه له چه‌مك و پڕۆسه‌ی جڤاكیی جیابكاته‌وه، بێگومان كوردستان خاوه‌ن پڕۆسهیهكیی سیاسیی و پێشكه‌وتووه كه ده‌توانێ به ئاسانترین شێوه به‌سه‌ر كێشه سیاسییه‌كانیدا زاڵ بێ و تۆی سڕبوونی كولتوور و ناسنامه‌كه‌شی چالاك بكاته‌وه. ئێمه وه‌ك كورد و گه‌لانی كهلهمانگی شارستانییه‌ت ته‌نیا به كه‌ڵك وه‌رگرتن له پڕۆسه‌ی خۆماڵیی جڤاكیی به‌سه‌ر كێشه‌كاندا زاڵ ده‌بین و ده‌توانین پێشكه‌وتن مسۆگه‌ر بكه‌ین. خۆهه‌ڵواسین به چه‌مكه ڕۆژئاواییه‌كان ته‌نیا كێشه‌كانمان بۆ ئاڵۆزتر و قوڵتر ده‌كاته‌وه.
ئه‌و پڕۆسه‌یه كه له ڕۆژئاوا ئاشتیی مسۆگه‌ر كردووه، شه‌رت نییه له كوردستان ئاشتیی و پێشكه‌وتن مسۆگه‌ر بكات. هه‌ر كۆمه‌ڵگا خاوه‌ن هێز و وزه‌ی تاییبه‌ت به خۆیه‌تیی. چونكه قۆناغه‌كانی پێشخستنی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كان له یه‌ك ئاستی یه‌كساندا نییه و نابێ یه‌ك پڕۆسه‌ی سیاسیی به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كانی جیهاندا بسه‌پێنین. ئه‌وانه‌ی كه جاڕی دیموكراسیی و لیبرالیسم ده‌ده‌ن، ده‌ڵێن لیبرالیسم و دیموكراسیی خاوه‌ن چه‌مك و كولتووری پلۆرالیسم، فره‌گه‌ریی، فره‌ڕه‌نگیی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه، ده‌ی چۆن ده‌بێ هه‌مان چه‌مكی دیموكراسیی كه خۆی به خاوه‌ن چه‌مكی فره‌گه‌ریی و فره‌ڕه‌نگیی ده‌ناسێنێت هه‌وڵ بدات كه ته‌نیا خۆی و گلۆبالیزمی سیاسیی، ئابووریی و كولتوورییه‌كه‌ی كه ده‌رهاوێشته‌ی هه‌مان فه‌لسه‌فه‌ی سیاسیی خۆیه‌تیی به‌سه‌ر جیهانی فره‌ڕه‌نگ و فره‌چه‌شندا بسه‌پێنێت!. كه‌واتا دیموكراسیی ئه‌و پڕۆسه نییه كه بتوانێ له‌نێو جیهانی هه‌مه‌ڕه‌نگدا هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی فره‌ڕه‌نگیی نه‌دات.
گلۆبالیسم له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه جیهانی فره‌ڕه‌نگ و فره‌چه‌شن بخاته‌ژێر هه‌ژموونی خۆیه‌وه و ئه‌م جیهانه پڕ له جیاوازییه بكاته جیهانی یه‌كده‌ست و یه‌كڕه‌نگ كه ته‌نیا خۆی تێدا باڵاده‌ست بێ. هه‌نووكه كولتووری به‌جیهانیبوون و گلۆبالیسم پڕۆژه‌ی خۆی خستووه‌ته‌گه‌ڕ. ئه‌م كولتووره كه خۆی به كولتووری مه‌زن و پێشكه‌وتووخواز پێناسه ده‌كات له‌هه‌موو ئاسته جیاوازه كولتووریی، سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا خه‌ریكی خۆسه‌پاندنه به‌سه‌ر جیهاندا و ئه‌و گه‌ل و نه‌ته‌وه و زمانانه‌ی كه ده‌یانهه‌وێت نهكهونهبهر هه‌ژموونه‌كه‌ی وه‌ك نه‌یاری ئه‌و چه‌مكه جیهانییه چاو لێده‌كرێن و له‌لایه‌ن وڵاتانی لیبرالیستییهوه دهكهونهبهر هێرشی كولتووریی و ئابووریی. ئه‌مه ڕاستییه‌كه و نابێ كه‌س حاشای لێبكات.
لیبرالیسمیی ئه‌مڕۆیی خۆی له دوو پێناسه‌ی جیاوازدا ده‌بینێته‌وه، ئه‌م دوو پێناسه‌یه له ڕاستیدا فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌مڕۆیی دیموكراسیی پێك ده‌هێنن كه یه‌كیان كاپیتالیسمه و ئه‌وی دیكه‌یان گلۆبالیسمه. جیهانی كاپیتالیستیی جیهانی سه‌رمایه‌داریی و هه‌ڵلووشینی سه‌رمایه‌ی جیهانییه كه خۆی له كه‌رت و ڕه‌هه‌ندی جیاوازیی ده‌سه‌ڵاتدارێتیی، ئابووریی و داگیركردنی كۆمه‌ڵگه و بازاڕی جیهانیی ده‌بینێته‌وه و گلۆبالیسمیش خۆی له داگیركردنی جیهاندا ده‌بینێته‌وه و ئامانجی ئه‌وه‌یه كه بازاڕی جیهانیی بخاته‌ژێر ڕكێڤی پڕۆسه‌ی سه‌رمایه‌دارییه‌وه و كاپیتالیسم له ڕێگای كولتووری گلۆبالیسمهوه ستراتیژییه‌كانی خۆی به‌ره‌وپێش ببات. واتا گلۆبالیسم له خزمه‌ت به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانی كاپیتالیسمه. به واتایه‌كی دیكه گلۆبالیسم جیهان داگیر ده‌كات و ده‌یخاته به‌رده‌م كاپیتالیسم.
له فه‌لسه‌فه‌ی بیركردنه‌وه‌ی كۆمهڵناسیانهی كێشه‌كانی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی تاكوو هه‌وڵه‌كان تێكه‌ڵ به هزری مرۆڤه‌كان نه‌كرێن، ناتوانین چاوه‌ڕوانی گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی بین. چونكه هه‌ر هه‌وڵێك ئه‌گه‌ر له یه‌ك كاتدا ئاوێته‌ی ڕوانگه و كرداری مرۆڤ نه‌بێ، یانخود به‌رهه‌می ئاوێته‌بوونی ڕوانگه و كرداری مرۆڤ نه‌بووبێ، سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر ناكات. هه‌رچه‌ند بۆ ئه‌و پرسه هه‌وڵ بده‌ین و چالاكییش به ئه‌نجام بگه‌یه‌نین. به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕمان پێی نییه، چونكه نه‌بووه‌ته به‌شێك له پڕۆژه‌كانی نێو مێشك و هزر و كرداری مرۆڤ. واتا زۆربه‌ی ئه‌و درووشمانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له جیهانی كهلهمانگی شارستانییه‌تدا به‌رز ده‌كرێنه‌وه ته‌نیا ڕه‌نگوبۆی پڕوپانگه‌نده به‌خۆوه ده‌بینن و قه‌د نه‌چوونه‌ته نێو هزر و كرداری پێكهاته‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵگانه‌وه.
درێژه‌ی هه‌یه…