ئەبوبەکر جاف: لە بارەی دەسەڵات و بەرەنگارییەوە ـ چۆن بزوتنەوەی گۆڕان تێپەڕێنین ؟
لە پێناو بەرەنگاری گەریلاییدا
1
گۆڕان كاری بووبوو بە دێوكردنی دەسەڵاتی سیاسی و بە پیشەسازی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی وێنەگەلێك لەسەر دەسەڵات، كە جگە لە خولقاندنی دۆزەخ، دەسەڵات كارێكی دیكەی نییە. دەسەڵات لە هەر كوێیەك بێت دزو شەوكوتیی و جەردەیی و تاڵانیی و ڕاوڕوت و ئینسانكوشتن و تەواوی كارەساتەكان لەوێیە. بۆ ئۆپۆزسیۆنی ئێمە، دەسەڵات هۆكارو تاوانباری یەكەم و كۆتایی نەهامەتی و بەدبەختییەكانی ئێمەیە. دەسەڵات ئەو دەجالەیە بە كوشتن و لە ڕیشەدەرهێنانی تەواوی نەهامەتیی و كێشەكانی دونیای ئێمە لە نێوان شەو و ڕۆژێكدا چارەسەر دەبێت.
2
هەژاریی و كڵۆڵیی ئەدەبیاتی گۆڕان لەو شوێنەدا جێگەی بەزەیی و بەدبەختیی بوو كە دیدگاو گۆشەنیگایەكی قوڵی فكری لە پشت تێگەیشتنیانەوە نەبوو بۆ دەسەڵات. تەفسیریی گۆڕان بۆ دەسەڵات سەر بە میراتی ماركسیزمی شۆڕشگێڕیی بوو. بزوتنەوەی گۆڕان و تەفسیرو شیكردنەوەو ڕەخنەكانی نە لە ناو فەلسەفەی كلاسێكدابوو، نە لە ناو تەفسیرێكی ڕەخنەیی سەر بە میراتی پۆست مۆدێرنیتێ. گۆڕان بزوتنەوەیەكی سروشت شۆڕشگێڕی ماركسیستیانەی سەر بە قوتابخانەی شۆڕشگێڕیی و ئەقڵی سیاسیی و شۆڕشگێڕیی سەر بە شاخ بوو. هەمیشە گۆڕانكاری لەسەڕەوەو لەوێشەوە شۆڕكردنەوەو دابەزاندنی بۆ خوارەوە. تێگەیشتن و تەفسیركردنی دەسەڵات وەك سەری مارەكە تەنیا سەر بە میراتێكی تەفسیركردن و تیۆریزەكردنی شۆڕشگێڕییانەو شەڕی بەرەیی و یەكلاكەرەوەیە. بەڵام دیارە ڕێكخستن و ئاراستەكردنی كەس و هێزی توڕەو ناڕازیی لە ناو دیسكورس و جەنگی بەرەیی و سەراپاگیردا جگە لە شكست دەرئەنجامێكی دیكەی نییە.
3
گۆڕان لە ناو ماكینەو پیشەسازیی بە دێوكردن و دێواندنی دەسەڵاتدا چی بەرهەمهێنا ؟ وێنەیەكی ناشیرین و بە دێوكراو و بە دۆزەخییكراوی دەسەڵات كە توشی دەرئەنجامێكی كردین هەر كەس و گوتارو هێزێك بچێتە دەسەڵات و دەسەڵاتی سیاسی بگرێتەدەست، بە ناچاریی و بە حەتمیی و بە جەبر دزو گەندەڵ و ڕاوڕووتكەرو شەوكوتە. هەر لێرەوە بەشداریی خۆیان لە بەڕێوەبردنی حكومەت و وڵات و دامودەزگاكانی خزینرایەوە ناو هەمان وێنەو هەمان دەرئەنجام كە خولقێنەری یەكەم و كۆتایی هەر خۆیان بوون. واتە ئەتمۆسفێرو كەش و فەزایەكی سروتیی و مۆراڵیی وایان بەرهەمهێنا كە خۆشیان مەحكوم دەكات بە هەمان لۆژیكی بەرهەمهێنانەوەی دونیای یەكێتی و پارتی.
4
بەڵام دەبێت لەوە دڵنیا بین گۆڕان زیاترو باشتری پێ نەدەكرا. چون ئەكتەرو بكەرەكانی گۆڕان هەمان ئەكتەرو بكەری ناو مێژووی چەندین دەیەی یەكێتی و پارتین. واتە ئەكتێكی سیاسی نەخولقێنرا كە سەر بە هەمان ڕیشەو ژینیالۆژیای یەكێتی و پارتی نەبێت. كاڵفامیی و هەژاری تێڕوانینی خەڵكانێكی زۆر بوو لەوەی چاوەڕوانی ” شتێكی جیاواز” لە كۆمەڵە ئەكتەرێك بكرێت كە، بە سەرمایەو بە زمان و بە شەرعییەتی بەردەوامیی و مانەوەو كوڕی شەرعی هەمان میراتی یەكێتیی و پارتیی بوون.زاڵبوونی تەقس و فەزایەكی هاشوهوش و هەراو هوریا نەیدەهێشت فكر و فەلسەفەی سیاسی قسە بكات. قسەیەكی جیاوازی فكریی و فەلسەفیش مەحكوم بوو بە لایەنگیریی و دۆستایەتی دەسەڵاتی سیاسیی یەكێتیی و پارتی. بەشداریكردنی گۆڕان لە دانوستان و گفتۆگۆكاندا بە ئەكتەری كۆنی شۆڕشگێڕیی وەك ( عومەری سەیید عەلیی و جەلال جەوهەرو …) لە ڕویی سۆسیۆلۆژیاوە زۆر شتمان پێ دەڵێت. شتگەلێك كە دەبوو فكر وردی بكردایەتەوە.
5
مێژووی هیچ گردبوونەوەو كۆبوونەوەیەكی بەشەری پێمان ناڵێت دەسەلات بوونی نەبووە.لای ئەنترۆپۆلۆژیاو ئەنترۆپۆلۆگەكان ئەوە گومان هەڵناگرێت كە نە دەسەڵات و فۆرمەكانی دەسەڵات دەسەبەرداریی كۆمیونێتیی و گردبوونەوویەكی مرۆیی بووە، وە نە هیچ گردبوونەوەو پێكەوە ژیانی مرۆیی و مرۆڤەكان بێ جۆرێك لە جۆرەكانی دەسەڵات بوو. چ دەسەڵاتێكی نوسراو بە یاساییكراوی ناو مۆدێرنیتێ، یاخود فۆرمەكانی دەسەڵاتی نەنوسراو و زارەكی دونیای پێش مۆدێرن پێش مێژوو. ئەگەر چی سەرچاوەو سەرمایەو شەرعییەت و میكانیزمی كاركردنی دەسەڵات بە پێی هەلومەرج و كۆنتێكست سڕوشتی تایەبتییان هەبووە.
6
دەسەڵات بە ئیماناسیی و بە ئۆنتۆلۆژیی هەیەو ئامادەیی ڕەهای هەیە. بەڵام كڵۆڵیی و تەنگەنەفەسیی و هەژاریی فكریی و فەلسەفیی گۆڕان لە ناو گەمەو جەبریی ئەقڵی شۆڕشگێڕیی كوردیدا پەی بە دەسەڵات نەدەبرد كە دەكرێت بەرگریی و بەرهەڵستییەكان بە ئیماناسیی و ئۆنتۆلۆژییانە بدۆزێتەوەو خواردنییان پێ بدات. دەسەڵات لە فەلسەفەی كلاسیكیشدالە ئەفلاتوونەوە تا پەیدابوونی كۆمەڵگەی دیسپلینیی و كۆمەڵگەی كۆنترۆڵیش لە فۆرمە شوانكارەیی و تیۆلۆژییەكەشیدا، لە سەدەی نۆزدەو بیست و ئێستاشدا هەرگیز وێنەیەكی ئیبلیسیی و شەیتانی لە خۆ نەگرتبوو. دەسەڵات بە ئیماناسیی و لە ناو سەیرورەیەكی ڕەهادا بوونی هەیەو بوونی بەردەوام دەبێت، ئەوەی دەگۆڕێت فۆرمی دەركەوتن و مانێڤستبوونی دەسەڵاتە لە كۆنتێكستێكی جیاوازدا. دەسەڵاتی دونیای ئێستا لە ناو تەكنیك و تەكنۆلۆژییادا فۆرمیی دەركەوتنی جیاوازە، دەسەڵاتی ناو مۆدێرنیتێ و سەدەی دەركەوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و دەوڵەتیی هاوڵاتیی فۆرمی دەركەوتن و كاركردنییان جیاوازە.
7
پێش دەركەوتنی گۆڕان لێرەو لەوێ دەسەڵات و بەرگریی و بەرهەڵستكاریی فۆرم و مانێڤستبوونی دیكەی هەبوو. دونیای پێش جیابوونەوەی گۆڕان، دەسەڵات لە ناو پرۆسێسیوسەكانی پەرشبوون و دابەشبوون و كەرتبوون و تەنانەت بەركەوتن و بەرگری باشتریشدا بوو. بەرگرییەكان لە شوێن و جوگرافیایی جیاوازدا زیاتر ” گەریلایی” بوو. ئەكتەرو بكەری جیاوازو ئەكتی سیاسی جیاواز لە دەركەوتن و بڵاوەكردندا بوون. بەرگرییەكان لە بری ئەوەی بەرەیی و بەركەوتنی توندو ڕەق و زبرو تیژ بم، ئیمانانسیترو گەمەكەری باشتر بوون. بەشێوەیەك بەرگریی و بەرهەڵستكارییەكان خەریكی بەرگریبوون ، فۆرمی دەركەوتنی بەرەنگاری و بەرهەڵستكاریی لە ناو پارتەكانی دەسەڵاتی سیاسی ئێمەشدا فۆرمیولە دەبوو. لە ناو یەكێتی و پارتێدا پەراوێز هەبوو، كەنارنشینەكان خەریكی جەنگیی گەریلایی و لێدان و خۆۆشاردنەوە بوون بە شێوەیەك خۆیان جیا دەكردەوەو ئەكت و ئەكسیۆنی جیاوازیان دەنواند. دەركەوتنی گۆڕان ئەم پەراوێز و پەراوێز نشینانەی خستەوە باوەشی دەسەڵاتە هەژموونكەرو مەركەزییەكان. شەڕەكە بەشێوەیەك لێكەوتەو دەرئەنجامی لێكەوتەوە ، پەراوێزبووەكانی ناو پارتەكانی دەسەڵات لە ناو پرۆسێسیوسەكانی جەنگی مان و نەمانی هێزە سیاسییەكەدا جەنگ و شەڕە بچوك و گەریلاییەكانی خۆیان كردە قوربانیی و دوایان خست.
8
ئێمە دەزانین و بینیمان و ئەزموونی ئەوەمان كرد كە ئەكتی سیاسییانەی ئۆپۆزسیۆن و هێزەكانی دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسیی ئێمە سەر بە هەمان میرات و سروشت و ئەكتەرو جەبری هێزە كلاسیكیی و شۆرشگێڕییەكانی دونیای خۆمانە. ئێستا سەروبەندی دەركەوتنی نیگەرانیی و دڕدۆنگیی و یەئسێكە كە گۆڕان گوناهباریی یەكەم و سەرەكییە لەوەی ” ئومێدو هیوایەكی ساختەی” بەخشی بە چەند نەوەیەكی نائومێد كە چاوەڕوانی ئەكت و ئەكسیۆنی سیاسیی گەورەی لێدەكرا.نا ئومێدیی و سەرگەردانیی و بئ شوانیی و بێ خاوەنیی ئەم جارەی لەشكرێكی گەورەی پەراوێز بوو دەچێتەوە ناو هیزێكی ئیرتیكاسیی و خۆخۆڕو ڕووكردنە خۆ كە دۆخێكی سۆسێۆ – سایكۆلۆژیی نامۆبوونی خولقاندووە كە دەبێت ببنەوە بە قوربانی دانیشتن و ئیمان نەهێنان بە هیچ ئەكتێكی دیكە و هیچ هێزێكی دیكە كە بەڵێنێك بۆ گۆڕان و گۆڕانكاریی بدات و بییەوێت بەڵێنی دونیایەكی باشترمان بداتێ. نا ئومێدی ئەمجارە لە بری بەرگریی و بەرهەڵستیی هەڵهاتن و دانیشتن و نوستن و خۆ گێلكردن و بێباكیی هەڵبژارد.واتە دۆخێكی ئیرتیكاسیی و پاسێڤ كە چانسی خەون بینینیش نەما.
9
گۆڕان و دەرئەنجامەكانی كردەو ئەكتی سیاسییانەی گۆڕان بە مانای زاڵبوونی هێزی ئیرتیكاسیی و پاسیڤ دێت. بەڵام وەك فوكۆ دەڵێت دەسەڵات لەسەرەوە نییەو لە خوارەوەیە، لە كوێش دەسەڵات هەبوو لەوێ بە ئیماناسیی بەرگریی هەیە. بەمشێوەیە بەرگریی و بەرەنگاربوونەوەو بەرهەڵستكاریی لە ئاستێكی ئۆنتۆلۆژیی و ئیماناسدا نە دەمرێت و نە ئاوا دەبێت. ئەوەی مردو ئاوا بوو فۆرمێكی ئەزموونكردنی ئومێدێك بوو بە نائومێدی كە خراپتر گەڕاندێنییەوە پنتێك كە دەبێت شێوازو فۆرمی دیكەی بەرگری سەر ڕێگە بخەین.شەڕو جەنگیی گەریلایی و لێدان و جێهێشتن و بڵاوبوونەوەو پەرتبوون و شوێنگۆڕكێ و نا مەلموسیی و ناكۆنكرێتی هێزی بەرگریی… واتەبە شێوەیەك كە بەرگری تەنیاو تەنیا لە پێناو بەرگرییدا بێت نەك بەدەستهێنان و گرتنەدەستی دەسەڵات و خولیاو كەڵكەڵەی دەسەڵات. دەبێت بەرگرییەكانمان لە هەناو و لە ناوخۆدا بێت. كارەساتە گەورەكەی گۆڕان ئەوەبوو كە بەرگریی و بەرهەڵستكاریی هێنایە دەرەوە. دەرچوون. و هاتنە دەرەوەو لە دەرەوەبوونێكیش دەركەوتن و كۆنكرێت بوون و شوناسوەرگرتن و نواندن و نوێنەرایەتیكردنێكە، كە هەر زۆر بە زوویی دەدۆڕێین و ڕام دەكرێین.