شێرزاد شێخانی: كۆتایی ئەزمونی هەرێمی كوردستان.
میللەتی كورد لەرۆژی بونیەوە تائەمرۆ لەخەبات و تێكوشان لەپێناو ئازادی و سەربەخۆییدا نەوەستاوە. بەدرێژایی قۆناغەكانی مێژوو هەمیشە لەشۆڕشو راپەریندا بوە دژ بەداگییركەرانی.هەزاران هەزار قوربانیشی لەم پێناوەدا بەخشیوە، بەڵام تا ئەمرۆش هیچی بەهیچ نەكردوە، بەردەوام لەهەر چوار پارچەكانیدا ژێردەستی دوژمنی داگییركەرانیەتی. من هیچ قەناعەتم بەو قسەوە نیە كە دەڵێ: هۆكاری جوگرافی و بابەتی و بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەكان لەمپەر بونە لەبەردەم گەشتنی ئەم میللەتە بەسەربەخۆیی، چونكە دەیان میللەت سەربەخۆییان دەستەبەر كردوە كە لەئێمە زۆر كەمترو بچوكتریشن، هەندێكیان سەرباری هۆكارە جیوسیاسییەكانیش توانیویانە سەربەخۆیی بەدەست بینن. نمونەش زۆرن..
گاندی كە رێبەرایەتی شۆرشی میللەتانی هیندستانی كرد دژ بەگەورەترین زلهێزەكانی سەردەمی خۆی كە بەریتانیا عوزما بو، بەبێ تەقە تەنها بە مانگرتن لەخواردن و بەپێ رۆشتن و پشت رووتكردنەوە بۆ قامچییەكانی داگییركەر توانی كرنوش بەم زلهێزە ببات.. شێخەكانی كەنداو كە میللەتەكانیان بەقەدەر دانیشتوانی ناحییەكی كوردستان نابن لەساڵانی شەست و حەفتاكاندا بەسیاسەت توانییان یەك لەدوای یەك دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دامەزرێنن.. ئەگەر سەیری نەخشەی ئەوروپا بكەیت چەندین دەوڵەت هەن كەسنوری دەریاییان نیە، بەڵام توانیویانە لەسەر سنوری وشكانی تەوقدراودا دەوڵەتی خۆیان دامەزرێنن.. كەواتە كێشەو ئەندیشەی كورد هیچ پەیوەندییەكی بە هۆكارە جوگرافیەكانەوە نیە، تەنها كیشەكە عەقڵییەتی سیاسی و رێبەرەكانیەتی نەیتوانیوە خۆی لەگەل هەلومەرجی نێودەوڵەتی بگونجێنێ، بەتایبەت زۆربەی سەركرده كانی شۆرشی كورد یا رێبه ری ئایینی یا خێڵەكی یا بنەماڵەیی بونە. ئەمانەش بەگشتی ئەوەندەی لەبەرژەوەندی ئایین و خێڵ و بنەماڵەكانیان سواری پشتی شۆرش و راپەڕینەكان بونە، ئەوەندە عەقڵیان بەسیاسەتدا نەشكاوە. زۆربەی ئەمانەش یا كرێگرتەی بێگانە یا دەسكەلای وڵاتەكانی دەوروبەر بون.
لەدوای راپەڕینی بەهاری 1991 بۆ یەكەمجار لەمێژوی كوردا جۆرێك لەسەربەخۆیی سیاسی و ئیداری بۆ كورد هاتە كایەوە. هەندێ كەس وای لێكدەدەنەوە گوایە ئەوەی هاتەدەست نیمچە سەربەخۆییەك بوە لەئیدارەدا، بەڵام من پێموایە سەربەخۆییەكی تەواو بووە، خۆ هیچكات رژێمی بەعس بەدرێژایی ساڵانی ئەزمونی هەرێمی كوردستان نەیتوانیوە دەست بخاتە ناو كاروباری ئیدارەی هەرێمەوە. دوای دامەزراندنی پەرلەمانی كوردستانیش هەرێم یاسای تایبەتی بەخۆی هەبوە. هیچكات حكومەتی بەغدا نەیتوانیوە دەستوەردان لەكاروباری حكومەتی هەرێمدا بكات لەروی تەشریعی و تەنفیزیدا، ئەوەی هەبوە تەنها هەڕەشەی عەسكەری بوە كە جاروبار لەپشتی هێزەكانی هاوپایمانان دژ بە هەرێم بەكار ئەهێنرا، جیا لەمە ئیدارەو بەرێوەبردنی هەریم هەمیشە سەربەخۆ بوە.
دوای روخانی رژێمی سەدام فرسەتێكی زێرین بۆ میللەتی كورد رەخسا بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێ ونەجاتی بێت لە داگیركاری، بەڵام لەمەشدا سەركردایەتی كورد راكەراكە رۆشتنە بەغداو بەشدارییەكی كاریگەریان كرد لەنوسینەوەی دەستور بۆ ولاتە داگییركەرەكەو چونە ناو پرۆسەی سیاسی لەعیراقی عەرەبدا ئەویش لەپێناو وەرگرتنی هەندێ ئیمتیازاتی پارەو پۆست وپایە كە هەموشیان دەركەوت كارتۆنی بون. سەركردایەتی كورد ئەوەندەی پەرۆشی پۆستو پایەكانی بەغدا بو، ئەوەندە مشوری كێشەی نەتەوایەتیو خاكەكەی نەبو، ئەبینین حزبێكی گەورەی وەكو پارتی كە لەم رۆژانەدا حەربێكی گەورەی لەسەر لابردنی هوشیار زێباری لەپۆستی وەزارەتەكەی بەرپاكرد، بەروبعی ئەوە كاتی خۆی شەڕی لەسەر مادەی 140 نەكرد كە كورد دایرشتبو. بەمەش بەشێكی زۆری خاكەكەمان تا ئەمرۆش لەژێر دەستی داگییركەردا ماوەتەوە، هوشیار زێباریش لەپۆستەكەی دەركرا. هەمیشە دەستپێکی سەركردایەتی كورد ورێبەرانی پۆست و پارەو دەسەڵات بوە، هەر كاتێكیش فشاری سیاسی یا جەماوەرییان بێتە سەر ئەوسا بۆ یاریكردن بە عاتیفەی خەلكەوە باسی چارەی خۆنوسینو سەربەخۆیی ئەكەن.
دوای ئەو هەڵمەتە چڕوپڕەی ئیعلانی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، ئێستا گەڕاینەوە سەر چوار گۆشەی یەكەم. بەهۆی ئەم سیاسەتە هەڵانەی سەركردایەتی كورد خەریكە ئەگەڕێینەوە باوەشی داگییركەر..
1 – فەشەلی سیاسەتی بەرێوەبردنی هەرێم بە سیغەی فیفتی فیفتی.
2 – فەشەلی پێكەوە هەڵكردنی سیاسیو ژیانی هاوبەشی لەنێوان هێزە سیاسیەكان ( نمونە، شەڕی براكوژی ناوەراستی نەوەدەكان).
3 – فەشەلی ئیدارەی حكومەتی یەكگرتو لەهەرێمدا (نمونە، مانەوەی ئاسەواری دوو ئیدارەیی لەكوردستان تا ئەمرۆ).
4 – فەشەلی ئیدارەی حكومەتی بنكەفراوانی حزبەكان (نمونە، دەركردنی وەزیرەكانی گۆران).
5 – فەشەلی سیاسەتی پەیوەندییەكانی دەرەوە (نمونە، تاكڕەویی پارتی لەدۆسیەی پەیوەندیەكانی حكومەتی هەرێم ).
6 – فەشەلی سیاسەتی بەرێوەبردنی پەیوەندییە نەتەوەییەكان ( نمونە، دژایەتیكردنی پەكەكەو پەیەدە وبون بە بەشێك لەئەجیندای دوژمنانی كورد).
7 – فەشەلی سیاسەتی بەرێوەبردنی پەیوەندییە ناوخۆییەكان( نمونە، كێشەو قەیرانەكانی ئێستای نێوان حزبەكانی كوردستان و دابەشبونیان بۆ دو بەرەی جیاواز).
8 – فەشەلی سیاسەتی ئابوری( نمونە، شكستهێنانی سیاسەتی سەربەخۆی نەوت).
9 – فەشەلی پرۆسەی دیموكراسی بەگشتی (نمونە ، پەكخستنی پەرلەمانو ئیفلیجكردنی حكومەتی هەرێم).
ئەم هەمو شكستانە بەگشتی وایان لەسەركردایەتی كورد كردوە جارێكیتر خۆیان بخەنەوە باوەشی بەغدا. ئێستا باسێكی گەرم هەیە لەسەر گەرانەوەی بودجەی هەرێم لەسەر ئەساسی پارێزگاكان، واتە پارێزگاكانی هەرێم ئەبنەوە بەبەشێك لە پارێزگاكانی عیراقو بەمشێوەیەش مامەڵەیان لەگەڵدا ئەكرێت، بەواتایەكی روونتر كۆتاییهێنان بەو قەوارە سەربەخۆییەی ناوی هەرێمی كوردستانە، چونكە كاتێك هەر پارێزگایەك بودجەی خۆی لەبەغدا وەربگرێت مانای وایە بوەتە بەشێك لەعیراق و هیچ كارێكی بەحكومەتی هەرێمەوە نامێنێ، خۆ ئێستا بەفیعلی بەحوكمی بونی دو زۆنی سەوزو زەرد زۆربەی بریارەكانی حكومەتی هەرێم لەمدو زۆنەدا حیسابیان بۆ ناكرێ، ئەگەر مەسەلەی پارەو موچەكەش نەمێنی هیچكام لەم زۆنانانە پێویستیان بەویتر نامێنێ، كەواتە ئەمە كۆتایی ئەزمونی حوكمرانی هەرێمی كوردستانە. دوا بزماریشە لەجەستەی مردویی تەبایی ویەكریزی كورد.
كێشەی سەرەكی میللەتی كورد هەمیشە سەركردایەتیەكەی بوە، تا ئەمرۆش نوخبەیەكی سیاسی دەقگرتو بەناوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە حوكمی ئەم میللەتە ئەكەن، ئەگەرچی سیاسی باشو لێهاتوی تیا هەڵكەوتوە، بەڵام هەمیشە تای تەرازوو بەلای سەركردایەتیە عەشایەری و خێڵەكی و بنەماڵەییەكەوە بوە، بۆیە ئەوانیش فرسەتێكیان نەدراوەتێ كار بۆ گۆڕینی ئەم سیستەمە خێڵەكیو بنەماڵەییە بكەن. مام جەلال زیاتر لەپەنجا ساڵ هەوڵیدا ئەم سیستەمی حوكمی خێڵەكی لەكوردستان بگۆڕێ، كاك نەوشیروانیش 25 ساڵە لەهەمان خەمدایە، بەڵام هەندێ جار لەترسی شەڕی براكوژی بێدەنگیان كردوە، هەندێجاریش بەحوكمی گێلی وكاڵفامی میللەتەكەوە كە لەهەڵبژاردنەكاندا بەعاتیفە دەنگیان داوە نەوەك بە عەقڵو وردبونەوە لەبەرنامە سیاسییەكان، بەمەش سیستەمە خێڵەكییەكە درێژەی پێدراوە.
ئەم تاقمەی ئێستا حوكمی كوردستان ئەكەن شكستی خۆیان و سیستمەكەشیان سەلماند، ئەو پارەیەی لەداهاتەكانی نەوتدا دەستیان ئەكەوت نەیانتوانی روبعە موچەیەكیشی پێبدەن، قەناعەتم وایە ئەگەر داهاتی هەمو وڵاتانی رێكخراوی ئۆپێكیشیان لەبەر دەستتدا بێ دیسان ناتوانن روبعە موچەكەش بدەن چونكە تاقمەكە تاقمێكی گەندەڵ و بەرژەوەندخوازەو لەخەمی میللەتدا نیە، ئەگەر سەیری وڵاتێكی وەكو ئیمارات بكەین، ئەبینین لەماوەی تەنها 10 ساڵدا هەر بەپارەی نەوتەكەشیان توانیان ولاتێكی بیابانی خۆیان بكەن بەمەركزی تیجارەو وەبەرهێنانی جیهانی كە هەمو دونیا روی تێدەكەن. لای خۆشمان بە پارەی 18 ملیۆن بەرمیل نەوتی مانگانەش میللەتەكەمان نان نیە بیخوات، تەنانەت یەك بەرمیلە نەوتی سپیشیان پێڕەوا نابینریت لەسەرماو سۆڵەی زستانی كوردستاندا .
بۆیە كورد ئەگەر بیەوێ ببێتە خاوەن رێبەرایەتییەكی راستەقینەو دڵسۆزو خەمخوری میللەت ئەبێ خۆی موبادەرەی ئەوە بكات واقیعەكە بگۆڕێ، ئەویش نەك لەرێگای توندوتیژیو كودەتاو هەڵگەڕانەوە، بەڵكو لەرێگای دەنگی هەڵبژاردنەوە.. ئێستا كاتی ئەوە هاتوە پەلەبكرێ لەسازدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە بۆ گۆڕینی ئەم واقیعە تاڵە بەر لەوەی ئەم ئەزمونەی دەیان هەزار قوربانیمان بۆ داوە لەكییسمان بچێ وجارێكی بكەوینەوە ژێردەستی دوژمنانەوە.
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts