کامەران چروستانی: چاوەکان . . . مێشک . . . تێڕوانینەکان.
لەم گەردوونەدا مرۆڤ بوونەوەرێکی نەردینە و گەلێک تایبەتمەندێتی و خەسڵەتی هەیە کە تەنها لە مرۆڤدا هەن و لە هیچ گیانلەبەرێکی دیکەی ئەم سەر زەمینەدا بەدی ناکرێن. توانا هزرییەکانی مرۆڤ و پەیوەندییە هەست و سۆزییەکان بریتین لە دیارترین تایبەتمەندێتی، کە مرۆڤ لە هەموو بوونەوەرێکی دیکەی سەر زەمین جیا دەکاتەوە. وەلێ مەرج نییە ئەو تایبەتمەندێتییانە هەموویان ئەرێنی بن یاخود بە شێوەیەکی پۆزەتیڤانە لە ژیانی تاکدا ڕەنگ بدەنەوە، ئەگەر بێتوو مرۆڤ ڕەوتێکی دروست لە ژیاندا نەگرێتە بەر. نەخێر، بگرە هەندێکیان نەرێنین و هەتا دەگاتە ئاستی ڕووخاندن و کاولکردن کاریگەری لەسەر ژیانی خۆی یان دەوروبەر دەبێت.
مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی هەمان چاویان هەیە، هەمان توانای بینین، هەمان مێشک و توانای بیرکردنەوە. واتە هەموومان دەبینین، بیر دەکەینەوە، هەڵدەسەنگێنین، شی دەکەینەوەو . . . هتد. بەڵام ئایا هەموومان وەک یەک دەبینین؟ وەک یەک بیر دەکەینەوە؟ ئاسەوارەکانی ئەم جیاوازییە چییە و چەندە ؟
لەوانەیە لە ژیانی ماددییەکەدا جیاوازییەکان هێندە بە هەند وەرنەگیرێن و لەو بوارەدا زیاتر ئامادەیی سازشمان لەگەڵ یەکتردا هەبێت. کاتێک باس لە شتێکی ماددی دەکرێت: پۆشاکێک، ئۆتۆمبێلێک، خانویەک، تابلۆیەک لەوانەیە لەسەر ئەو بابەتە دوو یان چەند ڕایەکی جیاواز دروست ببن، کە هەر یەکێک لە بەشداربووانی ئەو گفتوگۆیە لە گۆشەنیگای خۆیەوە تەماشای ئەو بابەتە بکات. ئەوەی جێگەی سەرنج بێت ئەوەیە لەم جۆرە گفتوگۆیانەدا هەرچەندێکیش ڕاکان جیاواز بن، هەرچەندە نەگەنە ئەنجامی کۆتایی بەڵام بەشی زۆرینە بۆچوونەکانی خۆی بۆ خۆی هەڵدەگرێت و قەناعەتیش بە هەبوونی بۆچوونێکی دیکەی جیاواز دەکات، کە ئەویش بۆ خاوەنەکەی خۆی واز لێ دەهێنێت. بگرە لەم جیهانی ماددییەدا مامەڵەکردن و گوێڕایەڵی و هونەری گوێگرتن سەبارەت بە بۆچوونە جیاوازەکان گەلێک ئاسانە.
بەڵام لەناو جیهانە ناماددییەکەدا: ئاین، ئایدۆلۆجیا، خۆشەویستی و هەست و سۆز، بیروڕا، سیاسەت و لایەنگیری لایەنێکی دیاریکراو شتەکان زۆر بە جیاواز دەردەکەون بە تایبەتی لەناو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا: لێرەدا زۆرینەی خەڵک هەوڵ دەدەن کەسی بەرامبەر هەر وەک خۆیان بیر بکاتەوە، تێبفکرێت، بۆچوونەکان یەک بخەن، بۆچوونەکانی خۆیان زاڵ بێت بەسەر ئەوی بەرامبەردا. باشە هەتا پێش چەند خولەکێک کە باسی ڕەنگی ئەو کراسەتان دەکرد و هەر یەکە و قبوڵی ڕا جیاوازەکەی ئەوی دیکەی کرد، ئەی ئێستا بۆچی قبوڵی ڕەنگە جیاوازەکانی مێشکتان ناکەن؟ بۆچی پێویستە بۆچوونەکان وەک یەک وا بن و هەوڵی ئەوە بدەن، کە لە بری کەسی بەرامبەر هەست بکەن و بیر بکەنەوە؟
گەلێک جار مرۆڤ هەوڵ دەدات مێشکی کەسی بەرامبەر لەناو مێشکی خۆیدا کۆپی بکات، بۆچوونەکانی خۆی بە ڕاست و دروست دەزانێت بەبێ ئەوەی بوارێک بە خۆی ببەخشێت بۆ ئەوەی گۆشەنیگای خۆی بخاتە ژێر پرسیارەوە: ئەمانەوێت کەسی بەرامبەر وەک خۆمان بیربکاتەوە، وەک خۆمان هەست بکات و شتەکان هەڵبسەنگێنێت. ئایا لەو ساتانەدا ترسمان لە دۆڕاندنی پێگەی خۆمان هەیە یاخود ترسمان لەوە هەیە کە بۆچوونەکانمان، باوەڕ و ئاینەکانمان، هەست و سۆز و هەڵسەنگاندنەکانمان بە هەڵە دەربچن بە تایبەت ئەگەر ساڵانێکی دوورودرێژی ژیانمان لەگەڵ ئەو گۆشەنیگایەدا بەسەر بردبێت؟
ئەم خەسڵەتەی مرۆڤ لە سەرجەم ئاستەکانی ژیاندا نەگبەتی زۆری لەگەڵ خۆیدا هێناوە. لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەسایەتییەکاندا، لە بوار سیاسی و دەسەڵاتدا، لە بناغەدانانی بنەمای دیموکراسی و قبوڵکردنی ڕای بەرامبەردا کێشەی گەورە بەرهەم دێنێت و لە ژیانی کۆمەڵگاشدا هەتا سنووری جەنگ و کاولکردن درێژە دەکێشێت. بەڵام بۆچی مرۆڤ بە بەردەوامی لە هەوڵی ئەوەدایە داکۆکی لە شتێک بکات، کە هەمیشە ئەگەری ئەوەی هەیە ڕاست نەبێت یاخود بەلایەنی کەمەوە لەوانەیە بیرۆکەکەی بەرامبەر ڕاستتر بێت؟
چاوەکان هەرچەند لەیەک بچن، بەڵام بە جیاواز دەبینن، مێشکەکانیش هەرچەند هاوشێوە و هاوکاری یەکتر بن، بەڵام جیاواز بیر دەکەنەوە. وەلێ ئەمە سەرتاپای هەموو چیرۆکەکە نییە، بەڵکوو گەلێک هۆکاری پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆ دەبینن بۆ ئەوەی مرۆڤ ڕووبەرێک بۆ کەسایەتی خۆی دەستنیشان بکات و گۆشەیەکیش بۆ تێڕوانینی ژیان دیاری بکات. هەر کاتێکیش ئەو ڕووبەڕە فراوانتر بێت، ئەوا کەسانێکی زۆرتر لەو پانتاییەدا لە خۆ دەگرێت و هاوکات گۆشەنیگای ژیانیش فراوانتر دەبێت بۆ ئەوەی لە پانتایی ئەو ڕووبەڕەدا بۆچوونی خود و ئەوانی دیکەش جێگەیان ببێتەوە.
مرۆڤ بوونەوەرێکی گەلێک دەگمەنە: پەروەردەیەکی دروست دەتوانێت ئەو مرۆڤە بکات بە کەسێک، کە هەموو جیهان لەناو ناخیدا جێ بکاتەوە بە هەموو ڕەنگ و ئاین و ئاراستە جیاوازەکانەوە، پەروەردەیەکی نادروستیش لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی سنووری کەسایەتی هێندە تەسک بکاتەوە کە نەک ئازادییەک بەرامبەر بە کەسایەتی و بۆچوونی کەسی بەرامبەر نەبەخشێت، بەڵکوو بە خودی خۆیشی. بەڵام لەم ژیانەدا ئەو کەسە گرەوی (تێڕوانینەکان) دەباتەوە، ئەگەر بتوانێت بوارێک بە خۆی ببەخشێت بۆ ئەوەی تیشک بخاتە سەر (تێڕوانین) ی خۆیشی و هەندێک جاریش بیخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە تاکە شتێک لەم گەردوونەدا کە جێگیر بێت بریتییە لە گۆڕانکارییەکان و تاکە شتێکیش کە ڕاستییەکی پەتی بێت بریتییە لە (ڕاستیی).