شه‌ریف هه‌ژاری: ئه‌م ڕه‌خنه‌ ئاشكرایه‌ بۆ دکتۆر به‌رهه‌م و به‌ره‌ی دکتۆر به‌رهه‌م!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دکتۆر به‌رهه‌م وه‌ك كاراكته‌رێك گرنگی به‌ ئه‌كادیمیا ده‌دا، بۆیه‌ پێشتر سۆزم هه‌بووه‌ بۆی!

ڕه‌خنه‌ لۆژیكییه‌كان زۆرن، به‌ڵام یه‌كێكیان ده‌خه‌مه‌ڕوو.

 چه‌ند ڕۆژێكه‌ ده‌بینم و ده‌بیستم هه‌م شالاوی عه‌لی عه‌سكه‌ری و هه‌م هه‌ندێك كادیری باڵای سه‌ر به‌ باڵی ناوه‌ندی بڕیار، ڕایده‌گه‌یه‌نن: مام جه‌لال وه‌سێتی كردووه‌ كه‌ دوای خۆی چه‌ند كه‌سێكی یه‌كێتیی به‌ڕێوه‌ ببه‌ن، تا كۆنگره‌ ده‌به‌سترێت!!

هه‌روه‌ها هه‌ندێكیشیان ئه‌ڵێن: مام جه‌لال وه‌سێتی كردووه له‌ دوای خۆی‌ یا نه‌وشیروان مسته‌فا (ئێستا له‌ ناو یه‌كێتیی دا نه‌ماوه‌)، یان د.كمال فوئاد (كۆچی دوایی كردووه‌)، یاخود د.به‌رهه‌م، شوێنی ئه‌و بگرنه‌وه‌!!

واته‌ كورتوپوخت له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌و ئایدیایه‌یان دا ئه‌م دێڕه‌ وه‌ستاوه‌: به‌ پێی وه‌سێتی مام جه‌لال پێویسته‌ دکتۆر به‌رهه‌م شوێنی بگرێته‌وه‌ تا كۆنگره‌!

بێ گوومان قسه‌ی شالاوی عه‌لی عه‌سكه‌ریش، واته‌ بۆچوونی دکتۆر به‌رهه‌م، چونكه‌ وته‌بێژی فه‌رمی باڵی ناوه‌ندی یه‌كێتییه‌!

ڕه‌خنه‌‌ لۆژیكیه‌كه‌م و پرسیارێك یه‌ك ده‌خه‌م‌: ئایا دکتۆر به‌رهه‌م و هاوڕێكانی كه‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ ده‌گرن یه‌كێتیی وه‌خته‌ ده‌بێته‌ بنه‌ماڵه‌یی و ئه‌وان ڕێ له‌وه‌ ده‌گرن. ئه‌ی ئه‌وه‌ش هه‌ر بیریی ته‌نگه‌تیله‌ی خێڵایه‌تی نییه‌ كه‌ پشت به‌ وه‌سێتێكی زاره‌كی (یا نوسراو) ببه‌ستیت بۆ كاری حیزبایه‌تیی و سه‌رۆكایه‌تیی كردنی حیزبێك!؟ چۆن ئه‌بێت دکتۆر به‌رهه‌مێك كه‌ خۆی به‌ ئه‌هلی ته‌كنۆكرات و هانده‌ری چینی ئه‌كادیمیست ده‌زانێت ئه‌وا بۆ كاری حیزبایه‌تیی پشت به‌ وه‌سێت ببه‌ستێت!؟

به‌پێی پێڕه‌ و پرۆگرامە، كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ كه‌ جێگری یه‌كه‌مه‌ پێویسته‌ كاره‌كانی مام جه‌لال ڕاپه‌ڕێنێت، ئێستاش كه‌ ململانێ هه‌یه‌، ئیدی هه‌ردوو باله‌كه‌ خۆیان ده‌زانن كه‌ چۆن ده‌گه‌نه‌ ڕێكه‌وتن!

له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ ئه‌و هاوڕێیانه‌م كه‌ یه‌كێتین، ئه‌وا ده‌ڵێم : ئه‌سته‌مه‌ بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتن، چونكه‌ كێشه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كێ ببێته‌ بڕیار به‌ده‌ستی یه‌كێتیی.

پێموایه‌: هه‌م هێرۆخان خۆی یان بۆ ستراتیژ (قوباد تاڵه‌بانی) ده‌كاته‌ بڕیار به‌ده‌ست، هه‌م دکتۆر به‌رهه‌میش به‌ مافی خۆی ئه‌زانێت ئه‌و پۆسته‌.

 بۆیه‌ ئه‌یڵێمه‌وه‌ ڕێكه‌وتن به‌ ئه‌سته‌م ده‌زانم و، له‌ ئێستاش دا بیڵێین یان نه‌یڵێین، ئه‌وا هێرۆخان توانیوویه‌تی یه‌كێتیی كۆنترۆل بكا و له‌ كۆنگره‌ش ناترسێت! ئیدی زۆرینه‌ی مه‌كته‌ب سیاسیی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی چۆن ڕاكێشابێت، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی تره.

پێموایه‌: بزووتنه‌وه‌ی گۆران و به‌تایبه‌ت شه‌خسی نه‌وشیروان مسته‌فا، نه‌ ئه‌بوو به‌ ئاراسته‌ی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ده‌ركه‌وتبایه‌. ئه‌كرێت ئێران و هه‌روه‌ها دژایه‌تیی گۆران بۆ پارتیی ( كه‌ دکتۆر به‌رهه‌م و هاوڕێیانی له‌ پارتییه‌وه‌ نزیكترن) و هۆی ئابوری!! هۆكار بووبن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ به‌ره‌ی هێرۆخان نزیكتر بێت.

 به‌ڵام بڕواشم وایه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا باش ده‌زانێت ئه‌گه‌ر دکتۆر به‌رهه‌م لیست بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو جیابكاته‌وه‌، ئه‌وا گورز له‌ جه‌ماوه‌ری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌دات له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی ( سلێمانی، هه‌ولێر، دهۆك، هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان )، هه‌روه‌ها به‌ره‌ی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دیش له‌ كه‌ركووك و خانه‌قین زۆرینه‌ی ڕه‌ها دێنن له‌ چاو هه‌موو حیزبه‌كان.

مه‌سه‌له‌ی لێدانی گورز له‌جه‌ماوه‌ری گۆڕان ئه‌وه‌یه‌ كه‌: دکتۆر به‌رهه‌م له‌و ناوچانه‌ نفوزی هه‌یه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش تێیدا نفوزی هه‌یه‌، وه‌ك ( سلێمانی ، هه‌ڵه‌بجه‌ و..). به‌ڵام نفوزی جه‌ماوه‌ری هێرۆ ئیبراهیم له‌ كه‌ركووكه‌، كه‌ گۆڕان نفوزێكی جه‌ماوه‌ری ئه‌وتۆی له‌ كه‌ركووك نیه‌.

كه‌وابوو، ئه‌گه‌ر دکتۆر به‌رهه‌م لیست جیاكاته‌وه ئه‌وا له‌ستراتیژدا ململانێی نفوزی جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی ڕاسته‌وخۆ ئه‌كه‌وێته‌ زۆنی جه‌ماوه‌ری گۆڕانه‌وه‌. به‌مه‌ش ده‌ره‌كه‌وێت، كه‌ یه‌كێتییه‌كی بنه‌ماڵه‌یی بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا ئاسانتره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كردنی و لاوازكردنی.

له‌م ململانێیانه‌دا و، هه‌ڵوێستی گۆڕان و پارتیی، ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی باڵی ناوه‌ندی بڕیار كه‌ ڕۆژێك دوای 31 ی ئاب بوو، هه‌روه‌ها ڕۆڵی ئێران و ئه‌مریكا و، ئه‌ملاوئه‌ولا كردنی كادیره‌كانی لای دکتۆر به‌رهه‌م بۆ لای به‌ره‌ی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و، ڕۆڵی ئابوری و هێز له‌م كایانه‌دا، هه‌مووی جێی مشتومڕن. به‌ڵام نه‌مویست وردتر باسی كه‌م.

له‌ كۆتایدا ده‌ڵێم: نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كاراكته‌ری ململانێی حیزبیی و پلانداڕێژیی سیاسیی و ئه‌زمووندارن، به‌رهه‌م ساڵحیش كاراكته‌ری حوكمه‌تدارییه‌!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت