ئاریتما موحه‌ممه‌دی: دیموكراسیی له تیئۆرییه‌وه بۆ تێڕوانین! به‌شی هەژدەهەم.
دیموكراسیی سیسته‌مێكی سیاسییه، كه ته‌نها بایەخ به ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات ده‌دات و قه‌د گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی ناهێنێته كایه‌وه، چونكه كاپیتالیسته‌كان ڕێگر ده‌بن له‌هه‌ر پڕۆژه و پلانێك كه له‌گه‌ڵ ستراتیژیی ئه‌واندا نه‌گونجێت، هاوكات ئه‌وه مرۆڤه‌كانن كه ده‌توانن به هزر و بیریان شۆڕش و گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تیی بهێننه كایه‌وه، نه‌ك سیسته‌مێكی ده‌ستكردی مرۆڤ كه به‌رهه‌می چه‌مكی سه‌رمایه‌دارییه.
دیموكراسیی كاتێ ده‌بێته هۆی پێشكه‌وتن كه گۆڕانكاریی له گه‌ڵ خۆی بهێنێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا گۆڕانكاریی له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا بكات، ئه‌وه ناتوانێ ببێته هۆی پێشخستنی وڵات. هه‌موو پێشخستنێك له تێڕوانینی خۆماڵییانه‌ی كۆمه‌ڵگه‌وه دێته كایه‌وه، نه‌ك له ده‌لاقه‌ی ڕوانینی ده‌سه‌ڵات بۆ كۆمه‌ڵگا. له‌هه‌موو كۆمه‌ڵێكدا دوو ڕوانگه هه‌ن، یه‌كیان له خواره‌وه چاو له كێشه‌كان و دۆخی ژیانی كۆمه‌ڵگه ده‌كات، ئه‌وی دیكه‌یان له‌سه‌ره‌وه و له‌سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات و له‌نێو كۆچك و ته‌لاره‌وه چاو له دۆخی ژیانی خه‌ڵك ده‌كات. ئه‌وه‌ی كه له خواره‌وه چاو له دۆخه‌كه ده‌كات، باشتر كێشه‌كان ده‌بینێت و پێداویستییه‌كان هه‌ست پێ ده‌كات. ئه‌وه‌شی كه له سه‌ره‌وه چاو له كێشه‌كان ده‌كات ته‌نیا ژیانی خۆی ده‌بینێت و پێشی وایه كه دۆخی ژیانی خه‌ڵك وه‌ك دۆخی ژیانی خۆی وایه. بۆیه پێویسته كه ده‌سه‌ڵاتدار تاكی نێو ناخی كۆمه‌ڵگه بێت و نابێ ڕێ بدرێت كه ده‌سه‌ڵات و جمگه‌كانی ده‌سه‌ڵات وه‌ك سه‌روه‌ت و سامانی بنه‌ماڵه‌یی بۆ كه‌س و لایه‌نێكی تاییبه‌ت دابڕ بكرێت.
ئه‌وانه‌ی كه له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌وه هێدی هێدی به ده‌سه‌ڵات و سیسته‌می حوكمڕانیی ئاشنا ده‌بن پتر ده‌توانن خزمه‌ت به كۆمه‌ڵگا بكه‌ن تاكوو ئه‌وانه‌ی كه وه‌ك بنه‌ماڵه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات بوونه و ده‌سه‌ڵاتدارێتی وه‌ك سه‌روه‌ت و سامانی بنه‌ماڵه چاوی لێ ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌كه گۆڕانكاریی به‌رده‌وام له په‌ره‌سه‌ندندا بێ پێویسته باییخی ژیان و به‌ره‌و پێشه‌وه بردن و باشتركردنی دۆخی ژیان له‌لایه‌ن چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌وه جێی گرینگیی بێ. هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك پڕۆژه‌ی هاوپێچ نه‌بێ و هه‌ڕه‌مه‌كیی هه‌وڵی بۆ بدرێ له‌وانه‌یه ئاكامه‌كه‌ی به زیانی كۆمه‌ڵگه بشكێته‌وه. زۆر كۆمه‌ڵگه هه‌ن كه خاوه‌نی سیسته‌می دیموكراسیین كه‌چی نیشتمانه‌كه‌یان سه‌قامگیر نییه و به‌ده‌ست كێشه ئابووریی، سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ده‌ناڵێنن. بۆیه هه‌موو وڵاتێكی دیموكرات خاوه‌ن ئازادیی، سه‌ربه‌ستیی و ژیانێكی پڕ به‌خته‌وه‌ریی نیین. به‌خته‌وه‌ریی له تێڕوانیی مرۆڤه‌كان بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه سه‌رچاوه ده‌گرێت. چونكه ئه‌وه هه‌وڵی مرۆڤه‌كانه كه گۆڕانكاریی دێنێته كایه‌وه. هه‌ر تێڕوانینێك خاوه‌ن پڕۆژه‌ی هزریی بۆ كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه نه‌بێ به‌خته‌وه‌ریی مسۆگه‌ر ناكات. به‌خته‌وه‌ریی له یه‌كێتیی هزریی ڕووناكبیرانی كۆمه‌ڵگه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. بێگومان تاكوو هه‌موو چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه هیوا و ئاره‌زووی ژیانێكی پڕ به‌خته‌وه‌ریی، ئازادیی و سه‌ربه‌ستیی نه‌كه‌ن، هیچ شۆڕشێك و گۆڕانكارییه‌ك نایه‌ته كایه‌وه كه ئامانجی به‌خته‌وه‌ریی بێ و خه‌ڵك به مافه‌كانیان ئاشنا بكات.
له ماوه‌ی سه‌دساڵی ڕابردوودا دیموكراسیی وه‌ك تاكه سه‌رچاوه‌ی دادپه‌روه‌ریی سیاسیی هه‌ژمار كراوه، هه‌رچه‌ند ئه‌م سیسته‌مه وه‌ك چه‌مك هاوپێچی كاپیتالیسم و نوێ لیبرالیسم بووه كه زۆر له چه‌مكه‌كانی پێوه‌ندیدار به كۆمه‌ڵگای بردووه‌ته ژێر كاریگه‌ریی خۆی و له‌و لاشه‌وه باییخه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی كه‌مڕه‌نگ و لاواز و بێ باییخ كردووه، به‌ڵام پێشكه‌وتنی ژیان و تێگه‌ییشنی كۆمه‌ڵگه بۆ پرسه جیاوازه‌كانی پێوه‌ندیدار به ژیانی سیاسیی له وڵاتانی پێشكه‌وتوو ئیتر خه‌ریكه سه‌كردایه‌تیی كردنی ده‌سه‌ڵاتی دیموكراسیی له سه‌رمایه‌داره‌كان ده‌ستێنێته‌وه و ئیزنیان پێ نادات كه پتر كۆمه‌ڵگه بچه‌وسێننه‌وه و خه‌ڵك له قازانجی خۆیان به‌كار بهێنن. هه‌نووكه تێگه‌ییشتنی كۆمه‌ڵگه به‌و ئاره‌سته‌دا ده‌ڕوات كه ئیتر كاپیتالیسته‌كان ناتوانن وه‌ك ڕابردوو له ڕێگای دیموكراسییه‌وه و به‌ناو هه‌ڵبژاردنی ئازاد كه له ڕێگای میدیاوه سه‌رنجی خه‌ڵكیان ڕاكێشاوه، كۆمه‌ڵگه داگیر بكه‌ن و خۆیان له یاریی هه‌ڵبژاردنه‌وه به لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات بگه‌یه‌نن و په‌ره به سه‌رمایه‌كانیان بده‌ن. چونكه تێگه‌ییشتنی كۆمه‌ڵگه ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتووه و هه‌نووكه كۆمه‌ڵ وه‌ك ڕابردوو سه‌یری ده‌سه‌ڵات ناكات.
چونكه ده‌زانێ ده‌سه‌ڵات كۆمه‌ڵگا له قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی به‌كار هێناوه. لێره‌دایه كه كێشه‌كانی چه‌مكی دیموكراسیی به ئارهستهیهكی جیاواز ده‌ڕۆن و ئه‌مه‌ش به سه‌ره‌تای قه‌یرانه‌كانی دیموكراسیی و لیبرالیسمی نوێ پێناسه ده‌كرێت. له‌به‌ر ئه‌وه به‌شێكی زۆر له كاپیتالیسته‌كان به هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه به‌شێك له سه‌رمایه‌كانیان له ده‌ست داوه، ئه‌مه‌ش به هۆی جیاوازیی ڕوانگه‌كانی كۆمه‌ڵگه و چینی سه‌رمایه‌خواز و سه‌رمایه‌داره‌وه بووه. بێگومان كاتێ كه به‌و چه‌شنه كه سه‌رمایه‌داره‌كان و كاپیتالیسته‌كان پلانیان بۆ داڕشتهبوو ده‌رنه‌چوو و خه‌ڵك له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ده‌نگیان به‌و پڕۆژانه دا كه له قازانجی سه‌رمایه‌داره‌كان نه‌بوو، ئیتر پڕۆژه‌ی كاپیتالیستهكانی له‌گه‌ڵ كێشه به‌ره‌وڕوو كرد، چونكه پێشتر هه‌ر له ڕێگای ده‌نگدانه‌وه بوو كه كاپیتالیسته‌كان پلانه‌كانیان به‌ره‌وپێش ده‌برد و ئامانجه‌كانیان ده‌پێكا.
هه‌ڵبژاردنه‌كانی بریتانیا و به‌شێك له وڵاتانی ئه‌ورووپیی چه‌مكی دیموكراسیی له‌گه‌ڵ كێشه‌ی قووڵ به‌ره‌ڕوو كردووه‌ته‌وه، كاتێ كه كۆمه‌ڵگه له ئاستێكی یه‌كساندا ده‌نگ به دوو پڕۆژه‌ی جیاواز ده‌دات، درووست نییه كه ته‌نیا له‌به‌ر جیاوازیی چه‌ند هه‌زار ده‌نگ یه‌كێ له‌و دوو پڕۆژه به پڕۆژه‌ی زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگه بناسێنیت، هه‌ربۆیه زۆرجار له كاتی دووباره كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردندا بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌ك حوكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات تاكتیك به‌كار ده‌هێنێن و پاش به‌ڕێوه‌چوونی خوولی دووه‌می هه‌ڵبژاردن یه‌كێ له پڕۆژه‌كان كه قازانج و به‌رژه‌وه‌ندیی سیسته‌می كاپیتالیسستیی دابین ده‌كات و له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵات یه‌كانگیره به جیاوازییه‌كی زۆر به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا سه‌رده‌خرێت. واتا كاپیتالیسته‌كان و سه‌رمایه‌داره‌كان به‌رده‌وام له سیسته‌می دیموكراسیی بۆ دابین كردنی به‌رژوه‌ندیی خۆیان كه‌ڵك وه‌رده‌گرن. به‌ڵێ بێگومان دیموكراسیی چه‌مكی سه‌رمایه‌دارییه و ئه‌م سیسته‌مه به‌بێ چه‌مكه سه‌رمایه‌داریی و كاپیتالیستییهكهی واتا ناگه‌یه‌نێت.
زۆربه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو خاوه‌ن سیسته‌می دیموكراسیین، به‌ڵام ڕێژه‌ی هه‌ژاریی له‌و وڵاتانه هندێكجار له وڵاتانی دواكه‌وتوو پتره. ڕێژه‌ی هه‌ژاران و ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر جاده‌كان یانخود خاوه‌ن ژیانێكی ناستانداردن له ئه‌مریكا پتره تا وڵاتێكی دواكه‌وتوو. چونكه ژیان له وڵاتانی دواكه‌وتوو له یه‌ك ئاستیی مامناوه‌ند دایه و به‌گشتی دۆخی ژیان له‌و وڵاتانه دژواره و خه‌ڵك به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی سیاسیی، ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گیرۆده‌ن. به‌ڵام له وڵاتانی پێشكه‌وتوو به‌و شێوه نییه و ده‌سه‌ڵات ده‌توانێ كێشه‌كانی چینه هه‌ژاره‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام ئه‌و كاره ناكات، چونكه سیسته‌می كاپیتالیستیی سیسته‌مێكه كه باییخ به جیاوازیی چینه‌كانی كۆمه‌ڵگه ده‌دات، بێگومان هه‌بوونی چینی جیاواز له كۆمه‌ڵگه یه‌كێ ئامانجه‌كانی سیسته‌می كاپیتالیستییه. له سیسته‌می دیموكراسیدا له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه هیچ گۆڕانكارییه‌ك نایه‌ته كایه‌وه، چونكه سیستمه‌كه كاپیتالیستییه و ڕێگر ده‌بێ له گۆڕانكارییه‌ك كه له ده‌ره‌وه‌ی ستراتیژیی ئه‌و چه‌مكه‌وه بێ.
له كام له وڵاتان له ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه ئاڵوگۆڕی سیاسیی هاتووه‌ته كایه‌وه؟ گۆڕانكارییه‌كان هێنده وردن كه هه‌ستیان پێناكرێ و ته‌نیا له ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵاتدا خۆی ده‌بینێته‌وه. ته‌نانه‌ت له هندێك وڵاتی دیموكراتیدا ته‌نیا سه‌رمایه‌داره‌كان ده‌توانن خۆیان بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات به‌ربژێر بكه‌ن. ئه‌مریكا یه‌كێ له‌و وڵاتانه‌یه كه سیسته‌مێكی له‌و چه‌شنه‌ی هه‌یه. ئه‌وه له كاتێك دایه كه ئه‌و وڵاته ده‌یهه‌وێ سه‌رمه‌شق بێ بۆ هه‌موو جیهان و خۆی به وڵاتێكی دیموكراتیی پێناسه ده‌كات، كه‌چی ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رمایه‌داره‌كان، كاپیتالیسته‌كان و دستڕۆییشتووهكان ده‌كات. به‌ڵێ دیموكراتیی سیسته‌مێكی له‌و چه‌شنه‌یه و ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی چینه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار، سه‌رمایه‌دار و ده‌ستڕۆییشتوو ده‌كات. له سه‌دا نه‌وه‌دوپێنجی دانیشتووانی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك خولیای سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی نیین، ده‌ی چۆن ده‌بێ كه هه‌موو پره‌نسیبه‌كانی دیموكراتیی خۆی له ده‌ستاوده‌ست كردنی ده‌سه‌ڵاتدا ببینێته‌وه! ئه‌ی ده‌ستكه‌وتی خه‌ڵكی هه‌ژار و نه‌دار چی ده‌بێ؟ به‌ڵێ له سیسته‌می دیموكراسیدا ئه‌وانه‌ی كه قازانج ده‌كه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی مسۆگه‌ره ته‌نیا خۆ له كاپیتالیسته‌كان، سه‌رمایه‌داره‌كان و كه‌سایه‌تییه سیاسیی و حیزبییه‌كان ده‌بینێته‌وه.
درێژه‌ی هه‌یه…