دانیار عومەر: بــایتەختەکانی هەرێمی کوردستان.
ڕەنگە زۆربێ ئەو ڕووداوانەی دوو خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت و لەژێر حکومڕانی کوردیدا ڕویدابێت و, بەسەرمانا تێپەڕیی کردبێ ، کەهەم تراجیدی و هەمیش کۆمیدی بووبن، ئەم ڕووداوانەی ئێستای کوردستان بەشێکیان دەچنە ئەو چوارچێوەوە، کە دوو جـۆ رخوێندنەوەیان بۆدەکرێ .
لەماوەی کەمتر لە دە ڕۆژدا، لە ” سێ پایتەخت ” ـەکەی هەرێمی کوردستاندا شتی سەیر ڕوویاندا، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بـۆ ئەو کارە سەرپێیانەی دەستەڵات لەهەرێمدا لەبەرامبەر خەڵک و ئەم جـوگرافیا بچووکە لەڕابردو و ئێستاشدا گرتوویەتەبەر.
شاری سلێمانی کەشارێکی بەتەوای ماناقوربانی زۆری لەپێناوی خەباتی نەتەوەیی و چەسپاندنی عەدالەت و دژایەتیکردنی ستەم و، وەستانەوە بەڕووی داگیرکەردا، هەم بە سیاسی و هەمیش بەچەکداری ئەنجام داوە، تواناو هێزی خۆی لەسەرەتای سەدەی بیستەوە لەدژایەتی حکومڕانی ئینگلیزو پاشان حکومڕانی پاشایەتی عێراق تاهاتنی دەستەڵاتی عبدولکریم قاسم و، پاشان حکومڕانی بەعس، لەبەرامبەر هەموو ئەم دەستەڵاتە داگیرکەرانەدا، دەیان کەسی ڕۆشنبیرو هونەرمەندو شاعیر، لەپێشەوەی خەڵکیدابوون، سنگیان لەسنگی ئەوانی دیکە بەپیرۆزتر نەدەزانی، خەڵکەڕەش و ڕوتەکەیان بەبرسیەتی خۆیان دەزانی و ئامادەی هەمووگیان فیداییەک بوون، لەماوەی سەدەی بیستەمدا هەزاران ڕۆشنبیرو شاعیر لەم شارە دروست بوون. بەڵام ئەوانەی مانەوە لەدڵی خەڵکیدا بەنەمری ، بریتیبوون لەوانەی خەباتیان لەپێناو ئازادی و عەدالەت و نیشتماندا کرد، ئەوانەبون ڕیزی خەڵکیان بەرنەداو ڕێبەرایەتی ناڕەزایی خەڵکیان دەکرد، شورەیی بوولایان سەرکزانە دابنیش و قبوڵی هەمووشت بکە.
نمونە باڵا کانی پیرەمێرد و فایەق بێکەس لەدژی دەستەڵاتدارانی ستەمکاردا لەدەییەکانی سی و چل و پەنجاکاندا، نمونەی بەرزی خەباتگێڕانن .
پیرەمێرد مەردانە پێش خەڵکی شار دەکەوێت و ئاگری نەورۆزیان لەمامەیارە بۆ دەکاتەوە، بێکەس لەڕاپەڕینی بەردەرکی سەرای 1930 دەوری گرنگ و سەرەکی دەگێڕێ، پاشان لەبەرامبەر نوێنەری ئینگلیزدا مەردانە شیعری ” بیست و حەوت ساڵە من ڕەنجبەری تۆم “دەڵێت و خوێنی خۆی دەکاتە ئاو .
بۆیە نارەوایە شاری سلێمانی بچوک بکرێتەوە لە نازناوی ” پایتەختی ڕۆشنبیریدا ”
ڕۆشنیرو هونەرمەندەکانی ئێستای شار زۆربەیان هۆڵەکانیان پڕکردووە یاخوبێدەنگ بونیان هەڵبژاردووە، فەرمانبەرومامۆستاو موچەخۆران گیرفان خاڵی و سکیان خاڵییە، بەڕۆژ چەندین کاژمێر لەبەر هەتاودا خۆپیشاندان دەکەن و ناڕەزایی دەردەبڕن، لەبەرچاویاندا بەڕۆژی ڕوناک موچەکانیان تەخشان و پاخشان دەکرێ و دەکرێتە دیاری و شاباش و خواردن و خواردنەوەی گرانبەها بۆ میوانە هونەر دۆستەکان، ئەمەش تەنها لەپێناو چەسپاندنی نازناوی “پایتەختی ڕۆشنبیری”یە!
پارێزگای هەڵەبجە یان وەک ناوی لێنراوە” پایتەختی ئاشتی “، یەکێکی دیکە لەبابەتە کومیدیەکانی سەردەمی ئەم حکومڕانییە کوردییە، ئەم نازناوە لە بەرامبەر چیدا درایە ئەم شارە.
لەکاتێکدا لەتەوای باشوری کوردستان دۆخی جەنگ تائاستێکی باش کۆتایی پێهاتبوو، کەچی ئەم شارە تا ناوەڕاستی 2003 و هاتنی ئەمریکا، ناوچەکە لێوان لێو بوو لە کێشەی سیاسی و چەکداری زۆرتووند، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردووشدا ئەم شارە نەتوانرا بکرێتە جێگەی کۆبوونەوەی پێنج حزبە سەرەکییەکەو، لایەنێک پەکی بەو کارەخست و لەبری دروست بوونی ئاشتی ئاشتەوای لایەنەسیاسیەکان پارێزگای هەڵەبجە بووە جێگەی ململانێیەکی تووند. ئەمەش تەنها لەبری ئەو نازناوەی دراوە بەم شارە ئەرکێکی قورسیشی بەسەرداخراوە .
هەولێر پایتەختی سیاسی یان پایتەختی شاجوان.
هەولێرلەپاش ساڵی 1991 وە، وەک پایتەختی ناوچەی ئارام و ناوەندی بڕیاری سیاسی تەماشای کراوە،ب ەڵام زۆر بەدەگمەن ئەم پایتەختە سیاسیە، جێگەی چارەسەری کێشەکان بووە، یان ئەنکەره یان تاران یاواشنتۆن یاخود پاریس ئەم ئەرکەی هەولێریان لەئەستۆگرتووە.
ئێستاش، کەدۆخی هەرێمی کوردستان بەم جۆرەی ئێستایی لێ بەسەر هێنراوە، هەولێر ـ نەک جێگەی چارەسەری کێشەکان نییە، بەڵکو لەلایەن “پارتیەوە” پاوانکرواوەو لەبری ئەرک و ڕۆڵی سیاسی ئەرک و ڕۆڵی زۆر بێمانای خراوەتە ئەستۆ، وەک هەڵبژارندنی شاجوانی کوردستان، لەبری ئەوەی پەڕلەمان کارابکرێتەوەو حکومەت و دامودەزگاکانی ئەرکی هاووڵاتیان جێ بەجێ بکەن، بەبەرچاوی دنیاوە تاکی کوردی برسی ئەکرێ و، لەبری ئەوە سەدان هەزار دۆلار دەکرێ بەقوڕگی ئاهەنگێکدا کەهیچ سوودو قازانجێک بەکۆمەڵگای کوردی ناگەیەنێت.
بۆیە ئەم کارەی دەستەڵاتی کوردی ئەنجامی داوە، بەدیوێکداجێگەی پێکەنینە بەوەی ئەیەوێت بەم ڕەفتارو ناونیشانانەوە، مرۆڤەکانی ئەم شارانە لەقاڵب بدات و کلتورێکی دیکە بەسەریاندا بسەپێنێت کە لەبنەڕەتەوە پێیان غەریبە، یان کاڵایی ئەو باڵایە نییەو، بەدیوەکەی دیکەشدا جێگەی مەراقەکە خەڵکی ئەم شارا نە دوای لەقاڵبدانی خۆیان کەوتوون و مەستی مۆزیکێک بوون، کە بۆ سروشتی ئەوان تەواو پێچەوانەیە .