شێرزاد شێخانی: باڵی مام جەلال.
جیابونەوەو مانەوەی باڵی ناوەندی بریار لەناو یەكێتیدا، دوو بژاردە یەك لەیەك تاڵتر.. شیكردنەوە بۆ هەردوكیان پێویستە، چونكە یەكێتی ئێستا لەقۆناغێكی دژواردایە ئەبێ كێشەكانی حەسمبێت. ناكرێ بەم وەزعەوە كارەكان بەریِوەببرێن هەر رۆژەو بەموفاجەئەیەكەوە دڵو دەرونی یەكێتیەكان بهەژێندرێ، روداوەكانی ئەمداوییە هەمویان ناخهەژێنبون، هەر لەراگەیاندنی باڵی ناوەندەوە، تا دوایین بەیاننامە ئاگرینەكەیان لەسەر كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كە بۆنی جیابونەوەی لێئەهات، تا دەگاتە دەربڕینی هەندێ لەنوسەرانی سەر بەباڵی ناوەند بەنزیكبونەوە لەپارتی و دامەزراندنی هاوپەیمانییەكی سیاسی لەنێوان ئەم باڵەو گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵ لەگەڵ پارتیدا، بەواتا كانسڵكردنی باڵی زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی.
بەر لەوەی بچمە ناو وردەكاری نێوەرۆكی بەیاننامەكەی باڵی ناوەندو هەڵوێستەكەیان لەسەر كۆبونەوەكەی مەكتەبی سیاسی، ئەمەوێ جارێكی تر بڵێم: ئێستا لەهەمو كاتێك زیاتر هەلێكی باش هەڵكەوتوە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئەم كێشەی باڵباڵینەی ناو یەكێتی، بەڵام بەر لەوە پێویستە لانیكەم لەسەر هەڵوێستە راگەیەندراوەكانی هەردولا قسەیەك بكەم.
كاتێك كۆمەڵێك ئەندامانی سەركردایەتی یا مەكتەبی سیاسی باڵێك رائەگەیەنن بەناوی (ناوەندی بریار)ەوە، ئەمە خۆی لەخۆیدا سڕینەوەی بەرامبەرە، واتای شەرعییەتدانە بەخۆیان و بێبەشكردنی بەرامبەرەكەیان لەبریاری سیاسی، ئەمەش هیچكات پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی رێگەی پێنادات، چونكە لەناو هەر حزبێكدا (مەكتەبی سیاسی) ناوەندى بریارە، ئەبو ئەو كێشانەی ئێستاش هەر لەناو مەكتەبی سیاسیدا یەكلایی بكرانایە بەتایبەت كێشەكە لەئەسڵا لەسەر دەسەڵاتە نەوەك لەسەر سیاسەت و هەڵوێستەكان كە بەپێی پەیڕەو تایبەتكراوە بەمەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتیەوە. بەپێی پەیڕەو دەسەڵاتەكان لای سكرتێری گشتییە بەراوێژ لەگەڵ سەركردایەتی بریارەكان ئەدرێن، كاتێك سكرتێر نەخۆش ئەكەوێ یا لەبەر هەر هۆیەك دور ئەكەوێتەوە بەپێی پەیڕەو جێگرانی دەسەڵاتەكان بەڕێوە ئەبەن تا كۆنگرەی داهاتو. كاتێك جێگرانی سكرتێر ئەبنە تەڕەف لەكێشەی دەسەڵاتدا، بێگومان كەسانیتر دژیان ئەبن، چونكە ئەمە ئەو پاوانكاریەیە كە ناوەندی بریار دژی وەستاونەتەوەو لەلایەن زۆرینەی ئەندامانی یەكێتیەوە رەتكراوەتەوە.
كاتێك دەسەڵات دوای غیابی سكرتێری گشتی ئەگەڕێتەوە بۆ مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی واتە بڕیارەكان ئەبنە بڕیاری گشتی و دەستەجەمعی، لەمەشدا ئەبێ رێز لەچەمكی زۆرینەو كەمینە بگیرێت چونكە ئەمە ئەساسی هەمو پرۆسەیەكی بەڕێوەبردنى حزبو ديموكراسيشە. زورجار وتومە ئەم كێشەی دەسەڵات و پارە ئەبێ لەناو مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتیدا گفتوگۆی لەسەر بكرێ نەوەك لەمیدیاكانەوە. پێشموابوە بەستنی كۆنگرەی چوارەم تاكە رێگایە بۆ حەسمكردنی ئەم مەسەلانە، سەیرە هەردولا باسی كۆنگرە ئەكەن بەڵام یەك هەنگاو نایەنە پێشەوە. كاتێك ناوەندی بریار هەڵوێستی خۆیان راگەیاند خودی بەیاننامەكەیان و بەیاننامەكەی باڵی زۆرینەش باسیان لەكۆنگرە كرد، ئێستا نازانم چی رێگرە لەوەی ئەم كۆنگرەیە ببەسترێ؟.
بیستومانە باڵی ناوەند داوایان كردوە نوێنەرانی كۆنگرە نیوە بەنیوە (فیفتی فیفتی) بێت، ئەمە چەسپاندن و شەرعییەتدانە بەباڵباڵێنەكە، ئەمە هیچ واتایەك هەڵناگرێ غەیری ئەوە نەبێ، كه هەندى لەسەركردەكانی یەكێتی ترسیان هەیە لەناو كۆنگرە دەرنەچن بۆ سەركردایەتی، ئەمەش پێچەوانەی چەمكی دیموكراسیەتە، كە دروشمی سەرەكی یەكێتییە. چونكە ئەبێ ئەوپەڕی ئازادی لەناو كۆنگرەدا فەراهەم ببێ بۆ ئەوەی ئەندامەكان بەئازادی نوێنەرەكانیان بۆ سەركردایەتی هەڵبژێرن و چارەنوسی حزبەكەیان بخەنە دەستیانەوە.
ئەم تەرحە ئەگەر سەر بگرێ واتا چەسپاندنی شێوازە فاشیلەكەی فیفتی فیفتیە. بۆ نمونە كاتێك یەكێتی لەهەر دامەزراوەیەكی حكومیدا بەشی بەر بكەوێ ئەبێ نیوە بەنیوە لەنێوان باڵەكاندا دابەشبكرێ، لەوەزیرەكانەوە تا دەگاتە بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەرانی یەكێتی لەدەرەوەو لەسەر ئاستی ئیدارەی عیراقیش، تەنانەت دوور نیە وەكو سیغە فاشیلەكەی حكومەتی هەرێمیش دامەزراندنی فەڕاشەكانیش بەفیفتی فیفتی بێ، ئەمەش كارەساتە نەك حزبایەتی.
جا بابێمەوە سەر گریمانەی جیابونەوە.. پێش هەمو شتێك هەردو جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی هەمیشە ئەوە دوبارە ئەكەنەوە كەوا ئەوان خۆیان بەخاوەنی یەكێتی ئەزانن، هیچ گومانم نیە لەدڵسۆزی ئەوان و ئەوانەی لەگەڵیشیانن هەمویان تێكۆشەری ماندونەناسی ناو یەكێتین. بەڵێ ئەوانیش خاوەنی یەكێتین، بەڵام لێرەدا مەسەلەی شەرعییەتی یەكێتی بون دێتە ئاراوە. ئایا ئەم شەرعییتە لەلای كێدایە ئەگەر خوانەخواستە حاڵەتەكە گەیشتە جیابونەوەوە؟.. هیچ رێگرییەك نیە لەبەردەم هەڤاڵانی ناوەندی بریار ئەگەر بەناوی حزبێكی تازەوە خۆیان جیابكەنەوە، ئەمە مافی هەمو كەسێكە كاتێك هەڵوێست لەحزبەكەی خۆی وەرئەگرێت، هیچ شوورەییش نیە لەحزبێك دور بكەویتەوە ئەمە مافێكی رەوایە. دەیان نمونەشمان لەم بارەیەوە هەیە، بەڵام ئەگەر ئەم ناوەندە ویستیان بەناوی یەكێتییەوە بەردەوام بن لێرەدا مەسەلەكە شتێكیترە. ئەوان كاتێك خۆیان رائەگەیەنن وەكو یەكێتی و وێنەی هەڤاڵ مامجەلالیش ئەخەنە پاڵ وێنەكانی خۆیانەوە، خۆ مام جەلال ئێستا لەژیاندایەو ئەو یەكێتییەی ئێستا باڵی زۆرینە بەڕێوەی ئەبەن لە ماڵباتی مام جەلالن، كەواتە ئەو باڵەی پێی ئەوترێ ( باڵی زۆرینە) یا ( باڵی دەسرۆیشت و ) خۆی لەخۆیدا باڵی مام جەلالە، رەنگە هەر لەبەر ئەوەشە كە ئەوان زۆرینەن. بۆیە لەمەولا ئەبێ بەم باڵە بوترێ ( باڵی مام جەلال) نەوەك ناوی تری بۆ بتاشرێت.
لەمێژوی كوردیشا نەبوە تاقمێك لەحزبێك جیاببنەوە هەر بەناوی سەركردەی ئەو حزبەوە ئیعلانی خۆیان بكەن.. یەكێتی لەرەحمی پارتییەوە هاتەدەر، بەڵام خۆی وەكو یەكێتی ناساند نەوەك حزبێك سەر بەماڵباتی بارزانییەوە. زەحمەتكێشان لەسۆسیالیست جیا بوەوە ناوی خۆی كردە زەحمەتكێشان و سكرتێرو مەكتەبی سیاسی خۆی دامەزراند، هەرچی حزبێك جیا بوبێتەوە ناوی خۆی گۆڕیوە، ماقول نیە حزبێك دامەزرێ لەژێر چەتری سكرتێری حزبەكەی پێشوی كار بكات، ئەگینا لەئەساسدا بۆچی لێی جیابۆتەوە؟.. دوای ئەمەش هەمومان ئەزانین دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی لەشەش كەس پێكهاتون كە ئەمانەش خاوەنی راستەقینەو شەرعی یەكێتین، دوو لەم دەستە دامەزرێنەرە یەكیان كۆچی دوایی كردوە ( دكتۆر كەمال فۆئاد)، یەكیشیان لەیەكێتی دور كەوتۆتەوە (كاك نەوشیروان) ئەوانی تر هەر چواریان لەگەڵ باڵی زۆرینەن، كەواتە هیچ كەس ناتوانێ ئیدیعای ئەوە بكا لەدەستەی دامەزرێنەرو سكرتێری گشتی یەكێتیترن. رەنگە لەبەر ئەم هۆیانە بێ زۆرینەی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی و قاعیدەی یەكێتی لەگەڵ باڵی زۆرینەن كە پێموایە ئەبێ لەمەولا بەناوی باڵەكەی مام جەلالەوە بناسرێن چونكە خودی بەرێزیان لەو باڵەدایە.
بەر لەكۆتایی ئەمەوێ ئاماژە بە چەند هەژمونێكی بچوك بدەم بەڵكو ئەمە ببێتە بیرخەرەوەیەك بۆ هەڤاڵانی ناوەندی بریار بەر لەوەى بەرەو جیابونەوە برۆن، ئەویش ئەزمونی دو حزبی دیاری كوردستانە (حزبی سۆسیالیست و حزبی زەحمەتكێشان). هەمومان ئەزانین دوای توانەوەی حزبی سۆسیالیست لەساڵی 1993و دابەشبونی سەركردەو قاعیدەكانی بەسەر یەكێتی و پارتیدا، كاكە حەمەی حاجی مەحمود هەوڵی ژیاندنەوەی ئەم حزبەیدا، هەرچەندە ناوی سۆسیالیستیشی بۆ ئەمكارە بەكارهێنا، بەڵام سەركەوتوو نەبو .. حزبی زەحمەتكێشانیش پێشتر لەسۆسیالیست جیا ببوەوە بەڵام ئەویش نەیتوانی رۆڵی گەورە ببینێ، ئەگەر چی ئەندامیش بو لەبەرەی كوردستانی رێگەی گەشەكردنی لێگییراو، حزبی سۆسیالیستیش نەیتوانی كاریگەری خۆی هەبێت لەسەر ساحەی سیاسی كوردستاندا، هەردوكیان وەكو حزبی بچوك مامەڵەیان لەگەڵ كراو تا ئەمرۆش گەشەیەكی ئەوتۆیان نەكردوه.
كۆتا ئەڵێم: هەر كەسێك لەناو یەكێتیدا باوەڕی بە پرەنسیپەكانی حزب و رێبەرایەتی مام جەلالەوە هەیە با بێتە پێشو یەكێتی هەڵسێنێتەوە. كۆنگرەش تاكە رێگایە بۆ چارەسەری هەمو گرفتەكانی دەسەڵات لە ناو یەكێتیدا..
- بابەتەکانی تری شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts