دکتۆر جەبار قادر: بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی دژی کورد لە ساڵی 1987 لە بەر ڕۆشنایی بەڵگە ڕەسمێیەکانی عیراق – بەشی چوارەم.
وا دیارە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆكایەتی كۆمار بووە. ئەم پەیوەندییە لە ڕێی سكرتێری تایبەتی سەرۆك كۆمارەوە ڕایی دەکرا. نووسراوەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمەیان بەسەرەوە بوو: سەرۆكایەتی كۆمار- سكرتێر – بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی.
نووسراوێکی هەواڵگری سەربازی بە خۆی پەردە لە سەر واتای ڕاستەقینەی (تەقەمەنی تایبەتی) لادەبات. ئەو تەقەمەنییەی کە بەڵگەنامە ڕەسمییەكان لە بارەیەوە دەدوان. لەو نووسراوەدا دەزگای هەواڵگری پێشنیاری كردووە دوو لە سەر سێێ پێکهاتەی سارین (لە بەڵگەنامەکاندا زارین نووسراوە)و یەک لە سەر دووی خەردڵ لەو بڕەی لە بەردەستن بەكاربهێنرێت و ئەوەشی دەمێنێتەوە هەڵبگیرێت بۆ باری تەنگەتاو لە كەرتەكانی شەڕ.
هەواڵگری سەربازی وردكاری زۆرتر سەبارەت بە كاریگەریی ئەم (تەقەمەنییە تایبەتە) و پێکهاتە كیمیاوییەكانی دەخاتە بەردەستمان. لە نووسراوێكی دیكەی زۆر نهێنی و تایبەت و بەپەلەی ژمارە (م١/ش٣/ق٢/٦٤١٤) لە ١٨ ئازاری ١٩٨٧، دەقاودەق وا دەڵێت: (بۆ سەرۆكایەتی كۆمار – سكرتێر. بابەت / بەكارهێنانی تەقەمەنی تایبەت. نووسراوی زۆر نهێنی و تایبەتتان (٧/ج٢/٨٠٨/ك) لە ١٢ ئازاری ١٩٨٧.
1 – وا لە خوارەوە تواناکانی بەردەستمان بۆ بەكارهێنانی تەقەمەنی تایبەت لە بەرامبەر بنكەكانی پاسەوانانی خومەینی لەناو بارەگاكانی تێكدەرانی لقی یەكی تاقمی بارزانی دەخەینە ڕوو.
A – بارودۆخی ئێستای كەش وهەوا ڕێگە نادات زارین بەكاربهێنرێت، چونکە ناوچەی ئامانجە دیاریکراوەکان بەفر دایپۆشیوە، ئەمەش وادەکات ئەو پێکهاتەیە بتوێتەوە و ببێتە مادەیەكی ناژەهراوی. ئەمە بۆ پێکهاتەی (تابون)یش دروستە و بە هەمان چەشنە.
B – بڕێكی باشی پێکهاتەی (خەردل)مان لایە، بەڵام لێکەوتەی پێشبینی كراوی (زۆر کاریگەر) نیە، تەنیا لەو حاڵەتە نەبێت کە بڕێکی زۆر خەستی بەکاربهێنرێت. وێرای ئەوەش لەسەرخۆی لەو ناوچە بفراوییانە دەبێتە هەڵم.
C – دەکرێت هێزی ئاسمانی، تۆپهاوێژی لوولەیی و فڕۆکەی سەمتیش بە شەو بۆ ئەو مەبەستە بەكاربهێنرێن.
2 – بۆ ئەمە ئەم پێشنیارانەی خوارەوە ئەكەین:
A – دواخستنی جێبەجێ كردنی گورزەكە بۆ سەر بنكەكانی پاسەوانانی خومەینی لەناو بارەگاكانی تاقمی بارزانی تا مانگی حوزەیرانی داهاتوو، چونكە ئامانجەكان كەوتوونەتە نزیکی سنوورەکانی عێراق – توركیاوە، وا باشترە ئەو ئامانجانە دیاری بكرێن كە دەکەونە دەرەوەی كارتێكردنی چاوەروانكراو بۆ سەر هێزە سنوورییەكانی توركیا یان گوندەكانی ئەو وڵاتە.
B – دەسبكرێت بە پلاندانان بۆ جێبەجێكردنی كرداری سەربازی دیاریكراو بەرەو ڕووی بارەگاكانی بەكرێگیراوانی ئێران.
تكایە فەرموون بۆ ئاگاداریتان و لە فەرمانی خۆتان ئاگادارمان بكەنەوە… لەگەڵ ڕێزدا. ئیمزا لیوا ڕوكن بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی. (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە ٧).
ئەو نووسراوە ئەوە دەرئەخات كە ئەو پەلامارە کیمیاوییانەی کرانە سەر گوند و پێگە كوردییەكان لە دۆڵی بالیسان و ناوچەكانی قەرەداغ لە نیسانی ساڵی ١٩٨٧ جێبەجێ كراون. ئەم شاڵاوانە لە دژی گوندەکانی كوردانی ئەو ناوچانە و پێگەکانی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتە كوردستانییەكانی دیكەی ئەو ناوچانە بوونە. لە کاتێکدا لێدانی گوند و پێگەکانی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئۆردوگاكانی پەنابەرانی كورد، كە لەناوچەكانی شەڕەوە بۆ ناو خاكی ئێران هەڵهاتبوون، بۆ مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ دواخرا.
هۆبەی سێیەم لە بەڕێوەبرایەتی گشتی هەواڵگری سەربازی (ئەو کاتە وەفیق سامەڕائی بەڕیوەبەری بوو) دەورێكی باڵا و ناوەندی هەبوو لە نەخشەدانان بۆ لێدانی پێگەکانی پێشمەرگە و گوند و چیاکانی کوردستان. لە هەمان کاتدا ڕۆڵی هەماهەنگی دەبینی لە نێوان ئەو هێز و فەرمانگانەی ئەرکی جێبەجێ كردنی پەلامارەکانیان پێ سپێردرابوو، وەك: هەواڵگری سەربازی، سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا، هەردوو فەرماندەی لەشكری یەكەم و پێنجەم، كە دەبوایە ڕاستەوخۆ پەلامارەکانیان جێبەجێ بکردبایە. لەو نووسراوەی کە موقەدەم روكن بەڕێوەبەری هۆبەی سێیەم بۆ یاریدیدەدەری یەكەمی بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری سەربازی بەرزكراوەتەوە، ئەمەی خوارەوە دەخوێنینەوە:
1 – بە پێشنیاری بەڕێوەبەرایەتەكەمان، ڕەزامەندی سەرۆكایەتی كۆمار – سكرتێر، وەرگیراوە بۆ وەشاندنی گورزێك بە تەقەمەنی تایبەت لە دژی بارەگاكانی بەكرێگیراوانی ئێران لە ناوچەكانی (تەكییە، بلجكار)ی سەر بە ناحیەی قەرەداغ و دۆڵی (بالیسان) لە سەر ڕێگای سەرەكی چوارقوڕنە – خەلیفان. فەرمانیش دراوە لێدانەکە و چۆنێتی کەڵک لێوەرگرتنی جێبەجێ نەکرێت بەر لەوەی سەرۆکایەتی کۆمار – سکرتێری لێ ئاگادار نەکرێتەوە.
2 – پاڵپشت بەو فەرمانەی سەرۆكایەتی لە سەرەوە، سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا بە نووسراوی هاوپێچ بۆ هەردوو (لەشکری یەک و پێنج) ئاراستەكرابوو و وێنەیەكیشی بۆ ئێمە نێردراوە، تێیدا فەرمانی كردووە بۆ:
A – لێدانی بەكرێگیراوانی ئێران و پاسەوانانی خومەینی بە کەڵک وەرگرتن لە تەقەمەنی تایبەت لەو شوێنانەی کە لە خاڵی (١)ی سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە.
B – لەشکری یەک نەخشەیەكی كەڵكوەرگرتن لەو لێدانە لە ناوچەكانی (تەكییە، بلكجار) ئامادە دەكات و دەیخاتە بەردەم بەڕێز سەرۆكی ئەركانی سوپا لە کاتی سەردانی بەڕێزیان بۆ بارەگای لەشکری یەک لە ٩ نیسانی ٨٧.
C – هەردوو فەرماندەی لەشکری یەک و پێنج نەخشەیەكی هاوبەش ئامادە دەكەن بۆ لێدانی بارەگای بەكرێگیراوانی ئێران لە دۆڵی (بالیسان) و بۆ سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای دەنێرن بۆ ئەوەی بڕیاری لێبدرێت.
د. تاقمی تەقەمەنی تایبەت لە ڕۆژی ٧ نیسانی ٨٧ دەنێردرێن بۆ لای لەشکری یەک بۆ دانی پرس و ڕاوێژ.
3 – ئێمە بە دواداچوون بۆ كارەكان دەكەین. تكایە فەرموون بۆ ئاگاداری. ئیمزا موقەدەم روكن بەڕێوەبەری هۆبەی سێیەم ٦ نیسانی ٨٧. (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە ٨).
وەك لە بەراوردكردنی ئیمزاكاندا دەرئەكەوێت یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەراوێزێكی بۆ بەڕێوەبەرەکەی بەرزكردۆتەوە و مێژووی ٦ نیسان بەسەرەوەیە، تێیدا باس لە بەدواداچوونی كارو ئەنجامەكان دەکات. هەر خۆی لە نووسراوێكی زۆر نهێنی و تایبەتدا لە ڕۆژی ١٣ ئازاری ١٩٨٧، کە بۆ بەڕێوەبەری هۆبەی سێیەمی ناردبوو، تێبینیەكانی خۆی سەبارەت بە پەلامارەکان تۆمار کردووە. لەوێدا دەڵێت:
بەڕێز بەڕێوبەری هۆبەی ٣ تكایە. هاوپێچ نووسراوی سەرۆكایەتی. لە خوارەوە تێبینیەكانم سەبارەت بە بابەتەكە:
1 – پێم باشە لێدانەكە بە هێزی ئاسمانی بێت لەبەر ئەم هۆیانە:
A – كاریگەرتر و وردترە. ب. کردەوەکە لە ناکاو دەبێت، چونكە جووڵاندنی تۆپەکان بۆ هەمان مەبەست ڕەنگە پێشوەخت نیازمان ئاشكرا بكات. ج. گومانمان نیە کە هەندێ لە ئامانجەكان لە دەرەوەی مەودای تۆپ و فڕۆکەی سەمتیدان.
2 – بارودۆخ و پێداویستییەكانی گورزی ئاسمانی (تایبەت) بە مەبەستی خوڵقاندنی ئەو كاریگەرییەی دەمانەوێت و بۆ ئەوەی پەلامارەکەش زۆر كاریگەر بێت، ئەمانەن:
A – دەبێ زانیاری وردمان سەبارەت بە ئامانجەكان هەبێت و بیخەینە بەردەست هێزی ئاسمانی.
B – پێویستە ئەو زانیارییانەی لە بارەی ئامانجەکان و سروشتی ناوچەکەوە لە لامانن بۆ فرۆكەوانەكان ڕوونبکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە لە وێنە ئاسمانییەكان کەڵک وەربگیرێت.
C – جێبەجێ كردنی لێدانەكە لە كاتی یەكەمین ڕووناكی بێت یان كەمێك دواتر.
D – تەرخانكردنی وزەیەکی زۆر (بۆ هەر ئامانجێک… زیاتر لە فڕۆكەیەک)، هەروەها بیركردنەوە لە دووبارەكردنەوەی لێدانەكە بە فرۆكەی یەک لە دوای یەک… یان لێدانەكە تێکەڵاو بێت واتا بە (تەقەمەنی تایبەت و بۆمب و تەقینەوەی زۆر بەهێز و ڕۆكێتی ئاسمان – زەوی) هەموویان بەیەكەوە یان لە دوای یەك.
E – لێدانی هەموو ئامانجەكان لەیەك كاتدا و بە ئەو پەڕی هێز و وزەوە کە لە توانادایە تەرخان بکرێن.
3 – دەكرێت بیر لە بەكارهێنانی تۆپ بكرێتەوە ئەویش لە دوای ماوەیەكی گونجاو (چەند ڕۆژێك) بۆ لێدانی ئەو ئامانجانەی لەو ناوچانەن و دەكەونە مەودای تۆپخانەکانمانەوە.
تكایە تێبینییەكانتان سەبارەت بە بابەتەكە بخەنە ڕوو بۆ ئەوەی وەڵامی سەرۆكایەتی بدەینەوە. ئیمزا. ١٣ ئازاری ١٩٨٧). (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە ٩).
لە نووسراوێكی دیكەدا كە مێژووی ٥ حوزەیرانی ٨٧ بەسەرەوەیە، بەڕێوەبەری هۆبەی سێیەم دوا تێبینییەکانی لەسەر ئەو تاوانە ترسناکە دەخاتە ڕوو، دوای ئەوەی فەرمانگە و دەزگا جۆراوجۆرەكان لەسەر داخوازی “سەدام حوسێن” لێی کۆڵینەوە. لەم نووسراوەدا ئەمەی خوارەوە دەخوێنینەوە (تێبینی لەبارەی وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆكایەتی كۆمار – سكرتێر لەسەر پێشنیاری بڕگەی (أ) لە خاڵی ٢ لە نووسراوی هاوپێچمان كە تێیدا داوای دواخستنی لێدانی بنكەكانی پاسەوانانی خومەینی لەناو بارەگاكانی لقی یەكی تاقمی بارزانی بە تەقەمەنی تایبەت كراوە بۆ مانگی حوزەیرانی ٨٧.
1 – لە ٤ی حوزەیران لێكۆڵینەوە کرا لەبابەتی وەشاندنی گورزێكی جددی، بە تەقەمەنی تایبەت بۆ ئەو بنكانە و بارەگاكانی لقی یەكی تاقمی بارزانی لە (زیوە، بارزان، كانی ڕەش، گەلی ڕەش). کۆبوونەوە و کۆڵینەوەکە لە بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانان کرا، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی (ئەفسەرانی مەڵبەندی توێژینەوە، نەخشەدانان، فڕۆكەوانی سوپا، بەڕێوەبەرایەتییەكەمان و تێمەکانی چەکی كیمیاوی).
2 – پێداگری لە لێدانی گوندی زێوە كرا، بە تێبینی کردنی ئەوەی كە لە توركیاوە نزیكە. بەڵام پشتگیری لە لێدانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە نەكرا، لەبەر ئەم هۆیانەی لە بەرانبەریان ئاماژەیان پێكراوە:
A – كانی ڕەش لە سەرزەمینەکانی توركیاوە نزیكە.
B – گەلی ڕەش لە هێزەكانمانەوە نزیكە لە چیای كویتا (هەروا).
C – بارزان لەبەر ئەوەی هێزەی تێكدەران و پاسەوانانی خومەینی بە شێوەی گروپی بچووك بچووکن و لە تەواوی گوندەكانی ناوچەی بارزان بڵاوبوونەتەوە و ئامانجێكی گونجاو پێكناهێنن. (ئیمزا م/ بەڕێوبەری ش ٣ لە ٥/٦/١٩٨٧) (بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە ١٠).