عەتا قەرەداخی: یەکتر نەخوێندنەوە.
یەکتر نەخوێندنەوە خاسێتی عەقڵە داخراوەکانە
یەکێک لە خاسێتە دیارەکانی کۆمەڵگە دواکەوتووەکان، باڵادەستبوونی تاکە عەقڵ و تاکە بیرو تاکە لێکدانەوەو تاکە جیهانبینیە، هەموو ئەم تاکانەش زەمینەسازی دەکەن بۆ درووستبوونی یەک جۆر لە سیستێمی سیاسی، کە ئەویش سیستێمی شمولی و تۆتالیتارە. ئەو کۆمەڵگەیانەى کە تاکە عەقڵێک تیایاندا باڵادەستە، یان کۆمەڵگەى خێڵایەتین یان کۆمەڵگەى ئایینین یان کۆمەڵگەیەکن، کە تیایاندا ئایدیۆلۆجیا یان بۆچوون یان جۆرێک لە فیکر تیایاندا باڵادەستەو بووەتە جێگرەوەى ئایین. لێرەوە ئازادى تاکەکەس هیچ مانایەکی نیە، لە کۆمەڵگایەکیشدا کە ئازادى تاکەکەس ماناى نەبێت، واتە ژیانیش بێگەوهەرو رووتکراوە دەبێت لە بەها مرۆییەکانی.
لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا مرۆڤى تاک رەهەندبین و ئاسۆتەسک بەرهەم دێت. لەبارێکی وەهاشدا تەنیا یەک لێکدانەوە بۆ مرۆڤ و ژیان بوونیان دەبێت. لە هەر جێگایەک چەمکی یەک، تاک، تەنیا باڵادەست بێت، ماناى وایە فرەیی، کۆ، ئەو یان ئەوانی تر غائیب و نادیارن. ئەمەش ئەو زەمینەیە کە تەنیا من بوونم هەیە تیایداو ئەویتر بوونی نیە. ئەمەش خاسێتی کۆمەڵگە داخراوەکانە. ئەم جۆرە کۆمەڵگانەش بەردەوام بارگاوى کراون بە کێشە و گرفت و بەردەوام من لە هەوڵی سڕینەوەى تۆو ئەویتردام بۆ ئەوەى تەنیا خۆم هەبم. ئەمەش خاسێتی ئاشکراى کۆمەڵگەى کوردیە بە تاکەکەس و دەستەو گروپ و حیزبەوە. واتە تەنیا بینینی خۆو بەرژەوەندییەکانی خۆو نەبینینی ئەویترو بەرژەوەندییەکانی لە هەموو ئاستێکدا. ئەمەش سەرچاوەى تێکڕاى کێشەکانە لە کۆمەڵگەى کوردیدا.
لەم جۆرە کۆمەڵگەیانە وەکو ئێمەدا، دامەزراوەی کۆمەڵایەتی لە خێزان، بنەماڵە، خێڵ، عەشیرەت، حیزب، حکومەت، دەوڵەت هەموویان یەک ئاراستەیان هەیە بۆ بینین و یەک روانینیان هەیە بۆ سەیرکردنی دنیا ئەویش لەو روانگەیەوەیە کە مانەوەو بەردەوامبوون و پاراستن و بەهێزکردنی خۆیان مسۆگەر بکات. واتە کۆی ئەم دامەزراوانە وەها دەڕوانن کە ئەمان بوویەکی رەهان و هەریەکە لە شوێنی خۆیدا جێگرەوەى خودایە لەسەر زەوی و هەموو ماف و دەسەڵاتەکانی خوداش بەخۆی رەوا دەبینێت.
بێگومان لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا هەمیشە دەسەڵات، دەسەڵاتی تاکەکەس یان کەمینە دەبێت و بۆ پاراستنی ئەو دەسەڵاتەش هەمیشە رێگای ناڕەوا بەکار دەهێنرێت ئەویش لە پیادەکردنی هێزدا بەرجەستە دەبێت کە دەشێ هیزى عەقڵی، مەعنەوى، یان مادى بێت، کە دەشێ بەکارهێنانی هێز بێت بە مانا سەربازییەکەى یان لەشێوەى دەسەڵاتدا کە چۆن هەموو کۆمەڵگە کۆنترۆڵ دەکات و تەنانەت بواری ئەوەش بۆ تاکەکەس و کۆمەڵگەش ناهێڵێتەوە کە بتوانێت لە ئازارو ژانەکانی خۆیشی بدوێت. هەر ئەوەش نا، بەڵکو کۆمەڵگە لەسایەی سیستێمی لەم جۆرەدا دەبێت بە ئامرازو دەسەڵاتی تاکەکەس و کەمینە بە ئارەزووى خۆی بەکاری دەهێنێت. بە دەورى تاکەکەسی یەکەمیشدا ریزێک یان بازنەیەکی فراوان لە کەسان هەن کە خۆیان وانمایش دەکەن کە گەورەن بەڵام سەرئەنجام ئەوانیش لە روانگەى کەسی یەکەمەوە ئەویترى بێ شواناس و نەخوێندراوەن. ئەم خاسێتە کە هی ئەو کۆمەڵگەیانەیە کە ئەویترى تێدا درووست نەبووە بۆ کۆمەڵگەى ئێمەش راستە.
کۆمەڵگەى کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیانەى کە تاکە عەقڵێک تیایاندا باڵادەستەو کۆی مەسەلەکانی تریش پەیوەستن بەو تاکە عەقڵەوە کە عەقڵێکی داخراوەو بێجگە لە خۆی ناتوانێت دان بە بوونی هیچ عەقڵێکی تردا بنێت و، بێجگە لە بۆچوونى خۆی هیچ بۆچوونێکی تر بەراست نازانێت و بێجگە لەو بنەماو یاساو رێسایانەى کە بۆ پاراستنی خۆی و بەرژەوەندییەکانی خۆیی داناوە ناتوانێت دان بە رەوایەتی هیچ یاساو رێسایەکی تردا بنێت. لەبارێکی وەهاشدا هەرچەندە کورد خاوەنی دەسەڵاتێکی خاوەن شووناس نەبووە بەڵام ئەو تاکە عەقڵە باڵادەستە هەمیشە هەموو دەرەوەى خۆیی نەک هەر رەتکردۆتەوە بەڵکو هەوڵی جیدی بۆ لە ناوبردن و سڕینەوەشی داوە. ئەوەتا سەرباری بە پەراوێزبوون و داگیرکردن و دابەشکردنیشی کەچی ئەم کۆمەڵگەیە بەردەوام لەململانێی سەختی ناوخۆیدا بووەو تەنانەت پێکهاتە هاوشێوەکانیش کە هەم پێکهاتن و هەم عەقڵی باڵادەستیشیان هاوشێوە بووە هەوڵی یەکتر سڕینەوەو لە ناوبردنی یەکترییان داوە.
دیارە عەقڵی باڵادەستی تەنیا خۆقبوڵکەر لە کۆمەڵگەى کوردیدا تەنیا لە چوارچێوەى ئەو دامەزراوانەدا نەبووە کە لەسەرەوە ناومان هێنان. بەڵکو ئەم عەقڵیەتە لە ناو نوخبەى سیاسی و رۆشنبیریشدا بەشێوەیەکی سەختتر تاکو ئێستاش باڵادەستەو تەنانەت ئەو نوخبەیەی کە زمان و قەڵەمی هەمیشە باسی کرانەوەو فرە عەقڵی و فرە بۆچوونی و فرە لێکدانەوەیی دەکات لە ئاستی گشتیدا رای جیاواز قبوڵ ناکات و ئەوی تر ناخوێنێتەوەو، ئەو نوخبەیە لە هەموو بەشەکانی تری کۆمەڵگەى کوردی زیاتر پیرۆزیى بەباڵای خۆی دەبڕێت. ئێستا پارادۆکس ئەوەیە لە کۆمەڵگەى کوردیدا ئەوەى کەباسی ئازادی و دیموکراسی و فرەیی و زیاتر لە عەقڵ و بۆچوون و لێکدانەوەو جیهانبینیەک دەکات، هەر ئەو لە هەمووان تووندڕەوترەو ناتوانێت دان بە غەیری خۆیدا بنێت و بێجگە لە خۆیشی هەموو ئەوانی تری بەلاوە هیچە. بێگومان ئەگەر ئەم نوخبە سیاسیەى ئێستا بمێنێتەوەو بەم شێوەیەى ئێستاى بەردەوام بێت لە کۆمەڵگەدا ئەوا ئەگەرى گۆڕانکارى زۆر لاواز دەبێت و پێشبینیکردنی درووستبوونی زەمینەى ئەویتر چاوەڕوان نەکراو دەبێت چونکە ئەم نوخبەیەى کە ناتوانێت بێجگە لە خۆى کەسی تر ببینێت، باش لەوە تێدەگات درووستبوونی ئەویتر ماناى هەرەسهێنانی ئەو عەقڵیەتەى کە تاکو ئێستا ئەم دەپارێزێت. بێگومان درووستبوونی سەقامگیرى و پەرەسەندن و بنیانان و ئاوەدانکردنەوەو عیمرانی مرۆیی کوردى و ئازادى و دیموکراسی هەمووى بەندە بە درووستبوونی کەسێتیەکەوە کە ئەویتر قبوڵ بکات. هەتا ئەو عەقڵیەتە واتە عەقڵیەتی یەکتر خوێندنەوەو یەکتر قبوڵکردن لە کۆمەڵگەى کوردیدا درووست نەبێت، بارودۆخی ئەم کۆمەڵگەیە گۆڕانکارى لەبەرچاوى بەسەردا نایەت و. لەسەر هەمان بازنەى داخراو لە جوڵەى خوڵگەیی خۆى بە سستی بەردەوام دەبێت، کە ئەویش جوڵەیەکە لە کۆمەڵناسیدا پێی دەوترێت جوڵەى بێبەرهەم.