دوکتۆر حوسێن عه‌زیز: نه دار و نه په‌ردوو، نه‌فره‌ت له هه‌ردوو!
له ئه‌م ڕۆژانه‌دا، له‌نێو جه‌ماوه‌ری کورددا دهنگبڵاوه، گوایه، سه‌رکرده‌ی پارته‌کانی ده‌ڤه‌ری سه‌وز ده‌یانه‌وێ، هه‌رێمێکی نوێی سه‌ربه‌خۆ، له شاره‌کانی (سوله‌یمانیی، هه‌ڵه‌بجه و که‌رکووک) پێک‌بێنن. واته، هه‌رێمه یه‌کگرتووه‌که‌ی باشووری (کوردستان) دوولهتکهن. با بزانین، ئه‌مه تا چه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندیی کورد دایه؟ به پشتیووانی کێ، ئه‌م هه‌رێمه قووتده‌که‌نه‌وه؟ کێ قازانج و کێ زیانی لێ ده‌کا؟!
ڕۆژی (23. 08. 1514ز.)، جه‌نگێکی گه‌وره‌ی درێژخایه‌ن، له نیوان هه‌ردوو ئیمپراتۆریای ئیسلامیی مهگۆلیی (عوسمانیی) سووننه و (سه‌فه‌ویی) شیعه‌دا به‌رپابوو، پتر له (100) ساڵی خایاند. ساڵی (1639ز.)، هه‌ردوولایان ناچاربوون، جه‌نگ بووه‌ستێنن و ڕێککه‌وتننامه‌ی (زه‌هاو) مۆرکهن. له ئه‌نجامی ئه‌و جه‌نگ و ڕێککه‌وتنه‌شدا، بۆ یه‌که‌مین جار له مێژوودا، خاکی (کوردستان) یان له نێوان خۆیاندا دابه‌شکرد.
ڕۆژی (9-16. 05. 1916)، ڕێکه‌وتننامه‌ی (سایکس – پیکۆ)، له نێوان (بریتانیای گه‌وره، فڕه‌نسه و ڕووسیای تساریی) دا مۆرکرا. به‌پێی ئه‌و ڕێککه‌وتننامه‌یه، بۆ دووه‌مین جار، (کوردستان) یان به‌سه‌ر هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌که‌ی ( توورکیا، ئێران، عێراق و سووریا) دا به‌خشییه‌وه. ئیدی له ئه‌و ڕۆژه‌وه، کورد به‌ده‌س ئه‌و دابه‌شکردنه نوێیه‌وه ده‌ناڵێنێ و هیچیشی پێ ناکرێ!
ئه‌وڕۆش، دوای ئه‌وه‌ی (377) ساڵ به‌سه‌ر ڕێککه‌وتننامه‌ی (زه‌هاو) و (100) ساڵیش، به‌سه‌ر ڕێککه‌وتننامه‌ی (سایکس – پیکۆ)دا تێپه‌رده‌بێ، تازه سه‌رکرده‌ی پارته‌کانی باشوور ده‌یانه‌وێ، له‌به‌ر ڕۆشنایی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سکی پارتایه‌تیدا، بۆ سێیه‌مین جار، باشووری (کوردستان)، به‌سه‌ر دوو میرنشینی لاوازی (سه‌وز) ی سه‌ر به (ئێران) و (زه‌رد) ی سه‌ر به (توورکیا) دابهشکهنهوه!
ئاخر، ئه‌م بیرۆکه نه‌زۆک و قرچۆکه، هه‌ر به‌رده‌وامیی ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کییه‌که‌ی، نێوان سه‌رکردایه‌تی (پارتیی) ساڵی (1964) و جه‌نگه چه‌په‌ڵه‌که‌ی نێوخۆی نێوان، هه‌ردوو باڵه‌که‌ی (جه‌لالیی) و (مه‌لایی)، ساڵانی (1966-1970)یه، گه‌ر ئه‌و کاته باڵه‌که‌ی (جه‌لالیی) له‌نێو شاره‌کان، به پشتیووانی (عێراق) و باڵه‌که‌ی (مه‌لایی) ش له چیاکان، به پشتیووانی (ئێران)، له یه‌کدی بهربووبوون، په‌ندیان له ئه‌و مێژووه تاله خوێناوییه پڕ شه‌رمه‌زارییه وه‌رنه‌گرتبێ، ئه‌وا ئه‌وڕۆ هاوکێشه‌که گۆراوه و هه‌ردوولایان، دۆسته داگیرکه‌ره‌کانیان گۆڕیوه. زۆنی سه‌وز گرێ‌و له‌سه‌ر به‌ره‌ی شیعه‌کانی (ئێران) و (عێراق) ده‌کا و زۆنی زه‌ردیش، خۆی به به‌ره‌ی سووننه‌کانی ( توورکیا، سعوودیه و قه‌ته‌ر) دا هه‌ڵواسیوه!
ئه‌م ناکۆکیی و جه‌نگه‌ی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه، به شێوه‌یەک له شێوه‌کان، هه‌ر به‌رده‌وامبووه و هه‌رگیز کۆتاییشی نایه، گه‌ر به ئه‌و شێوه‌یه بیربکه‌نه‌وه، تا لایه‌کیان به پشتیووانی ده‌وڵه‌تێکی داگیرکه‌ری (کوردستان)، یا ده‌وڵه‌تێکی زڵهێزی جیهان، لاکه‌ی دیکه‌یان، خه‌ڵتانی خوێن نه‌کا و ده‌ستی خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی پێ هه‌ڵنه‌بڕێ! هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش هه‌رگیز نابێ، چونکه له به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کاندا نییه، لایه‌کیان به ته‌واویی نه‌مێنێ و کورد یه‌کگرتووبێ، به‌ڵکوو گه‌لێ بۆ ئه‌وان باشتره، گه‌لی کورد، هه‌ر به پارچه‌پارچه‌کراویی و لاوازیی بمێنیته‌وه!
گومانی تێدا نییه، ئه‌و هه‌رێمه ناپیرۆزه‌ی، سه‌رکرده‌کانی ده‌ڤه‌ری سه‌وز ده‌یانه‌وێ، به پشتیووانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (ئێران)، له (سوله‌یمانیی) دایمه‌زرێنن، به هه‌موو شێوه‌یه ده‌بێ، گوێ له مشتی سه‌رکرده‌ی ئاخونده‌کانی شیعه‌ی (ئێران) و (عێراق) بن. له هه‌مان کاتیش‌دا، نووزه له هێزه شۆڕشگێڕ و پارته ڕامیارییه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی (کوردستان) ببڕن! هه‌روه‌ها، ئه‌و میرنشینه‌ی سه‌رکردایه‌تی (پارتیی) ده‌یه‌وێ، به پشتیووانی ده‌وڵه‌ته سووننه‌کانی ( توورکیا، عه‌ره‌بستانی سعوودیه، قه‌ته‌ر و … هتد )، له نێوچه‌کانی بندهسیدا دایمه‌زرێنێ، به هه‌موو شێوه‌یه ده‌بێ، دژی (ئێران) و هێزه شۆڕشگێڕ و پارته ڕامیارییه‌کانی، هه‌ردوو به‌شه‌که‌ی باکوور و خۆراوای (کوردستان) بێ. چونکه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، هه‌روا به خۆڕایی، چۆله‌که بۆ سه‌رکردایه‌تی ئه‌و پارته ناکۆکانه ناگرن! جا گه‌ر ئه‌مه ناپاکیی و جاشایه‌تییه‌کی ڕووتووشکراو نه‌بێ، له به‌رگی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی باشووردا ڕازێنرابێته‌وه، ده‌بێ، چی دیکه بێ؟! کامه‌یه سه‌ربه‌خۆیی نیشتمان و سه‌ربه‌ستیی گه‌ل؟!! ئایا، ئه‌م سه‌رکرده کوردپه‌روه‌ره گه‌ورانه‌ی پارته‌کانی (کوردستان)، که شه‌ڕ له‌سه‌ر چه‌سپاندنی یاسا، سیستێمی په‌رله‌مانیی، مافی مرۆ و سه‌ره‌تاکانی دێمۆکراسیی ڕاسته‌قینه ده‌که‌ن، پرسیان به ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد کردووه، تا به فه‌رمانی ئاغاکانیان، باشووری (کوردسان) دوولهتکهن، دوو هه‌رێمی سه‌ر به پارت و بنه‌ماڵه‌کانیان قووتکهنهوه؟!!
(خواجه سه‌عده‌دین)، که مامۆستای سوڵتان (موراد) ی مه‌گۆله‌کان بوو، زۆر ڕاستی فه‌رمووه، کاتێ گوتوویه‌تی: (هه‌موو کوردێ بۆ خۆی سه‌ربه‌خۆیه‌که و ئاڵای ملهوڕیی و زۆرداریی به‌رزکردووه‌ته‌وه و له نێو ئه‌و شاخ و کێوانه‌دا، به سه‌ربه‌ستیی ده‌ژین. گه‌ر سه‌رنج بده‌یه باری یهکدیگیریی و هاوبیریی و هاوکارییانه‌وه، ته‌نیا له شاده و ئیمانهێناندا نه‌بێ، له هیچ شتێکی دیکه‌دا یه‌ک ناگرنه‌وه!)
لێره‌دا پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه: ئایا ماوه‌ی (55) ساڵه (1961-2016)، ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد، به خۆڕایی خوێن ده‌ڕێژن و لاشه ده‌نێژن؟! یا له ئه‌وه ده‌چێ، سه‌رکرده‌ی پارته‌کان، چوار پارچه‌یان پێ که‌مبێ و پێی قایل نه‌بن، وا ده‌یانه‌وێ، بیکه‌ن به پێنج پارچه! سه‌یر ئه‌وه‌یه، چه‌ن گه‌لێکی وه‌ک ( ئه‌ڵمان، یه‌مه‌ن، ڤێتنام و … هتد)، هه‌ر یه‌کی دوو ده‌وڵه‌تی جیاوازیان هه‌بوو، به‌ڵام ئێسته یه‌کیانگرتووه‌ته‌وه و یه‌ک ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه. که‌چی ئێمه ده‌وله‌تمان نه‌بووه و هیچ نین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌مانه‌وێ، ئه‌م بستۆکه‌ی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی دوولهتکهین. ئاخر گه‌ر ئه‌مه، نیشانه‌ی لاوازیی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی، کۆنه‌قین و ڕکوکینه‌ی سه‌رکردایه‌تی ئه‌و پارتانه نه‌بێ، ده‌بێ، چی دیکه بێ؟!
له کۆتاییشدا ده‌ڵێم: کوردپه‌روه‌ری ڕاسته‌قینه، پڕ به ده‌م هاوارده‌کا و ده‌ڵێ: به‌ڵێ بۆ یه‌ک گه‌ل، یه‌ک هه‌رێم، یه‌ک په‌رله‌مان و یه‌ک ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربه‌خۆی یه‌کگرتوو، نا بۆ ناکۆکیی، دووبه‌ره‌کیی، ناپاکیی، له‌تکردنی نیشتمانه‌که‌مان. ئه‌وی دژی ئه‌م پرینسیپه سه‌ره‌کییانه‌ی کوردایه‌تیش بێ و بیه‌وێ، باشووری (کوردستان) دوولهتکا، ده‌بێ، گومانی لێ بکه‌ین و هه‌زاران نیشانه‌ی پرسیاریش، له‌سه‌ر بۆچوون و کاره‌کانی دانێین. چونکه باشووری (کوردستان)، به هه‌ردوو ده‌ڤه‌ر و هه‌موو شاره‌کانییه‌وه جوانه و ده‌بێ، به یه‌کگرتوویی بمێنێته‌وه و دووکه‌رت نه‌کرێ، مافی چاره‌نووسی کوردیش له ئه‌م قۆناغه‌دا، فیدراڵیی، کۆنفیدراڵیی یا سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی بێ، هه‌رده‌بێ، هه‌موو لایه‌نه‌کان پێکه‌وه، خه‌باتی بۆ بکه‌ن، هه‌ر که‌س و لایه‌نێکیش، له ئه‌م پرینسیپه بێ به‌ڵگه نه‌ویستانه لابدا، ناپاکیی له خوێنی ڕه‌وانشادانی کورد و خاکی (کوردستان) ده‌کا، جا هه‌ر که‌س و لایه‌نێ ده‌بێ، با ببێ!