شەماڵ عادل سەلیم: دەسەڵات لەکردنە و میللەتیش لە مردنە .
ئەمرۆ ئەگەر ئەو بارودۆخە ناهەموارەی کە هەرێمی کوردستانی پێ تێپەڕدەبێت بەشێوەیەکی زانستی و مەعریفیانە لێک بدەینەوە دەبینین کە دەسەڵاتی هەردوو حزب ( پارتی لە زۆنی زەرد ، یەکێتیش لە زۆنی سەوز و نیلی ) بەشێوەیەکی تەواو هەست پێکراو بەرەو تاکڕەوی دەڕوات و، رۆژ لەدوای رۆژیش لەو بەڵێنانەی کە بە هاوڵاتیانیان دابوو، پاشگەز دەبنەوە. گرنگترین پاشگەز بوونەوەش لە بواری دیموکراسیەت و مافی هاوڵاتیان و بەرتەسکردنی ئازادی تاک و ڕادەربرین و شکاندنی شکۆی مرۆڤەکان خۆی دەنوێنێت .
هەروەک دەزانین، کە دیموکراسیەت و ئازادی ڕادەڕبڕین و خۆشگوزەرانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، ئەو ئامانجە پیرۆزو ڕەوایانەبوون کە گەلەکەمان لە پێناو بەدیهێنانیاندا بەهیچ شێوەیەک نەک تەنها کەمتەرخەمی نەکردووە ، بەڵکو دەریایەک خوێن و هەزاران شەهیدی نازداری لەم رێگایەدا داوە .
بۆیە لە رۆژگارێکی دژوارو ڕەشی وەک ئەمرۆکە هەرێمی کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت، خەریکە ئەو ئازادی و ئەو بڕە دیموکراسیەتەی کە هاتبووە ئاراوە لەپاڵ ئامانج و دەستکەوتە ڕەواکانی دیکەی گەلە ستەمدیدەکەماندا، خەریکە بەدەستی دەسەڵاتدارانی کورد و بەهیمەتی کەسانی گەندەڵ و دوور لە لێپرسراوەتی لەناودەچێت.
سەرەڕای پەیرەوکردنی سیاسەتی برسیکردن و بڕینی مووچەو دزینی داهات و هەڕاجکردنی کەرتە گشتیەکان و، فرۆشتنیان بەکەرتی تایبەتی کە هەژارەکان هەژارترو دەولەمەندەکان دەولەمەندتردەکات ، دەسەڵاتی کوردی هێزێکی تۆقێنەرو سەرکوتکەری ( بەلتەجی ) هێناوەتە مەیدان و هەریەکێ داوای مافی ڕەوای خۆی بکات ، بەبێ سێ و دوو (پەل بەست و شلم کوت )و نان بڕێ دەکەن و دواتریش شاربەدەری دەکەن .
ئەمرۆ ئەو ناعەدالەتییەی، کە لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت ، لە بڕین و پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەران زۆر گەورەترو خەتەرناک ترە ، بۆیە هاوڵاتیان هەلەیەکی گەورەدەکەن ، کە داواکارییەکانیان لە بازنەیەکی بچوک چوارچێوەگیردەکەن ، هەروەک ئەوەی کە کێشەی سەرکی خەڵکی کوردستان تەنها ( مووچە) یەو بەس .
ئەمرۆ هەرێمی کوردستان لە کابوسێکی زۆر ترسناکدا دەژیت، کە ئەویش کابوسی ( تێکشکاندن و بێدەسەڵاتکردنی پرسۆناڵی کوردو، چەسپاندنی کۆلەکەی تاکڕەوی حزبی فەرماندەو ، قۆرخکردنی دەسەڵات و خنکاندنی ئازدی ڕادەربڕین و تەسککردنەوەی بنەما سەرکییەکانی مافی مرۆڤە کە لەلایەن ( پارتی و یەکیتییەوە ) بە شێوەیەکی سیستەماتیک پەیرەودەکرێت ) .
بەواتایەکی دیکە ، چارەسەرکردنی کێشەی مووچە ، نابێتە هۆی چارەسەرکردنی ئەو کێشە سەرەکیانەی کە ئەمرۆ یەخە و بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتووەو خەریکە لەناویان دەبات ، بۆیە بەبڕاوی من دەبێت داواکاریەکان و خەباتی خەڵک لەئاست کێشە ترسناک و گەورەکاندا بێت نەک لە چوارچێوەی مووچە قەتیس بکرێت.
هەربۆیە دەبێت هەرهەمووان بەجیاوازی دەنگ و ڕەنگەکانمانەوە ڕۆڵی دیارو بەرچاومان هەبێت و ، خەبات بۆ گەڕاندنەوەی کەڕامەت و ئیرادە و بەها و کەسایەتی و شکۆی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان و مافە سەرەکییەکانمان بکەین ،نەک تەنها داوای (مووچە ) بکەین، کە مافێکی سەرەکی خۆمانە وەک ( خێرو سەدەقە ) چەند مانگ جارێک ( فیرعەونەکانی هەریمی بەتەمای خودا ) بەسەرمان دابەشی دەکەن.
باهەموومان بەیەک دەنگ ڕووبەرووی گەندەڵکاران ببینەوەو هاواربکەین و بڵێن : ( مرۆڤ بەنرخترین سەرمایەیە ) نابیت و ناکرێت لەوە زیاتر سوکایەتی بە شکۆی ئازادی و مافە سەرەکییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن .