شه‌ریف هه‌ژاری: ئایا جیابوونه‌وه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ & به‌رهه‌م ساڵح, قورستر ده‌بێ له‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ یه‌كێتی؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوو خوێندكاری به‌ڕێزی زانكۆ، دوو پرسیاریان لێ كردووم، كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك پرسیاره‌كانیان هاوبه‌شێتی تێدایه‌ و كورتوپوخت پێكه‌وه‌ ده‌كاته‌ ئه‌و پرسیاره‌ی:
ئایا جابوونه‌وه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ & به‌رهه‌م ساڵح, قورستر له‌سه‌ر یه‌كێتیی ئه‌كه‌وێت تا جیابوونه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا!؟

ئه‌و پرسیاره‌م به‌لاوه‌, هه‌م لۆژیكی و هه‌م ستراتیژیی بوو، بۆیه‌ هه‌مان پرسیاری ئه‌وانم كرده‌ ناونیشانی ئه‌م بابه‌ته‌ و پێم باش بوو بشیخه‌مه‌ به‌ر دیدی خوێنه‌رانی به‌ڕێز.
سه‌ره‌تا پێموایه‌، له‌ ڕووی (كات) ـه‌وه‌ توێژه‌ری مێژوویی – سیاسیی پێویسته‌ زۆر گرنگی پێ بدات، چونكه‌ (كات) ی هه‌ردوو جیابوونه‌وه‌كه‌ جیان و دواتر كه‌مێك وردتری ده‌كه‌مه‌وه‌.
هه‌روه‌ها له‌ ڕووی شوێنگه‌ی كاراكته‌ره‌كانیشه‌وه‌، ئه‌وا جیاوازی هه‌یه‌ له‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و پاشتر ئه‌ڕۆمه‌ سه‌ر ئه‌م خاڵه‌ش.
1 – له‌ ڕووی (كات) ـه‌وه‌ پێموایه‌ قورستر له‌سه‌ر یه‌كێتیی ئه‌كه‌وێت، واته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی من وایه‌: جیابوونه‌وه‌ی كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ & به‌رهه‌م ساڵح (ڕه‌وتی باڵی ناوه‌ند) یان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ری لیست جیاكردنه‌وه‌شیان بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌وا له‌سه‌ر یه‌كێتیی قورستر ئه‌كه‌وێت تا ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌كێتیی جیابوویه‌وه‌ و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی دامه‌زراند! بۆچی!؟

چونكه‌ ئه‌و كاته‌، كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا جیابوویه‌وه‌، یه‌كێتیی هه‌م مام جه‌لال و، هه‌م ( كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ – به‌رهه‌م ساڵح )ی هه‌بوو.
‌ م
ام جه‌لال كاریزمای یه‌كێتیی بوو، بێ گوومان كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵحیش دوو كاراكته‌ری قایمی یه‌كێتیی بوون.
به‌ڵام ئێستا گه‌ر كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ – به‌رهه‌م ساڵح ( ڕه‌وتی باڵی ناوه‌ند ) له‌ یه‌كێتیی جیاببنه‌وه‌ (یا لیستی جیا پێك بێنن)، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ گورزه‌كه‌ بۆ یه‌كێتیی زۆر سه‌ختر ئه‌بێت له‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا.
به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌دا نه‌وشیروان مسته‌فا زیاتر توانی جه‌ماوه‌ری ناڕازی بقۆزێته‌وه‌، به‌ڵام مام جه‌لال و كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح توانییان سه‌نگی یه‌كێتیی له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیی و خودی ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتیش دا بهێڵنه‌وه‌.

پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ئایا ئێستا كه‌ یه‌كێتیی بێ (مام جه‌لال) بوونی زۆری پێوه‌ دیاره‌، ئه‌گه‌ر بێتوو كۆله‌كه‌یه‌كی مێژوویی – جه‌ماوه‌ری – سه‌ربازیی وه‌ك كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ و، كاراكته‌رێكی دبلۆماسیی – حكومڕانی وه‌ك به‌رهه‌م ساڵحی نه‌مێنێت، ئه‌وا له‌ ئاستی نێوده‌وله‌تیی و ڕێكخستنه‌كانی دا وه‌ك كاتی جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌بێت! بێ گوومان نه‌خێر، بگره‌ زۆر قورستر ده‌بێت!

2 – له‌ ڕووی شوێنگه‌ و جه‌ماوه‌ره‌وه‌، جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا زیاتر له‌ سلێمانی دا كۆببوویه‌وه،‌ چونكه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا خۆی خه‌ڵكی سلێمانی بوو. هه‌روه‌ها یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ جیابووه‌كانیش خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر بوو كه‌ ئه‌ویش (عوسمانی حاجی مه‌حمود) بوو له‌ گه‌رمیان دا.
به‌ڵام پێموایه‌ له‌م جیابوونه‌وه‌یه سه‌نگی جه‌ماوه‌ریی ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتیش به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ دایه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش گورزێكی ترسناكه‌ بۆ یه‌كێتیی. هه‌روه‌ها به‌رهه‌م سالحیش خاوه‌ن هه‌م ڕێكخستن و هه‌م جه‌ماوه‌ره‌ له‌ سلێمانی دا.

زیاتر له‌ مانه‌ش هه‌ریه‌كه‌ له‌ (شێخ جه‌عفه‌ر، مه‌حمود سه‌نگاوی و، حامیدی حاجی غالی و هه‌نێكی تریان) خاوه‌ن جه‌ماوه‌ر و ڕێكخستنن له‌ ناوچه‌كانی گه‌رمیان و شاره‌زور دا. بۆیه‌ پێموایه‌ ئه‌گه‌ر كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ-‌ به‌رهه‌م ساڵح (ڕه‌وتی باڵی ناوه‌ند) له‌ یه‌كێتیی جیاببنه‌وه‌ یاخود لیستی جیا بۆ هه‌ڵبژاردن پێك بێنن، ئه‌وا قورستر ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر یه‌كێتیی تا جیابوونه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا.

ئه‌یڵێمه‌وه‌: جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا زیاتر جه‌ماوه‌ری ناڕازی په‌لكێش كرد، به‌ڵام جیابوونه‌وه‌ی (كۆسره‌ت ڕه‌سول – شێخ جه‌عفه‌ر – مه‌حمود سه‌نگاوی و حامیدی حاجی غالی و … هتد) كاریگه‌ری سه‌ختی له‌سه‌ر ڕێكخستنه‌كانی یه‌كێتیی هه‌یه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی خودی به‌رهه‌م سالح هه‌م جه‌ماوه‌ر و هه‌م ڕێكخستن و هه‌م توانایه‌كی زۆری دبلۆماسیی هه‌یه‌.
له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر، نه‌وشیروان مسته‌فا تاڕاده‌یه‌ك ته‌مه‌نی زۆر و نه‌خۆشیشی هه‌بوو كه‌ جیابوویه‌وه‌، به‌لام به‌رهه‌م سالح نه‌ ته‌مه‌نی هێنده‌ زۆره‌ و نه‌ نه‌خۆشیشی هه‌یه‌، كه‌وابوو دیدی لۆژیكیم بۆ ستراتیژیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ ڕووبدات، قورستر له‌ سه‌نگی جه‌ماوه‌ر-ڕێكخستن و په‌یوه‌ندییه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌كه‌وێت!

ئه‌شیڵێمه‌وه‌ وه‌ك له‌ چه‌ندان بابه‌تی چوار ساڵ له‌مه‌وپێشمدا ئاماژه‌م پێداوه،‌ كه‌: ئه‌گه‌ری زۆره‌ جیاببنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌م هێرۆخان ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ستراتیژی ئه‌وه‌بێت قوباد تاڵه‌بانی پێ بگه‌یه‌نێت بۆ بڕیار به‌ده‌ست.
هه‌م به‌رهه‌م سالحیش ئه‌یه‌وێت خودی خۆی ببێته‌ بڕیار به‌ده‌ستی یه‌كێتیی و كه‌سی یه‌كه‌م. كه‌ پێموایه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا زووتر و ستراتیژییانه‌تر له‌ به‌رهه‌م ساڵح دركی به‌ ستراتیژی دوای مام جه‌لال كرد.
ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ش كه‌ ئه‌مڕۆ (15-10-2016) باڵی زۆرینه‌ی یه‌كێتیی كردیان به‌بێ كۆڵه‌كه‌كانی وه‌ك (كۆسره‌ت ڕه‌سول & به‌رهه‌م سالح)، ئه‌وا پێموایه‌: له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ په‌له‌یان كرد و نه‌فه‌س درێژ نه‌بوون و بۆ ستراتیژ له‌ خزمه‌ت یه‌كگرتوویی یه‌كێتیی دا نییه‌، چونكه‌ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ نا ڕاسته‌وخۆ له‌ هه‌یبه‌تی كاراكته‌ره‌ خاوه‌ن ده‌سه‌لاته‌كانی باڵی ناوه‌ندی دا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت