ئومێد كەریم: گەردەلولی بیابان بۆ روخاندنی رژێمی بارزان.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
هەمان هەڵەی دیكتاتۆرەكان ئەمرۆ لەكوردستان لەلایەن تاقمەكەی مەسعود بارزانیەوە دوبارە ئەبنەوە، وەكو ئەوەی پارتی و سەرۆكەكەی پەندو عیبرەتیان لە سەدام و قەزافی و موبارەك و بنعەلی و دیكتاتۆرەكانی پێش ئەوانیش وەرنەگرتبێ. رەفتاری مەسعودو سیاسەتەكانی حزبەكەی بەراورد لەگەڵ سیاسەتە رەفتارفاشییەكانی سەدام و حزبەكەی تاحەدی دوانەیی لێكئەچن.. سەدام بەدرێژایی حوكمە دیكتاتۆرییەكەی دژایەتی هەمو گەلانی عیراق و هێزو حزبە سیاسیەكانی عیراقی كرد، بارزانی ئێستا هەمان سیاسەتی دوژمنكارانە دژی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەكار ئەهێنێ، لەوەش زیاتر دژایەتی خودی میللەتەكەی خۆیشی ئەكات لەپارچەكانی تری كوردستاندا.
سەدام مومارەسەی ئیرهابی دەوڵەتی ئەكرد دژ بەنەیارەكانی، پارتیش هەمان سیاسەت مومارەسە ئەكات بەرامبەر بەنەیارەكانی هەر لە كوشتنی رۆژنامەنوسانەوە تا دەركردنی نەیارەكانی لەپایتەختی هەرێمەوە.
سەدام لەسەردەمی خۆیدا بەپارەی نەوەتی عیراق سەدان و هەزاران نوسەری عیراقی و بیانی و عەرەبی بەپارە كڕی بوو، كە كاریان جوانكردنی رووە رەشەكەی رژێمەكەی بو، مەسعود وحزبەكەی ئێستا هەمان خەڵكیان بەپارەی دزراوی میللەت كڕیوەو رۆژانە لەسەر شاشەكان و لاپەرەكانی فەیسبوك و سایتەكانیان دیفاعی لێئەكەن.
سەدام لەسەردەمی خۆیدا خەریكی دامەزراندنی جبەخانەیەكی ترسناكی چەكە كۆكوژەكان بو كە دونیای تۆقاندبو، ئێستا پارتی خەریكی هەمان جبەخانەی چەكە قورسەكانە كەدەستی بەسەردا گرتوە دوای كەوتنی موسڵو بەشێكیشیان دیاری داعش بووە بۆی، جگە لەو چەكانەش كە وڵاتانی دونیا بۆ پێشمەرگەیان ناردوە بۆ شەری داعش.
سەدام ببوە هەڕەشەیەكی گەورە بەسەر ئەمنیەتی ناوچەكەو وڵاتانی دراوسێی عیراق، پارتی و سەرۆكەكەی ئێستا هەمان مەترسین بەسەر كوردانی پارچەكانی ترو، هەڕەشەن بۆ سەر ئەمنی قەومی كورد.
سەدام بەدرێژایی حوكمەكەی خۆی هەمیشە میللەتەكەی برسی كردووە، سەرباری ئەوەی عیراق وڵاتێكی دەوڵەمەندو هیچی كەمتر نەبوە لەوڵاتەكانی كەنداو كە پێشكەوتنێكی زۆریان بەخۆیانەوە بینیوە لەبن سەری سامانە نەوتیەكەیان، بەڵام سەدام نەوتەكەی عیراقی كردە بەڵایەك بۆ سەر میللەتەكەی، ئێستا رژێمەكەی مەسعود بارزانی هەمان سیاسەتی ئابوری بەرامبەر بە میللەتو سەروەت و سامانەكەی پیادە ئەكات و میللەتی برسی كردوە.
سەدام خەونی بەوەوە ئەبینی ببێتە سەركردەی ئومەی عەرەبی وجێگای جەمال عەبدولناسر بگرێتەوە وەكو پاڵەوانێكی نەتەوەیی، مەسعودیش هەمان خەونی هەیە بەوەی ببێتە سەركردەی هەمو كوردستانی گەورەو شوێنی باوكی و قازی محەمەد و شێخ سەعیدی پیران بگرێتەوە.
سەدام دەزگا ئەمنی و موخابەراتیەكانی دەوڵەتی بۆ مەرامەكانی خۆی و رژێمەكەی بەكار ئەهێنا، مەسعودیش ئێستا پاراستن و ئەنجومەنی ئاسایشی كردۆتە ئەداتێك بەدەستیەوە بۆ راونان و بێدەنگ كردنی موعاریزەكانی.
سەدام كاتی خۆی هەمو حزبە رەسەنەكانی عیراقی ئاوتكردبوە دەرەوەی عیراق و پرۆسەی سیاسی، هەوڵی زۆری ئەدا حزبی كارتۆنی لەكورد و نەتەوەكانی تر دروست بكات بۆ جوانكردنی رووی رەشی حوكمەكەی، ئێستا مەسعود بارزانیش بەناوی كۆتاوە هەمان حزبی كارتۆنی لە توركمان و مەسیحیی و ئێزیدی و شەبەك دروست كردوە بۆ جوانكردنی رووە زەردەكەی.
سەدام مەجلیسی قیادەی سەورەی كردبوە تاكە مەرجەعی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكار بریارەكانی لەسەروی یاساوە بون، ئێستا مەسعود بارزانیش بریارەكانی مەكتەبی سیاسی و بارەگای خۆی كردوە بەمەرجەعی ئەعلاو بەبریاری مەكتەبە سیاسییەكەی پەرلەمان پەكئەخرێ و حكومەت ئیفلیج ئەكرێ.
ئەمانەو سەدان لێكچونی تر كە نیشانەی دوانەیی پارتی و سەرۆكەكەی لەگەڵ سەدام و حزبەكەین، بۆیە كاتێك سەدام بەهۆی ئەم رەفتارە فاشییانەو سیاسەتی تاكڕەویی حزبەكەی وڵاتی توشی نەهامەتی كردو رژێمەكەی كەوتە بەر غەزەبی دونیا، خۆیشی وەكو هەڕەشەیەك بەسەر ئەمنیەتی وڵاتانی دونیا دەركەوت، وڵاتانی دونیا وەكو مەسئولیەتێكی ئینسانی بەسەركردایەتی ئەمریكاوە هاتنە دەنگو لە پرۆسەی گەردەلولی بیاباندا جەنگێكی گەورەیان دژی كردو بە پرۆسەی ئازادكردنی عیراقیش كۆتاییان بەرژێمەكەی هێنا.
هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریكا پێشتر پاساویان بۆ جەنگی ئازادی عیراق بونی چەكی كۆكوژ بو، بەڵام ئەوان ئەوەشیان نەشاردەوە بەشێك لەپرۆسەكەشیان بۆ لەناوبردنی حوكمی دیكتاتۆریەت و ئازادكردنی گەلانی عیراق بوە كە ئەمەش ئەرك و مەسئولیەتێكی دەولییە.
لەم هەرێمەدا وەكو سەردەمی حوكمی سەدام میللەت 95% دژی سیاسەتو حوكمی دیكتاتۆرییانەی پارتییە، بەڵام لەترسی چەكە كۆكوژەكانی بەردەستیو لەترسی هەڵگییرسانەوەی شەڕی براكوژی و نەهامەتیەكانی حزبە كوردستانیەكان و میللەتەكەشیان دەستەپاچەن لەبەرامبەر ئەم حوكمە زۆردارە، بۆیە ئیستا كە مەسعود بارزانی ورژێمەكەی هەمان لێكچونیان هەیە لەگەڵ رژێمەكەی سەدام لەبونی عەمباریكی گەورەی چەكی قوڕسو كۆكوژ لەجبەخانەكانی مەسیف و شەقڵاوەو ئاكرێ و ناوچەكانی تری ژێردەسەڵاتی پارتی، لەبەر ئەوەی رژێمەكەی مەسعود بارزانی هەڕەشەیەكی جیددیە بەسەر میللەتانی ناوچەكەو، لەبەر ئەوەی پارتی و سەرۆكەكەی هیچ سیمایەكی دیموكراتیانەی بەسەر ئەم هەرێمە بندەستەدا نەهێشتوەو هەرێم بەرەو دیكتاتۆرییەت ئەبات، پێویستە لەسەر وڵاتانی دونیاو كۆمەڵگای نێونەتەوەیی هەمان ئەركی ئینسانی خۆیان لەئەستۆ بگرن بۆ لەناوبردنی ئەو رژێمە دیكتاتۆرەی بارزانی كە ژیانی لەهەمو كوردێك تێكداوەو میللەتێكی خێرلە خۆنەدی و دوای سەدان هەزار قوربانی لەپێناو ئازادیو دیموكراسی جارێكیتر خستۆتە ژێردەستی دیكتاتۆرییەتی خۆیەوە.
پێویستیمان بەگەردەلولێكی تری بیابان هەیە ئەمجارەیان بۆ روخاندنی رژێمێكی تاغوتی لەسەدام زۆردارترو ئازادكردنی میللەتی كورد ئەمجارەیان نەك لەدەست وڵاتانی داگیركەر، بەڵكو لەدەست حزبێكی كوردی داگییركەرو وێرانكەر كە وڵاتی كوردانی كردە دۆزەخی سەر زەوی.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە