عیماد عەلی: پێویستبونی هەماهەنگی کورد لە سەرجەم پارچەکان لەم قۆناغەدا.
بۆ ئەوەی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان کاروباری سیاسی خۆی رایی بکات و ناکۆکیەکانی لەگەڵ یەکتر قوڵنەکاتەوە، لەم کاتەدا پێویستە بە نهێنینیش بێت بۆ رێگەگرتن لە دەستوەردانی هەمەجۆری دەرەکی کۆبونەوەیەکی زۆر نهێنی خێرا و دوور لە خودپەرستی و رێگریە سیایە بچوکەکان بکەن و، پێداویستی قۆناغی داهاتو تاوتوێ بکەن و باس لە هیچ ناکۆکیەکی سیاسی و پەیوەندیە ناجۆرەکان نەکەن . عاقڵمەندی ئەوەیە کە پشتی ناکۆکیەکان بخوێنیتەوە و رێرەوی راستی مەبدەئی و فکری دروستی ستراتیجی بگرێتە بەر و ئامرازێکی گونجاو بەکاربێنیت و رێبازێکی وا پەیرەو بکات کە هەر هیچ نەبێت لەگەڵ قۆناغە هەنوکەییە هەستیارەکەدا بێتەوە . باشە ئەگەر ناکۆکیە سیاسیەکان لەم کاتەدا دوا بخرێت یان هیچ نەبێت بگوازرێتەوە واتە تەرحیل بکرێت بۆ دوای پەرینەوە لەم قۆناغە زۆر هەستیار و گرنگ و چارەنوسسازە، کە هەموو هێزە زەبەلاحە تەنانەت ناوچەیی و جیهانیەکان ئامادەباشن و ئەسپی خۆیان بۆ تاودان ئامادە کردووە و هەموو ئەگەرەکانیان خوێندۆتەوە، چ جای پێکهاتەیەکی بێ هێز و توانا و بەم قورساییەی وەک کورد لە ئاست ئەواندا .
دیارە رۆڵی کورد لە بونی لە جوگرافیایەکی ستراتیجی پەیوەست بەم پرسە ناوچەییەدا کە ئەسپی سەرجەم هێزە جیهانیەکان تێیدا غاغارێن دەکەن، جێگەی خۆی دەگرێت نەک بەرێوەبردنی کاروباری سیاسی هەرچوار پارچەی کوردستان لەم شوێنەدا، کە تا ئەمرۆ بە کەموکورتیەکی بێ وێنەوە بە رێژەیەکی جیاواز لە هەر پارچەیەکیدا دەچێت بەرێوە و و تادێت بە تایبەتی لە کوردستانی باشوور بەرەو دواوە هەنگاو دەنێین .
هێزە کوردستانیەکانی هەر پارچەیەک، بەرژەوەندی جیاوازی لەگەڵ رووداوە چاورەروانکراوەکاندا دەبێت و بە هاوکێشەی جیاواز دەرئەنجامەکانی بە جوانی بۆ هەر پارچەیەک دەکەوێتەوە، ئەگەر هێزی سەرجەم پارچەکان بە پشتخانێکی عەقڵی فراوان و گشتپەرستی، وەک خۆی بیخوێننەوە و هەماهەنگی یەکتر بکەن، بۆ رێگەگرتن لە گرتنەبەری هەر هێزێکیان هەر رێگەیەک و بۆ پەیرەو کردنی هەر رێباز و هەڵوێستێک کە لە قازانجی خودی خۆی بە تایبەتی بێت و دژ بە بەرژەوەندیەکانی هێزی پارچەیەکی تربێت، ئەمەش عەقڵ و توانا و وردەکاری و دڵسۆزی و بەرژەوەندی باڵا پەرستی دەوێت، نەک تەنها بەرژەوەندی تەسک لەبەرچاو گرتن و بێباکی لە ئاست ئامانجەکانی ئەویتر . بەم شێوەیە رێرەوی کارکردن لەم قۆناغە هەستیارە لە رادە بەدەر ئاڵۆز و قورسە کە عەقڵ و توانای باڵای دەوێت، کەچی گومان هەیە سیاسەتوانانی هەر چوارپارچەکە لەو ئاستەدا بن .
هێزەکانی باشور پێویستیان بە هاوکاری تەواو لە سەرجەم هێزەکانی تری کوردستانی باکوور و رۆژئاواو تا رادەیەک رۆژهەڵاتیش پێویستە، کە تائێستاش کوردستانی باشور لە وەزعێکدایە دەکرێت ببێتە سەرمەشقی هەنگاونان بەرەو دوا مەنزڵگەی راستەقینەی گەلی کرودستان، بەڵام سەرکردایەتیەکەی سەرجەم گەلی کوردی لە دونیادا بێهیواکردووە . هێزەکانی رۆژئاوا تا ئێستا بە جوانی هەنگاو دەنێن و لایەنی پراگماتیان لە نێوان درز و پەنجەرە تەسکەکانی هاوکێشە ئاڵۆزەکان بەکارهێناوە، سەراری هەبونی دوژمنێکی سەرسەختی وەک دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەریاندا و، لەوێشەوە هێزی پاشکۆی دەوڵەتان لەپێناو بەرژەوەندی شەخسی و حزبی تەسک بە رەفتار و هەڵوێستەکانی زەرەری گەورەتری لە ئامانجەکانی گەلی کوردستانی داوە . دەبێت هەر هیچ نەبێت بە نهێنی لەم قۆناغەدا، ئامانجە ستراتیجیە هەستیارەکە بخوێنرێتەوە کە لەم قۆناغەدا دوا خشتی پردی پەرینەوەی بۆدادەنرێت و ئاراستە راستەکەی بۆ دروست دەکرێت، تەنانەت ئەگەر ئەو رەفتارە پێویستە زۆر یەکلاکەرەوەی پرسی گەلی کوردستان بە گشتی تاچەند بە نهێنی پیادە بکرێت، رێژەی سەرکەوتنی بەرزتر دەبێت . هێزەکانی باکوور دەبێت لەم کاتەدا زیاتر هەڵوێست و پێگەی هێزەکانی باشوور لەبەرچاوبگرن و، هەروەها ئەگەر لەگەڵ سەرجەم هێزە کاریگەرە گەورەکانی باشوور بە نهێنیش بێت هەماهەنگی و هاورەفتاریەکی باش لەم قۆناغەدا بنوێنن، نەک لەگەڵ ناوەندی وڵاتانی کورد بەسەردا دابەشکراو، قازانجێکی یەکجار گەورەی مێژویی بۆ رێرەوی هاوکێشە پەیوەستەکەی تایبەتمەند بەدوا رۆژی کورد بە گشتی دەبێت .
بۆیە، دەبێت لایەنە کوردستانیەکانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان لە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی زۆر نهێنی هاوبەش لە قوشبنێکی ئەم کوردستانە دانیشن و ئەم قۆناغە وەک خۆی بخوێننەوە و، دەسەڵاتێکی یەکلاکەرەوەیان هەبێت لەم ئانوساتەدا بۆ پەرینەوە لەم پردە تایبەتەی کە وەزعی ناوچەکە لەم کاتەدا دروستی کردووە و هاوکێشە ناوچەییکە هێناویەتە ئاراوە، بە رەفتارێک و کارێکی لەم جۆرەی پێویستی و شارەنوسساز لە زەرەری ناکۆکیەکانی کورد تۆزێک کەم بکەینەوە و، دەتوانین وەک عەرەب دەڵێت لە مەولودیەکە بە دەستبەتاڵ دەرنەچین، ئەگینا بەم رەفتارە تاکرەوی و تاک لایەنیانەی هێزەکانی کوردستان، کورد لە پێشەوەی زەرەرمەندا دەبێت .