بورهان شێخ ڕەئوف: بەرەو ئۆپەراسیۆنى مووسڵ.
وا چرکە بە چرکە لە ئۆپەراسیۆنى ئازادکردنى مووسڵ نزیک دەبینەوە، ئەو شارەى کە ئەبوبەکر بەغدادى بانگى ڕاگەیاندنى دەوڵەتى ئیسلامى تێدا دا و کۆتایى بە پەیماننامەى سایکس – بیکۆ هێناو، سنوورەکانى نێوان عێراق و سووریاى سڕیەوە قوولەى پاسەوانەکانى سەر ئەو سنوورانەى ڕمان لە دواى سەد ساڵ.
بەڵێ مووسڵ ئەو شارە گرنگ و ئیستراتیجیەیە کە خاڵى بە یەکگەیشتنى هەرسێ وڵاتى عێراق و سوریا و تورکیاو هەرێمى کوردستانیشە گەوروەترین شارى بندەستى دەوڵەتى ئیسلامیە وسەرچاوەیەکى گرنگى ئابورى و داهات بوو بۆ دەوڵەتەکەیان کە چەندین بیرى نەوتو و سەرچاوەى سروشتى ترى تێدایە هەر وەها هەروەکو عەرەبە سوونەکان دەڵێن دەکەوێتە سەر ئەو ڕێگە ئاورێشمەى کە ئێران دەگەیەنێتە سەر دەریاى ناوەڕاست لە ڕێگەى سووریاوە هەر بۆیە وڵاتانى ناوچەکە لە ململانێ ى ئەوەدان بەشدارى ئەو جەنگە بن و بەشى خۆیان لە دەستکەوت و غەنیمەکانى ئەو جەنگە بەربکەوێت.
لەبیرمە ئەو کاتەى مووسڵ لە 14 حوزەیرانى 2014 کەوتە دەست تیرۆریستانى داعش ئەمریکیەکان وتیان ڕزگارکردنى مووسڵ زیاتر لە دووساڵى گەرەکە بەڵێ وا ئێستاش لە دواى زیاتر لە دووساڵ ئەمریکیەکان و هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى دژ بە داعش لە هەوڵى ئازادکردنى مووسڵدان کەبە بەشدارى زیاتر لە 600 شەش سەد ڕاوێژکارى ئەمریکى نزیکەى 7000 حەوت هەزار جەنگاوەرلە هێزەکانى پێشمەرگەو و سوپاى عێراقى و حەشدى شەعبى حەشدى نیشتمانى سوونەو وڵاتانى ترى بەشدار لە هاوپەیمانێتیەکە لە دواى ئامادەکارییەکى زۆر وردو مکوم لە سەعاتى سفر نزیک دەبینەوە .
بەڵى بڕیارى ئۆپەراسیۆنى مووسڵ بڕیارێکى ئەمریکیە بە ئیمتیاز کە دەبێت پێش هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمریکا لە مانگى داهاتووداو پێش کۆتایى هاتنى ولایەتى سەرۆک ئۆباما ئەنجام بدرێت ئەوانیش ئەمریکیەکان سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگەیان وەکو دوو هێزى کاریگەرو بنەڕەتى دیاریکردووە بۆ بەجێهێنانى ئەو ئەرکە لە بەر چەند هۆیەک لەوانە:
1 – جێگیرکردنى جێ پێ ى خۆیان ( ئەمریکا ) لە قووڵایى خاکى عێراق و بە دیاریکراوى لە بنکەى سەربازى گیارە لە 58 کم مووسڵ کە لە ماوەى ڕابردوودا لە دەستى داعش ڕزگارکراو هەروەها وەکو باسدەکرێت بەم هەنگاوەیان ڕێگە لە هەژموون و دەستێوەردانى ئێران لە عێراق دەگرن.
2 – هەروەها وەکو سەرکەوتنێکى سەربازى گەورە بۆ ئۆباما تۆماربکرێت کە کاریگەرى دەبێت لە سەرکەوتنى پاڵیوراوى دیموکراتەکان هیلارى کلینتۆن بۆ گەیشتن بە کۆشکى سپى.
3 – پەیامێکە بۆ ڕووسیا کە سەرۆکى ئەمریکا هەرچەندە لە دوا رۆژەکانى حوکمیشیدا بێت دەتوانێت بڕیارى ئیستراتیجى وجەنگ بدات.
لەوەیە شرۆڤەکاران و چاودێرانى سیاسى ناوچەکە هەڵە نەبن کە شەڕى مووسڵ بە شەڕێکى ئاسان وەسف نەکەن لەبەر ئەوەى لەلایەک وەکو بەشکردنێکى ناوچەى هەژموون و دەستەڵات لە نێوان ڕووسیاو ئەمریکادا ڕەنگ بداتەوە چوونکە لە یەککاتدا لە سوریا پەلامارى حەلەب دەدرێت بە پشتیوانى ڕووسیاو لە عێراقیش پەلامارى مووسڵ بە پشتیوانى ئەمریکا لە هەمانکاتدا کۆکردنەوەى هەموو ئەو هێزە ناکۆکانە بۆ شەڕى مووسڵ لەوانەیە بەرەو شەڕى ئتنیکى و تائیفى بڕوات دۆخەکە نەک شەڕى داعش ، هەرچەندە ئەمریکیەکان بۆ بەر پەرچدانەوەى سووکایەتیەکانى ئەردۆگانى سەرۆکى تورکیا بە عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند کە هەر هێزێک بەشدارى ئۆپەراسیۆنەکە بکلات دەبێت بە ڕەزامەندى حکومەتى عێراق بێت.
لەلایەکى ترەوە هەندێک لە شرۆڤەکارانى تورک لە و بڕوایەدان کە نیگەرانیەکانى ئەردۆگان لەسەر چۆنیەتى شەڕەکە نیە بە قەدەر ئەوەى ترسە لەو هاوکێشەى هێزەى دواى ئۆپەراسیۆنەکە دێتە ئاراوە و ئەردۆگان نەیشاردەوە کە وتى ئێمە ڕازى نابین جگە لە عەرەبى سوونە کەسى ترحوکمى مووسڵ بکات بەڵام ئێستا ترس لە کورد کە قوربانى گەورەیان داوە لە شەڕى تیرۆر و بە تەماى بەشى شێرن لە غەنیمەو دەستکەوتەکانى جەنگ و هەروەهالە شیعەش لەوەدەترسن تەلعەفەر بکەنە بنکەیەکى خۆیان نزیک لە سنوورەکانى تورکیا.
سەرەڕاى هەموو ئەو فاکتەرە سیاسى و کۆمەڵایەتى سەربازى جیۆگرافیانەى کە شەڕى مووسڵیان ئاڵۆزکردووە و سوپاى عێراق لە کاتى ڕزگارکردنى شارەکانى ڕومادى و تکریت و فەلووجەو روتبەو ئەوانى تر لە دەستى داعش تووشى ئەو کێشانە نەبوون لە بەرئەوەى ئەو شارانە هەموو دانیشتووانەکەى عەرەبى سوونە بوون بەڵام مووسڵ کە دانیشتتوانەکەى نزیکەى 3 ملیۆن کەسە کە پێکهاتووە لە کوردو عەرەب و مسیحى و یەزیدى وشەبەک و تورکمان و زەردەشتى و سابیئەو کاکەیى و هى تریش بۆیە ترسى ئەوە هەیە ئەم فرە جۆرى جیاوازیانە ببنە کێشەو قەیرانى قورس لە دواى داعش چونکە داعش لە دووساڵى ڕابردوودا جینۆسایدى هەموو پێکهاتە ئتنیکیەکانى ترى کردووە کە کەسیان متمانەیان بە عەرەبى سوونە نەماوە چ مەسیحى و چ کوردو چ تورکمان و چ شیعەو شەبەک.
لە کۆتایى ئەم بەشەى وتارەکەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئەگەر دەڵێن کەرکوک عێراقى بچووکەو مووسڵیش عێراقى بچووکە هەموو پێکهاتەکانى تێدایە کێشەکانى بە چارەسەر نەکراوى ماوەتەوە نەوە بۆ نەوە خوێنى لە بەر دەڕوات ئەگەر لە ڕابردوودا بەعس بە هۆکارى زانراو هەموو تاوانەکان خرایە ملى ئەوان خۆ ئێستە بەعس نەماوە بەڵام لە بەعس ترسناکتر سەریهەڵداوە قاعیدە ى ناوە ئەویش لە بەین برا لە لە 2007 بە دواوە دواتر دەوڵەتى ئیسلامى لەدایک بوو چ کارەساتێکیان خووڵقاند هەموو جیهان هاتووەتە مەیدان تاوەکو بەریان لێبگرن و سنوورێک بۆ تاوانەکانیان دابنێن ئێستاش وا لە دواى سات و ڕۆژ و چرکەکانى شەڕى دەوڵەتى ئیسلامیداین ئەگەر چارەسەرى بنەڕەتى و یەکجارەکى بۆ هەموو کێشە ئتنیکى و مەزهەبى نەتەوەییەکانى ناوچەکە دانەنرێت دڵنیام هێزو ڕەوتى لە داعش سامناکتر سەرهەڵدەدات.