عوسمان عومەر: سکرتێرەکەى عبدالکریم قاسم.
بەهۆى ئەو گۆڕانکاری و ئاڵوگۆرە خێرایانەى لەناوچەکەو، گۆرەپانى سیاسى ئەوکات و سەردەمەو، رێکخستنى کۆدیتا بۆگرتنە دەستى دەسەلات زۆر بوو. بونە سەرۆکى ووڵاتێکیش بەپێى خەسلەت و ڕواڵەتى گەل و نەتەوەکان بوو لەگەل ئەوانەش، چەند پرنسیب و چەند سیفەتیک دەبوایە لەسەرۆکى وولات دا بوونى هەبێ، لەوانە ڕاشکاوى و ڕاستگۆیی و پەیرەوکردنى بنەماکانى دیموکراسیەت و خۆجیانەکردنەوەو دانەبڕان لەوکۆمەڵگایەى حوکمڕانى دەکات. وەفادارى و خۆبەختکردن بۆگەلەکەى و پارێزگارى و یەکڕیزى و دروستکردنى باوەڕومتمانە، بەوکەسانەى کارى لەگەڵ دا دەکەن و، گوێگرتن لە ڕاوێژکارەکان بەڵام بەهەڵەدا نەبردنى و گوێ نەدان بەبنەماڵەو، عەشرەتەکەى و، هێنانە پێشەوەى خزم و کەسوکارەکانى و، پیدانى دەسەلات بەکەسانى نەشارەزا لە بوارى حوکمدارى.
یەکێکى دیکە لەسیفەتەکان بوێرى و هێزو تواناو سەیرکردنى رۆڵەکانى گەل بەیەکچاو و جیاوازى نەکردن کەمە نەتەوەکان و، خیانەت نەکردن لەخاک وگەل و نیشتیمان و چاوچنۆک نەبونى بۆ کۆکردنەوەى سەروەت و سامان بۆ خۆیی و بنەماڵەکەى لە سەرو هەموشیانەوە دبلۆماسى و خاوەن دیدو بۆچونى دووربینانە بێت و، لەکاتە ناهەموارەکان خاوەنى بڕیارى خۆێ بێ و، نەکەوێتە ژێر کاریگەرى و هەژمونى حیزب و نەتەوە پەرستى، نمونەى ئەمەش رەحمەتى ئەنوەر سادات بوو، کە لەسالى 1977 بێ گوێدانە هیچ پرنسپێک ڕووى کردە ووڵاتى ئیسرائیل و ئاشتى لەگەڵدا کردن بۆرزگارکردنى گەلى میسرى لەو نەهامەتیانەى جەنگ و قەیران و ماڵویرانیە. نمونەیەکى تریش لە خراپى دەسەلات قەزافى و بن عەلى و سەدام حسین بوو، بەهێنانە پێشەوەى براو ئامۆزاو کورو کەسانى عەشرەتەکەى بۆ جومگەکانى دەسەڵات. زەبرو زەنگ و ترس و تۆقاندن و شەرى ماڵوێرانکاریى هەشت ساڵەى عیراق ـ ئیران و، داگیرکارى کوەیت و جەنگى جینۆساید بەرامبەر کورد، خەو بینین بەبوون بەڕابەرى ئوممەى عەرەبى.
بەرایى بەندە: عبدالکریم قاسمى خوا لێخۆش بوو، هەندێک لەو سیفەتانەى ئاماژەم پێداون لەسەرەوە تێدا بووە، گرنگترینیان چاوچنۆک نەبووە، چاوى لە پارەى گەلەکەى نەبووە، بۆیە لێرەدا نمونەیەک لەسەر زارى سکرتێرەکەى دەخەمە بەرچاوى خوێنەرانى بەرێز.
جاسم عەزاوى، سکرتێرى سەرۆک کۆمارى عیراق لەماوەى 14 ى تەموزى 1958 تا 1963 دەڵێت:
هەرچەندە دژى سیاسەتەکانى زەعیم بووم، لەگەڵ هەندێ لەبۆچونەکانى نەبوم، بەلام سوێند دەخۆم: هیچ کاتێ زەعیم لەوکاتەى دەسەلاتى گرتە دەست لە 14 ى تەموزەوە تا شوباتى 1963 و کوژرانى تەنها واژووى لەسەر لیستى موچەکەى دەکردو، من وەرم دەگرت و لەخەزێنەکە بۆم دەپاراست لاى خۆم و موچەکەى 440 دینارى ئەو کاتە بوو بەم شێوەیە دابەشى دەکرد 100 دینار بۆمالى حامیدى براى لەبرى ئەوەى رۆژانە بە سەفەرتاسیکى 3 خانەیی لەگەل 2 نان بەپێى رۆژ شلەکانیان بۆ ئامادەدەکرد، لەگەل نیو مریشک و میوە بە پێى بوونى لە بازار هەموو رۆژێک بۆى دەگەیاندە سکرتاریەتەکەى و 100 دیناریى دەبەخشیە دایکى احمد على خوشکى و 40 دینارى دەدایە کافتریاى ئەفسەران لەبرى نانى بەیانى و ئێوارانى 200 دینار لە خەزینەکەدا دەمایەوە، کە رۆژانە لە گەرانەکانى دا دەیبەخشیە فەقیرو نەدارەکان لە گەرەکەکانى بەغدا.
لەبیرمە رۆژێک کەگەیشتە وەزارەتى بەرگرى پیاوێکى پیرى لەگەڵ بوو فەرمانى پێکردم کە 50 دینارى بدەمێ و 10ى مانگ بوو، ئاگادارم کردەوە گەر ئەوپەنجا دینارە بدەى بەو پیاوە پیرە ئەوا هیچ پولێکت نامێنێ لە خەزێنەدا بۆ 5 یا 10 دینارى نادەیتێ و خۆت دەزانى هێشتا 20 رۆژ ماوە بۆ سەرى مانگ. لە وەلام دا بەتووڕەییەکەوە پێى ووتم: بۆچى دەتانەوێ هەڵەم پێ بکەن ئەو پیاوە پیرە کاتێ پرسیارم لێکردووە ووتویەتى 6 مناڵم هەیە و، بێ ئیشم، ئەو 50 دینارەى بۆیە پێدەدەم تا مقەلیەک و سەماوەرێک و چاپەستێک و پیاڵەو ژێر پیاڵەى پێ بکرێ، لەو شوێنەى توشى هاتم چا بفرۆشێ و بەلێنم پێ داوە، هەموو رۆژیک چاى لا بخۆمەوە.
ئەو پیاوە وەک چایچى زەعیمى لێهاتبوو ناوبانگى بەوە دەرکرد و ماڵومناڵى خۆى پێ بەخێو دەکرد. هەرچى موچەى پلەوپایەکەى خۆى بوو 6 مانگ جارێک کۆى دەکردەوەو لە 14 ى تەموز و 6 ی کانون وەک پاداشت دەیبەخشیە پلەدارەکان، ئەوانەى کە کاریى باشیان ئەنجام دەدا. ئەمە بوو خوو رەوشتى سەرۆک عبدالکریم. ئەوە دڵ دەرونى بوو، ئەوە سەرکردەى وولات بوو، نەک ئەمانەى ئیستا کە هەریەکەیان موچەیەکى چەند سەد ملیۆن دۆلاریان هەیە، جگە لەبەشدارىکردن و پارە وەرگرتن لە پرۆژەکان و کۆمپانیاکان دروستکردن و ناردنە دەرەوەى بەدزیى، ناردنی سەدان ملیۆن دۆلارى ئەم وولاتە بۆ بانکەکانى ئەوروپاو، زۆر گەندەلى و شتى سەیرو سەمەرە لەم رۆژگارەدا دەبیسترێ.