رەزا شوان: کەرکوک پەیامێکی تری ئاراستەی دوژمنانی کوردستان کرد.
لە رۆژی هەینی 21 – 10 – 2016 داعشی تیرۆریست و بێڕەوشت و دۆڕاو، بۆ جارێکی تر خۆیان تاقیکردەوە، کۆمەڵێک چەکدار و خۆکوژی داعش کە زیاتر لە سەد چەکدار و خۆکوژ دەبوون، جگە لە چەند شانەیەکی نووستوویان لە نێو گەڕەکە عەرەبییەکانی ناو کەرکوک، بە چاوساغی و یارمەتی عەرەبە هاوردە ناڕەسەنەکانی ناو شاری کەرکوک، لە چەند لایەکەوە هێڕشیان کردە سەر شاری کەرکوکی کوردستانی و، ناوەندی قەزای (دوبـز)ی سەر بە پارێزگای کەرکوک، کە زۆربەی زۆری دانیشتوانەکەی کوردن، خۆیان لە ناو چەند ئوتێل و دایرە و باڵەخانەیەکدا قایم کرد و، بە چەکی قەناس و رەشاش و دۆشکە، تەقەیان لە پۆلییس و لە هێزە ئەمنییەکانی کەرکوک و، لە خەڵکی دەکرد.. نیازیان وابوو کە هەموو بارەگاکانی پارتە کوردییەکان و بنکەکانی پۆلیس و ئاسایش و پاراستن لە کەرکوکدا، بکەنە ئامانج و داگیریان بکەن و بیان تەقێننەوە.. بەڵام هەموو هێزە ئەمنییە کوردیەکان و پۆلیس و ژمارەیەکی زۆری خۆبەخشی کوردمان لە ناو شاری کەرکوکدا، لە هەموو لایەکەوە، بێ ئەوەی سڵ لە مردن بکەنەوە، پەلاماری ئەو بینایانە و ئەو گەڕەکانەیان دا، کە داعشەکان خۆیان لێ حەشاردابوون، شەڕەکە رۆژێکی تەوای خایاند و، بە کوشتنی زیاتر لە پەنجا لەو تیرۆریستە داعشە هەڵخەڵەتاوانە کۆتایی هات، کە بەشێکی زۆری کەلاکەکانیان لێیان بە جێماون و بۆگەنیان کردوون.. لە ئێستاشدا تەواوی شاری کەرکوکی خۆشەویست، لەلایەن هێزە کوردییەکان و پۆلیسی کەرکوکەوە، کۆنترۆڵ کراوە و، ئاسایی و ئارامی بۆ گەڕاوەتەوە.
داعشی زۆر لەوە کەمترە کە بتوانێت رووبەڕووی هێزی پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان ببێتەوە.
کورد دەڵێ: بزن ئەجەلی هات، نانی شوان دەخوات” گەر داعشیش ئەجەلیان بیان گرێت، پەلاماری کوردستان دەدەن.
ئەوەی کە شایانی باس و مایەی دڵخۆشییە بۆ هەموو کوردێک لە هەر شوێنێکی کوردستاندا بێت.
ئەوەیە کە لەم هێڕشەی داعشدا بۆ سەر شاری کەرکوک، هەست و هەڵوێست و دەنگ و رەنگی هەموو هێزە کوردستانییەکان ( پێشمەرگە، گەریلا، شەڕڤانان، پۆلیس، ئاسایش، پاراستن، گەنجانی کوردی خۆبەخش) هەروەها پارتەکان کوردییەکان ( یەکێتی، پارتی، گۆڕان، شوعی، سۆشیالیست ) سەرەڕای جیاوازی ئایدۆلۆژیای سیاسی و رێبازی خەبات و را و بۆچوونییان، سەڕەڕای ناکۆکی و راز و گلەییان، هەموویان لە خاڵی کورد و کوردستان پەروەریدا، لەم هێڕشەی داعش بۆ سەر کەرکوک هاوئامانج بوون، هەموو ناکۆکییەکانیان بە لاوە نان.. یەکدەنگ و یەکریز و هاوهەڵوێست و هاوسۆز و هاوخەمی کەرکوک بوون.. هەموویان لوولەی چەکەکانیان ئاراستەی داعشی دوژمنی کوردستان کرد و.. ئەوەشیان بە شاری کەرکوک گەیاند، کە تۆ تەنها نیت و، هەر کاتێک پێویست بکات، هەموومان کەرکوکین، هەر کاتێک پێویست بکات، هەموومان ئامەدین، هەموومان کۆبانین، هەموومان شەنگارین، هەموومان مەهابادین، هەمومان خانەقینین، هەر هەموومان کـوردین و کوردستانین.
دۆژمنانی کورد و کوردستان، لەو باوەڕەدا نەبوون، کە لە ماوەی چەند کاتژمێرێکی کەمدا، هێزە کوردستانییەکان ( پێشمەرگە، گەریلا، شەڕڤانان، پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشمەرگە دێرینەکان، گەنجانی خۆبەخشمان لە هەموو شارەکانی کوردستان) وا بە خێرایی بە دەنگی کەرکوکی کوردستانییەوە دێن، یا وا پێکەوە هاواربکەن و بڵێن: کەرکوک ئێمەش هەموومان کەرکوکین، بەڵێن بێت ناگەڕێننەوە، تا شکستی بەم هێڕشەی داعشی دۆڕاو نەهێنین.. بەڵێن بێ ناگەڕێنەوە تا نەیان کەین بە پەندی زەمانە.. کەرکوک ئامادەین لە پێناوی تۆدا گیانمان ببەخشین.
ئای کە دیمەنێکی زۆر جوان بوو بە لامەوە، تا هەتا ئەو دیمەنە جوانە، لە یادم و لە بەرچاوم دەمێنت.. دیمەنی چەند کچە گەریلا و شەڕڤانێکی قارەمان، چەند خۆشکێکی کوردستان پەروەری دڵسۆزمان، لە گەڵ برا پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤانان، لە بەرگری کردن لە شاری کەرکوک، لە سەنگەرەکانی هەرە پێشەوە، شان بە شانی یەکتری، بەبێ سڵکردنەوە لە مردن، زۆر قارەمانانە هەڵمەتیان دەبرد و رووبەڕووی قەناس بەدەستەکانی داعش بوونەوە، کە لە بینا بەرزەکانی ناو شاری کەرکوکدا بوون.. ئەمە پەیامێکی روونە، ئەمە وانەیەکی تەمێیە، بۆ داعش و بۆ داگیرکەرانی کوردستان.. ئەگەرچیش ئەم دیمەنە جوانە تازەنییە و یەکەمین جاریش نیییە، خوشکانی قارەمانمان، لە شەڕەکانی کۆبانی، سەری کانی، شەنگار، مەخموور، لە چەندین شەڕی تردا، لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا، خوشکانی گەریلا و شەڕڤانان و پێشمەرگەمان چەندین داستانی قارەمانێتیان تۆمارکرد.
هەزاران رەحمەت لە فەیلەسوف و شاعیری کوردمان ( پیرەمێرد )ی نەمر بێت، کە دەڵێ:
تا ئێـستا رووی نـەداوە لە تـاریخی میللەتا
قەڵغانی گوللـە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا
من وەکو کوردستان پەروەرێک، وەکو کەرکوکییەکی رەسەنزادە، دەستخۆشی لە هەموو ئەو هێزانە دەکەم، کە قارەمانانە بەرگریان لە شاری کەرکوک کرد و، شکستیان بەم هێڕشەی داعش هێنا.
دەمەوێ ئەوەش بڵێم، ئێمەی کورد هەردەم پێکەوە جوانین و، هێز و سەرکەوتنمان لە یەکێتی و لە یەکڕیزی و لە تەباییمان دایە.
دروود و سەروەری و نەمری بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکانمان دەخوازم کە لەم شەڕەی کەرکوک و لە شەڕەکانی تری بەرگریکردن لە خاکی کوردستانی پیرۆزمان بریندار بوون.