فەوزی ڕەمزی: زانستی ماتماتیك چیمان پێدەڵێت؟
هەندێك لە خوێنەر و خوێنەوارانی خۆشەويستم ئاگادارن كە ماوەيەك لەمەوبەر دوو بەرگی پەڕاوێكم لەسەر زانستی ماتماتيك بەناوی گەمەی مێشك The game of mind بە زوانی شيرين كورديم بەچاپگەياند. ئەم ڕەنجە بێوچانەم منی خستە ئەو بارەی كە بە خۆمدا بچمەوە و لە خۆم بپرسم، ئايا تۆ بڵێیت ماتماتيك هەر زانستێك بێت و هيچ پەيوەندييەكی بە سروشت و سروشتی ژيانەوە نەبێت. ئەم پەيوەندييە بيرمی بزواند و كردميە ميوانی ئەو فەڕنووسە بەربڵاوەی زوانی يۆنانی كە پێگەيەكی دياری تۆماركردووە لە مێژووی ڕۆشنبيری و ژياری مرۆڤايەتيدا. كەوتمە ناودێڕ گەڕان بەناو دەريای ئەو فەڕنووسەدا بۆ ديتنەوەی وشە و لێكدانەوەی ماتماتيك وەك زاراوەكە مانايەكی چڕوپڕی لەخۆگرتووە. پاش وێڵبوون و ماندووبوونێكی بێماندووم چاوم کەوتە سەر ئەو وشەی ماتماتيكە، كە خوێندمەوە و لێكدانەوەی هاتەبەرچاوم كە دەڵێت: منی ماتماتيك، وشەيەكی فرە مانابەخشم، جگە لە لێكدانەوەی فێربوون، خوێندنی زانستیم هەڵگرتووە، چەندين مانای ژينباری كۆمەڵايەتیشم گرتۆتە ئامێز و كە دەكرێت بكرێنە نەخشەڕێگە و لە ژيانی ڕۆژانەدا ڕەنگبداتەوە .
ئەم چەندين مانايەی دوايينيان، بەڕاستی هەڵوێستەيەكی سەرسووڕمانی لا دروست كردم. بەندەی خستە گێژاوێكی تێڕامانەوە، بۆ لێكدانەوەی ئەم دوا گوزارەيەی. پاش ونبوونێكی زۆر لەو زەريا بەرفراوانی ئەم ماتماتيكە. توانيم بە پێی توانام هەندێك دڵۆپيلەيەكی لێ هەڵبگۆزم و بيپرژێنم بەسەر کاغەزەکەمدا.
چيم بۆ دەرکەوت
لێشاوێك لە پەند و ئامۆژگاری تايبەت بە هەژاندنی مێشك و ڕەنگدانەوەی بەسەر ژينباری كۆمەڵايەتی. بە پەلە، هەر ئەوەندەی فريای كەوتم، چەندينەيەكم لەوانە گرد كردەوە و كەوتمە لێكدانەوەيان. پاش شەنوكەوكردنيان، توانيم ئەمانە بۆ ئاخێوەرانی هێژام خاڵبەند بكەم:
1 – ئەنجامی لێكدانی دوو بڕی نەرێنی Negative ئەوا بێشك بڕێكی ئەرێنی Positive دەردەچێت… كەواتە هەرگیز خەمبار مەبە چونكە دوای هەر گرفت و ناخۆشییەك. گوشادی و خۆشی دێت.
2 – گواستنەوە لە هەر بەرێكەوە بۆ بەرێكی ديكە، گۆڕانێكە بەسەرياندا. كەواتە با ئەم گۆڕانە بكەينە پێگەيەك بۆ هەنگاونانی باش بۆ گۆڕانی باشتر.
3 – هەتا ژێرەی هەر كەرتێك ڕوو لە زیادبوون بكرێت، ئەوا نرخەكەی بەرەو كەمبوون دەچێت.
4 – شتێك هەیە پێی دەگووترێت بێكۆتا Enfinity كەواتە با هەوڵی زیاتر بدەين تا زانست و زانیارییەكانمان بێكۆتا بێت، چونكە زانست گەردوونێكی بێسنوورە.
5 – هەر بڕێكی نادیار، بێشك هەر بەها و سەنگێكی دیاریكراوی خۆی هەیە. دەبا بە سينەيەكی فراوانەوە بڕوانينە ئەو كەسانەی كە ناديار و نەناسراون. لەوانەيە مێشکی وايان تێدابێت سووديان لێوەربگيردرێت.
6 – ژمارەیەكی نەرێنی Negative هەتا بڕەكەی زۆربكرێت، نرخەكەی ڕوو لە كەمبوون دەكات. كەواتە با لە نێو كۆمەڵگادا هەرگیز خۆمان بە لووت بەرز و خۆهەڵكێش، ڕالەخۆ و زاناتر و زلترنەزانين.
7 – هەموو بڕیكی گۆڕاو نرخێكی تایبەتی خۆی هەیە، بێگومان لە كۆتايیشدا هەر نرخێكی دیاریكراوی دەبێت. دەبا ئەو گۆڕانكارییانە هەڵبژێرين كە ئەنجامێكی بەنرختر و باشترمان پێدەدەدن.
8 – دەتوانرێت بە چەندین ڕێگا، چەندين ئەنجامی ڕاست و درووست بەردەستە بكرێن. دەبا هەرگیز هەر خۆمان بە ڕاست نەزانين و كەسانی دیكەیش بە چەوت و چەوێڵ. لەوانەیە ئەوانیش بە ڕێگەیەكی جیاواز بگەنە هەمان ئامانج.
9 – كۆتاییە جوان و ڕەنگینەكان هەميشە لە گەش بووندان.
10 – ئەگەر هەر پرس و ئاريشەيەكمان بۆ شيی نەكرايەوە، گرێيەكمان بۆ نەڕەوێنرايەوە. با بگەڕێرينەوە بۆ هەژاندنی پەیخانەكانی مێشك و خەیاڵكردنەوەی زیاتر لێی.
11 – كورترین دووری لە نێوان دوو خاڵدا ڕاستەهێڵە. كەواتە هیچ پێویست بە ڕێگای خواروخیچ و لۆفە و … هتد، ناكات.
12 – تاكو ڕاستی لە هاوكێشەیەكدا بێتە ئاراوە، هاوسانی و هاوسەنگی و هاوسازی لەنيوان لايەنەكانيدا بە ڕێگەيەكی ڕاست و دروست، دوور لە كێشە و تەگەرە. ئەنجامەكان لە شوێنی خۆياندا دەردەكەون و بەئارامی لەنگەر دەگرن.
13 – لە هێڵە چەماوەكاندا، ئەگەر هەر وەرچەرخانێك تێدا ڕووبدات، ئەوا لە خاڵێكی دیاریكراودا دەبێت، كە ناسراوە بە خاڵی شلۆق و ناجێگیر.
دەبا دوورەپەرێزبين لە هێڵە چەماوەكان نەوەكو شلۆق جيگير بمێنينەوە. خۆ ئەگەر هەر هاتە ڕێمان، ئەوا دەبێت بير لە ڕێگەچارەی پێشينە بكەينەوە تاكو بتوانين لەو شلۆقی و جێگيرييە بەئارامی و بێوەيی دەربازببين.
14 – كەرتەكان هەرگیز نە كۆ و نە لێدەركردن تێیاندا ئەنجام دەدرێن تا ژێرەیەكی هاوبەشیان بۆ نەهێنرێتە ئەنجام. كەواتە هەرچەند ناتەبابین، دەكرێت بە هاريكاری هەموو کۆلكە هاوبەش لە نێوانماندا بدۆزينەوە تاكو لەسايەی ئەو کۆلكەهاوبەشەدا بۆچوونێكی يەكگرتوو بهێنينە كايەوە.
15 – ئەگەر جێگۆڕكێ بە شوێنی سفر بكرێت لە چەپ بۆ ڕاستی ژمارە یا بە پێچەوانەوە ئەوا نرخەكە بێشك دەگۆڕێت. كەواتە پێویستە كە هەوڵ و كۆشش بدرێت تا جێگە لە نێو كۆمەڵگادا لەبار و دروست بێت.
16 – بۆ شیكاری هاوكێشەیەكی دوو نادیار، وا پێویستە كە بەهۆی یەكیكیانەوە ئەویتر دیاری بكرێت. كەواتە با پێكەوە هەوڵی شیكاری گرفتەكان بدەین.
هيوادارم لە دەرفەرێكی ديکەدا، بتوانم دڵۆپيلەی پڕ لە پەند و ئامۆژگاری ديكە لەو زەريا بەرفراوانەی ماتماتيك و فیزیک هەڵبگۆزم و سووديان لێوەربگرين لە ژيانی ڕۆژانەماندا.
دوو بەرگی دیکەی ئەو پەرتووکە لە تەواوبووندایە و تەمەن مەودا بدا ئەویش بە ئێوەی بەڕێز پێشکەش دەکەم.