نەبەز گۆران: وشەی میلیشیا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕونكردنەوە لەسەر وشەی (میلیشیا)

هەمیشە دەستەواژەی یا وشەی ( میلیشیا)، لەناو بەشێك لە كەسەكانی ئەم كۆمەڵگەیە بە دەستەواژەی سوكایەتی، یان ئیهانە، یان جنێو لێكدراوەتەوە. لەكاتێكدا وشە یان دەستەواژەی (میلیشیا)، نە سوكایەتیە نە ئیهانەكردن، نە جنێو. بەڵكو ناوێكە بۆ هێزێكی جیاواز لە دەرەوەی سیستەمی سەربازی. دەستەواژەی (میلیشیا) لەبنەڕتدا دەستەواژەیەكی لاتینیە” militi ” پاشان لە ساڵانی (1961) لە ئەمریكا بەشێوەیەكی باو بۆكۆمەڵێك هێز بەكار هات. لەساڵانی (1932) لەفەرەنسا بەكار هات.

پاشان ئەم ناوە كۆمەڵێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتو فەرەنساییەكان بەم جۆرە بەكاریان دەهێنا ” miles . milites “(1). مانای وایە وشەی (میلیشیا) لەبنەرەتدا بەو كەسە دەڵێت: ” سەربازە. یان جەنگاوەری شەڕە” یان،” هێزێكە لەدەرەوەی چوار چێوەی سەربازی پرچەككراوە بۆ بەرگریكردن لە شتێك”. لەسەردەمی داگیركردنی ئەمریكادا بەدەستی بەریتانیاكان. ئەمریكایەكان هێزێكی تێكەڵەیان دروستكرد لەجوتیار و خەڵكی ئاساییی بۆ بەرگریكردن لە وڵاتەكەیان، بەو هێزەیان دەوت هێزی (میلیشیا). لە سەردەمی داگیركردنی فەرەنسا بەدەست ئەڵمانییەكان هەمان هێز دروست بوو. پاشان لە ئەڵمانیا و روسیای سەردەمی بەلشەفیەت ئەم هێزانە دروست بوون. كۆی ئەم هێزانەش لەدەرەوەی هێزی سەربازی بوون. ئەگەر كەسێكی خۆبەخش (متەتەوعین/عەرەبی) بۆبەرگریكردنی وڵات بچێتە ناو ئەو هێزە چەكدارەكانەوە ئەوا ئەو هێزەی دەچێتە ناوی لە چوار چێوەی هێزی (میلیشایە) نەك هێزی سەربازی رەسمی.
بۆنمونە: ئەو هێزە خۆبەخشانەی ئەڵمانیا بۆ بەرگریكردن لەدژی روسیا پێیان دەوترا هێزە میلیشیاكانی ئەڵمانیا.(2). لەفەرهەنگی عەربەبیشدا مانای دەستەواژەی( میلیشا) بریتییە: لەو هێزە چەكدارەی پەیوەست نییە بەحكومەتەوە، بەڵكو پەیوەستە بە حزبێك یان كەسایەتیەكی سیاسیی یان كەسایەتیەكی دینی.(3). بەپێی سەرچاوەكان ئەم دەستەواژە سەربازییە مێژوەكەی دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی (1908)، ئەوكاتە كۆمەڵێك خۆبەخشی ئەمریكایی بۆبەرگریكردن لەوڵات ناوی خۆیان نووسی و پاشان لە (1916) بوییە دەستواژەیەكی باو بەكاریان دەهێنا. (4). بەپێ سەرچاوە سەربازیی و فەرهەنگی و سیاسییەكان، هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی دەستەواژەی (میلیشیا) دەستەواژەیەكی نوێ‌ نییە لەناو كایەی سەربازیدا، بەڵكو رەگوریشەی هەیە. بەڵام ئەم دەستەواژەیە مانای سوكایەتی كردن نییە بە هێزێك، بەڵكو مانای ئەوەیە ئەو هێزە هێزێكی سەربازی تۆكمە و دیسپلینكراو نییە، هێزێك نییە راستەوخۆ بەسترابێت بەیەكە سەربازیەكانی نیشتیمان و لەلایەن حكومەتەوە ئاراستە بكرێن، هێزێكە زۆرتر وەلائی بۆ گروپێك یان حزبێك یان كەسێكی سیاسیی و دینی هەیە. ئەگەرچی ئەو هێزە بەرگری لە وڵات دەكات، بەڵام لەچوارچێوەی (میلیشیا) بوونی خۆی دەمێنێتەوە. تەنانەت ئەوانەش خۆبەخشانە دەبنە جەنگاوەر بۆ وڵات لە چوار چێوەی (میلیشیا) دا تەماشادەكرێن و، هەر لەو وچوارچێوەیەشدا ناویان دەهێنرێت.
ئەگەر ئەو لێكدانەوانەی سەرەوە بهێنین، لەگەڵ هێزە چەكدارەكانی هەرێمدا بەراوردكاریان پێبكەین ئەوا بەپێی ئەو لێكدانەوانە دەتوانرێت بە بەشێك لە هێزەكانی هەرێم بوترێت هێزی (میلیشیای)ی. چونكە بەشێكی هێزەكانی هەرێم لەرێگەی یاسایەكی سەربازیی نیشتیمانییەوە پێكنەهاتوون، بەڵكو لەرێگەی حزبەوە پێكهاتوون. هێزەكانی هەرێم بەش بەشن و هەربەشەو وەلائی بۆ حزبێك یان كەسایەتیەكی سیاسیی هەیە. بەشێكی زۆری هێزەكانی هەرێم لەلایەن حكومەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانەوە سەرپەرشتی ناكرێن. بەشێكی زۆری هێزەكانی هەرێم تائەم چركەساتەش مانگانە ئابونەی حزبیان لێوەردەگیرێت و رادەهێنرێت لە پێناو حیزبدا بیربكەنەوە و سەر بە حیزبن. بەشێكی زۆری هێزەكانی هەرێم لەرێگەی تەسكیەی حزبی و وەلائی حزبیەوە دیاری دەكرێن. كۆی ئەم بۆشایانە وادەكات لە یاساناسان و چاودێرانی سەربازی بەم هێزە بڵێن هێزی (میلیشیای)ی. بۆیە دەشتوانن ئەو دەستەواژەیە بەرامبەر ئەم هێزە بەكار بهێنن، چون ئەو هێزە كۆی ئەو بنەمایانەی تێدایە كە هێزێكی (میلیشیا) لەسەریان دروست بووە .
لێرەدا كێشەكە ئەوەیە، ئەو ناوە، یان دەستەواژەیە بە سوكایەتی، یاخود بە جنێو تێبگەیت و، هیچ خۆت ماندوو نەكەیت تاكو بزانی بنەوانی وشەكە چییە و لە چییەوە هاتووە! بۆیە هەمیشە پێویستە ئەم ناوە رونكردنەوەی لەسەر بدرێت، چونكە مەكینەیەكی راگەیاندن كە ئیشی ئاوەژوكردنەوەی راستیەكانە، بەجۆرێك ئەم ناوەی گەیاندوە بە (جەماوەر،دڵە گەورەكەی ستەمكاریی)، كە پێیان وایە ئەم ناوە مانایەكی خراپی هەیە. لەكاتێكدا هەرگیز مانایەكی خراپی نییە.
سەرچاوەكان
(1)_ تەعریف میلیشیا.  www.10452lccc.com
(2)_ هەمان سەرچاوەی پێشو.
(3)_ بەپشت بەستن بەفەرهەنگی زمانی عەرەبی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت