عیماد عەلی: هۆکاری هەڵوێستە جیاوازەکانی لەمەر روداوەکەی کەرکوک.
دیارە راستگۆترین و دڵسۆزترین و خۆبەخترین و خۆبەخشترین کەسی بەرگریکار لە کەرکوک بە پێی ئەوەی لەو رۆژەدا دەرکەوت، خەڵکە رەشوروت و کوردپەروەرەکەی خودی شاری کەرکوک بوون، کە بە هەموو توانا و حاڵو ماڵی خۆیانەوە بێ سڵەمینەوە و دوور لە یەک تۆزقاڵ ترس هاتنە میدان و دەستیان لە کوشتن و لەناوبردن و وەدەرنانی ئەو جنۆکانە نەپاراست.
ئەمە لە کاتێکدا کە پێشمەرگە وەک ئەرکی سەر شانی خۆی و دڵسۆزی بۆ شارێکی کوردنشین، هیچ کەموکورتیەکی نەبوو، گیانیان بەخت کرد و ئازایەتی و پاڵەوانێتیان نواند و لە نێو پێشمەرگەکانیشدا کورانی کەرکوک قسوریان نەکرد و توانیان خەونی زۆرێک لایەنی ناوەکی چ عیراقی بێت یان کەرکوکی و تەنانەت کوردستانیش، یان دەرەکی، لەگۆر بنێن.
بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرا، لەو چەند سەعاتەدا، زۆرێک لایەن هەبوون هەر یەکەو بە پێی بەرژەوەندی خۆی لەو بارەوە دەدوا و بە پشتخانی حزبی و یان ناوچەچێتی یان شارچێتی قسەی دەکرد و لێدوانی دەدا، ئەمەش بۆ هەر کەسێکی ئاسایی دەریخست کە نەبونی روحی یەکگرتووی و پەرشوبڵاوی چەند کاریگەری خۆی لەسەر بیر و رەفتار و تەنانەت بۆچونی تاکی کۆمەڵگەی کوردەواری جێهێشتووە .
لە لایەکی ترەوە هەڵوێستی لایەنە نێوخۆیە عیراقی و کوردستانیەکان و دەرەکیەکانیش لەمەر پرسی کەرکوک و دوارۆژەکەی بە جوانی بۆ هەموو لایەک دەرکەوت، لەمەشدا پلان و پیلانەکانیش روون بونەوە، کێ کەمتەرخەم بوو، بەڵکو پێشیخۆش بوو کە داعش لەکەرکوک بێت نەک کورد دەسەلاتدار بێت، کێ چاوپۆشی لەو مەسەلەیە کرد و پشتگوێی خست، کە دەیتوانی تەنانەت بە لێدوانێک هەڵوێستی راستەقینەی خۆی دەربرێت، کەچی قروقەپی لێکرد، کێ ئاواتەخواز بوو کە روداوەکە درێژەبکێشێت و فشارەکانی سەر موسڵ کەم بێتەوە و تەنانەت وردە دەزوی پشت سیناریۆکە بە شێوەیەک بۆ هەموو لایەک دەرکەوت، کە لەم کردەوە تیرۆریستیە هەندێک عەسکەری و سەرتاپا سیاسیەی داعش کێ بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان بەشدار بووە. تەنانەت لە نێو ئەو هەموو لایەنانەدا دووبەرەکی نێوان هەردوو باڵی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش کە حزبی یەکەمی دسەڵاتدارە لەو شارەدا بە روونی دیار بوو .
ئەمە بۆ شارێکی زۆر گرنگ و یەکجار ستراتیجی بۆ کورد و پرسەکەی و دوارۆژی بەم شێوەیە بێت و، ئەوەمان بۆ دەربخات کە یەکگرتوویی گەلی کوردستان لە چ ئاتسێکدایە و ناکۆکی لە چ قۆناغێکدا، وا خۆی فرز کردووە و پیشانی هەموو لایەکی دا کە وەزعی کوردستان چۆن چەقی بەستووە و، بەهیچ شێوەیەک دوارۆژی گەلەکەیان نەخوێندۆتەوە .
ئەمەی کەرکوک پیلانێکی دوژمنکارانەی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی بوو کە لەدوارۆژێکی نزیکدا لایەنەکانی دەردەکەوێت و بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت و کاری پشت پەردەی لایەنە بەشداربوەکانی بۆ خەڵک روون دەبێتەوە . ئەوەی گرنگ و مەبەستە پلاندانەر و بەشداریکەر و هاوکاریکەریی پشت پەردەیە کە بۆ خەڵک بە جوانی دەرکەوێت .
ئەوەی لەم کردەوە درندانەیە قازانج دەکات بە پلەی یەکەم ئەنقەرەیە پێش داعش، لەبەر ئەوەی:
یەکەم : زۆر لایەن بەم کردەوە مەشغوڵ دەکات کە مەبەستیەتی لە موسڵ دوور بکەونەوە، بە تایبەتی یەکێتی و پەکەکە و تا رادەیەک حەشدی شەعبی، تاوەکو بتوانێت لە مەیدانی شەری موسڵ لە رێگەی بەرەکەی کورد یان پارتیەوە هەر چیەکی بوێت بیکات و لایەنی زاڵ لەوێدا واتە پارتی بێگومان دەبێت ملکەچی بێت، لەبەر ئەو بەرژەوەندیانەی کە لە ژیر دەستی تورکیایە و، تا ئێستا سەبەتە پر لە هێلکەکانی رادەستی ئەو کردووە ووەرینەگرتۆتەوەو وای لێهاتووە کە هەنگاوێک بێ راوێژ و رازیبونی ئەو نەروات .
دووەم : لەناو خۆی کەرکوکدا لایەنگران و داردەستانی تورکیا، چ لەبەرەی سونە بێت یان تورکمانەکان، بکەونە حاڵەتێک کە لە سەنگەری بەهێزیەوە لێدوان بدەن ورەفتار بکەن و بڵێن گیان و حاڵ و ماڵیان ئارام نیە و شارەکە سەقامگیر نیە و پێویستی بە هێزی تری غەیرە هەیە بۆ ئارامی شارەکە و، لەوەشدا دەتوانن یاری خۆیان بکەن و کەرکوکیش بەدەردی موسڵ بەرن .
سێیەم : فشاری زیاتر لەسەر موسڵ کەم دەبێتەوە و بەرەی نوێ دروست دەکرێت و شەرەکە درێژە دەکێشێت کە ئەمە هەمووی لە بەرژەوەندی قازانجی تورکیا و پیلانەکانیەتی . لەمەشدا زۆر کارتی لەم ناوچەیە تێکەڵ دەکرد لەوانەش:
1 – بوار بۆ حەشدی شەعبی دەکرایەوە بە زۆری بێنە ناو کەرکوکەوە، بەمەش ناکۆکی لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک دروست دەبوو و تورکیاش لەدوورەوە و بە دەستی پاشکۆکانی یاریی خۆی دەکرد و بواری دەستێوەردانی بۆ ئاسان دەبوو.
2 – لایەنگرانی تورکیا بێدەنگ دەوەستان لە ئاست پشێوی و ئاڵۆزیەکان و بەڵکو ئاگرەکەشیان خۆش دەکرد و بەرەی خۆیان قایم توند و بەگورتر دەکردەوە و، ئامادەباش دەبوون بۆ هەر ئەگەرێک کە تورکیا بە پیلانەکانی دەیتوانی بیگێرێت.
3 – تەنانەت هەر هیچ شتێکیشی بۆ نەکرایە، دەیتوانی هاوسەنگی هێزی کوردی بۆ بەرژەوەندی پارتی دیموکرتی کوردستان بگۆریت و، لەوێوە بە ئاسانی دەیتوانی فەرمانەکانی بەو رێگەوە جێبەجێ بکات، کە ئەوەش بەزەرەر بۆ کورد و، تەنانەت بێ ئاگاداریی خۆی بۆ پارتیش دەکەوتەوە.
4 – دەیتوانی کەرکوک وەک کارتێکی زۆر گەورە بۆ کێشەی موسڵ بەکار بێنێت لە پاش رزگارکردنی و بەقەراربونی ئاسایشی شارەکە.
چوارەم: هەر هیچ نەبێت بەم کارەی تورکیا دەستی عیراقی زیاتر لە کورد بەسەر کەرکوکدا زاڵ دەکرد، کە لەلایەن ئەنقەرەوە بۆ بەرژەوەندی خۆی لە کورد باشترە، دیارە بە پێی بیرکردنەوەو پلانەکانی ئەو .
بۆیە، دەکرێت بڵێین کە ئەنقەرە رۆڵی گەورەی تێدا هەبێت و تا رادەیەکیش رێی تێدەچێت بەغداش ز انیاری نهێنی هەبوبێت و، لەبەرژەوەندی خۆی زانیبَت کە ئەگەر داعش سەرکەوتو بوایە، لەدوارۆژدا بەغدا لە رزگارکردنی کەرکوک بەشدار دەبوو، بەو شێوەیەش کەرکوک بە تەواوەتی دەگەرایەوە باوەشی ناوەند و هێزە پیلانگێرەکان و، سیناریۆیە نێوخۆییو دەرەکیەکە سەرکەوتو دەبوو.