barzani-maliki

عەدنان عوسمان: مالیكی بەتامی بارزانی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سێ تێبینی كورت لەسەر قسەكانی مالیكی

یەكەم: مالیكی بەو قسانەی دەیەوێت مەسعود بارزانی بكاتە پاڵەوانێكی نەتەوەیی، گوایە ئەو رێگرە لەبەردەم پاوانخوازی بەغداو هەر ئەوە رێگە بە گەڕانەوەی ناوچەدابڕاوەكان بۆ سێبەری بەغدا نادات، كە مەعلومە ئەمە درۆیەكی گەورەیە. مەبەستی مالكی لەم بە پاڵەوانكردنەوەی بارزانی ئەوەیە بارزانی دوامەرجەعی بڕیار بێت لە كوردستان، ئەوكاتیش دەكرێت بە ئاسانی ساتوسەودا لەسەر ناوچەدابڕاوەكان بكرێت، چونكە ویستی سەرەكی بارزانی پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەكەو حزبەكەیەتی، لەو پێناوەشدا پەیڕەوی لە ستراتیجی: بادان و لادان دەكات و ئەمەش رێگە خۆش ئەكات بەغدا ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ بارزانیدا بكات.
لەم سالانەدا، دۆسێی نەوت و پارە تەنها دۆسێیەكی هەستیارە لای بارزانی، بینیمان لەو پێناوەدا چ وەرچەرخانێك بەسەر سیاسەتەكانی لەگەڵ بەغدادا هات. بۆ پرسی بەشداری پێشمەرگەش لە شەڕی موسڵ، تا ئەوكاتەی پولی موفتی ئەو بەشداریەی وەرنەگرت، ساڵێكی تەواو نارەزایەتی خۆی لەو بەشداریپێكردنە دەربڕی و گوایە ئامادە نەبوو رۆڵەی كورد لە شەڕی ئەوانی تردا بە كوشت بدات. كە پارەكە وەرگیراو رێكەوتن كرا، ئیتر شەڕەكە بوو بە شەڕێكی پیرۆزی كورد و پاراستنی نیشتمان.
دووەم: سیاسەتی سەرانی كورد و بەتایبەت بارزانی ( كە زیاد لە دە ساڵ سەرۆكی هەرێم بوو )، تا ئەم ساتەوەختە، خەمساردیە بەرامبەر ناوچە دابڕاوەكان ،هەم لە روی ئابوری و هەمیش لە روی خزمەتگوزاری و بەتایبەت تریش لە روی چارەنوسیانەوە. بەشی هەرە زۆری یا ئەتوانم بڵێم هەموو ناوچە دابڕاوە گرنگەكان زیاد لە 13 ساڵە بەدەستی هەرێمەوەیە لە ڕووی فعلیەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو بەرپرسانە جورئەتی هەنگاونانێكی ئازایانەیان نەناوە بۆ یەكلا كردنەوەی پرسی ئەو ناوچانە، تا ئاستی ئەوەی كەركوك بە تەواوی داماڵرێت لە ئیرادەی هەرێم و تەنها نەوت دۆشینی لەسەر بێت. خەمساردترین و لاموبالاتترین لایەن لە پرسی مادەی 140 خودی سەرانی كورد بوو. ئەم یەكلا نەبونەوەیە بەردەوام رێگەی بۆ سەرانی شۆڤینیەتی عەرەبی و سەنتراڵخوازەكانی بەغدا خۆشكردوە، چاوی تەماعیان لە گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانەو دابڕاندنی هەتاهەتاییان بێت لە كوردستان.
سێیەم: ئەو ناوچە كوردیانەی بە خوێنی پێشمەرگەو خەڵكی ناوچەكەو بە ئیرادەی ئەوان رزگاركراوەو پارێزراوە، دەبێت بە زوترین كات بە بەشێكی دانەبڕاو لە هەرێمی كوردستان بزانرێت و ئەمەش بە سیاسەتی دیفاكتۆ پیادەبكرێت. هێشتنەوەی ئەو ناوچانە بە هەڵواسراوی، تەنها كارتێكی سیاسیە بۆ بازرگانە سیاسیەكان بۆ بەكار هێنانی لە كاتی پێویستدا. كوردستانیەتی ئەو ناوچانەو گەڕاندنەوەی تەواوەتیان بۆ سەر هەرێم دەبێت هێڵی سور بێت و دوربخرێتەوە لە دروشمبازی و سیاسەتی بادان و لادان.

دەبێت بە هەمومانەوە بەرامبەر ئەو قسانە و ئەو نییەتەی مالیكی و هاوچەشنەكانی بوەستینەوە، بەڵام بیرمان نەچێت گەر گوێیەكی شل لە هەرێمدا نەبێت و كەسانی ساتوسەوداكەر زیمامدار نەبن، كەس جورئەتی قسەیەكی وا ناكات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت