عیماد عەلی: مەلا بەختیار و راگەیاندن و حزبەکان.
ئەم چەندبارەبونەوەی حاڵەتێکی ئاوها و هەرانانەوەیە، وا بۆ جارێکی تر خەڵکی سەرقاڵ کرد و راگەیاندنەکان و حزبەکان و سیاسیەکان بە دۆست و نەیارەوە کەوتنە قسەکردن و رەخنە بەهەموو جۆرەکانیەوە بە قێزەونەکەیشەوە لەسەر بابەتێکی هەستیار کە چەندین جارە کاک بەختیار بەراشکاوی و هەر جارەو لە مینبەرێکەوە دەیخاتە روو و، بەچەندین شێوەی جۆربەجۆریش دەخوێنرێتەوە و، چەندین پرسیار بەدوای خۆیدا دێنێت:
بۆچی تەنها کاردانەوەکان لەبەرامبەر مەلا بەختیار هیچ سنورێکی بۆ نامێنێتەوە لە باش و خراپ ؟ بۆوا زۆرێک لەوانەی قسەدەکەن تاوەکو پێش ئەم قسانە لەگوێی گادا نوستون و تاوەکو ئەمرۆش هیچ فزەیەکیان لە هیچ بابەتێکدا لێوەنەهاتووە، ئەمرۆ لەمبارەوە دێنە قسە و تەنانەت وەک دەڵێن: بە خاڵۆی خۆی فێرە. بەو شێوەیە دێنەگۆ ؟ بۆچی خودی کاک بەختیار بێ پێشەکی لە کتوپرداو بە دیقەت و بە راشکاویەکی زۆرەوەو بێ خوێندنەوەی پرسی تایبەتمەندی بارودۆخی تەنانەت حزبەکەی خۆیشی هەموو قسەیەک بە راشکاوی دەکات، تەنانەت ئەگەر لەسەر خۆیشی بکەوێتەوە؟ دوور لە کەسایەتیە سیاسیەکانی تر، بۆچی کاک بەختیار بەتەنها بەخۆی و بەس، ئاوها بە شەفافیەت و ئاشکرایی قسەی تایبەتی تەنانەت زۆر هەستیار لەبەردەم رای گشتیدا دەکات؟ بۆچی خەڵک بە شێوەی جیاواز دەیخوێننەوە؟ بۆچی شیکردنەوەی هەڵەی بۆ دەکرێت و زۆرینەی کاردانەوەکان بە هەڵە دەردەبرێن؟ بۆچی راگەیاندنەکان بە بابەتێکی پر خوێنەر و بە هەلی دەزانن و درێژە بە کاردانەوە و قسە هەمەجۆرەکان لەوبارەوە دەدەن؟ ئایا مێژووی ئەم پیاوە و ململانێکانی رۆڵی گەورەی هەیە لەم بارەوە، یان کارەکە لەژێر بنمیچی خەڵکی رکابەریەوە دەردەچن چ راستەوخۆ لە پیاوەدەست راستەکانیانەوە بێت یان بەخۆی بێت یان بە هاندانی دەوروبەر و شێخانی بەرماڵی خۆیان، بیانەوێت رۆڵی گەورەیان لە خراپ کەوتنەوەی هەموو تێز و قسە و راوبۆچونەکانی مەلا بەختیاردا هەبێت؟ ململانێ و رکابەری و دژایەتی و هەڵوێستی حزبەکان چ رۆڵێکیان لە بەلارێدا بردن یان راستەرێکردنی قسەو بۆچونەکانیدا هەیە؟ ئایا وروژاندنی بابەتە خۆڵ لێنیشتوەکان لە ئیستیغلال کردنی هەلی قسەکردن و بۆچونە هەمەچەشنەکانی کاک بەختیار چی لەدواوەیە؟ ناوچەچێتی و شارچێتی و حزبچێتی و شەخسچێتی چ رۆڵێکیان لەسەر قسەکردن و راوبۆچونی هەموواندا هەیە؟
پرسیاری گەورە ئەوەیە، ئایا ئەم هەرایەی راگەیاندنەکان قازانجی بۆ کۆی گشتی پرسە نێوخۆیەکەی کورد دەبێت بەم رێچگەیەی کە کاک بەختیارى دەیگرێتە بەر لە رووی شەفافیەت و تەرح کردنی بابەتە هەستیارەکان و دۆزینەوەی دەرچە بۆ کێشە هەلپەسێردراو و قورسەکان، یان بەم شێوەیە، وروژاندنی بابەتە گەورەەکان دوور لە ژوورە تاریکەکان زەرەری زیاتر دەدات؟
ئەوەی لە رووی زۆرینەی راگەیاندنەکانەوە مەبەستە تەنها پرخوێنەری خۆیان لەبەرچاو دەگرن، ئەگەر سوور بزانن وروژاندنی هەر بابەتێک پرسی گەلی کوردستانیش بخاتە گۆرەوە، لەگەڵ رێزی زیاترم بۆ راگەیاندنە بەرپرسیارەکان.
بەڵام حزبەکان بەگەورە بچوکەوە، هەر یەکەوە بە پێی ئایدیۆلۆجیا و قازانج و بەرژەوەنیەکانی تەنانەت مامەڵە لەگەڵ قسەکانی کاک بەختیار و ئەو بابەتەشدا دەکات کە دەیوروژێنێت و ئەوەی لە قازانجی بێت دەریدەخات و تەنانەت کلک و گوێیدەکات و زۆر جار شتی زیاتری دەخرێتە سەر و بەخوێندنەوەی نێوان دێرەکان و مەبەستی پێشوەختەیان، نیاز و ئامانجەکانی خۆیان لەم هەلەدا دەپێکن . ئەوەی زۆر دیارە کە هەمیشە ململانێ میژووییەکان سەلبیەکان و پەیوەندیە حزبی و شەخسیەکان رۆڵی خۆیان لە سەرهەڵسەنگاندن و مامەڵەکردن لەگەڵ تێز و قسەو راوبۆچونەکانی کاک بەختیاردا هەبووە و، بە پێی دیدی تایبەتی خوێندراوەتەوە، بەڵام بە هەر شێوەیەک بوبێت، جوڵانێکی رێژەیی لە وەزعەکە کردووە.
بۆیە، ئەگەر لە رووی وروژاندنی بابەتە گرنگەکانی نێوخۆی کوردستانەوە، ئەم شێوەتەرح و رەخنە و بۆچونانە سەرەتای قسەی جدی دروست بکەن بۆ لادانی بەربەستەکان و نەهێشتنی چەقبسەتنی پرسە نێوخۆییەکەی کوردستان، ئەوا جێگەی دەست خۆشیە، بەڵام کە بە تاک چاوی یان خێلیەوە ببینرێت و بە بیری تەسەک و بریاری پێشوەختە و رق و قینەوە بخوێنرێتەوە، هیچ سوودێکی نابێت و، هیوادارم قسەکانی میری وەک ئەوانەی پێشو هەروا بە ئاسانی تێنەپەرێت و هاندانێک بێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان لەم دوا هەلەی لەبەردەستماندا ماوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزکاوەکان و نەهێشتنی سەرگرتنی پیلانە نێوخۆیی و دەرەکیەکان لەمەڕ پرسە سەرەکیەکەی گەلی کوردستان.