رەزا شوان: کودەتای ئەردۆگان بەسەر ئازادی و دیموکراتیدا.
لە سایەی قورخکردنی دەسەڵاتی تاكڕەوانەی ئەردۆگانی دیکتاتۆری ستەمکار، تورکیا بووە بەگەورەترین بەندیخانەی جیهان. بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانە، سەرکوتی ئازادی و دیموکراتی و ئازادی گوزارشتکرن و مافەکانی مرۆڤ دەکرێن.
تۆرکیای ئەردۆگانی گەڕاوەتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە جینۆسایدی ئەرمەنییەکانیان کرد. ئێستاش بە بەرچاوی جیهانەوە، بە ئەوپەڕی دڕندەییەوە دەستیان بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی کورد کردووە هیچ ماف و ژیانێک بە گەلەکەمان رەوا نابینن. ئەردۆگان وەکو هەموو دیکتاتۆرە ترسنۆکەکان، وای لێهاتووە لە سێبەرەکەی خۆشی سڵ دەکات و دەڕەوێتەوە.
ئەم سیاسەتە شۆڤێنییەی ئەردۆگان، تورکیا بەرەو شەڕێکی ناوخۆ و بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەبات. ئەردۆگان لە پێناوی مانەوەی لە دەسەڵاتیدا، بە لایەوە گرنگ نییە کە بە هەزاران کەس بکوژرێ و بە هەزاران کەس لە بەندیخانەکانی توند بکات، بە هەزارانیش لەسەر کارەکانیان لابەرێ و نان بڕاویان بکات. هەموو رۆژنامەکان و تەلەفزیۆنەکانیش دابخات.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆی هەینیدا(5 ی/ نۆڤەمبەری/ 2016) هێزێکی گەورەی پۆلیس و میتی تورکیا بە بڕیار ئەردۆگان، هێڕشیان کردە سەر ماڵ و بارەگاکانی (هە دە پە) لە ئەنکەرە و ئامەد و چەند شارێکی تری باکووری کوردستان، هەردوو هاوسەرۆکی هە دە پە، سەلاحەدین دەمیرتاش و خاتوو ڤیگەن یۆکسەداغ یان لە ماڵەکانی خۆیان لە ئامەد دەسگیرکردن، هەروەها سیانزە پەڕلەمانتاری کەشی ئەم پارتە کوردییە ئاشتیخوازەیان دەستگیرکردن. ئەوەشبوو لە مانگی رابردوودا سەرۆکی شارەوانی ئاماد خاتوو گولتان کاشناک و هاوسەرۆکەکەیان گرتن. بە تاوانی درۆ و هەڵبەستراوی لایەنگرتنی پارتی کرێکارانی کوردستان. ئەمەش شتێکی چاوەڕوانکراوبوو، چونکە ئەردۆگانی دیکتاتۆر، لە مانگی مانگی سێپتەمبەری ئەمساڵدا، نەخشەی گرتنی پەڕلەمانە کوردەکانی پەڕلەمانی تورکیا کە ژمارەیان(59) پەڕلەمانتار و نوێنەری (هە دە پە) ن لە پەڕلەمانی تورکیادا، کە سێیەمین پارتین لە تورکیادا، پارتێکی ئازادیخواز و دیموکراتیخواز، پێکەوە ژاینخوازن. ئەوەبوو پارتەکەی ئەردۆگانی نەژادپەرست، کە زۆرینەی پەڕلەمان پێک دەهێنن و، پارتی نەتەوەپەرستی تورکیاش کە کلکیانن، بە زۆری دەنگەکان، خۆپارێزیان لەسەر پەڕلەمانتارە کوردەکان هەڵگرتن. بۆ ئەوەی کە بیان گرن و بە توومەتی پشتگیریکردن لە پەکەکە بیان دەن بە دادگا، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان بۆ درۆ و توومەتە هەڵبەستراوەکانیان هەبێت. دادگاش سەر بە پارتەکەی ئەردۆگان و پەیڕەوی دادپەروەری ناکات.
ئەردۆگان، هەموو کەس و لایەنێک کە لە گەڵێدا نەبێت، یا پێی بڵێت کل بە چاوەکانتەوە هەیە. بە دوژمنی خۆیانی دەزانێت، بە تایبەتیش کورد و ئەوانەی کە رازینین، کە سستمی حوکمڕانی لە پەڕلەمانییەوە بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بگۆڕێت. ئەردۆگان گەرچی لە ئەمڕۆدا دەسەڵات و هەموو بڕیارەکانی قورخکردوون و. بەڵام ئەو بە تەمای دەسەڵاتی زیاترەو، تا بتوانێت باشتر ئازادی و دیموکراسی بتاسێنێت و، ئۆپۆزسیۆن و هەموو ئەو کەسانەش لە ناوبەرێت کە لێی رازینین.
ئەردۆگان بۆ کۆمەڵکوژی لە کورد باری نائاسایی تازەکردەوە، لە ئەمڕۆدا، بەبەر چاوی کۆمەڵگەی جیهانەوە، سۆپای تورکیا شارەکانی باکووری کوردستانیان کردوون بە گۆمی خوێن و، بە هەزاران کوردیان لە گرتووخانەکاندا گرتوون و پیسترین ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەسەدی دەدرێن. بێدەنگی دەوڵەتە زلهێزە بەرژەوەندیپەرستەکان و، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاستی تاوانە قێزەوەن. بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەڵەتیش لە ئاستی تاوانەکانی رژێمی تورکیای فاشستی و نامەردییەکانی ئەردۆگان، بوونەتە هاندان بۆ ئەرۆگان و، زیاتر درێژەدان بە کارە دڕندەیی و نامەردییەکانی.
هەرگیز ئەردۆگان ناتوانێت، هەرەس بە بڕوای پۆڵایین و بە خۆڕاگری و کۆڵنەدانی گەلی دلێر و قارەمانی کوردمان بهێنێت. هەرگیز ناتوانێت چۆک بە گەلەکەمان دابدات. هەرگیز ناتوانێت، گـڕ و کڵپەی تووڕەی و راپەڕین و شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەکەمان خامۆش بکات.. دەبێت بەو نیازە گڵاوەیەوەیانەوە سەربنێتەوە.. هەروەکو چۆن سەدامی هاودیکتاتۆری سەری نایەوە.
ئەردۆگان لە دوای شانۆگەرییە کودەتا سەربازییە سەرنەکەوتووە داتاشراوکەی تورکیاوە، کە لە نووسین و سیناریۆ و دەرهێنانی خۆی بوو، بۆ ئەوەی شاڵاوی گرتن دەست پێبکات لەژی بەرەی ئۆپۆزسیۆن و هەموو ئەوانەی کە رەخنەیان لە سیاسەتە هەڵەکانی گرتوون. بۆ ئەوەش کە هەموو پۆستە باڵاکان و دامودەزگاکانی تورکیا لە حزبەکەی خۆیدا قورخ بکات، بۆ ئەوەی سەرنج لەسەر کێشە ناوخۆکانی تورکیا لابەرێت. بۆ ئەوەی بە گژی گەلی کوردماندا بچێت. بۆ ئەوەی دەنگەکانی نارازی کپ بکا و، سستمی دەسەڵاتی پەڕلەمانی بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بگۆڕێت. چیرۆک و سیناریۆی ( کودەتای سەربازی شکستخواردوو) ی داڕشت. تا ئێستا بە بیانووی لایەنگرانی فەتحوڵا گولەن یا پارتی کرێکارانی کوردستان نزیکەی( 140 ) هەزار کەس لە تورکیادا بەندکراون، زیاتر لە (25) هەزار مامۆستا و دادوەر و پارێزەر و مامۆستای زانکۆکان و ئەفسەری سوپا و فەرمانبەر لەسەر کارەکانیان دەرکردوون. زیاتر لە 135 رۆژنامەنووسی گرتوون. 10 وێنەکێشی کاریکاتێری گرتوون. کە کاریکاتێری ئەردۆگانیان کێشاوە. چەندین نووسەر و هونەرمەند و وەرزشکاری گرتوون. چەند کەناڵێکی تەلەفزیۆن و، رادیۆی داخستوون . بێگومان کورد پشکی شێری لەم گرتنانە و لە کاردەکراوانەدا هەیە.
گومانیش لەوەدا نییە کە ئەردۆگان تووشی کوردفۆبیا بووە، بە ناوی کورد و کوردستان دادەچەڵەکی.. بە داخەوە کە لایەنێکی سیاسی کوردیمان لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، بوونەتە کڵاوسووری پێش لەشکری ئەردۆگانی تورکیا.. ئەردۆگانێ کە تاسەر ئێسقان کورد بە دوژمنی خۆی دەزانێت.. ئایا بڕۆا بە دوژمنێکی وا دەکرێت؟!.. هەر لایەنێکی سیاسی کوردیمان یارمەتیی پیلانە گڵاوەکانی ئەردۆگان بدات لە دژی گەلی کوردمان لەهەر شوێنێکی کوردستاندا بێت.. ئەوا مۆرێکی ناپاکی تا هەتایە بە خۆیەوە دەنێت.. کوردستان، باکوور و باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاوای، ماڵ و بنکە و نیشتمانی هەموو کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەرە.
هیوادارم کە لە گرتنی سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانیان، کە برا و خوشکی ئێمەن، بێدەنگ نەبین و هەڵوێستمان هەبێت.. بە تایبەتیش داوا لە سەرجەم پارتییە سیاسییەکان و لە رێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان دەکەم. کە لە شارەکانی کوردستان و ئەورۆپا و ئەمریکادا، خۆپیشاندانی ناڕەزایی و تووڕەیی سازبکەن و.. پرۆتستۆی تاوانەکانی تورکیای ئەردۆگانی دژ بە ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی بکەن و، داوای ئازادکردنی تێکۆشەری گەلەکەمان سەلاحەدین دەمیرتاش و هاوڕێکانی و هەموو گیراوە بێتاوانەکان بکەن. داوابکەن و هاوار بکەن (تورکیا ئۆستۆپ ) بەسە و دەست لە تاوانە دڕندەیی و نامەردی و قێزەوەنەکانتان لە دژی گەلی کوردی بێتاوانمان هەڵبگرن.
بەسە ئەردۆگانی دیکتاتۆری خوێنڕێژی لەخۆبایی.. بەسە پیاوە نەخۆشەکەی تورکیا.. چارەنووسی سەدام حوسێن و مۆعەمەر قەزافی و حوسینی موبارەک و زین العابدین و، هەموو ئەو دیکتاتۆرانە لەبەرچاو بگرە.. کە گۆڕبەگۆڕکران.. چارەنووسی تۆش لەوان باشتر نابێت.