کاوسین بابەکر: باوکە سەرۆکیان دەستگیرکرد!
ئەوە دەنگی ئەو کچەبوو، کە لەنێو قەرەباڵغیەکەی بەردەم ماڵی سەرۆک سەلاحەدین دەمیرتاش لەشاری ئامەد بەوپەڕی غەمگینی و نیگەرانیەوە، بیسترا، کاتێ دەیان پۆلیسی تورک، چواردەوری ماڵەکەیان دابوو، لە بەرەبەیانی هەینی ڕێکەوتی 4 ی تشیرینی دووەم!
سەرۆکی پارتێکی گەورەی کورد کە خاوەنی 80 کورسی پەرلەمانی بوو لە هەڵبژاردەنەکانی ڕابردوو وئێستاش دوای هەڵبژاردنەوەی دووەمی پەرلەمان، سەرەڕای فشارەکانی ئەردۆغان و حزب و حکومەتەکەی 59 کورسی بەدەستهێنایەوە.
حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا مێژوویەکی تاریک و پڕ شەڕو شەرمیان بۆ توریا نوسیوەتەوە هەر لە جینۆسایدکردنی نەتەوەی ئەرمەن لەساڵی 1915 و قەتڵوعام کردنی کوردان، دوای لەخوێندا نقومکردنی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانیان، کە لە دژی زوڵمو ستەمی فاشیەکانی تورک هەگیرسابوون و لەداردانی سەرکردەکانیان.
لەدوای هاتنە سەرکاری ئۆزال کە خۆی بەکورد دەزانی و کرانەوەیەک لەسیاسەتی تورکیای هێنایە گۆڕ، بەهاندانی مام جەلال و ووڵاتە ئەوروپیەکان، کە وەک مەرجێک خستبوویانە بەردەمی بۆ ئەوەی دەرگای یەکێتی ئەوروپای لێبکەنەوە، چەند پارتێکی سیاسی کورد کە خەباتی مەدەنی و پەرلەمانیان کردبووە ئامانج سەریان هەڵدا، هەرچەند بەردەوام بەبیانووی جیاجیا پارتەکان دادەخران، ئیدیکە خێرا جێگەیان دەگرتنەوە، هەدەپە دواین پارتی گەورەی کوردە کە چەندین ئاڕاستەو ڕێکخراوی کوردو غەیرەی لەخۆدا کۆکردۆتەوەو ئاڵای خەباتی سیاسی پەرلەمانی ئاشتیخوازانەی هەڵگرتووە و بەردەوام دژایەتی کاری تووندو تیژی دەکات، ئەردۆگان دوای ئەوەی ماوەیەک تاکتیکی ئاشتی بەکار هێنا بۆ لەداوخستنی خەباتی چەکدارانەی کورد و تەسلیمکردنەوەی پێ کاکا، هەر زوو فێڵەکانی دەرکەوتن و دێوجامەکەی لێ کەوتە خوار، حەزی فاشیانەی بۆ دەستەڵاتی دیکتاتۆرانەو ژیاندنەوەی خەونی سوڵتانەکانی عوسمانی بەتەواوی بۆ هەموولایەک ئاشکرابوو، کۆدێتا سەرنەکەوتوەکەش باشترین بیانوو بوو بۆ کپکردنی دەنگی ئازادی و خستنی کۆڵەکە و پرنسیپە دێموکراسیەکان کە چەند دەیەیەک بوو لەبووژانەوەدا بوون، لەم ناوەشدا هەموو دەرگاکانی ئاشتەوایی بەرانبەر گەلی کورد داخستوو، پارتە کوردیە مەدەنیەکانیشی کردە ئامانج لەسەرویانەوە پەیەدەو بەدەپە و بەدەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی هەدەپە سەلاحەدین ویۆکساگ و دەیان پەرلەمانتاری ئەو پارتانە، وێڕای پێشێلکردنی دەستوری ووڵات دوابزماریشی لە سندوقی پرۆسەی ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانی کوردو توورک دا!
ئەم کارە قێزەونە فاشستیە، جگە لە خوڵقاندنی دۆخێکی نائارام و گرژ لەژیانی کۆمەڵایەتی تورکیا و نێوانی کورد وتورک ناڕەزاییەتیەکی گەورەشی لەئاستی ناوچەکەو دونیادا بەدواخۆیدا هێناو ووڵاتە ئەوروپیەکان، بەتایبەتی ئەڵمانیاو فەڕەنسا نیگەرانی خۆیان راگەیاند.
ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەزیادبوونی ناڕەزاییەکان دەدەن لەناو تورکیاو لەناو خودی پارتەکەی ئەردۆگانیش، لەدواین راپرسیەکاندا 55% دژی سیستەمی سەرۆکایەتین و30% لەحزبەکەی ئەردۆگان ناڕازین لە کارەکانی ئەردۆگان و هەڵپەی ئەو پیاوە بۆ تاکڕەوی.
ئەردۆگان کە مەهەپەی فاشیستیش پشتیوانی دەکات بەم کارانەی جگە لە هەڵکەندنی گۆڕێک بۆ خۆی و خەونە فاشیەکانی هیچی تری دەستناکەوێ و خەڵکی توریا لەکۆتاییدا سنورێکی بۆ دادەنێن و تورکیاش دەگەڕیتەوە سەر پرۆسەی ئاشتی و دێموکراسی، ئەمەش بەبێ کوردو پارتەکانی بەدینایەت.