جەزا ئەحمەد فارس: تورکیا بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت.
حکومەتى تورکیا لەماوەى رابردوودا هەڵمەتى گرتنى چالاکوان و ئەندامانى پارتى دیموکراتى گەلانى دەست پێکردووە بەبیانووى پەیوەندیان لەگەڵ پارتى کرێکارانى کوردستان ئەمەش واى کردووە کە ناڕەزایەتیەکان لە باکورى کوردستان دژى ئەم سیاسەتە فراوانتر بێت.
دەسەڵاتدارانى تورکیا بەدەستگیرکردنى چالاکوانانەوە نەوەستان چەندین سەرۆک شارەوانیان دەستگیر کرد، پاشان هاوسەرۆکەکانى پارتى دیموکراتى گەلان ( سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یۆکسکداغ ) و ئەندام پەرلەمانە کوردەکانى ئەم پارتەیان بە شێوەیەکى ناشارستانیانە راپێچى گرتووخانە کرد بەمەش تورکیا ئەو پەیامەى بەگوێى جیهان دا، کە تورکیا بەرەو دواوە هەنگاو ئەنێت و ناتوانێت جیاوازییەکان قبوڵ بکات.
ئەم هەنگاوەى تورکیا سەرەتاکانى شەڕى هەڵگیرساندەوە و هیواکانى بۆ ئاشتى جارێکى تر لەناوبرد و، لە سەر ئاستى نێودەوڵەتیش بەرەو ئەوە دەڕوات ببێت بە ووڵاتێکى نەخوازرا و دور دەکەوێتە لە بەدیهێنانى خەونى بوون بە ئەندام لە یەکێتى ئەوروپا.
زەنگى دەستپێکردنى شەڕ لە تورکیا لێدرا
بەدروستبوونى پارتى دیموکراتى گەلان جارێکى تر ئەو ئایدیا گەرایەوە، کە دەکرێت ئاشتى بێتە ئاراوەو خەباتى چەکدارى پێبنێتە قۆناغێکى نوێوە و ئەو کوشتارو خوێنڕێژیەى کە سەپێنرابوو بە سەر واقعى باکورى کوردستان سنور دار بکرێت و هەنگاو بەرەو چارەسەرى پرسى کورد بنرێت لەبەر ئەوەى ئەم پارتە تەنها نمایندەى کوردى نە دەکرد، بەڵکو خۆى بەنمایندەکارى سەرجەم دیموکراتى خوازەکانى تورکیا دادەنا کە کار بۆ چارەسەرکردنى پرسى کورد و کەمینەکانى تر دەکەن. بەڵام بە دەستگیرکردنى سەرانى ئەم پارتە، جارێکى تر زەنگى دەست پێکردنى شەڕ لێدرا و، واقعى تورکیا بەرەو ئەوە دەڕوات کە جارێکى تر شەڕ لەناو باکورى کوردستان دروست ببێت.
هەموو پێشهاتەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە شەڕێکى خوێناوى دروست ئەبێتەوە لە نێوان پارتى کرێکارانى کوردستان و سوپاى تورکیادا. لەحاڵەتەى بوونى شەڕدا جارێکى تر رۆحى دوژمنکارى لە نێوان کورد و تورک دروست دەبێتەوە، مەلەفى چارەسەر کردنى پرسى کورد دادەخرێت و تورکیا بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت. لەپاڵ ئەوەى کە زەنگى شەڕ لێدرا جارێکى تر شەقامەکانى باکورى کوردستان دەبنەوە بە گۆڕەپانى دەربڕینى ناڕەزایەتیەکان دژى سیاسەتەکانى حکومەتى تورکیا و ئەگەرى پێک هەڵپژان لە نێوان پۆلیسى تورکیاو خۆنیشاندەران هەیە.
تورکیا ووڵاتانى جیهان نیگەران دەکات
ئەم واقعەى کە تورکیاى پیادا تێدەپەڕێت ئەو وولاتە ئەکات بە ووڵاتێکى نەخوازرا و لە سەر ئاستى نێوەوڵەتى لە بەر ئەوەى هەر دەوڵەتێک خۆى بە دەوڵەتێکى دیموکرات بزانێت نابێت بە شێوەیەکى ناشارستانیانە نوێنەرانى گەل رابکێشێت بۆ بەندینخانەکان بەهەر بیانوویەک بێت.
وویلایەتە یەکگتووەکانى ئەمریکا و ووڵاتانى ئەوروپا بەتوندى کەوتوونەتە لۆمە کردنى تورکیا بۆ ئەم ڕەفتارانەى و ئەوەیان ڕاگەیاندوە کە نیگەرانن سەبارەت بەو رووداوى گرتى هاوسەرۆکەکانى یارتى دیموکراتى گەلان و ئەندام پەرلەمانەکانى و داواى ڕاگرتنى ئەم گرتنانە دەکەن لەبەر ئەوەى بە پێى بنەماکانى دیموکراسى پێویستە رێز لە جیاوازیەکان بگیرێت و ناکرێت نوێنەرانى گەل دوور لە بنەماکانى مافى مرۆڤ راپێچى گرتووخانە بکرێن.
بە بەردەوام بوونى تورکیا لە سەر ئەم رەفتارانەى ئەوە خەونى بوون بە ئەندام لە یەکێتى ئەو روپا لە دەست دەدات لە بەر ئەوەى ووڵاتانى ئەندام لە یەکێتى ئەوروپا هەمیشە رەخنەى ئەوەیان لە تورکیا گرتووە کە رەوشى مافى مرۆڤ لە تورکیا لە بارودۆخێکى خراپدایە و بۆ بوون بە ئەندام لە یەکێتیەکەیان پێویستە هەموو هەوڵێک بدەن بۆ باشکردنى رەوشى مافى مرۆڤ و چارەسەرکردنى پرسى کورد بە رێگەى ئاشتیانە.
پارتەکانى باشورى کوردستان یەک هەڵوێستن سەبارەت بە گرتنى سەرانى هەدەپە
لەباشورى کوردستان پەرتەوازەییەى باڵى کێشاوە بە سەر سەرجەم کایەکاندا و یەکتر قبوڵ نەکردن و هەوڵدان بۆ سڕینەوەى یەکترى بووتە سیمایەکى باو بەڵام سەبارەت بەگرتنى سەرانى هەدەپە سەرجەم لایەنەکان نارەزاییان دەربڕیوە بەشێوەى جیاجیا، ئاماژە بەوە دەکەن کە نیگەرانن لەم رەفتارەى تورکیا و دەبێت رێز لە نوێنەرەکانى خەڵک بگیرێت .
لەراستیدا هاوهەڵوێست بوونى پارتە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە گرتنى هاوسەرۆکەکانى پارتى دیموکراتى گەلان ئەو راستیە دەردەخەن لەپاڵ جیاواز بوونى دیدگاى پارتە سیاسیەکانى کوردستان ئەکرێت کە هەموان هاوهەڵوێست بن سەبارەت بە پرسى کوردو هەندێک بابەتى نەتەوەى .
لەمەى سەرە وە ئەگەینە ئەو راستیەى هەرچەند ناکۆک بین لەناوخۆدا ئەکرێت لە پێناوی پرسە نەتەوەیەکان هاوراو هاو هەڵوێست بین.