دوکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز: مێژوویه‌کی پڕ له شه‌رمه‌زاریی له خوێنههڵکێشراو!
کاتێ موسوڵمانه‌کان، هێزێکی گه‌وره‌یان پێکه‌وه‌نا و ده‌سه‌ڵاتیان په‌یداکرد، بڕیاریاندا، شاری (مه‌که) ڕزگارکه‌ن. ئه‌وه‌بوو، ساڵی (630ز.)، له‌شکرێکی گهورهیاىان ڕێکخست، (10) هه‌زار جه‌نگاوه‌ریان کۆکرده‌وه و به سه‌رکردایه‌تی په‌یامبه‌ر، به‌ره‌و (مه‌که) ڕۆیشتن و سه‌رکه‌وتن. په‌یامبه‌ر گوتی: هه‌ر که‌سێ بچێته ماڵی (ئه‌بوسوفیان)، ئه‌وا بێوهیدهبێ و گیانی ده‌پارێزرێ. ئه‌م قسه‌یه‌ی په‌یامبه‌ر، وه‌ک لێبووردنێکی گشتیی و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی وابوو، تا عه‌ره‌به بتپه‌رسته‌کان، موسوڵمانبن و خوێن نه‌ڕژێ.
په‌یامبه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ی له نییه‌ت پاکییه‌وه کرد، به‌ڵام دوایی به جۆرێکی دیکه لێکدرایه‌وه. له‌به‌رئه‌وه بنه‌ماڵه‌ی (ئه‌بوسوفیان)، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان به‌کاریانهێنا، له کۆمه‌ڵه‌که‌ی (عه‌لی) جیابوونه‌وه و لێکترازان، له ئه‌و ڕۆژهوهشهوه، یه‌که‌مین به‌ردی بناغه‌ی، ئایینزای شیعه‌گه‌رێتی دانرا.
ئه‌و ناکۆکیی و جه‌نگه خوێناوییانه‌ی، له نێوان (عه‌لی کوڕی ئه‌بوتالێب) و (معاویه‌ی کوڕی ئه‌بوسفیان)، له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سامان، پتر له (1400) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕوویاندا، ئایینه‌که‌ی به ته‌واویی دووله‌تکرد، دووبه‌ره‌کییه‌کی پڕ مه‌ترسیی و ماڵوێرانکارانه‌ی لێکه‌وته‌وه و موسوڵمانه‌کان، به هه‌زارانیان له یه‌کدی کوشت، له مێژووی ئیسلامیشدا، به ناوی هه‌ردوو ئایینزای سووننه و شیعه‌وه ناسران. ئه‌و دووبه‌ره‌کیی و ناکۆکییه، تا ئێسته‌ش، هه‌ر به‌رده‌وامه، له ئاسۆیه‌کی دوور و نزیکیشدا، هیچ ترووسکاییه‌ک نابینرێ، کۆتاییپێبێ، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌وه، ڕۆژبه‌ڕۆژ قووڵتردهبیتهوه و له‌سه‌ر زۆر شت ناکۆکن، به شێوه‌یه له دوو ئایینی جیاواز ده‌چن!
بۆ نموونه، ئه‌وڕۆ زۆر به ئاشکرا ده‌بینین، (ئێران) به هه‌موو توانا و قوورسایی دیپلۆماسیی، ڕامیاریی، سه‌ربازیی، تێکنۆلۆژیای جه‌نگ، ئابووریی، بازرگانیی، که‌لتووریی و مرۆیی خۆیه‌وه هه‌وڵده‌دا، کۆنترۆڵی نێوچه‌که به تایبه‌تیی و ووڵاته ئیسلامییه‌کان به گشتیی بکا، به هه‌ر شیوازێ بێ، ئایینزاکه‌ی خۆی، به‌سه‌ر سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌و ووڵاتانه‌دا بسه‌پێنێ. له به‌رانبه‌ریشدا، ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه سووننه‌کان به گشتیی و (توورکیا) به تایبه‌تی، به هه‌موو توانایانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن، به‌ر به ئه‌و هه‌وڵه‌ی (ئێران) بگرن و دژی ده‌وه‌ستنه‌وه.
بۆیه ده‌بینین، له ڕووبه‌رێکی فراوانی ده‌وڵه‌ته‌کانی (عیراق، یه‌مه‌ن، سووریا، لوبنان) و هێندی ده‌وڵه‌تی که‌نداویشدا، ماوه‌یه‌که، جه‌نگێکی سه‌ختی خوێناویی به‌رپابووه، (ئێران) به ئاشکرا، به‌شداریی تێدا ده‌کا، ده‌سه‌ڵاتێکی زۆر و گه‌وره‌ی، له دیارییکردنی چاره‌نووسی ئه‌و ووڵاتانه‌دا هه‌یه. ته‌نانه‌ت کار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی، هه‌ڕه‌شه له ده‌وڵه‌تێکی ده‌سه‌ڵاتداری، دۆستی به‌ره‌ی خۆراوای، خاوه‌ن نه‌وتێکی زۆری، وه‌ک (شانشینی عه‌ره‌بستانی سعودیه) بکا! ئه‌م باره ناله‌باره، له ڕه‌وشی هه‌موو (کوردستان) به گشتیی و باشووری ووڵاته‌که‌ماندا به تایبه‌تی، زۆر به زه‌قیی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه!
که‌واته، به شیوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ و ڕانه‌گه‌یه‌نراو، (کوردستان) جێی ته‌راتێنی هێزه‌کانی توورکه (عوسمانیی) و فارسه (سه‌فه‌ویی)ه‌کانه، بۆئه‌وه‌ی هه‌م کۆنترۆڵیکهن، گه‌لی کورد به ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و ڕامیارییه ڕه‌واکانی خۆی نه‌گا. هه‌م له ڕێی (کوردستان)یشه‌وه، پێگه‌ی خۆیان له ده‌وڵه‌ته‌کانی (عێراق) و (سووریا)دا قایمکه‌ن، یارمه‌تی دۆسته فه‌رمانڕه‌وا و هاوئایینزاکانیان بده‌ن. له کۆتاییشدا، ئامانجه‌کانی مانگی شیعیی به‌دیبێنن. واته، ململانێی نێوان هه‌ردوو ئیمپراتۆریای (عوسمانیی) و (سه‌فه‌ویی)، هه‌ر به‌رده‌وامه و مێژووش به خراپترین شێوه، خۆی دووباره‌ده‌کاته‌وه!
به‌پێی زانیارییه‌کانی (Wikipedia) بێ، ژماره‌ی موسوڵمانان له جیهاندا، پتر له (1.7) میلیار ده‌بێ، له ئه‌م ژماره‌یه‌ش، له (90%)ی سووننه و له (10%)شی شیعه‌ن. جگه له ئه‌و موسوڵمانانه‌ی، له ووڵاته نائیسلامییه‌کانی جیهاندا ده‌ژین، به‌شی زۆری موسوڵمانه‌کان، به‌سه‌ر (58) ده‌وڵه‌تی ئیسلامییدا دابه‌شبوون.
هه‌رچه‌نده ڕێژه‌ی شیعه له جیهاندا، زۆر که‌مه، که‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌وان له سووننه‌کان زۆر به‌هێزترن، چونکه ڕاژه‌یه‌کی زۆری ئایینزاکه‌ی خۆیان کردووه، به تایبه‌تی، ده‌رگه‌ی هه‌وڵ و توێژینه‌وه کراوه‌یه، پله ئایینییه‌کان به خوێندن وه‌رده‌گیرێ، به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وامیش، کاریان بۆ نوێکردنه‌وه‌ی ئایینزاکهیان کردووه. له (کوردستان)یشدا، ڕێژه‌ی سووننه له ڕێژه‌ی شیعه زۆرتره. به‌ڵام هه‌ستی ئایینزایی کورده شیعه‌کان، له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان به‌هێزتره!
له‌به‌رئه‌وه‌ی، هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی (ئێران) و (توورکیا)، دوو ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن ئایینزا و ئایدۆلۆژیای جیاوازن، له ڕووی ڕووبه‌ری خاک، ژماره‌ی دانیشتووان، هه‌ڵکه‌وتی جوگرافیا و جیۆپۆلێتیک، باری ئابووریی وه‌ک کشتوکاڵ، پیشه‌سازیی، بازرگانیی، سه‌رچاوه سرووستییهکانی وه‌ک ئاو، نه‌وت، گاز، هێزی سوپا، پێوه‌ندیی ڕامیاریی و دیپلۆماسیی، به دوو ده‌وڵه‌تی هه‌ره به‌هێزی نێوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست داده‌نرێن.
هه‌روه‌ها، به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌یی، ڕامیاریی، سه‌ربازیی، جوگرافیایی، جیۆپۆلێتیک، ئابووریی، ئایینزایی و که‌لتوورییه‌کانیان، وا پێویستده‌کا، کۆنترۆڵی (کوردستان) بکه‌ن، چونکه دوو به‌شی (کوردستان)یان داگیرکردووه. بۆیه ده‌بینین، هه‌رچی جووڵانه‌وه و جه‌نگێکی گه‌وره و گچکه، له نێوچه‌که‌دا ڕووبدا، به شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ یا ناڕاسته‌وخۆ، کار له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وانیش ده‌کا.
بۆ نموونه: له ئه‌و جه‌نگه به‌رفراوانه سه‌خته خوێناوییه‌ی، له نێوان هێزه‌کانی ئیسلامی رامیاریی (سووننه) و (شیعه)، له هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی (عیراق) و (سووریا) به‌رپابووه، هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌که به ئاشکرا، به‌شداریی تێدا ده‌که‌ن، ده‌سه‌ڵاتێکی زۆر و گه‌وره‌شیان، له دیارییکردنی چاره‌نووسی ئه‌و دوو ووڵاته‌دا هه‌یه. هه‌ڵبه‌ته، ئه‌م باره ناله‌باره‌ش، له ڕه‌وشی هه‌موو (کوردستان) به گشتیی و باشووری ووڵاته‌که‌ماندا به تایبه‌تی، زۆر به زه‌قیی ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه!
که‌واته، وه‌ک که‌مێ پێشتر نووسیم: به شیوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ و ڕانه‌گه‌یه‌نراو، (کوردستان) جێی ته‌راتێنی هێزه‌کانی توورکه (عوسمانیی) و فارسه (سه‌فه‌ویی)ه‌کانه، بۆئه‌وه‌ی هه‌م کۆنترۆڵیکهن، گه‌لی کورد به ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و ڕامیارییه ڕه‌واکانی خۆی نه‌گا، چونکه بنکه و باره‌گاکانی پارته ڕامیارییه‌کانی هه‌ردوو به‌شه‌که‌ی باکوور و خۆرهه‌ڵاتی (کوردستان)، له باشوورن. هه‌م له ڕێی (کوردستان)یشه‌وه، پێگه‌ی خۆیان له ده‌وڵه‌ته‌کانی (عێراق) و (سووریا)دا قایمکه‌ن، یارمه‌تی دۆسته فه‌رمانڕه‌وا و هاوئایینزاکانیان بده‌ن. له کۆتاییشدا، (توورکیا) به پشتیووانی ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه سووننه‌کان و بلۆکی (ناتۆ)، به ته‌واویی، له نێوچه‌که‌دا ڕهگداکوتێ، جێپێی خۆی قایمکا و په‌لبهاوێژێ، گرفته ڕامیارییه‌کانی نێوخۆی خۆی چاره‌سه‌رکا و هێزه‌کانی گریلای (PKK)ش له‌نێوبه‌رێ. (ئێران)یش جگه له ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ، هێزه ڕامیارییه‌کانی کورد، له خۆرهه‌ڵاتی (کوردستان) نه‌هێڵێ و کۆتایی به کێشه‌ی کورد بێنێ، ئامانجه‌کانی مانگی شیعییش به‌دیبێنێ. واته، ململانێی نێوان هه‌ردوو ئیمپراتۆریای (عوسمانیی) و (سه‌فه‌ویی)، هه‌ر به‌رده‌وامه و مێژووش، به خراپترین شێوه، خۆی دووباره‌ده‌کاته‌وه!
هه‌ر وه‌ک چۆن، په‌تای ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کیی، له نێوان هه‌ردوو ئایینزای سووننه و شیعه‌دا، مێژوویه‌کی کۆنی ڕه‌شی هه‌یه، له باشووری (کوردستان)یش، هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵی (1963)ه‌وه، ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کیی، له نیوان سه‌رکردایه‌تی (پارتی دێمۆکراتی کوردستان) و سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی چه‌کداریی (11. 09. 1961)دا سه‌ریهه‌ڵداوه.
ئه‌و ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کییه به شێوه‌یه بوو، ڕیزه‌کانی (پارتیی) و شۆڕشه‌که‌ی دووله‌تکرد، دوو باڵی جیاوازی لێکه‌وته‌وه، ئه‌و دوو باڵه‌ش، له مێژووی هاوچه‌رخی کورددا، به (مه‌لایی) و (جه‌لالیی) ناسراون. ته‌نانه‌ت کار به ئه‌وه گه‌یشت، هه‌ر له ئه‌و سه‌رده‌مه‌وه، چه‌ندین جه‌نگی خوێناویی، وه‌ک جه‌نگه کوردکوژییه‌کانی ساڵانی نێوان (1966-1970، 1977-1986 و 1995-1998)، له نێوانیاندا ڕوویدا، به هه‌زاران کوڕی کوردیان، به ناوی جیاجیاوه به کوشتدا. چونکه هیچ لایه‌کیان نه‌یانتوانی، یه‌کدی له‌نێوبه‌رن، هه‌ردوولایان به نۆره، چه‌ندین جار، له‌شکری داگیرکه‌ری ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌یان، بۆ سه‌ر یه‌کدی هێنا!
ئه‌وڕۆش، ئه‌وا پتر له (50) ساڵ، به‌سه‌ر ئه‌و دووبه‌ره‌کیی و جه‌نگه خوێناوییانه‌دا تێپه‌ڕده‌بی، که‌چی تا ئێسته‌ش، شوێنکه‌وتووانی ئه‌و دوو ڕێبازه، دڵیان له یه‌کدی پاک نه‌بووه‌ته‌وه، جێی برینه‌کانیان ساڕێژنهبوونهتهوه. له‌به‌رئه‌وه تا ئێسته‌ش، ئه‌و جه‌نگه به شێوه‌یه‌کی دیکه (جه‌نگی سارد) و به بڕوبیانووی جیاوازه‌وه، هه‌ر به‌رده‌وامه، هێزه‌کانی دوژمنی داگیرکه‌ریش، به تایبه‌تیی (توورکیا) و (ئێران)، سه‌رکرده‌ی پارته‌کان ده‌جوڵێنن و ئاگره‌که خۆشده‌که‌ن، گه‌رچی چه‌ن جارێ، ململانێ و دووبه‌ره‌کییه‌که، هێورکراونهتهوه و جه‌نگه‌که‌ی نێوانیان وه‌ستاوه، به‌ڵام هه‌ر زوو، هێڵه سووره‌کانی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ییان بهزاندووهتهوه، جه‌نگ و خوێنڕشتن، به خراپترین شیوه‌ش له جاران، دووباره‌بووه‌ته‌وه!
ئه‌وڕۆ زۆر به ئاشکرا ده‌بینین، هێندێ ده‌سی چه‌په‌ڵی دوژمنانی ده‌ره‌کیی ده‌یانه‌وێ، به‌زۆر جه‌نگه‌که زیندووکه‌نه‌وه، له‌سه‌ر حسابی ئایینده و ئاساییشی نه‌ته‌وه‌ی کورد، به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیان بهدیدبێنن و به ئامانجه گڵاوه‌کانیان بگه‌ن. واته: هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی شیعه‌ی (ئێران) و سووننه‌ی (توورکیا)، سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ن، ئاگری ئه‌م جه‌نگه کوردکوژییه خهفهکراوهی، نێوان ئه‌و دوو باڵه گه‌وره‌یه‌ی، بزووتنه‌وه‌ی نیشتمانیی کورد (مه‌لایی) و (جه‌لالیی) هه‌ڵگیرسێننه‌وه، پشکۆکانی بگه‌شێننه‌وه، سه‌رله‌نوێ جه‌نگی پۆخڵی کوردکوژیی، به خراپترین شیوه نوێبێته‌وه!
به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان، سه‌رده‌مه‌که گۆڕاوه، باری نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌وشی ڕامیاریی باشوور به تایبه‌تیی و (کوردستان)ی مه‌زن به گشتیی جیاوازه، گه‌لێ هێزی نوێی دیکه‌ی کوردستانیی (سیکیۆلار و ئیسلامیی) په‌یدابوون. ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کانی (توورکیا، ئیران، عێراق و سووریا)ش، گرفتی تایبه‌تی، ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی و ڕامیاریی خۆیان هه‌یه. کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردیش، له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆ و نێوچه‌که و جیهانیش، به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو پێشکه‌وتووه. نه‌ته‌وه‌ی کورد، هێزێکی چه‌کداری شۆڕشگێڕی ئازای خاوه‌ن ئه‌زموونی هه‌یه. له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش، پێوه‌ندییه‌کی باش و دۆستێکی زۆری هه‌یه، هه‌لێکی مێژوویی زێڕینیش، بۆ کورد هه‌ڵکه‌وتووه، تا ئامانجه نه‌ته‌وه‌یی و ڕامیارییه ڕه‌واکانی خۆی به‌دیبێنێ. له‌به‌رئه‌وه داگیرکه‌رانی (کوردستان)، به هه‌موو شیوه‌یه هه‌وڵده‌ده‌ن، ئه‌م بار و دۆخه له‌باربه‌رن و ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زیندهبهچاڵکهن!
ئه‌وڕۆ لایه‌نه‌کانی کێبڕکێکه، چ (کوردستانیی) و چ ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان گۆڕاون، ژماره‌یان زیادیکردووه، ئامانجه‌کانیان جیاوازه، سیسته‌می فه‌رمانڕه‌واییان گۆڕانکاریی به‌سه‌رداهاتووه، هاوپه‌یمانییه‌کان له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆ و نێوچه‌که و جیهانیش، وه‌ک یه‌ک نین و وه‌ک خۆیان نه‌ماون.
بۆ نموونه: گه‌ر جاران ته‌نیا (پارتی دێمۆکراتی کوردستان)، چ له باشوور و چ له‌سه‌رتاسه‌ری (کوردستان)، تاکه پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و بڕیاربهدهسبوو. شۆڕشی کورد له باشووردا، دژی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق) ده‌جه‌نگا، (ئێران) چ به نهێنیی و چ به ئاشکرا، ده‌سی له کاری نێوخۆی شۆڕشه‌که وه‌رده‌دا. شۆڕشه‌که، ماوه‌ی (14) ساڵ، له نێوان به‌رداشی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌ی (عێراق) و (ئێران)دا، له بازنه‌یه‌کی بۆشدا ده‌خولایه‌وه، پاشان هه‌ره‌سیهێنا! ئه‌وا ئه‌وڕۆ، هه‌موو هاوکێشه‌کان، به شێوه‌یه‌کی دیکه‌ن. چونکه له لایه‌که‌وه، به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌که، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، بیروباوه‌ڕی ئایینزا و ڕێبازه جیاوازه‌کان، بارودۆخێکی نوییان، به‌سه‌ر (کوردستان) و نێوچه‌کدا سه‌پاندووه. له‌به‌رئه‌وه ململانێکه به پله‌ی یه‌که‌م، له نێوان (توورکیا) و (ئێران) دایه، (عێراق) و (سووریا)ش، دوو داشی دامه‌ن، (ئێران) چۆنی بوێ، وایان هه‌ڵده‌سووڕێنێ!
هه‌ڵبه‌ته، کێشه‌ی کورد و ئایینده‌ی (کوردستان)یش، پێوه‌ندییه‌کی زۆر به‌هێزی، به ئه‌م ململانێ و جه‌نگه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌ی، ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌وه هه‌یه. هه‌ر ده‌وڵه‌تێکیش له ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌یه‌وێ، هیزه ڕامیاریی و چه‌کداره‌که‌ی کورد، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆی و دژی به‌رانبه‌ره‌که‌ی به‌کاربێنێ، وه‌ک مقاشێ وابێ و پشکۆی گه‌رمی ئاگری پێ بگرێ!
ئاشکرایه، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی (1979)، شۆڕشی گه‌لانی (ئێران) به‌رپابوو، ڕژێمی شا ڕوخا، هێزه‌کانی ئیسلامی رامیاریی شیعه، ده‌سیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرت، هه‌ر له ئه‌و کاته‌وه، نه‌خشه‌ی ڕامیاریی و ئایینزایی نێوچه‌که، هه‌ر به ته‌واویی گۆڕاوه. به تایبه‌تی، دوای ئه‌وه‌ی ڕژێمی ناسیۆنالیستیی شۆڤێنیی (به‌عس) له (عێراق) ڕوخا، هێزه‌کانی شیعه له (عێراق)، ده‌سه‌ڵاتیان وه‌رگرت، گۆرانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی، له نێوچه‌که‌دا ڕوویدا، هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی (ئێران) و (عێراق)، گه‌ر هێشتا تێکه‌ڵ نه‌بووبن، ئه‌وا زۆر له یه‌کدییه‌وه نزیکن، چاره‌نووسی ئایینزاکه و ده‌سه‌ڵاته‌که‌یان، پێکه‌وه به‌سراون. بۆیه سه‌رکرده‌کانی (ئێران)، به هه‌موو شێوه‌یه‌ک و به ئاشکرا، یارمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی (عێراق) ده‌ده‌ن، به تایبه‌تی، دژی جه‌نگی هێزه سووننییه‌کانی (داعش)، شانبه‌شانی هێزکانی (عێراق) و پێشمه‌رگه ده‌جه‌نگن!
ئه‌م باره نوێیه‌ی نێوچه‌که و ململانێی نێوان ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان له نێوچه‌که‌دا، له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پاوه‌نخوازیی سه‌ریهه‌ڵداوه، کارێکی زۆر گه‌وره‌ی، له ڕه‌وشی ڕامیاریی و نه‌ته‌وه‌یی، باشوور به تایبه‌تیی و سه‌رتاسه‌ری (کوردستان) به گشتیی کردووه. چونکه هه‌موو پارته‌کان، له نێوان هه‌ر دوو ده‌وڵه‌تی (توورکیا) و (ئێران)دا دابه‌شبوون. بۆ نموونه: (پ. ک.ک.، ی. ن. ک.، بزووتنه‌وه‌ی گۆران و کۆمه‌ڵی ئیسلامیی)، پتر له به‌ره‌ی (ئێران) و (پ. د. ک. و یه‌کگرتووی ئیسلامیی)ش، له به‌ره‌ی (توورکیا)وه نزیکن. ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ش، چ (ئێرانیی) و (توورکیی)، چ هه‌موو پارته‌کانی (کوردستان)، له زۆر شتی گرنگدا، له یه‌کدی جیاوازن، دید و بۆچوونه‌کانیان، به‌رژه‌وه‌ندیی پارته‌کانیان، فاکته‌ری جوگرافیا و جیۆپۆلێتیک، ناکۆکیی و پێشبڕکێ له‌سه‌ر ده‌سه‌لات و پاره، ئه‌و جه‌نگه‌ی ئێسته له نێوچه‌که‌دا، به‌رۆکی کوردی گرتووه، زۆر مه‌رجیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن، ناچاریاندهکهن، نه‌خشه و پلان و پیلانه‌کانی، ئه‌و ده‌وڵه‌تانه جیبهجێکهن.
شاراوه‌ش نییه، نوێنه‌ره‌کانی (ئێران)، به ئاشکرا هاتوچۆده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌و پارتانه‌ی له بازنه‌ی ئه‌واندا ده‌خولێنه‌وه، کۆده‌بنه‌وه، ڕێنماییاندهکهن و بۆچوونه‌کانی خۆیانیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن، ده‌س له کاروباری نێوخۆی هێزه‌کانی باشووری (کوردستان) و ده‌سه‌ڵاتی میریی هه‌رێم وه‌رده‌ده‌ن، بێ ئه‌وه‌ی له هیچ که‌س و لایه‌نێ بسلهمێنهوه. له به‌رانبه‌ریشدا، (پارتیی) و (یه‌کگرتوو)، باشترین پێوه‌ندییان، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی (توورکیا) و (AKP)دا هه‌یه، به‌رژه‌وه‌ندییه ڕامیاریی، ئابووریی و ئایینزاییهکانیان، به توندیی پێکیانه‌وه ده‌به‌ستێ. شاراوه‌ش نییه، ئه‌وه‌ی (عه‌لی قه‌ره‌داخیی) جاشبیری کوردزمان، بۆ (ئۆردوگان) و پارته‌که‌ی کرد، هه‌ر ئه‌وه‌یه، توورکێکی شۆڤێنیی ڕه‌گه‌زپه‌رست کردوویه‌تی!
له‌به‌رئه‌وه، ئه‌و ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کییه، ئه‌و خۆپیشاندان و ئاژاوه‌نانه‌وه‌یه، ئه‌و په‌لاماردان و توندوتیژییه‌ی ئه‌وڕۆ، له باشووری ووڵات ده‌بینرێ، هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی (توورکیا) و (ئێران) ئاگادارن و ئاشه‌که‌ش، له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان ده‌گه‌ڕێ، به تایبه‌تی (ئێران)، مه‌رجه‌کانی خۆی به‌سه‌ر لایه‌نه کوردییه‌کانی باشووردا سه‌پاندووه، ده‌سێکی باڵای، له ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کی، نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا هه‌یه، چونکه پێوه‌ندیی (پ.د.ک.) له‌گه‌ڵ (ئێران)، وه‌ک جاران نییه و شێواوه. له‌به‌رئه‌وه به هه‌موو شێوه‌یه هه‌وڵده‌دا، ئه‌و هیزانه له یه‌کدی بترازێنێ و له یه‌کدیان دوورخاته‌وه، چونکه له لایه‌که‌وه، یه‌کێتیی ڕیزه‌کانی کورد، له به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و نییه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، نه‌ک هه‌ر دژی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردییه، به‌ڵکوو هه‌وڵێکی زۆریش ده‌دا، چ ڕیزه‌کانی کورد و چ ده‌سه‌ڵاتی میریی هه‌رێم دوولهتکا، سیسته‌می دوو فه‌رمانڕه‌وایی (سوله‌یمانیی) و (هه‌ولێر) له باشووردا زیندووکاته‌وه. هه‌ڵبه‌ته ستراتیج و ئامانجی (توورکیا)ش، زۆر له ئه‌م ستراتیج و ئامانجه‌ی (ئێران)ه‌وه دوور نییه، چونکه ئه‌ویش، هه‌رگیز نایه‌وێ، کورد یه‌کگرتووبێ و (کوردستان)ێکی سه‌ربه‌خۆ دامه‌زرێ، ئه‌وه‌شیان نه‌شاردووه‌ته‌وه و چه‌ندین جار سه‌رکرده‌کانیان، دژی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردیی، له هه‌ر به‌شێکی (کوردستان)دا بێ، دید و بۆچوونی خۆیان ده‌ربڕیوه و تا سه‌ر ئێسک دژن!
به‌ڵام ئه‌وڕۆ، به ته‌واویی ڕه‌وشی نێوچه‌که گۆڕاوه، به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووریی ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌کان و کۆمپانیاکانی نه‌وت له جیهاندا، ڕۆڵێکی گرنگ ده‌بینێ. بۆ نموونه: ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم، نه‌وته‌که‌ی له ڕێی (توورکیا)وه بۆ ده‌ره‌وه ڕهوانهدهکا، ده‌سکه‌وتێکی باشی ئابووریی، بۆ ئه‌و تێدا هه‌یه. به‌ڵام (ئێران)، جگه له ئه‌و نه‌وته قاچاغه‌ی، به ته‌نکه‌ر ده‌ڕوا، له ئه‌و ده‌سکه‌وته گه‌وره‌یه بێبه‌شکراوه. جه‌نگی (داعش) دژی کورد و شیعه، پێوه‌ندیی (توورکیا) له‌گه‌ڵ (داعش)، به یه‌کجاریی، کێشه و گرفته‌کانی نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته و هه‌رێمی (کوردستان)ی ئاڵۆزکردووه.
جگه له ئه‌وه‌ی، هه‌ردوو به‌ره‌ی (ئه‌مێریکا) و (ڕووسیا)ش، هێنده‌ی دیکه، گۆمی ناکۆکییه‌کانی هه‌موو لایه‌نه‌کانی قووڵکردووه‌ته‌وه، هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌ره‌که و زلهێزه‌کانی جیهانیش، له نێوان ئه‌و دوو مێرده‌زمه گه‌وره‌یه‌ی گۆڕه‌پانی جه‌نگه‌که‌دا دابه‌شبوون. (ڕووسیا) هاوپه‌یمانییه‌کی به‌هێزی، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌کانی (چین، کۆریای باکوور، کوبا، ئێران، سووریا)دا هه‌یه. جگه له ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌ندامی (ناتۆ)، له‌گه‌ڵ (ئه‌مێریکا)دا یه‌ک به‌ره‌یان هه‌یه، ده‌وڵه‌ته به‌کرێگیراو و کۆنه‌په‌رسته‌کانی نێوچه‌که‌ش (توورکیا، سعوودیه، قه‌ته‌ر …)، به ته‌واویی، کلکیان له‌گه‌ڵ تێکه‌ڵکردووه. به‌ڵام (عێراق)، وه‌ک که‌ری نێوجۆگهکهی لێهاتووه، له نێوان ئه‌و دوو زلهێزه‌دا ده‌خولێته‌وه!
پارته‌کانی باشووری (کوردستان)یش، نه‌ک هه‌ر هیچ جۆره نه‌خشه و پلانێکیان، بۆ ئێسته و داهاتووی (کوردستان) نییه، به‌ڵکوو له نیو خۆشیاندا، ڕێک و ته‌با نین، زیاتر گوێ له ئاغاکانیان ده‌گرن، ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی، به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نه‌ته‌وه‌یی، ئاساییشی نیشتمانیی، ئایینده‌ی (کوردستان)، ئه‌م ئه‌زموونه نوێ و گرنگه‌ش، هه‌مووی به قوربانی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سکی پارتایه‌تی ده‌که‌ن. چونکه به‌سته‌ڵه‌کی ته‌می کۆنه‌قین، دڵڕه‌شیی، که‌له‌ڕه‌قیی و په‌ڕگیریی، به‌ری چاوی گرتوون، تاڵی ڕه‌ش و سپی لێک جیاناکه‌نه‌وه، داگیرکه‌ری بیانیی به دۆست و براکانی خۆشیان به دوژمن ده‌زانن. به بیانووی پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه، هه‌را و ئاژاوه‌یه‌کی نێوخۆیان ئه‌فراندووه، زۆر به ئاشکرا، شوێنپه‌نجه‌ی (ئێران)ی پێوه دیاره، * له لایه‌که‌وه، بۆئه‌وه‌ی له به‌ره‌ی (ئه‌مێریکا) و (توورکیا)ی دوورخاته‌وه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی خۆی له باشووردا، به ته‌واویی بچه‌سپێنێ، وه‌ک جاران سه‌ر به (پارتیی) نهویکا و گوێ له فه‌رمانه‌کانی بگرێ، ملی ڕێی (به‌غدا) بگرێته‌وه‌به‌ر و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌کاندا ڕێککه‌ون، تا ئه‌و مه‌ترسییه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وله‌تی شیعه‌ی (عێراق) هه‌یه، نه‌مێنێ!
به کوردیی و به کورتی، ئه‌و ناکۆکیی و ململانییه‌ی، ئه‌وڕۆ له نێوان پارته‌کانی باشووردا هه‌یه، هه‌مووی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و ناکۆکیی و ململانێیه‌یه، که له نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی (توورکیا)ی سووننه و (ئێران)ی شیعه‌دا هه‌یه، هه‌ر هه‌مان ئه‌و جه‌نگه سارد و گه‌رمه‌شه، که پتر له (500) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له نێوان هه‌ردوو ئیمپراتۆریای توورکه (عوسمانیی) و فارسه (سه‌فه‌وییه)کاندا هه‌بووه، ته‌نیا و ته‌نیاش، هه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد، زیانی لێ ده‌بینێ، گه‌ر سه‌رکرده‌ی هێز و پارته‌کان، بیرێ له ڕه‌وشی ئێسته‌ی (کوردستان) و نێوچه‌که و جیهان نه‌که‌نه‌وه، هه‌موو ناکۆکیی و بۆچوونه جیاوازه‌کانیان وهلانهنین، به یه‌کده‌نگ و به یه‌کڕه‌نگ، هه‌م به‌ڕه‌نگاری هه‌موو پێشهات و ڕووداوه خراپه‌کان ببنه‌وه، هه‌م هه‌وڵیش بۆ ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانه‌که‌مان بده‌ن. ئه‌گینا گه‌ر وا نه‌بێ، کاسه‌که هه‌ر له سه‌ری نه‌ته‌وه‌ی کورددا ده‌شکێ، داگیرکه‌ران ته‌ڕ و ووشکی ووڵاته‌که‌مان پێکه‌وه ده‌سووتێنن، هه‌موو شتێکمان لهکیسدهچی، مێژووش نه‌فه‌رت له هه‌مووان ده‌کا، چونکهگهر له‌کین، چوونیهکین!
* له ئه‌و باره‌یه‌وه، بۆ زانیاریی پتر، ته‌ماشای ڕۆژنامه‌ی (ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت)ی ڕۆژی (12. 03. 2015) بکه‌ن!