مەهدی خالید خەمبار: خەونی ئەردۆغان بە ولایەتی موسڵەوە.
ئەگەر تاریکایی مانگ لە ئێوارەدا دەربکەوێ، ئەوا خۆر لە زەردەی خەلافەتەکەی ئەردۆگانیش لە ئانوساتی دەرکەوتنیدایە، ئەوەی ئەمڕۆش بەڕێوەدەچێت تەنها بازو نیشاندانێکی نەزۆکانەیە بۆ پەردەپۆشکردنی دۆڕانە سیاسی و سەربازیەکان.
کودەتا تەمومژاوێکەی شەوی هەینی 15-07-2016، کە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی تورکیای گرتەوە بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و حیزبی دادوگەشەپێدان ( حیزبی فەزیلەی جارانی ئەربەکان ) بە تایبەتی و گەلانی تورکیا بەگشتی ڕوداوێکی مێژویی دوو لایەنە بو، بۆ ئەردۆغانیەکان داروەردانبو لە کورە هەنگ. ئیتر ئەمەیان بۆ بو بە پاساوێک بۆ ئەوەی دەستی تۆڵەو سزادانی لە هەمبەر نەیارانیان بە تەواوەتی ئاواڵە بێت و، سەرەتا کەوتنە وێزەی هەمو ئەوانەی کە دور و نزیک پەیوەندیان بە حیزبەکەی گویلەنەوە هەبو. لەبەرامبەردا ئەردۆغانیەکان بەم کارەیان فیشەکی خۆکوژیی سیاسی و سەربازیان نا بە تەپڵی سەری خۆیانەوە .
ئۆردۆغان کاراکتەری یەکەمی سینارێۆکە لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە و بە قادری قودرەت ئەو حەشاماتەی ڕژاندە سەر شەقامەکان و چەند کاتژمێرێک دوای شکستهێنانی کودەتاکە لە لێدوانێکی تەلەفیزۆنیدا ڕایگەیاند، کە ئەمەی ڕویدا بۆ ئێمە خەڵاتێکی ئیلاهیەو ئیتر لێرە بەدواوە دەستمان لە تەمبێکردنی نەیارەکانمان لە هەمو جێ کراوەدەبێت، لە سەر ئەرزیش بە پاساوی ئەندامێتیان لە حیزبەکەی فەتحوڵا گویلەن و نەیارانیتر ، ئیتر دەستیان بە گرتن و دادگاییکردنی سەدان ئەفسەری پلەباڵا و هەزاران سەرباز و پۆلیس و پیاوانی میت و مامۆستا و فەرمانبەر و خەڵکانی ئاسایی کرد ،دەرگای سەدان فێرگە و زانکۆ و پەیمانگە داخران ، دەیان دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و کەناڵی ئاسمانی و لۆکاڵی لە کارخران.ئەم هەڵمەتی گرتن و ڕاودونان و ئەشکەنجە و تۆقاندن و تیرۆری فیکریە لە سەرتاسەری تورکیادا درێژەیان هەیە و پێیناوەتەوە قۆناخێکی مەترسیدارترەوە .
دەبێت ئاک پارتی و ئۆردۆغان لە هەستیاری و ترسناکی دەستبردن بۆ قۆڵبەستکردنی شارەوانیە کوردەکان، پەڕلەمەنتارە کوردەکان و هاوسەرۆکانی هەدەپە ( سهلاحهدین دهمیرتاش و فیگهن یوكسهكداغ،) باش تێبگەن کە لای کورد یاریکردنە بە ئاگر،چونکە ئەمانە گویلەنیەکان نین، ئەمانە ژمارەن ،ئەمان تورکیا تاڵیبێت و تورشیبێت دەنگ و ڕەنگ و قورسایی خۆیان هەیە،ئەمان لە سەدان هەزارهەواداری ناوخۆیی و دۆستانی بیانیان هەیە ، ئەمانەن کە نەخشەڕێگەی ئاشتیان بۆ تورکیا داڕشتوە .
تورکەکان بە خەیاڵی ولایەتی موصڵەوە دەیانەوێت ئیمپراتۆریەتی عوسمانیمان بۆ نۆژەن و دەمەزەردبکاتەوە، بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنەوەی موصڵ و تەلەعفەر ئەردۆغانیەکان ڕۆژانە دەمانبیست کە چەند لە سەر بەشداریان لە گرتنەوەی موصڵ و تەلەعفەر سور و ڕشدبون و بە مەحاڵیان دەزانی ، پرۆسەکە بە بێ بەشداریان دەستیپێکرد و حەشدی شەعبی گەیشتنە تەلەعفەر و سوپاسش بە موصڵ، تورکەکانیش تەنها هەر توانیان فریای دورخستنەوەی هێزەکەی باشیقیان بکەون
لە سوریاشدا و لە ئازادکردنەوەی ڕەقەشدا وەک ئەوەی ئەمان خاوەن ماڵ و پەیەدە و یەپەگە و یەپەژە و هێزە دیمکراتخوازەکانیتر بیگانەبن و ڤیتۆی لە دژی بەشداریکردنی کورد نیشاندا ! لەم بەرەیەشەوە پرۆسەی گرتنەوەی ڕەقە بێبەشداری سوپای تورکیا دەستپێکرد و ئەمانیش لە دورەوە بە دوربین تەماشای هێزە کوردیەکان دەکەن کە کۆڵەگەی ئەو هێزانەیە کە بەشدارن .ئەم حیساب بۆنەکردنانەی تورکیا مانایەکی قوڵی هەیە و وردە وردە باشتر بەدەردەکەون !!
لێرەدا ئەو بومەلەرزە جیهانیەی کوردستانیان وە بیری تورکیای ئاکپارتی و توندڕەوەکانی تورک دەهێنمەوە کە کە چۆن لە شوباتی ١٩٩٩ لە ساتەوەختی دەستگیرکردن و ڕادەستکردنەوەی بەڕێزعەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکاران کە بە هاوکاری وڵاتانی ئەوروپی و چاوساخی دەیان دەزگای هەواڵگری وە بە تایبەتی مۆسادی ئیسرائیلی دەهێنمەوە کە جیهانیان توشی شۆککرد، لەناخۆی تورکیا و کوردستان و ڵاتانی ناوچەکە و جیهانیان هەژان. بەنەفەسێکی گەرمترەوە هەڵویست لە بەرامبەردەستگیرکردن و مامەڵەی دڕاندەنەکەی پۆلیسی خەلافەتی ئەردۆغان لە بەرامبەر سهلاحهدین دهمیرتاش و فیگهن یوكسهكداغ،و هەڤاڵەکانیام وەردەگرین و ئەم ڕەفتارانە دەبنە مایەی زوتر شۆڕبونەوەتان بۆ نێو زبڵدانی مێژو .