عیماد عەلی: راپرسیەکانی ئەمریکا راست دەرنەچون.
بیرکردنەوە و بارودۆخی گەلی ئەمریکا، لەسەرجەم رووەکانیەوە، بە تایبەتی سایکۆلۆجی و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریەوە، تایبەتمەندیی خۆی هەیە، کەلە زانینی مەرام و نیازی تاکی کۆمەڵگە و تەنانەت کۆی گشتی ئەو گەلەش بۆ هەر مەبەستێک بێت، بە پێی چینەکان، جیاوازیەکی گەورەی لەگەڵ بیرکردنەوە و رەفتاری تاکی کۆمەڵگایەکی تردا بە روونی دیارە . بە واتایەکی تر، وزعی ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکی ئەمریکا بە شێوەیەکی دیار بەسەر چینەکاندا دابەشبون و دەتوانرێت بە جوانی جیاوازیەکانیان دیاری بکەیت، ئەمەش بەو واتایەی کە چینی چەوساوە و ناوەراست و باڵاکان بە شێوەیەک مەودای نێوانیان دەردەکەوێت کە لە هیچ وڵاتێکی تەنانەت سەرمایەداری تریشدا بەو شێوەیە نیە، ئەمەش راستی ئەوە دەسەلمێنێت کە کۆمەڵگەی تاکە وڵاتێک گەیشتبێتە جەوهەری ژیانی سەرمایەداریانە، بە پێی زانستی قۆناغەکانی پێشکەوتن و پەرەسەندنی ئابوری و سیاسیی کۆمەڵگە، لەئەمریکادایە و لەوێدا بەرقەرارە . لەمەشدا بێگومان چینی نەدار و پرۆلیتاریای راستەقینە وەک خۆی لەوێدا دەرکەوتون .
ئەم چینەش لە هەموو بوارەکانەوە جیاوازیەکی گەورەی لەگەڵ ئەونیتردا هەیە، لە لایەنی سیفەتە ئەرێنیەکانەوە بێت یان نەرێنیەکانەوە و، لەوەشدا بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ مەسەلەیەک لە شێوەی هەڵبژاردن، تایبەتمەندی خۆیان هەیە . ئەگەر واقعی سەرجەم چینەکانیش بخوێنیتەوە، لە پەیوەندی و پابەندبون لەگەڵ دەسەڵاتەکانیاندا، ئەوەت بۆ دەردەکەوێت کە چینی ناوەراست زیاتر لە تەماسدان وەک چینەکانی خوارەوە و، لەبەرئەوەی هەژارو نەدار، واتە یرۆلیتاریا زیاتر مەشغولی باری تایبەتی و ژیان و گوزەرانی خۆیە و تەنانەت لە رووی ئاستی بەرێوەبردنی ژیانیان رێژەیەکی گەورەیان ناگەنە باروگوزەرانی پرۆلیتاریای وڵاتانی سەرمایەداری تر، بۆیە مەسەلە سیاسیەکە و بەشداریان لە ئالیەتەکان تاوەکو پێش ئەم هەڵبژاردنە و رۆژگاری ئەمرۆ زۆر کزبووە .
ئەگەر لەو روانگەوە هەڵسەنگاندنێک بۆ هۆکارەکانی هەڵەکەوتنەوەی دەرئەنجامی راپرسیەکانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی خولی چل و پێنج بکەین، کە لە نێوان هیلاری کیلنتۆن و رۆناڵد ترامپدا بەرێوەچوو، دەبینین هۆکار گەلێکی خودیی تایبەت بە چۆنێتی بەرێوەچونی پروپاگەندەو بانگەشەکان و فکر و بیرکردنەوەی چینەکان، وای کردووە زۆرینەی رەهای دەزگا زانستیەکان لەو راپرسیەدا بەهەڵەدا بکەون، بۆچی ؟
گرنگترین هۆکار، بۆ دەرنەخستنی ناخی هاوڵاتی و گیرۆدەبونی بە کێشە ژیانیەکان و قورسایی ژیانی خۆیەوە و باوەرنەبونی بەو مەسەلانەی پەیوەندیدارن بەو راپرسیانەوە هەیە لە لایەک و، نەبونی راستگۆیی و بە راستی وەڵام نەدانەوەی خەڵکە سمپڵەکە بۆ پرسیارەکانی دام و دەزگا راپرسیەکان لە لایەکی ترەوە، راستی و دروستی دەرخستنی دەرئەنجامەکانی والێکرد . لەم جارەدا چینی پرۆلیتاریا لە بژاردەی نێوان هەردوو کاندید و هەڵبژاردنیان، تا دوا ساتەکان رارابون و، ئەوەی یەکلاییش بوەوە راستیەکانی بۆ ئەو دەزگایانە وەک خۆی دەرنەخست، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار لە پێشیانەوەش :
1- بڵاوبونەوەی ترس و تۆقاندن و ناکۆکی لە نێوان خۆیاندا لەو بارەوە و دوورکەوتنەوەی خێزانە هەمە رەنگ و رەگەزجیاوازەکان بە شێوەیەکی بێ پێشینە لەیەکتر، کە بەم رێژەیە لە هەڵبژادنە پێشووەکانی تری ئەمریکادا رووی نەداوە .
2- ململانێی نێوان رەگەز و رەنگە جیاوازەکان و نیگەرانیان لە ترامپ و راوبۆچونەکانی لە لایەکەوە و پەیمانەکانی بۆ باشتر کردنی وەزعی نێوخۆیی ئەمریکا لەسەر حسابی گرنگی نەدان بە سیاسەت و تێچوەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لایەکی ترەوە، وای کردبوو تا دواساتەکانی ماوەی هەڵبژاردن خۆیان یەکلایی نەکەنەوە، ئەمەش دەزگا راپرسیەکانی خستە تەڵەی باوەربون بە زاڵبونی چینی ناورەاست و پشتب سەتن بە زانیاریە کۆنەکان لە یەکلایی بونی ولایەتەکان بۆ حزبەکان و نەخوێندنەوەی جادە بە شێوە تازەکەی و نەزانینی بری خەڵکی رارا لەو بارەوە .
3- روحی گۆرانخوازی لە نێو نەوەی تازەی چینە چەوساوەکانی ئەمریکا و ئاواتەکانیان لە سەرهەڵدانی گۆرانی گەورە لەلایەن ئەم کەڵە سەرمایەدارەوە و کاریگەری خۆی هەبوو و، لە لایەکە وە دەترسان و لە لایەکی ترەوە دڵخۆش دەبوون بە ئەگەری قازانج کردنیان لەرووی بژێوی و باروگوزەرانیان بنمیچێکەوە .
A- بەشداریکردنی رێژەیەکی باشی بێ پێشینە لە ژمارەی هاوڵاتیان لەم هەڵبژاردنەدا، کە بۆ ماوەی چەندین ساڵە لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەشدارنەبون، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو لە بەدرۆخستنەوە و هەڵەکردنی دەزگاکانی راپرسی .
B- شاردنەوە و نەدانی زانیاری و نیازی راست ودروستی لە لایەن ئەوانەی بۆ چەندین خولە دەنگیان نەداوە و بێ ئومێد بوون، لەبەر کۆمەڵێک هۆکار لەوانەش، ترس لە خەڵکە رکابەرەکانیان و ئەوانەی جیاوازن لەگەڵیاندا لە نێو کۆمەڵگەدا لە لایەک و، جیاوازی لە بۆچونی رەگەز و رەنگە جیاوازەکان لە نێو خۆیاندا لەلایەکی ترەوە، پاش ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا ناکۆکی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی گەورەتر لە نێوانیاندا روویداوە .
C- بەشداریکردنی خەڵکی لادێکان و دوورە دەست بە شێوەیەکی فراوان و بەرزبونەوەی روحی خودپەرستی و رەگەزپەرستی سپی پێستەکان لە بەرژەوەندی ترامپ کەوتەوە . کەچی دەزگاکانی راپرسی بە زۆری و لە ماوەکانی پێشودا پشتیان بە چینی ناوەراست و لە شارەکان و شوێنە نزیکەکان دەبەست و، دوور بون لە خوێندنەوەی راو بۆچون و چۆنێتی بەشداریکردنی فراوانی خەڵکی لادێ دوورە دەستەکان زیاتر لە خەڵکی ناوەندی شارەکان، ئەمەش سەرجەم هاوکێشەکانی گۆڕی و راپرسیەکانی بەدرۆ خستەوە .
ئەمانە و، جگە لە روانینی خەڵک بۆ دوو کاندیدەکەو سڵ کردنەوە لە باسکردنی زۆر لە دید و بۆچونەکانیان لەسەر هەر یەکە لەوانە و تێکەڵاوی لە نێوان مرۆڤدۆستی و رەگەزپەرستی و بیری تەسکی نوێی سەرهەڵداو، کە لەم ماوەیەدا لە نێو کۆمەڵگەی ئەمریکادا تەشەنەی کردووەو چەندەها رووداوی بەدوای خۆیدا هێناوە . لەبەرامبەردا دەزگاکانی راپرسی بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنەکانی تر مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکەدا دەکرد، بێ ئەوەی جەوهەری کاریگەریەکانی رەفتار و لێدوانەکانی ترامپ بۆ خەڵکە سادەکە بخوێننەوە و، لەبەرامبەردا، بڵاوبونەوەی خاڵە لاوازەکانی هیلاری بە پێی ئاشکرایی ژیانی سیاسی زۆرتری لە ترامپ و،لەبەردەست بونی زانیاری سیاسی وردی زیاتر لەسەر هیلاری لای سەرجەم چینەکان و هەندێک هەڵە و بە نەخۆشیەکەشیوە، لەگەڵ نارازیبون لە دەسەڵاتی ئۆباما کە بەسەر هیلاری دا شکایەوە و دەزگا راپرسیەکان گرنگیەکی ئەوتۆیان پێ نەدا، لەگەڵ نەخوێندنەوەی کاریگەری ترامپ لەسەر عەقڵ و بیری نەوەی نوێ و بەشە زۆرە بەشدارەکەی هەڵبژاردنی دوور لە شار و، گۆرینی مەیلی چینی ناوەراستیش لەمەر ئۆباما .