ئاکۆ برایم: گفتوگۆی عوسەو فەتە.
عوسە: ئەرێ فەتاح تۆلەمناڵیا لەمەتەڵ و پرسیارو شتا زۆر زیرەک بویت، ئێستاش هەروا ماویت؟
فەتاح: بەسەرى تۆ زاکیرەم زۆرباشە ئێستاش لەگەڵ ئەو هەموو قەیران و نەگبەتیەیا مونافەسەى کۆمپیوتەر ئەکەم
عوسە: دەى باشە ئەگەر زیرەکیت بزانم ئەزانیت ئەم کەسە کێ یە؟
فەتاح: فەرموو بیڵێ گوێم بۆ شل کردویت
عوسە: پیاوێکى کورتە باڵا و سورفلە
فەتاح: ئێ .. بەڵێ
عوسە: ئینجالەسیاسەتا هەرزەکارە و گوێ بەقسەى کەس نادات
فەتاح: دەى چیتر؟
عوسە: هەروابێتەوە سەرۆکى وڵاتێکیشە
فەتاح: دەى .. دەى .. خەریکە ئەیزانم
عوسە: بۆمەعلوماتى جەنابیشت، هەرچى خزم و کەس و تایەفەى خۆى هەیە کردوونى بەشت
فەتاح: لێى نزیک بوومەتەوە خەریکە شکم بۆ ئەو ئەچێت، بەس تەئکید نیم مەعلوماتى زیاترم بەرێ
عوسە: سوڵتەو دەسەڵاتى لەباوانەوە بۆ بەجێماوە
فەتاح: وەى باوکە رۆ ، زۆر ئەترسم ئەوکەسە بێت کە من گومانى لێ ئەکەم
عوسە: جا عەرزى براى خۆم بکەم، ئیمانى بەپەرلەمان و دەستاو دەستکردنى دەسەڵات نى یە
فەتاح: بەسەـ بەسەـ بێدەنگ بە، سەرمان بەفەتارە مەیە
عوسە: تۆ راوەستە با زیاتر و زۆرتر بۆت روون بکەمەوە
فەتاح: نامەوێ .. نامەوێ. سوعبەتەکە ناخۆش مەکە
عوسە: خوێنەوارى نى یە، بەکەیفى خۆى وەزیر و گزیر لائەبا
فەتاح: ئەفەنى سڵاواتى لێ بە، من ئەو سوئالە تەرک ئەکەم و جوابم پێ نییە و بڕایەوە
عوسە: ئازادى راگەیاندن و رۆژنامەنووسى لاى ئەو بڤەیە، ئەوەى بەخراپ لەسەرى بنوسێت واى لەحاڵى
فەتاح: وەک رۆژى روون لام مەعلومە باسى کێ ئەکەیت و مەبەستت کێ یە؟، بەڵام پێستیشم کەوڵ کەیت نقە ناکەم و ئەلفێک ناڵێم
عوسە: لەسەر کورسى و پۆستەکەى خەریکە جەنگى مەغڵوبە هەڵدەگیرسێت
فەتاح: کاکى خۆم رجات لێ ئەکەم ، دەستت ماچ ئەکەم، لەکورتى بیبڕەوە و پرسیاریی موحریجم لێ مەکە.
عوسە: هەروابێتەوە میللەتەکەى لەبرسا ئەمرن، لەولاشەوە خۆى و خانەوادەکەى لەکەیف و سەفا وبەزم ناکەون
فەتاح: کاکە گیان. ناماقوڵێم کرد، بیکە لەراهى خوا ئەو مەوزوعە بگۆڕە، سڵاواتى لێ بە
عوسە: بۆ.. لەبەرچى؟
فەتاح: ئەى تۆ خەریکە ماڵم کاول ئەکەیت و سەرم ئەکەیت بەقەبرى ئەژدادما
عوسە: بۆچى ماڵت کاول ئەکەم، بەشەر هەیە ئەو دیکتاتۆرە نەناسێت، وا ناوێرى ناوى بێنیت؟!
فەتاح: خەنجەرم لێ بەیت سەرو بن هەڵم واسیت، ناوى ناڵێم و ناڵێم بڕایەوە
عوسە: هەى ترسنۆک و بێ غیرەت، تۆ وا ئەزانى مەخسەدم کێ یە وا تۆقیویت؟
فەتاح: ئەى ئەگەر ئەوەى من ئەیزانم ئەو نەبێت کێ یە؟ ها دەى؟!
عوسە: هەى بەقوربانى ورەو غیرەتت بەم ئەو زاتە بەڕێزە ناوى..
فەتاح: تەواوى نەکەیت.. تەواوى نەکەیت.. باتووشى گۆڵمەزێ نەبین
عوسە: دەوەلڵاهى ئەگەر خاکیان بەتورکە بێژاوم، ئەگەر ئەنجن ئەنجنیان کردووم، ئەیڵێم و ناترسم و بڕایەوە
فەتاح: چى ئەڵێیت بەساقە، بەزەییەکت بەمناڵەکانتا بێتەوە ورد و ساوان،
عوسە: ساوان شیرە خۆرەن زەرنەقوونەتەن، جاڕ بەجەهەننەم، بەشەر یەکجار ئەمرێ، توخوا ئەگەر من و تۆ نەوێرێن ناوى دیکتاتۆرەکان بێنین، نەمان و تیاچوونمان باشتر نى یە؟
فەتاح: بەقوربانى ئەو سمێڵە قەترانییە فول بۆیاغەت بم، تۆزێ تەحەمول بکە با من دوور کەومەوە و گوێم لێ نەبێت ئەوجا ناوى بێنە.
عوسە: چى ئەبێت باببێت قیروسیا، پیاو ئەگەر نەوێرێت بەڕاستی قسە نەکات کەى بەشەرە؟. بۆیە ئەلێم: ئەو دیکتاتۆرە، ئەو پیاو کوژە، ئەو گرنگە ( کیم جۆن ئۆن) ى سەرۆکى کۆریاى باکورە.