عیماد عەلی: ئەو 10 کەسەی کوردستانیان کاول کرد.
هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان مێژوویەکی خوێناوی خۆکوژی بێ هاوتای هەیە لەم ناوچەدا .
میلەتێک بۆ زیاتر لە سەت ساڵ خەباتی بۆ رزگاری و گەیشتن بە مافێکی سەرەتایی خۆی کردبێت و هەموو هەلەکانی لەدەست دابێت، بێ ئەوەی هەنگاوێک لە گەیشتن بە ئامانجەکانی چوبێتە پێشەوە، دەبێت هۆکارەکەی چی بێت لە رووی بابەتی و خودیەوە ؟
لێرەدا باس لە هۆکارە بابەتیەکان ناکەین، لەبەر ئەوەی لای هەموو لایەک روونە و پێویست بەدوبارەکردنەوە ناکات، بەڵام ئەوەی لە رووی خودیەوە زۆرجار خۆمان لێی لادەدەین دەست خستنە سەر زامەکەیە کتومت وەک خۆی و خۆهەڵواسین بەباسکردنی لابەلایە بێ ئەوەی خۆمان لە کرۆک و جەوهەری بابەتەکە بدەین و، رەفتار و گوفتار و نەزانین و تەسکبینی و خودپەرستی و هەڵەو کەموکورتیەکانی سەرکردایەتی کورد باس بکەین و، لە رووی عاتیفەوە، ئێمەی نوسەرانی دوێنێ و ئەمرۆش بە لایەنگیری و بەرژەوەندی تەسکی خۆمانەوە مەسەلەکان دەخوێنینەوە و، خۆمان لە ئەسڵی فاکتەر و هۆکارەکانی دواکەوتویی و نەگەیشتن بە ئامانجە سەرەکیەکان لادەدەین، بە تایبەتی هەڵە و کەموکورتی هەڵەی گورچکبر و خۆدزینەوە لە بەر پرسیارێتی و بریاری نابەجێ و دەرهاویشتەی بیروفکری تەسکبینانە و نەزانی سەرکردایەتیە یەک لە دوای یەکە کاریگەرەکانی مێژوو و ئێستای سەر ساحەی سیاسی کوردستان .
لێرەداو بە پێ خوێندنەوەی کەسایەتی و کاروکردەوەی سەرکردە دیارەکان و هەڵە گەورەکانیان لە مەر سیاسەتکردن لە باری ئامانجە ستراتیجیەکانیان، دەتوانین زیاتر لە دەیانکەس دیاری بکەین، بەڵام ئەوەی هۆکاری گەورە و دروستکەری وەرچەرخانی خراپ و توشی هەڵەی کوشندە و میلەتبەزێنی کردووین، تەنها دە کەسی دەسترۆیشتوی سەرکین لە رابردووی نزیک و ئێستای کوردستانی خواروودا و، ئەوانیش بریتین لە، مەلا مەستەفای بارزانی و مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان موستەفا و مەلا بەختیار و کۆسرەت رەسول و بەرهەم ساڵح و سەلاحەدین بەهائەدین و عەلی باپیرن . بۆیە بە نەهێشتنی کاریگەری و دەسترۆیشتویی و رۆڵی ئەوانەی ماون لەم سەرکردانە، گۆرانکاریەکی ئەرێنی گەورە لە رێرەوی سیاسەت و چۆنێتی گەیشتن بە ئامانجەکانمان روودەدات، بەڵام چۆن ؟