عیماد عەلی: بۆچی بەرزانی بە رستەیەک قەناعەتی بە خەڵک نەکرد؟
ئەوەی گوێی لە وتەکانی بارزانی بێت، لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتاییەکەی، لەوەدا سەری سور دەمێنێت کە تەنها خۆی لە ئەسڵی مەسەلەکە نەدا، بەخەڵک بڵێت: ئێمە لەبەر ئەم هۆکارانە کەوتینە ئەم وەزعەوە و، کە بە شتی لاوەکی و هەندێک وشەی نادیبلۆماسی و ئاست نزمەوە خۆی خەریک کرد کە لە باورەی کەسدا نەبوو لەم وەزعە نالەبارەدا ئەم قسانە بکات.
بۆ رازیبونی خەڵکی کوردستان و زانینی حەقیقەتەکان دەبوو تەنها باسی لە دوو مەسەلەی کردبا و پیشانی خەڵکی بدابا، کە بۆچی کەیشتینە ئەم حاڵەتە قەیراناویە:….
یەکەم: کورسی سەرۆکایەتی و مەبەست و ئامانج و بینینی ئەو بۆ ئەو مەسەلەیە کە بناغەی سەرجەم کێشەکانە و لەوێوە سەرجەم ناکۆکیەکان سەریهەڵدا، نەک باسی لێوە نەکرد بەڵکو وەک ئەوەی شەرعیەتی مابێت و ئێستا ئەو سەرۆکی راستەقینەی گەل بێت، باسی لە پرۆسەی سەربەخۆیی و راپرسی و دانوستانی لەگەڵ بەغدادا کرد، بە خۆی باش دەزانێت ئەگەر سەربەخۆیی بە خەڵکی ناشەرعیش رابگەیەنرێت بە ناشەرعی لەقەڵەم دەدرێت، لەسەرجەم بوارە یاسایی و شەرعی و تەنانەت سیاسی و حزبیەکانیشەوە بە پێی پەیرەوی نێوخۆی حزبەکەی خۆیشیەوە .
دووەم: خۆی لەقەرەی وەزعی دارایی خەڵک نەدا و وەک ئەوەی ئەم میلەتە بە ئاسایی دەژیت و نە بایان دیوە و نەباران و لە مەینەتیدا نین و تەنها چاوەروانی ( سەرۆکی بەرێز دەکەن !) سەرمەشقی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی بێت و، وەک ئەوەی بۆ چەندین جارە ئەم قەوانە بۆ مەبەستی تر لێنەدادت و، ئەو ساڵەی لەبیر نەبێت، کە پەیمانی بەخەڵک دا لەبەهارەکەی دەوڵەتی کوردی رابگەیەنێت و دواتریش لەم ساڵدا بۆ دووەم جار پەیمانی دووبارەنە کردبێتەوە، بێ ئەوە هۆکاری شکستی راگەیاندنی پێشوتری رابگەیەنێت و، ئا ئەم جارەش پاش گیرخواردنی لە گۆشەی نارەزایی و گەیشتنی ئازاری خەڵک بە ئێسقان، تازە بە تازە دەیەوێت هەمان یاری پێشتر بکات و بە چەواشەکاری خەڵک بخەڵەتەنێت و بە فیززلیەوە و بەهەێک قسەوە مەگەر سایکۆلۆجی ناسان لە وەزعی تێبگەن لەکاتی قسەکردن و رەفتار و جوڵەکانیدا، باش بزانن چەند لە قەیراندا دەژێت و قسەکانی لە چ وەزعێکی سایکۆلۆجی نالەبارەوە دەکات.
باشە پرسیارەکە لەوێدایە، بۆچی بە راشکاوی قسەکانی خۆت ناکەیت و بارودۆخی کوردستان بە هەڵەکانتانەوە بۆ خەڵک روون ناکەیتەوە و هەوڵی ئەوە نادەیت سەرجەم کارەکان وەک خۆی باس بکەیت و بێ پێچ و پەنا بە هەڵەکانی دۆست و نیارەکانیشتەوە کە خەڵک لێت وەریدەگرێت و، لەم کاتەدا لەم وەزعەی کە جارێک نەچووە بچێت بە هەموتان دوای لێبوردن لە خەلچک بکەن و، ئەوەش بزانن کە میلەت دڵساف و لێبوردەیە و دەزانێت زیان لە نیوەی بگەرێتەوە قازانجە، ئەگینا حاڵی خەڵک بەرەو بارودۆخێک دەچێت پشێوی و بێ چارسەر بەرەو فەوزایەک دەچێت بە هەزاری وەک ئێوە چارەسەر نابێت و، تەنها دوژمنان نەبێت کەسی لێی قازانج ناکات و دەبێت باش بزانێت سەرجەم گوریسەکان دەبنەوە بە خوریەکەی جاران.
بۆیە باشترین رێگە چارە ئەوەیە، کە بارزانی بە خۆی تەنها لەکاتژمێرێکدا لە ژورێکی تاریکدا خۆی گۆشەگیر بکات و بە دڵسۆزی و دوور لە ململانێی حزبی تەسک و بیری پێشوەختە و رق و کینەوە بیر لەم میلەتە بەدبەختە بکباتەوە و، ئەوجا دەتوانێت قسەیەکی راست و بەسود بکات و لەگەڵ لایەنەکاندا سەرەتای راستەرێکردنی چارەسەر بدۆزنەوە، نەک بەم رەفتارو قسەو هەڵوێستە کۆنە سواوانەوە کە بەتەواوی لە دەیەکانی شەست و حەفتاکانەوە بێ خۆ گۆرین و پێشکەوتن لەسەر ئەم ریتمە دەرۆن . بۆیە ئەرکی خۆیەتی لەپێشەوەش دارودەستە و با بڵێین رلاوێژکارە عەبقەریەکانیەتی کە وشەیەکی خێر بدرکێنن و واقعەکە وەک خۆی بۆی باس بکەن . ئەوجا تەنها بە رستەیەک بە قەوڵ و فیعل، دەتوانێت قەناعەت بە خەڵک بکات کە ئەویش (ئەم وەزعە زادەی هەڵەی هەموومانە و تا لەدەست دەرنەچووە با پێکەوە چاکی بکەینەوە ) و داوای لێبوردن لەهەموو کەموکوریەکان لەخەڵک بکات، ئەگینا هیچ هەرەشەیەک دادی کەس نادات بە بارزانیشەوە.