جەزا ئەحمەد فارس: کاتى ئەوەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان شکستهێنانى سیاسەتى ئابورى سەربەخۆ ڕابگەیەنێت.
سیاسەتى ” ئابورى سەربەخۆ ” ئەو دروشمە بوو کە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان (نێچیرڤان بارزانى) هەمیشە بەکارى دەهێنا لەپێناو ئەوەى کە لایەنە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییەکان، ملکەچى سیاسەتە هەڵەکانى خۆى بکات. حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2014 ەوە بەبەردەوامى بانگەشەى ئەوە دەکات، کە کار بۆ ئەوە دەکەن کە هەرێمى کوردستان بکەنە خاوەنى ” ئابورى سەربەخۆ “، بەڵام بە داخەوە ئەم سیاسەتە شکستى هێناو هەرێمى کوردستانى توشى چەندین قەیرانکرد، کە ڕزگاربوون لێى کارێکى وا ئاسان نییە. هەروەها ئێستا کاتى ئەوەیە کە شکستهێنانى ئەم سیاسەتە ڕابگەیەنرێت.
خەڵکى هەرێمى کوردستان لەقەیرانێکى ئابورى زۆر قورسدا دەژین، ئەوانەى کە باجى ئەم قەیرانانە دەدەن بریتین لە هاوڵاتى ئاسایى، ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەو قەیرانەى روویداوە دەرئەنجامى بڕیارى هەڵەى سەرکردە سیاسییەکانە.
بڕینى بودجەى هەرێمى کوردستان لە لایەن عێراقەوە وەک دەستپێکى قەیرانەکان
کاتێک حکومەتى عێراقى فیدڕاڵ بڕیاریدا کە بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان نەنێرێت بە هۆى ئەوەى کە حکومەتى هەرێمى کوردستان پابەند نەبووە بەو ڕێکەوتنەى کە لە نێوانیاندایە، سەبارەت بەپرسى هەناردەکردنى نەوت، بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بەتایبەتى سەرۆکى حکومەتى هەرێم (نێچیرڤان بارزانى) و وەزیرى سامانە سروشتیەکان (ئاشتى هەورامى) مژدەى ئەوەیان دەدا بەخەڵکى هەرێمى کوردستان، کە ئەوان بە فرۆشتنى نەوتى هەرێمى کوردستان بە شێوەیەکى سەربەخۆ، دەتوانن هەرێمى کوردستان بکەن بە خاوەنى ” ئابورى سەربەخۆ “، ئەمەش سەرەتایەکى باش دەبێت وەک هەنگاوى یەکەم بۆ سەربەخۆى و دروستکردنى دەوڵەتى کوردى.
ئەو مژدەیەى کە وەزیرى سامانە سروشتیەکان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایانگەیاند سەبارەت بە “ئابورى سەربەخۆ “، وایکرد کە پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق، ساردیەکى بەخۆیەوە ببینێ و هەروەها هەنگاو بەرەو قۆناغێکى ئالۆزە بنێت، هەریەکەیان بەرامبەرەکەى بەوە تۆمەتبار دەکرد کە پابەندى دەستور نابن، سەرئەنجامى وایکرد خەڵکى هەرێمى کوردستان بە تەواوى بێئومێد بێت لە ناردنى بودجە لە لایەن عێراقەوەو نەبوونى رێگاچارەیەک لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ چارەسەر کردنى قەیرانە ئابورییەکان کە رووبەرووى هەرێم بوەتەوە.
بونیادى سیاسەتى ئابورى سەربەخۆو هۆکارەکانى شکستهێنانى
حکومەتى هەرێمى کوردستان دوا بەدواى ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکانى لەگەڵ حکومەتى عێراقى فیدراڵ سیاسەتى ” ئابورى سەربەخۆ” ى ڕاگەیاند.
سیاسەتى “ئابورى سەربەخۆ” لە سەر بنەماى فرۆشتنى نەوت بونیاد نرا بوو، بۆیە سیاسەتێکى هەڵەبوو، چونکە بەپێى زانستى ئابورى لە پێناو دروستکردنى ئابورییەکى بەهێز پێویستە زیاتر لە سەرچاوەیەکى داهات هەبێت، لە ڕاستیدا ئەوانەى ئەم سیاسەتەیان داڕشت لەپلە باڵاکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بوون، بەڵام دوربین نەبوون، هەروەها بە شێوەیەکى نازانستى ئەم سیاسەتەیان داڕشت، بۆیە کەوتنە هەڵەیەکى گەورەوە بە تایبەتى ئەو کاتەى ئەم سیاسەتەیان بەستەوە بە هەناردەکردنى نەوتەوە، ئەم هەڵە گەورەیان کاتێک دەرکەوت، کە نرخى نەوت دابەزى و قەیرانەکان بەرەو گەورەبوون چوون و دەرئەنجامەکانى ئەم قەیرانە بە تەواوەتى دەرکەوتن.
چونکە لەکاتى داڕشتنى سیاسەتى ستراتیژى درێژخایەن دەبوایە هەرێمى کوردستان بەجۆرێک ئاراستە بکرێت کە بۆ بنیادى ” ئابورى سەربەخۆ ” زیاتر لەسەرچاوەیەک بوونى هەبێت و شان بەشانى نەوت، چەندین سەرچاوەى تر هەیە کە بیخاتە گەڕ بۆ بە دەستهێنانى داهات، لەوانە کەرتى کشتوکاڵ. دەبوایە ئەم کەرتە پەرەى پێبدرایەو لەو چوارچێوە کلاسیکیەو دواکەوتووە نەمێنێتەوە بۆ ئەوەى ببێت بەسەرچاوەیەکى ترى داهات. بەڵام نەک بایەخى پێنەدرا، بەڵکو ئەم سێکتەرە گرنگە لە خراپترین دۆخدایە، بۆیە ناکرێت وەک سەرچاوەیەکى بە دەستهێنانى داهات لە ئەمرۆدا بەپێى پێویست سودى لێببینرێت، بەڵام ئەکرێت لە ئایندەدا بەرەو پێشەو ببرێت و ببێتە سەرچاوەیەکى گرنگى داهات لە ڕێگەى هەناردەکردنى بەرهەمە کشتوکاڵییەکانەوە بۆ دەرەو پڕکردنەوەى پێداویستى ناخۆى.
جگە لەوەى لەپاڵ سێکتەرى کشتوکاڵدا چەندین سێکتەرى تیریش هەیە لەوانە گەشت و گوزار، ئەگەر ئەم کەرتەوەک پێویست گرنگى پێبدرایە، دەکرا ئەمرۆ وەک سەرچاوەیەکى داهات سودى گرنگى هەبوایە، حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبوایە سیاسەتى ” ئابورى سەربەخۆ “ی لە سەر بنەماى ئەوە دابڕشتایە کە لەپاڵ سێکتەرى نەوت هەندێک سێکتەرى تر هەیە گەشەى پێبدرێت و بکرێتە سەرچاوەیەکى دیکەى داهات.
هەر بۆیە ئەگەر حکومەت لەپاڵ کەرتى نەوت بایەخى بە سێکتەرەکانى کشتوکاڵ و گەشت و گوزاردا، ئەوە لە کاتى رووبەرووبونەوەى دابەزینى نرخى نەوت دەکرا سود لەم دووسێکتەرە وەر بگیرێت بۆ ئەو کورتهێنانەى کە ئێستا رووبەرووى حکومەت بوەتەوە.
ئەوەى جێگەى نیگەرانیە، بریتییە لەوەى کە لەپاڵ ئەوەى ئەم سیاسەتە شکستیهێناوە، بەڵام هیچ بەرپرسێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەنییە کە شکستهێنانى ئەم سیاسەتە ڕابگەیەنێت و دان بەوەدا بنێت کە هەڵەیان کردووەلە کاتى داڕشتنى ئەم سیاسەتە بۆ بنیادنانى ” ئابورى سەربەخۆ”.
دەرئەنجامى شکستهێنانى سیاسەتى ئابورى سەربەخۆ
کاتێک ئەم سیاسەتە شکستیهێنا، هەرێمى کوردستان کەوتە ناو قەیرانێکى گەورەوە، هەر بۆیە پەناى بۆ دواخستنى موچەى فەرمانبەران و پێنەدانى موچە برد، تەنیا لە ساڵى (2015)دا حکومەتى هەرێمى کوردستان موچەى (3) مانگى موچەخۆران قەرزارە.
بۆ دەرچوون لەم قەیران، حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستی کرد بە گۆرانکارى لە سیستەمى پێدانى موچەو سیستەمى پاشەکەوتى موچەى ڕاگەیاند، لە ساڵى (2016)ەوە ئەم سیستەمە کارى پێدەکرێت و لەناو هاوڵاتییان بە (سیستەمى نیوموچە) ناسراوە، حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ڕاگەیاندنى ئەم سیستەمە ڕووبەڕووى زنجیرەیەک خۆپیشاندان و نارەزایى بویەوە لەلایەن موچە خۆرانىهەرێمەوە، ئەم هەنگاوە وایکرد حکومەت بەڵێن بدات چاو بەم سیستەمەدا بخشێنێتەوە و جارێکى تر موچەى فەرمانبەرانى حکومەت بە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانەوە دوا ناکەویت.
بەڵام تا نوسنى ئەم بابەتە، حکومەت پێداچونەوەى بە سیستەمى پێدانى موچەى فەرمانبەران نەکردبوو، سەرکەوتوو نەبوو لە پێدانى موچەکان لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا کە نزیکەى (3) مانگ لە دواوەیە.
جێبەجێ نەکردنى بەڵێنى پێداچونەوە بە سیستەمى نیو موچە و پێدانى لەکاتى خۆیدا، بێمتمانەییەکى گەورە دروستبوو لە نێوان حکومەت و موچەخۆرانداو دەنگى ناڕازى ئێستا لە هەمووشوێنێک بەرزبۆتەوە دژى ئەم حکومەتە، ئێستاش کاتى ئەوە هاتووە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بێتەسەر شاشەکان و شکستهێنانى ئەم سیاسەتە ڕابگەیەنێت و، داواى لێبوردن لە هاوڵاتیان بکات، لەپێناو ئەوەى بە هەموانەوە هەوڵى چارەسەر کردنى ئەم قەیرانە بدرێت.