عیماد عەلی: ئایا بارزانی دەرچەیەکی کردەوە بۆ چارەسەری قەیرانەکە؟
دوا پەیامی بارزانی، بە راشکاویی دەڵێت: بەرامبەر وازهێنانم لەم کورسیە لەم کاتەدا، لابردنی سەرۆکی پەرلەمانە، چ وەک دەرچون لەم قەیرانە و دیاریکردنی دەرچەیەک بۆ گرتنەبەری هەنگاوی یەکەم، کە لەگەڵ ئەوەشدا دەرچونی پارتیە لەم وەزعە بە رووسوریەوە، بێ ئەوەی حزبێک یان کەسێک زەرەر بکات، یان چ وەک خۆ رزگارکردن لەم ئاڵۆزیە زیانبەخشەی بەر هەمووان کەوتووە. ئەمەش سەرەتایەکی روونە بۆ هەموو لایەک، کە بە هەلی بزانن لەم دەرگایەوە بچنە ژوورەوە بۆ خۆقوتارکردن لەم قەیرانە قوڵە بۆ ئەوەی میلەتیش رزگاری بێت لەم ماڵوێرانی و بێنەوبەردەیە، بەڵام دەبێت هەمووان بزانن:
پاش پیشاندانی نیازپاکی و وەلامدانەوەی لایەنەکان، خەڵک لە روانگەی ئەم وەزعەی کە تێیکەوتووە، هەڵوێستی هەموو لایەک دەخوێنێتەوە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کۆی وەزعەکە دەبێت، بە باوەر بون بە ئامانج و مەبەستی لایەنەکان و کاریگەری تایبەتی لەسەر هەموویان دەبێت، لەسەرجەم رووەکانەوە بە ناو و سومعەت و جەماوەریی و سیاسیشەوە . ئەمەش بە دۆزینەوەی درەچەیەکی یاسایی بۆ هەنگاوی یەکەم مەیسەر دەبێت و، ئەوەش روون دەبێتەوە کە کێیە کەس و حزبی لاگرنگترە لە میلەتەکە و بەرژەوەندی باڵای کوردستان لەبەرچاودەگرێت یان بە پێچەوانەوە .
دانیشتن و دەرخستنی حەقیقەتەکان و رێککەوتن و وەلانانی کۆمەڵێک باس و خواسی نا پێویست لەپێناو لەبەرچاوگرتنی وەزعە زۆر هەستیار و ترسناکەکە، لە رووی کەمی کات و زۆر قورسی قۆناغەکەوە، کە ناوچەکە و عیراق و کوردستان تێیدا تێدەپەرێت، ئاسانکاریەکە بۆ سەرکەوتنی لێکنزیکبونەوەی بۆچونی لایەنەکان و دەرچون لەم ئاوە لێخنەی کە تێیدا مەلە دەکەین .
سەرکەوتنی خۆ خستنە سەر سکەی راست بە قۆناغ بەندی دەکرێت، یەکەم و سەرەتای کۆبونەوەکان شتە هەرە زەرورەکانی ئێستایە، بە کردنەوەی گرێ کوێرەی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و، بە سازانی لایەنەکان لەسەر ئەو دوو پۆستە بە پاکێجێک و خۆدوورخستنەوەیان لە درێژدادری و تەفاسیڵ، کە وەک دەڵێن شەیتان لەوێدایە، دەکرێت . لەوباورەدام کە چارەسەری عەمەلی بەم دوو خاڵە دەبێت، بەڵام بە یەک پاکێج :
1- کەسێکی ئەکادیمی و یاسایی و دیار و دڵسۆزی کوردستان و تا رادەیەکی باش خاوەن کەسایەتی و بێلایەنی پێوە دیار بێت و مەقبوڵی هەموو لایەنەکان و خەڵک بێت لە نێو ئەندامانی پەرلەماندا، بۆ ئەم قۆناغە راگوزەرەی پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ و سەرۆکی هەرێمی نوێ، هەلبژێردرێت، بە یاسایی، سەرۆکایەتیەکی سیاسی و ئاسایی و یاسایی و عاقڵانەی پەرلەمان بکات .
2- لەهەمان کاتدا کەسێکی خاوەن پێگەی تایبەتی لە کوردستان و جێگەی رەزامەندی خەڵک و لایەنەکان و بە توانا و شارەزایی و بێلایەن، بۆ ئەم ماوەیەی ماوە، تاوەکو هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی نوێ لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ دا، سەرۆکی ئینتیقالیی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی بۆشاییە سەرەکیە یاسایی و سیاسیەکە پر بکاتەوە .
ئەمەش پاڵنەرێکی گەورە دەبێت بۆ ئەوەی لەدواجاردا قەناعەتی زیاتر بە خەڵک بکرێت، کە زۆر پێویستە زۆر خاڵ و هۆکاری دواخستنی کوردستان ئەگەر بە درەنگیشەوە بێت باس بکرێت، کە بۆچی کار گەیشتە ئەم قەیرانانە و کێ هۆکاری سەرەکیە و کێ هەڵەکانی کردووە و بۆچی . ئەگەر ئەمانە لە کاتی خۆیدا بە شێوەیەکی روون دەربخرێن، بە تایبەتی قەیرانە سیاسی و داراییەکە، بوار لە دووبارە بونەوەی دەگیرێت، ئەمەش بە گفتەکۆی هەمەلایەن و قوڵ دکرێت و، بە بریاردان لەسەر دەرئەنجامی گرتنەبەری سێ رێگەی سەرەکی دەبێت و، رێگە لە دووبارە بونەوەی دەگیرێت:
1- سیستمی سیاسیی کوردستان و دەستور و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان چۆن دەبێت و چۆن لەسەر خاڵە سەرەکیە بنەرەتیە هاوبەشەکان رێک دەکەوین، کە ئەمەش بە دوو رێگە یەکلایی دەکرێتەوە:
A- لە پەرلەمان بە سازان و لێکتێگەیشتن و رێکەوتنی لایەنەکان و بریاردانی پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە و بریاری لەسەر بدرێت .
B- ئەگەر لە رایەک زیاتر هەبوو و هەموو لایەنەکان رای جیاوازیان هەبوو و نەگەیشتنە هیچ دەرئەنجامێک، دەکرێت بە راپرسی و لەلایەن خەڵکەوە یەکلایی بکرێتەوە ( ئەمەش دەتوانرێت لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی تردا ئەنجام بدرێت ) .
2- قەیرانی سیاسی و دارایی هەرێم بەچی چارەسەر دەبێت و کێ دەتوانێت ئەو ئەرکە قورسە بگرێتە ئەستۆ بۆ دیاریکردنی نەخۆشیەکە و هۆکارە نهێنیەکانی گەیشتن بەم حاڵە لە کوێن، ئایا هەڵە ستراتیجیەکان چۆن چارەسەر دەبن و رێگەی سەرەکی رێکخستنەوەی داهات و دابینکردنی پێداویستیە زەروریە هەنوکەییە بنەرەتیەکانی خەڵک چۆن دەبێت و، ئەو داهاتانەی کوردستان لە کوێن و بۆچی ئێستا لە ژێر ئەو قەرزەداین و تاوانباران چۆن بدرێنە داداگای گەل و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، بەمەش خاڵی سرینەوەی هۆکاری هەموو قەیرانێکی دوارۆژ دەگرینەبەر .
3- لەسەر ستراتیجی مامەڵە کردنی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە لەگەڵ پێشهات و گۆرانکاریەکان دا، خاڵە گشتیەکان و تاوەکو وردەکانیش دەکرێت دەستنیشان بکرێت . ئەمەش بە دیاریکردن و هەڵبژاردنی دەستەیەکی چەند کەسی لە شارەزایان و ئەکادیمی و رۆشنبیران و خەڵکانی دڵسۆز و بە توانا و پر زانیاری و خاوەن مەعریفەتی هەمەچەشن دەکرێت، کە پەرلەمان هەڵیان بژێرێت و سەرۆکی تازەی راگوزەری شەرعیی هەرێم ئیمزای لەسەر بکات .