شەنگار سابیر: موسافیرانی مێژوو _ گەڕیدەکانی ئیمرۆ، ڕامیار مەحمود وەک نمونە.
* ئەمە چاو خشاندنەوە و گەڕان نیە بەدوای سیمبولە گەڕیدەکاندا ، هێندەی دەرگیری بوونە لەتەک ماناکانی موسافیر بوونیاندا . دەکرێت ئەوەی لەسەرەتاوە موسافیرە جیایی بکەینەوە لەوەی لە پێناو شتێکدا دەبێت گەڕیدە . بەمانایەکیتر خەڵکانێک هەن لە مێژودا موسافیر بوون لە ماهیەتیاندا بوونی هەبووە، هێزێکی میتافیزیکی بەردەوام لە ئەتمۆسفێریاندا هات و چۆی کردوە و ڕێگەی ئەبەدی و قەلەندەر بوونی بۆ دیاری کردون. ئەوەی لەسەرەتاوە و لە نوتفیدا قەلەندەری و موسافیر بوون هەیە، بێشەک جیاوازی قوڵی فەلسەفی و میتافیزیکی هەیە لەوەی بڕیار دەدات لە چرکەساتێکدا ببیتە قەلەندەر و گەڕیدە.
دەکرێت لەسەرەتاوە بپرسین ، موسافیرانی مێژوو کێن؟ لە کتێبی پەیدابوونداو لە موقەدەسی ” تەورات”ـدا، ئیسماعیلی کوڕی ئەبرامی عیبریانی لەبەر ئەوەی لە کەنیزەکێکە و منداڵی ژنە راستەقینەی ئەبرام نیە، بەردەوام لەژێر هەڕەشەدایە و ترسی هەیە، ئیسماعیل راکردن لە بوونیداهەیە، ئیسماعیل بێ ڕاکردن و قەلەندەر بوون ناتوانێت بژی، ئەویش تەنها لەبەر یەک هۆکار ، کە میتافیزیکیایی ئیسماعیل لە ئەتمۆسفێری خێزانی ئیبراهیمدا شوێنی نابێتەوە. دەکرێت ئەمە وەک ڕیشەیەکی قوڵ سەیر بکەین کە ئەوەی دەبێتە موسافیر لە بنەڕەتدا نیتشیمانێکی نیە ، لە بنەڕەتدا ناتوانێت پاپەند و پەیوەستی هیچ جوگرافیایەک بێت، ناتوانێت هەڵگری ئەخلاقی هیچ خێزانێک بێت.
واتا دەکرێت ئەوە بڵێن کە موسافیرانی مێژوو تەنها لە مێژوی خۆیاندا نامێننەوە و دێنە دەرەوەی مێژوو، دێنە دەرەوەی ڕودانی کاتەکانیان، بە جۆرێکیتر هەمیشە دەرەکات و دەرەشوێنن.
** رێشەی گەڕێدەبوون و موسافیربوونی مێژووی لە ئەدەبدا ڕیشەیەکی دێرینی ترادسیۆنالیستی و پاشانین رۆمانتیکیە. سەروەختایەک لە میتۆلۆژیایی گریکدا ” پان فلوت” بریار دەدات کە ببێتە موسافیر و تا ئەبەد بە قەلەندەری بمێنێتەوە ، هۆکاری نە خوازراویەتی هۆکاری ‘ میتامۆرفیسیۆس’ـیەتی . دواجار پان فلۆتی خوداوەند هەم عەشقیە کەی لەدەست دەدات، وە بۆ ئەبەدیش ژیانی ئاسایی لەدەست دەدات و دەبێتە موسافیر.
ئەفسانەکان هەر بەمەوە ناوەستن و موسافیری موێژوویان دێتە ناو هەموو میتافیزیکیا کانەوە، دەبینین ئۆرفیۆسی لیرا ژەن و خوداوەندیش دواجار لە چرکەساتی کۆتایدا و لە ئاوەڕدانەوەی لە مەحبوبی خۆی ” ئۆردێکا ” بڕیاری موسافیر بوونی جاویدانەگی خۆی دەدات . دەکرێت بڵین ئۆرفیۆس تەنها لەبەر ئەوەی وەک مەخلوقێکی ئازاد بێتە دەرەوە لە دۆزەخ و بۆ ئەبەد موسافیر بێت ، خۆشەویستەکەی دەخاتەوە چەقی دۆزەخ.
لە هەموو قۆناغەکاندا موسافیرانی مێژوو ، کاریگەری گرنگیان هەبووە . موسافیرێک و گەردەیەکی وەک ” دۆنکیخۆت ” چەنێک کارەکتەرێکی ئەدەبیە ، هێندەش ئەو موسافیرە سەر لێشێواوەی ناو هەموومانە . یاخود قەلەندەر بوونی ” دانتی ئەلگیری” بەناو دۆزەخ و بەرزەخ و بەهەشتدا ، هیچ نیە جگە لە موسافیرێکیتر .
*** دەکرێت دیسان بەوە دەست پێبکەینەوە ” ئەدی گەڕیدەکانی ئیمڕۆ کێن “؟ هەڵبەت گەڕیدەکانی ئیمڕۆ دواجار هیچ نین جگە لە سەفەرە تەواو نەکراوەکانی موسافیرانی مێژوو، هیچ نین جگە لە درێژە پیدەری دێوانەی خوداکان و رۆحە نیتشە یەکان، بە شێکن لەو چرکەساتە تەواو نەکراوە ئۆدسیۆسیە و گەڕانەوە بۆ شوێنەکان و سەر لەنوێ ئاوارە بوونەوە لێیان. رامیار مەحمود ” ئەم گەڕیدەیەیی ئیمڕۆیە کە بەرهەمی رۆحە قەلەندەر و گەریدەکانی مێژووە. رامیاری شاعیر دواجار مرۆڤێکە لەدەرەوە یاساکانی شوێن و یاساکانی مانەوە. رەنگە شتێکی رۆمان نوسی چیکی ” میلان کۆندێرا ‘ لێرەدا بە فریام بگات کە باس لە شاعیری گەڕیدەی و ونبوو دەکات . لە یەکێک لە رۆمانەکانیدا پاڵەوانێکی شاعیری هەیە کە نمونەی سەرکەوتویی هەموو شاعیرە دێوانەو موسافیرەکانە ، بە جۆرێک لە جۆرەکان کۆندێرا دەڵێت: جارومل ” دواجار رامبۆیە دواجار ڤالێریە دواجار گۆتییە. بەڵام جاروملی کۆندێرا دواجار پریشکێکیشی بەر ” رامیار مەحمود ” دەکەوێت. ئەم شاعیرەی ئێمە کاک رامیار دواجار دەبێت موسافیر بێت تا بنوسێت، دەبێت دێوانە و مەست بێت تا لە وونبوی نیتشەویانەی خۆیدا قسەبکات. ئەگەر قەدەری ‘ عیسۆ “ـی کوڕی ئیسحاق دێوانە بوون و دەشتەکی بوونە لە شاخەکاندا، ئەوا قەدەری کاک رامیار دێوانە بوون و گەریدە بوونە لە شارەکاندا. ئەگەر وابڕیارە ” جۆزێف ک ‘ـی فرانز کافکا لە شوێنێکدا ببێتە گەریدە و قەلەندەر بۆ دۆزینەوە ” کۆشک “، ئەوا بێشەک بڕیارە رامیار لە ناو خۆیدا و لە پەنهانی نۆمینۆلۆجیایی خۆیدا موسافیرێکی ئەبەدی بێت بۆ دۆزینەوەی ” کۆشکەکەی ناو خۆی ‘.
دواجار دەبێت ئەوە بڵێن کاک رامیار گەڕیدەی سەردەمەکەی خۆیەتی، شاعیری رەسەنی سەردەمەکەی خۆیەتی، مەستێکێ ئەبەدی و دێوانی بەردەم پۆرترێتەکەی نیتشە و ئیلهامە دیۆنۆزیسیەکەی خۆیەتی.