دکتۆر سالار باسیره: بەهەرێم ( کانتۆن ) کردنی پارێزگاکانی باشوری کوردستان لە ناو یەکێتییەکی نەتەوەییو نیشتیمانیدا.
ناوەڕۆک
• پێشەكی
• ئەم پڕۆژەیە بۆچی؟
• سودەکانی ئەم فرە هەرێمیە (کانتۆنیە) فیدرالیە
• پارێزگای سلێمانی وەک نمونە
• باری ئابوری پارێزگای سلێمانی بۆ بوون بە هەرێم (کانتۆن)
• ئەزمونی سویسرا
• مۆدێلی بهلجیكا
• ڕێگری یاسایی نیە بۆ بە هەرێم بوونی پارێزگاکانی باشوری کوردستان
• دەستوری عێراق (ماددەی 119)
• فیدرالی بۆ عێراق، مەرکەزیەت بۆ کوردستان
• سیستەمە سیاسیە لامەرکەزیەکان
پێشەكی
ئهو دنیابینیه خۆسهپێنهی كه لهپشت ویستی دهسهڵاته بۆ حوكمو بهڕێوهبردنێكی مهركهزی دهمێكه بۆته ستراتیژێكی سیاسییو تائێستاش، ئهگهرچی له رواڵهتدا پهرلهمانو حكومهتێكی یهكگرتووی ههرێمیی ههیه، بهڵام بهكردارو له بنهڕهتدا پرۆسهی بهڕێوهبردن و ئیدارهدانی ههرێمی كوردستان دابهشبوونه ئیدارییهكهی سهردهمی شهڕی ناوخۆی وهك خۆی هێشتۆتهوه، ههڵبهت ئهو پرۆسه دابهشكارییهی شهڕی ناوخۆ ئەو راستیەی یهكلاییكردهوه، ئێستاش بهچهشنێكی تر درێژهی پێدهدرێ.
لهژێر رۆشنایی ئهو راستییهو وهك پێویستییهكی ژیارییو سیاسییو كۆمهڵایهتیو ئابووری و ئیداری، ههروهك بهشێك له ئهزموونی پهیڕهوكراوی جیهانییو چارهسهرێكی لۆژێكیی، دهشێت ئهگهرهكانی به (كانتۆن) كردنی ـ فیدرالی سهربهخۆ، وهك ئهگهرێكی پێویست له كوردستان و بۆ پارێزگاكان پهیڕهو بكرێت، بهتایبهت لهدۆخێكدا، كه قۆناغی دابهشكاریی ئیداری، بهتهنها نهبۆته هۆی دابهشكردنی كوردستان لهروویی كارگێڕییهوه، بهڵكو هاوكات دنیابینی سیاسیو كۆمهڵایهتیو ئابوریشی لهگهڵ خۆیدا دابهشكردووهو ههریهك خستنهوهیهك له چوارچێوهی ئهو مۆدێله شكستخواردووهی ئێستا جگه له قهیرانی سیاسییو ئابووریی هیچی تری لێناكهوێتهوه، ههربۆیهش بهههرێم كردنی (سلێمانی)، (ههولێر)، (ههڵهبجه)، (دهۆك) دهشێت لهو چارهسهرییه نوێیهی له ئهزموونی وڵاتان سهركهوتنی هێناوه بكرێنه كانتۆنی سهربهخۆ، له راستیدا ئهو مۆدێله بۆ پارێزگای كهركوكیش ههر راستهو لیرەدا دەكریت و بۆ رەوینەوەی هەندیك ترس و بیركردنەوەی سیاسیش كەركوك و سلیمانی ، یان هەلەبجەش لەكەلیدا بكریتە هەریمیكی سەربەخۆ ، و پایتەختی هەریمەكه ش كەركوك یان سلیمانی بیت.
هەروەها دەكرێ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بكرێتە یەك هەرێم ، هەرچەندە ئەوە بە هۆی واقیعە جیاوازەكانی نێوان ئەم دوو پارێزگایە بە دوور دەزانرێت.
ئهو فره ههرێمییهش بێگومان لهناو جوگرافیایهكی (فیدراسیۆنێكی) سهربهخۆی كوردستان، تهنانهت له ئایندهدا لهناو دهوڵهتێكی كوردیدا، كه خواستێكی ریالیستانهی نهتهوهی كورده، مۆدێلێك بێ ئهوهی كاریگهریی خراب لهسهر یهكێتیو ههستی نهتهوهییو نشتیمانی دروست بكات.
لهراستیشدا بۆ ئهوهی خوێندنهوهیهكی جددیو بهجێ لهبهرامبهر ئهگهرهكانی سهركهوتنی ئهو ئهزموونه بكرێت، دهبێت لهبنهڕهتهوه لهسهر ئهزموونی دیكهی وڵاتان قسه بكرێت، ئهو ئهزموونانهی كۆمهڵگهی فره چهشنو جوگرافیای جیاوازیان لهقۆناغێكهوه بۆ قۆناغێكی گرنگترو گهورهتر وهرگۆڕیووه.
ئەم پرۆژەیە بۆچی؟
قهیرانه كهڵهكهبو و ههمهچهشنهكانی ههرێمی كوردستان لهماوهی بیستو پینج ساڵی رابردوودا، نهك ههر ئاسۆی چارهسهرییان بهو شێوه دابهشبوونو بهڕێوهبردنه نییه، بهڵكو رۆژ بهرۆژ تادێت قهیرانهكان ئاڵۆزتر دهبنو بهرهنجامی ئهو قهیرانانهش دابهشبوونو سنووره دهستكرده سیاسییهكه گهورهتر دهكهن. لای هەندیك دهستبردن بۆ دابهشكردنێكی كارگێڕیانهی ههرێم لهسهر بنهمای لامهركهزیهت و بهكانتۆكردنی پارێزگاكان وهك مهترسی دابهشكردنی كوردستان لێك دەدرێتهوه، لهكاتێكدا ئهوهی سیاسهت و سیاسییهكان لهرابردوو و ئێستادا دابهشیانكردووهو دابهشی دهكهن، ئهو پرۆژهو دنیابینیه بۆ به كانتۆكردنی پاریزگاكان جارێكی تر پرۆسهی یهكخستنهوهی كوردستان لهچوارچێوهی فیدراسیۆنێكی نهتهوهیی راستهقینهدا دروست دەكات. ئهوه سهرباری سووده سیاسییو نهتهوهییهكانی، لهروی كارگێڕییو ئابوریشهوه، چیتر هاوڵاتیو هاونشتیمانی باجی ئهو قهیرانه سیاسییه دروستكراوانه نادهن، كه له بنهڕهتهوه هۆكهی له دابهشبوونه سیاسییو دوو ئیدارهیهكهوه سهرچاوهی گرتووه. خۆئەگەر وەک واقیع بۆی بڕوانین هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەیە. هەروەک ئەوەی دوو هەرێمی جیاواز بێت لەیەکتر هەرچەندە بە ناوی یەک پەڕلەمانو یەک حکومەتی هاوبەشەوە قسەدەکرێ.
بادینان (پارێزگای دهۆک) بە کردەوە لە لایەن پارتیەوە مامەڵەی هەرێمێکی سەربەخۆی لەگەڵدا دەکرێو هەموو شتێکی لە سۆران جودایە تەنانەت ئاڵوگۆڕی نوسین لە نێوان دائیرەکانیداو خوێندنی قوتابخانە لە بادینان بە زاراوەی بادینیە، کەواتە لێرەدا خاوەنی زمانێکی ستانداریش نین بۆ تەواوی هەرێمی (باشوری) کوردستان.
سودەکانی ئەم فرە هەرێمیە (کانتۆنیە) فیدرالیە:
1) دەبێتە هۆی دابەشبوونی دەسەلاتو ڕێگر دەبێت لە چڕبوونەوەی دەسەلاتو مەرکەزیەت لە دەستی لایەنێکدا.
2) فیدرالیەتو فرە هەرێمیی وەک خۆی دەبێتە بەهێزکردنی دیموکراسیەتو سەقامگیریی سیستەمی سیاسیو کەمکردنەوەی گەندەڵی بەلام دیموکراسیەتو سەقامگیریی مەرجی پێشوەختیشن بۆ دروستبوونی سیستەمێکی فیدرالی لامەرکەزی تەندروست.
3) سودێکی تری ئەم فرەهەرێمیە دروستبونی کێبرکێیە لە نێوان هەرێمەکان (کانتۆنەکان)و بە ڕوونی دەردەکەوێت کام لا توانیویەتی بوارە جیاوازەکانی ژیان ببوژێنێتەوەو ببێتە مۆدێلێکی باشتری حوکمرانی بۆ هەرێمەکەی (کانتۆنەکەی) خۆی.
4) دەبێتە هۆی ئاسانکردنی بەشداری سیاسی هاولاتیان. هەروەها بەرێوەبردنی هەرێمەکە لەلایەن خەلکی ناوچەکە خۆیەوە ئەنجام بدرێ کە لە ڕووی کەلتوریو کۆمەلایەتیو سیاسیەوە نزیکە لێوەی.
5) خەلکی ناوچەکە باشتر ئاشنان بە کەلتورو سیاسیەکانی ناوچەکەی خۆیان وەک لەوەی کە ئاشنا نین بۆنمونە ناوچەی سلێمانیو هەلەبجە بەوانەی دهۆکو بادینانو هەروەها بە پێچەوانەشەوە. دیاردەیەکی خراپ بەلام لە ئەنجامی ئەقڵی دەسەلاتی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە خوڵقێندراوە.
6) بۆنمونە پارێزگای سلێمانی دەبێتە هەرێمێکی سەربەخۆو دەبێتە خاوەن پەڕلەمانێکی هەلبژێردراوی خۆیو حکومەتی هەرێمی خۆی بە وەزارەتە پێویستیە هەرێمیەکانیەوە.
7) لەم شێوازی سیستەمەدا دابینکردنی لامەرکەزی بۆ شارۆچکەو ناحیەو قەزاکان لەچوار چێوەی ئەو کانتۆنەدا (هەرێمەدا) بەپیی سیستەمی لامەرکەزی فیدرالی.
8) هەر هەرێمە (كانتۆنە) توانای بەسەر ئیدارەکەی خۆیدا باشتر دەشکێتو کاری دانیشتوان خێراتر بەڕێوەدەچێتو کێشەو پێداویستیەکان (ئابوری، کۆمەلایەتی، ئیداری، پەروەردە، ژینگە..) باشتر دەبینرێن.
9) هاولاتیان دەتوانن بەهۆی کورتی رێگاکان لەم سیستەمی فرە هەرێمیە فیدرالیەی کوردستان زووتر پەیوەندی بە سیاسەتمەدارو دامودەزگاکانەوە بکەنو لە پڕۆسەی سیاسی زۆرتردا بەشداربن، هەروەها ڕێگای فشاری جەماوەرییش کورتترو کاریگەرتر دەبێت. دیاردەیەک دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی زۆرێک لە گرفتەکان.
10) ئەو تۆمەتبار کردنانەش کە هەن لە نێوان هەولێرو سلێمانیدا کەمتر دەبنەوەو ئەو کات دەردەکەوێ حیزبەکانی ناو ئەو هەرێمە تاچەند توانای دروستکردنی سیستەمێکی سیاسیو هەرێمایەتیو ئیداریی کارای هەیە بۆ چارەسەری کیشەکانی هاولاتیانی ناو هەرێمەکەی.
1) لەم سیستەمی فرەهەرێمیە (فرە کانتۆنیە) فیدرالیە لامەرکەزیەدا مەترسی لایەنێک بۆ سەر ئەوەی تر کەمە.
12) لەم سیستەمەدا هەریمەكان هەمان ئەو دەزگایانەیان هەیە وەک ئەوانەی لە دەوڵەتی ئیتحاد هەن (پەڕلەمان، حکومەت، دادوەری… تاد). هەلبژێردەر بە پێی بڕیاری پەڕلەمان هەر چوار ساڵ جارێک، لەناو ئەو هەرێمەی تێیدا تۆمار کراوە پەڕلەمانی هەرێمەکەی خۆی هەڵدەبژێرێتو هەروەها توانای چاودێری كردنی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانیشدا ئاسانتر دەبیتو خوێندنەوەی باشتری بۆ دەکرێت.
13) حیزبە سیاسیەکانی ناو هەرێمەکان (کانتۆنەکان) دەتوانن چۆنایەتی
سەرکردەبوون لە هەرێمەکانیاندا تاقیبکەنەوەو بەم هۆیەوە دەتوانن مومارەسەی سیاسەت لەسەر ئاستی “ناوەند” بەرز بکەنەوە وەک ئەو پێکهاتە سیاسیە جیاوازانەی هەرێمی کوردستان ئێستە لە بەغدا پیادەی دەکەن. بۆ کورد لە باشوری کوردستان پیادەکردنی فەرمانڕەوایی سیاسیو مامەڵەکردن لەگەڵ سیستەمی سیاسی لەسەر ئاستی هەرێم ئەزمونێکی گرنگە بۆ مامەلەکردن لەگەل دەوڵەتی ئیتحادیدا، یان لە دواڕۆژدا لەگەڵ ئەنجومەنی فیدرالی عێراق (ئەنجومەنی هەرێمەکان) هەروەها ڕۆژگارێک لە دەوڵەتێکی کوردیدا.
14) لەوانەیە زۆرێک لە کێشمەکێشی ناو ئەنجومەنی پارێزگاکانیش بەم رێگایەوە کەم بێتەوە.
15) بە پێی ئەزمونی دەوڵەتە فیدرالیەکان، هەرێمەکان یان کانتۆنەکان بۆیان هەیە بە پێی پێویستی هەرێمەکەیان هەندێک یاسا دەربکەن گونجاو لەگەڵ دانیشتوانی هەرێمەکەی خۆیدا، بۆنمونە لەسەر ئاستی پەروەردەو خوێندنی بالا.
16) ئەم مۆدیلە کێشمەکێشی بودجەو نەوتو وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دەکرێ کەمبکاتەوە لەوەدا بۆنمونە هەرێمی تازە دروستبووی سلێمانی بودجەی خۆی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای بەغداوە بۆ دێتو هەریم داهات و خەرجیەكانی دەخاتە روو .. ڕێگایەک بۆ ڕزگار بوون لەو کێشمەکێشانەی پارتی لەگەڵ بەغدا دروستی کردوون بە ناوی حکومەتی هەرێمەوە بە تایبەت پرسی نەوت. هەرێمە (کانتۆنە) نوێکە دەتوانێت مامەلە لەگەڵ سامانە سروشتیەکانی ناو هەرێمەکەی خۆی بکات بە پێی یاسا فیدرالیەکانی ناوەند. ڕزگار بونێکیش دەبێت لەو تۆمەتانەی ئێستە لە نێوان هەولێرو سلێمانیدا هەیە بەرامبەر بە پەراوێز خستنی پارێزگای سلێمانی.
17) لێرەدا دەبێت سەرجەم حیزبە سیاسیەکان توانای سیاسیو جەماوەریی خۆیان لە ناو ئەو هەرێمەدا تاقی بکەنەوە بە حیزبە گەورەو بچوکەکانیشەوەو کۆتایی هێنانیکیش بێت بە حیزبەکانی سێبەر.
18) هەر هەرێمە مامەڵەی خۆی لەگەل ئێتنیکو کەمایەتیە کەلتوریو ئاینیەکانی ناو هەرێمەکەی خۆی دەکات لە پێدانو ڕێکخستنی مافەکانیان و ئەوەش بەپیی یاسا ریك دەخات.
19) هەرێمی (کانتۆنە) نوێكان ، بۆنمونە سلێمانیو هەڵەبجە سیستەمی سەرۆکایەتی لابەرێتو دەسەلاتەکان بەسەر پەڕلەمانو حکومەتدا دابەش بکات.
پارێزگای سلێمانی وەک نمونە
سەبارەت بە هەرێم (کانتۆن) بوونی پارێزگاکانی هەرێم پێویستە پەنا بۆ ڕێکارە مەدەنیو یاساییەکان ببرێت ئەویش وەک هەنگاوی یەکەم بە رێگای ئەنجومەنی پارێزگاوە بە پێی یاسا نوسراوەکانی دەستوری عێراقی. ڕێگایەک بۆ بە دەست هێنانی ئارامیو ئاشتیو دادپەروەری کۆمەلایەتیو ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگاکە و پارێزگای سلێمانیش سوودمەند دەبێت لەم بیرۆکەیە. بەم ڕێگایەوە دەکرێ مەترسی شەڕی ناوخۆش دوور بخرێتەوەو بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، و هەڕەشەی لایەنێکی تر بۆ سەری دەکرێ پەڕلەمانو حکومەتی هەرێمی سلێمانی، یان هەریمە نوێکان بڕیاری خۆی بەرامبەری دەربکات وەک ئۆرگانێکی یاساییو دەستوریی وشەرعیەتی یاساییو جەماوەریی بدات بە خۆی بۆ هەر بەرگریکردنێک لە بەرژەوەندی هەرێمەکەی.
هەر پارێزگایەک دەتوانێت ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ. ئەم مافە لەماددەی 115ی دەستوری عێراقدا هاتوەو دەلێت: “هەر پارێزگایەک یان زیاتر مافیان هەیە هەرێمێک پێکبێنن لەسەر داوایەک کە ڕاپرسی لەسەر بکرێت، بە یەکێک لەم دوو رێگایانە پێشکەش دەکرێت:
یەکەم: داوایەک لەسێ یەکی ئەندامانی هەر ئەنجومەنێک لە ئەنجومەنەکانی ئەو پارێزگایانەی دەیانەوێت هەرێم پێک بهێنن.
دووەم: داوایەک لە دەیەکی (1/10)ی دەنگدەران لەو پارێزگایانەی دەیانەوێ هەرێم پێک بهێنن. دواتر لە ڕاپرسیەکداو بەپێی دەستور دەکرێ ئەم داوایە ببێتە واقع. پارێزگای سلێمانیو…هتد. دەتوانن سوودمەند بن لەم یاسا نوسراوەی پەڕلەمانی ئیتحاد کە کورد خۆشی دەنگی پێداوە.
ئەوە ڕەفتاری چەوتی حیزبە کوردیەکانە بەرامبەر بە کەرکوک بووە هۆی دروستبوونی بیرۆکەی هەرێمی سەربەخۆ لای کەرکوکیەکانیش.
باری ئابوری پارێزگای سلێمانی بۆ بوون بە هەرێم (كانتۆن)
لە راپۆرتێکی تایبەتی ڕێکخراوی دۆر سەبارەت بە نەوتو گازی پارێزگای سلێمانی کە لە مسای 2015 بلاوکراوەتەوە، هاتوە: پارێزگای سلێمانی خاوەنی 70% ی نەوتی هەرێمەو 15% یەدەگی نەوتی عێراقە. دوەم پارێزگای عێراقە دوای بەسرە لە ڕووی یەدەگی نەوت و گازی سروشتیو بەشێکی زۆری ئەم ڕێژەیە دەکەوێتە ناوچەی گەرمیان. کەواتە پارێزگای سلێمانی لە ڕووی ئابوریشەوە، نەوت و بواری کشتوکالو پیشەسازی محەلیو .. تاد. لە توانایدایە کێشە ئابوریو داراییەکانی خۆی چارەسەر بکاتو دانیشتوانی هەرێمەکەی خۆی خۆش گوزەران بکات ئەگەر دادپەروەرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێتو خاوەنی سیستەمێکی سیاسیو ئابوری ئەقلانی بێت.
پاریزگای سلێمانی پەراوێز خراوە هەروەک پارێزگاکانی بەسرەو ئەنبار هەربۆیە کاردانەوەکانیش لای ئەمانە بەهێزە بۆ دروستبوونی هەرێمی سەربەخۆ.
ئەزمونی سویسرا
سویسرا کە لەچەندین نەتەوەو ئێتنیک پێکهاتوە خاوەنی 26 کانتۆنە (شەشیان نیو کانتۆنە). زۆرینەی دانیشتوانی سویسرا لە ناوچەی زمان ئەڵمانەکان دەژی کە شارو شارۆچکەکانی دابەشکراوە بەسەر 18 کانتۆندا (هەرێمدا، خۆبەرێوەبەریدا). وەک ئەوە وایە بوترێ پارێزگاکانی باشوری کوردستانو شارۆچکەکانی وەک گەرمیان (كەلارو کفری)، ڕانیەو کۆیەو قەلادزەو چەمچەمالو سۆرانو زاخۆو ..تاد. لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا کە فیدرالیزمی کردۆتە دروشمی خۆی بەسەر کۆمەلێک کانتۆندا دابەش بکرێتو ئیدارەو خۆبەرێوەبەری لامەرکەزیو بودجەی خۆیان هەبێت بێئەوەی کاریگەریی لەسەر كورتهینانی هەست و هوشیاری نەتەوەییو نیشتیمانی هەبێت، باشترین مۆدێل بۆ ئیدارەو چارەسەری کێشەکانیان کە خۆیان باشتر لێی تێدەگەنو ڕێگا بیرۆکراتیەکانیش کورت دەکاتەوە.
دانیشتوانی هەرێمی (کانتۆن)ی Zürich بریتیە لە ملیۆنو نیوێک بەلام کانتۆنی Uri دانیشتوانەکەی بریتیە لە 35.000 کەسو هەردوکیشیان کانتۆنی سەربەخۆنو سیستەمەکەش دەڕوات بە ڕێگاوە. ڕێژەی کەمە نەتەوەو ئاینی ریتۆڕۆمانیش کە دەکاتە 0،5% ی دانیشتوانی سویسرا بچوکترین گروپی زمانی سویسریە (وەک تورکومانو مەسیحیەکان لە عێراقو لە کوردستان) بەلام خاوەنی ئاوتۆنۆمی کەلتوریی خۆیانن.
پەڕلەمانەکانی کانتۆنەکان كە ژمارەی ئەندامەکانی لە نێوان 49- 180 یە ، بە پێی ژمارەی دانیشتوانی دیاری دەکرێت. ئەمانە ئاسایی لەلایەن گەلەوە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەلام لە کانتۆنەکانی Freiburg und Waadt بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵدەبژێردرێن.
لەم تێڕوانینەوە دەکرێ ژمارەی ئەندام پەڕلەمانەکانی کانتۆنی (ئیدارەی) سلێمانی، هەولێرو دهۆک یان هەڵەبجە دیاری بکرێت. حکومەت بەرپرسە لە جێبەجێکردنی یاساکان. ئەو یاسایانەی کە پەڕلەمانو گەل بریاریان لەسەر داوە.
هەرێمەكانی (كانتۆنەكانی) سویسرا
مۆدێلی بهلجیكا:
بەلجیکا دەوڵەتێکی فیدرالیو فرەنەتەوەیەو لە دوو فیدراسیۆنی هۆلەندی زمانو فەرەنسی زمان پێکهاتوە کە بریتین لە ناوچەی فلاندەرن (هۆڵەندی زمان) و سنوریان بە هۆڵەنداوە هەیە. ناوچەی ڤالۆن (فەرەنسی زمان)، سنوریان بە فەرەنساوەیە. هەر فیدراسیۆنێکیش لەم دووانە پێنج پارێزگای هەیەو کراون بە پێنج هەرێمی سەربەخۆ لە ناو فیدراسیۆنە یەک نەتەوەییەکەدا، لەناو دەولەتێکی ئیتحادی بەلجیکادا.
بەم جۆرە دەکرێ باشوری کوردستانیش، لانی کەم لەم دۆخەی ئێستەدا هەرێمی کوردستان بکرێتە فیدراسیۆنێکی کوردیو لەناو ئەم فیدراسیۆنەدا پارێزگاکانی بکرێنە هەرێم یان کانتۆنی سەربەخۆ. ئەڵمان زمانەکان لە بەلجیکا لە ناوچەیەکی ئاوتۆنۆم ئەژینو سنوریان بە ئەڵمانیاوە هەیە، بەلام وەک هەرێمێکی تایبەت دیارینەکراوەو بە “کۆمەڵەی زمان ئەڵمانەکان” ناودەبرێن. ژمارەیان تەنیا 76 هەزار کەسەو لە ناوچەیەکی جوگرافی بچوکدا دەژین لە ڕوبەرێکی 854 کم دوجا. ژمارەی پەڕلەمانتارەکانی بریتیە لە 25 و حکومەتیش لە 4 وەزیر پێکهاتوە. ئەم ناوچەیە هەتا دوای جەنگی یەکەمی جیهانی سەر بە بەلجیکا نەبوو، بەلکو سەر بە ئیمپراتۆریەتی ئەلمانیا بوو. دیارە فاکتەری ژمارەی دانیشتوانو بچوکی شوێنە جوگرافیەکەیان هۆیەکە کە بەناوچەی چوارەمی بەلجیکا ناونەبراوە. رێژەی دانیشتوانی بە بەراورد بەدانیشتوانی سەرجەم بەلجیکا 1% کەمترە بەلام خاوەنی پیادەکردنی مافەکانی خۆیەتی. ئەزمونی ئەم کەمایەتیەی بەلجیکا دەشێت وەک مۆدێلێک وەربگیرێت بۆ تورکمانو مەسیحیو ئێزیدیو ههموو ئاینو ئاینزاو پێكهاته ئیتنییهكانی تری عێراق بە باشوری کوردستانیشەوە، بەلام بێگومان لێرەدا گرنگە ژمارەی ئەو کەمایەتیانە لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافیدا ئەو مەرجە بەدی بهێنێت. ڕاستە، بۆنمونە مەسیحیەکان، یان تورکومانەکانی کوردستان پەرشوبلاون، بەلام ئەگەر بڕوانینیە مۆدێلەکەی سویسرا ئەوا چارەسەر هەیە بۆ پاراستنی مافی ئەو کەمایەتیە پەرشو بلاوانەش. کەواتە لێرەدا هەمان مۆدیلی سویسراشمان هەیە.
ڕێگری یاسایی نیە بۆ بە هەرێم بوونی پارێزگاكانی باشوری كوردستان
رێگری یاسایی نیە بۆ بە هەرێم بوونی پارێزگاکانی باشوری کوردستان. لە بەشی پێنجەمی دەستوری عێراقدا لە ماددەی 116دا هاتوە: “هەرێم دەستورێک بۆخۆی دادەنێت کە دەسەلاتو ئەرکەکانو شێوازەکانی کارپێکردنیان دیاری بکات بەجۆرێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستورەدا”، بەواتا لەگەل دەستوری عێراقدا.
1) بەلام ئەگەر هەردوو دەستوری هەرێمی کوردستانو ئەوەی دەسەلاتی فیدرالی ئیتحاد لە بەغدا بەراورد بکەین بە یەکتر ئەوا سەبارەت بە دەسەلاتەکانی هەرێم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆنمونە گرێبەستە نەوتیەکان دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە هەرێمی کوردستان لە دەستورەکەیدا مافێکی تری بەخۆیداوە لەسەر ئەم ئاستە وەک لەوەی دەسەلاتی فیدرالی ئیتحادی بەغدا نەیداوە پێی. (بڕوانە ماددەی نۆی دەستوری هەرێمی کوردستان). لەوانەیە ئەوەش یەکێک بێت لە خاڵە ناکۆکەکانی نێوان بەغداو هەولێر. ئەوە دەکرێت بۆنمونە لە هەرێمی سلێمانیدا چارەسەر بکرێتو ببێتە هۆی چارەسەریکی بەرچاو لەو کێشە لەسەرانە.
لێرەدا حکومەتیكی هەرێمی (کانتۆنی) سلێمانی بەلام گونجاو لەگەڵ دەستوری عێراق بۆی هەیە هەندێک لە پەیوەندیە هەرێمیو نێودەوڵەتیەکانی خۆی دروست بکات بۆنمونە لەسەر ئاستی بازرگانیو نەوتیش.
2) خالێکی تری گرنگ بۆ پتەوکردنی پێگەی هەرێمو پارێزگاکانی عێراق کردنەوەی نوسینگەیە … لە مادەی 118ی دەستوری عێراقدا هاتوە: “نوسینگە بۆ هەرێمو پارێزگاکان دەکرێتەوە لە باڵیۆزخانەو قونسولگەریەکاندا بۆ بەدواداچوونی کاروباری کەلتوریو کۆمەلایەتیو گەشەپێدان”. هەرێمی (هەرێمەکانی، کانتۆنەکانی ئایندەی كوردستان) دەتوانن سوود لەم یاسایە وەربگرن بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیە دبلۆماسیو کەلتوریو ئابوریەکانی خۆی. کارێک کە دەسەلاتی سیاسی هەرێمی کوردستان ئەنجامی نەداوە. لەبری ئەوە نوێنەری حیزبو حکومەتی هەرێم هەن لە دەرەوە کە تەنیا نوینەرایەتی حیزبو خیزان و سەرۆکەکانیان دەکەن. ئەمە لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان خۆی لە دەستورەکەیدا ئاماژەی پێداوەو لەماددەی 10، فەقەرەی 2 دا هاتوەو وەک مافێکی دەستوریو بنچینەیی هەرێمەکە ئاماژە پێدراوەو دەلێت: “هاوبەشی کردنی لە پۆستو فەرمانبەرایەتیەکانی فیدرالی بە شێوەیەکی هاوشانو رێژەیی”. ئەو کاتە هەریمە نوییەكان بۆنمونە هەریمی سلێمانی دەتوانن بەم کارە دەستوریە هەستن، بە تایبەت کە ئێستە تەواوی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێم لە دەستی (پ. د. ک) دایە. بەلام هەموو ئەوانە ئەگەر دەسەلاتی سیاسی هەرێمە نویكان دەسەلاتێکی تەندروست بن، نەوەک دوبارە کردنەوەی هەمان مۆدیلە تەقلیدیەکەی ئێستای هەریمی كوردستان.
3) ڕێگری دەستوریی نیە بۆ کردنەوەی قونسولگەریو نوێنەرە دبلۆماسیە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمە نوێکاندا، دیاردەیەک نەک هەر کاری وەرگرتنی فیزە ئاسان دەکات بۆ هاولاتیانی ئەو هەرێمە بەڵکو پەیوەندیە دبلۆماسیەکانی هەرێم (کانتۆنە) نوێکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش دروستدەکات، ئەوە لە کاتێکدا شاری سلێمانی خاوەن فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتیە دیاردەیەک کە بە گشتی بە سوودی نەتەوەیی دەگەرێتەوەو پەیوەندیەکانی دەرەوەش بۆ كورد بەهیزتر دەكات.
4) ئاسایی لە دەوڵەتی فیدرالیدا ناوەند بەرپرسە لە بابەتی جەنگو پاراستنی تەواوی دەوڵەت لە هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی، بەلام لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئێستەی هەرێمی کوردستان بەو جۆرەیە خاوەن هێزی چەکداری خۆیەتی بە تایبەت کە هێزە چەکدارەکان لە کرداردا نیزامی نین بەڵکو بە پێوەری حیزبی بەرێوە براوە تەنانەت لە شەڕی دژ بە داعشیشدا، هەربۆیە ئەو لایەنانە دەتوانن لە هەرێمە نوێکەی خۆیاندا هەروەک ئەوەی ئێستە هەیە ناوچەکەی، هەرێمەکەی خۆیان بپارێزن.. بەلام دەکرێ لە نێوان هەرێمە (كانتۆنە) كوردیەكاندا ئەوەندەی غیابی ناوەند هەبێت ڕێکەوتنی هاوبەش هەبێت بۆ بواری ئاسایشی نەتەوەییو نیشتیمانیو پاراستنی کوردستان، لێرەدا خالێکی ئیجابی هەیە لە کوردستان بەوەی شەڕی تائیفیو مەزهەبی تێدا نیە بە پێچەوانەی خواروی عێراق.
5) هەر پارێزگایەکیش نەیەوێ ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، ئەوا دەتوانێت بە پێی دەستوری عێراقی فیدرالی وەک پارێزگا بە سیستەمی لامەرکەزی بمێنێتەوە، بەلام پارێزگاکانی ئێستەی هەرێمی کوردستان بێ دەسەلات و مەشلول کراوون.
دەستوری عێراق ماددەی 119
بەپێی دەستوری عێراق (ماددەی 119) هیچ رێگریەک نیە لە بریاری بە هەرێم بوونی پارێزگایەک بۆنمونە بەهەرێم بوونی پارێزگای سلێمانی. عێراق دەستورێکی هەیەو لەو دەستورەدا مافی فیدرالیزم بۆ پارێزگاکان چەسپێندراوە. لە دەستوری عیراقدا هاتوە : “هەر کاتێک پارێزگاکان هەست بکەن کە مافو ئیرادەیان زەوت دەکرێت دەتوانن پەنا بۆ فیدرالی بەرن”. بەلام بە پێی برگەی 3 ماددەی 2 ی ڕەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان هاتوە “نابێت هەرێمێکی نوێ لەناو سنوری هەرێمی کوردستاندا دابمەزرێت”. بریارێک پێچەوانەی دەستوری عێراقە، ئەو دەستورەی کورد خۆی دەنگی پێداوەو لە دەسەلاتەکەشی بەشداری کردوە لە دروستبونەوەی ئەم دەوڵەتە دوای ڕوخانی دەوڵەتی بەعس. ئەوە لە کاتێکدا کە دەستوری هەرێم کێشەی لەسەرەو ڕاپرسی گەلی لەسەر نەکراوە بەواتا شەرعیەتی نیە. لێرەدا پێویستە بڕگەی 3 ماددەی 2 لە دەستووری هەرێمدا لابرێت. بۆنمونە ئەگەر پارێزگای سلێمانی بیەوێت ببێتە هەرێمێکی فیدرالی سەربەخۆ ئەوا بەپێی ماددەی 120ی دەستوری عێراقی بۆی هەیە دەستوری هەرێمیی خۆی هەبێتو هەروەها بە پێی ماددەی 121 ببێتە خاوەنی هەر سێ دەسەلاتەکان. بەم پێیەو بە پێی برگەی 3 ی ئەو ماددەیە دەبێتە خاوەن بودجەی خۆی لەلایەن حکومەتی ئیتحادیەوە ئەوەش بە پێی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمەکە. سامانە سروشتیەکان هی ئەو هەرێمە خۆیەتی. بەلام ئەوەندەی سامانە سروشتیەکان زۆر جیاواز بەسەر هەرێمەکاندا دابەش بووبن دەبێت ناوەند یەکسانیەک بەدەست بهێنێت بۆ ئەو هەرێمانەی تر کە ئابورییان کورت دەهێنن، ئەوەش بەشێکە لە سروشتی دەوڵەتی فیدرالی. دروستبوونی هەرێمی زۆرتری فیدرالی لە عێراقدا فشارێک دەبێت بۆسەر دەسەلاتی ئیتحادیش (ناوەند) بۆ دروستکردنی ئەنجومەنێکی فیدرالی / هەرێمەکان (ئەو ئەنجومەنەی کە هەرێمەکان تێیدا نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن) و هەروەها دەبیتە هۆی دابەشبوونی دەسەلاتەکانیشو لاواز بوونی دەسەلاتی ناوەندو دوور کەوتنەوەیە لە دەسەلاتی مەرکەزی. ئەوە ئەوەندەی کورد بیەوێ لە ناو دەوڵەتی عێراقدا بمێنێتەوە.
ئەو بۆچوونەی ئەگەر پارێزگای سلێمانی ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ دەبێتە هۆی پەرتبوونی قورسایی کورد لە عێراقداو کاریگەریی لەسەر سەنگی نەتەوەیی دەبێت، لێرەدا دەبێت بوترێت کورد بە هۆی جۆری جیاوازی پەیوەندیە دەرەکیەکانیەوەو ململانێی حیزبی، لە بەغداش یەکگرتوو نەبووە. بوونی فرەهەرێمی لە کوردستان نابێتە رێگر بۆ قورسایی کورد لە بەغدا ئەگەر خاوەن ستراتیژیەکی نەتەوەییو نیشتیمانی هاوبەش بێت.
فیدرالی بۆ عێراق، مەرکەزیەت بۆ کوردستان
ناکۆکە بەخۆی ئەگەر دەسەلاتی سیاسی هەرێمی کوردستان خۆی بەفیدرالی ناوزەند بکاتو داوای فیدرالیەت بکات بۆ عێراق بەلام لە هەرێمەکەی خۆیدا بروای بەلامەرکەزی پارێزگاکان نەبێتو ئەنجومەنی پارێزگاکان بێدەسەلات کرابن. یاسای پارێزگاکان وەک پێویستیەکی ئیداریی گرنگ لەلایەن پەڕلەمانەوە دادەنرێت، بەلام بە حیزبی کردنی پەڕلەمانو بە پەیڕەو نەکردنی سیستەمی لامەرکەزی لە ولاتدا ڕۆلی ئەنجومەنەکانیش نامێنێت.
سیستەمی لامەرکەزی ئەمڕۆکە لە جیهانی هاوچەرخدا مۆدێلێکی گونجاوی فەرمانڕەواییەو جیهان لە سیستەمی مەرکەزیی بێزار بووەو داوای حوکمو بەڕێوەبەرایەتی لۆکالی دەکات.
مەرکەزیەت نەک تەنها کۆی ئەقلی سیاسیو سیستەمی سیاسی دەوڵەتی عێراقی تەنیوە بەلکو لە هەرێمی کوردستانیشدا هێشتا لە ژیانی حوکمرانیو سیاسیو حیزبیشدا ئەقڵیەتو سیستەمی مەرکەزیو کەلتوری مەرکەزی زاڵە. کارەکانی هاولاتیانو پارێزگاکان ئەمڕۆکە لە سایەی ئەو دەسەلاتەی ئێستەدا لە هەرێمی کوردستانو بەپێی ئەزمونەکان لەسەر سیستەمی لامەرکەزی ناڕۆن بەرێگاوەو سیستەمەکە سیمای سەنترالیزمی هەلگرتوە. ئەوە ناکۆکە بەخۆی دەسەلاتی کوردی ئیدیعای ئەوە بکات گوایە حوکمرانی مەرکەزیی لە عێراقدا قبوڵ ناکات کەچی لە کوردستاندا خۆی مەرکەزیەت پەیڕەو دەکات.
مەرکەزیەتو دیموکراسیەت دوو شتی ناکۆکن بە یەک. هەتا ئەمڕۆکەش هەندێک لە لایەنە عێراقیەکان بە کوردیشەوە کار بۆ دەسەلاتی مەرکەزی دەکەنو دژ بە دروستبوونی هەرێمی فیدرالین. کورد لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا گرفتاری سیاسەتی مەرکەزیەتو بەو هۆیەوە ڕوبەرووی زیان بۆتەوە. هەربۆیە مەرکەزیەت لە بەرژەوەندی کوردیشدا نیە. فکری مەرکەزیەت لە عێراقو لە کوردستاندا بە تەنها بۆ بەرژەوەندی نوخبەیەکی دیاری دەسەلات بووە.
سیستەمە سیاسیە لامەرکەزیەکان
1) سیستەمی لامەرکەزی پارێزگاکان.
) 2 سیستەمی فیدرالی.
جیاوازی لامەرکەزی پارێزگاکان لەگەل ئەوەی فیدرالیەتدا لەم خالانەدا خۆی دەبینێتەوە:
– لە لامەرکەزی پارێزگاکاندا یەک دەولەتو پارێزگاکان هەیە کە یەک دەستوری مەرکەزیی تێدایەو یەک دەسەلات دابەشە لە نێوان مەرکەزو ناوچەو پارێزگاو یەکە ئیداریەکانی یەک دەولەتداو کاروباری ئیدارەی دەسەلات رێکدەخات و لامەرکەزی پارێزگاکان هەیە.
– لە کاتێکدا لە فیدرالیەتدا چەندین (هەرێم /، کانتۆن، ویلایەت) دەچنە ناو ئیتحادێکەوە کە هەر هەرێمێک / کانتۆنیکی ناو ئیتحادەکە دەست لە بەشێک لە سیادەی ناوخۆی خۆیو هەروەها لە سەرجەم سیادەی دەرەوە بۆ بەرژەوەندی کیانە ئیتحادیە فیدرالیەکە هەڵدەگرێت. دەوڵەتی ئیتحادی (حکومەتی فیدرالی ناوەند) بەرپرسە لە سیادەی دەرەوەو ئەرکی سیاسەتی دەرەوە، دارایی، دراو، جەنگ، سنور، پاسپۆرت، ئاسایشی نەتەوەیی…تاد. لە کاتێکدا هەرێمەکان بەرپرسن لە بواری پەروەردەو ئاسایشی ناوخۆو پۆلیسو پەسەندکردنی بودجەی دارایی هەرێمو ژینگە و خۆشگوزەرانی کۆمەلایەتی… تاد.
– هەرێمەکان، کانتۆنەکان یان ویلایەتەکان لە دەوڵەتی فیدرالی یەکەی دەستورین نەک یەکەی کارگێری هەروەک ئەوانەی پارێزگاکان لە دەوڵەتی یەکگرتودا هەیانە. هەموو هەرێمێک دەستورێکی هەریمیی خۆی هەیەو هەروەها فیدرالیزم بە تەنیا بنچینەیەکی سیاسی نیە بەلکو ئابوریو کۆمەلایەتیو کەلتوریشەو فیدرالیزمیش بە گشتی وەک بەشیک لە سیستەمی سیاسی پێویستی بە ڕێفۆرم کردنو هەموار کردنەوە هەیە.
– سەرجەم کاروبارەکانی دەسەلات لە ناوچەی لامەرکەزی پارێزگاکاندا لەلایەن دەستوری نیشتیمانیەوە رێکدەخرێتو ڕێگا بەهەر پارێزگایەگ ئەدرێ کاروبارەکانی (الحکم المحلی) رێکبخات کە لەسەر ڕێکەوتنامەو تێگەیشتنی نێوان مەرکەزو دانیشتوانی ئەقلیمەکەیە. لە کاتێکدا دەوڵەتە ئیتحادیە فیدرالیەکان هەر یەکێکیان دەستورە تایبەتیەکەی خۆی دەپارێزێتو بریتیە لە دەستهەلگرتنی ئیتحاد لە هەندێ لە بەشەکانی دەسەلات بۆ هەرێمەکانو هەروەها هەرێمەکانیش بەهەمان شێوە بۆ بەرژەوەندی کیانی ئیتحادی.
– فیدرالی بۆ باشوری / هەرێمی کوردستان گرنگترە چونکە لامەرکەزی پارێزگاکان بە پێچەوانەی فیدرالی هەرێمەکان ئاسانتر هەڵدەوەشیتەوەو مەشلولو بە حیزبی دەکرین.
مۆدێلی خۆبەرێوەبەرایەتی هەریمیی (کانتۆنی) لامەرکەزی لۆکالیو پارێزگاکانو فیدرالیەت بۆتە چارەسەرێکی پێویست بۆ تەواوی دەوڵەتەکانی ناوچەکەش، تەنانەت بۆ هەر گەلێک تەنانەت ببێتە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی، سیستەمی لامەرکەزی گرنگە بۆی.
سەرنج
ئەم وتارەی بەندە گوزارشت نیە لە تێروانینێکی حیزبیی، بەڵکو لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی نوسراوە. بەلام لەوانەشە لەگەڵ لایەنیكی سیاسی هەرێمی کوردستان یەکبگرێتەوە بێئەوەی خواستی نوسەر بێت.