دوکتۆر حوسێن عه‌زیز: ئایینزای شیعه و سووننه‌ی کوردیی!
پتر له (1400) ساڵ ده‌بێ، ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کی، له نێوان هه‌ردوو جێ‌نشین (عوسمان) و (عه‌لی)دا په‌یدابووه. له ئه‌نجامدا، چه‌ن جه‌نگێکی سه‌خت، له نێوان ده‌سوپێوه‌نده‌کانی هه‌ردوولایاندا ڕوویدا و هه‌ردووکیشیان کوژران. پێڕه‌وکارانی ڕێبازی (عه‌لی)، به (شیعه) و ئه‌وانی دیکه‌ش، به (سووننه) ناویاندهرکردووه. ئه‌م دوو ئایینزایه، تا ئه‌وڕۆ هه‌ر به‌رده‌وامن و به خوێنی سه‌ری یه‌کدیش تینوون!
له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیشدا، ماوه‌ی پتر له نیوسه‌ده ده‌بێ، ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کییه‌کی ماڵوێرانکه‌رانه‌ی گه‌وره، له ڕیزه‌کانی شۆڕشی (11. 09. 1961) و نێوان ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی په‌لیتبیرۆی (پارتی دێمۆکراتی کوردستان)دا سه‌ریهه‌ڵداوه. له ئه‌نجامیشدا ساڵی (1964)، هه‌ردوو باڵی (جه‌لالیی) و (مه‌لایی)، سه‌ریان له هێلکه جوقا و وه‌ک دوو ئایینزای ڕامیاریی کوردی‌یان لێهات! هه‌ر یه‌کێ له ئه‌م دوو ئایینزایهش، چه‌ن ڕێبازێکی جیاوازیان لێکه‌وته‌وه. یه‌کێ له ئه‌و ڕێبازه گه‌وره و چالاکانه، بزووتنه‌وه‌ی (گۆڕان) بوو، ساڵی (2009) له مناڵدانی (ی. ن. ک.)ه‌وه له‌دایکبوو!
(گۆڕان)، له ئه‌و ڕۆژه‌وه دامه‌زراوه و به لیستێکی جیا، به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی (کوردستان)ی کردووه، ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی بزووتنه‌وه‌که، خۆیان به یه‌که‌مین نه‌یار و دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی (پارتیی) و بنه‌ماڵه‌ی (بارزانیی) ده‌زانن. ئه‌م دوو لایه‌نه، له گرتووخانه گه‌وره‌که‌ی باشووری (کوردستان)دا، پێکه‌وه ناگونجێن، جێیان نابێته‌وه و له ده‌زگه‌کانی ڕاگهیاندنیشیانهوه، ته‌نانه‌ت گه‌ر زیانی کورد و ئه‌م ئه‌زموونه‌شی تێدابێ، له هیچ شتێ سڵ ناکه‌نه‌وه، هه‌موو شتێکی ئاسایی و نائاسایی، ڕه‌وا و ناڕه‌وا، ڕیپێدراو و ڕێپێنه‌دراو، دژی یه‌کدی ده‌رده‌بڕن و ده‌که‌ن. بۆیه (گۆڕان) ده‌یه‌وێ، هه‌رچی چۆنێ بێ، (پارتیی) کزولاوازکا، گه‌ر بۆشی کرا، ئه‌وا به ته‌واویی له ده‌سه‌ڵات دووریخاته‌وه، یا هه‌ر بیسڕێته‌وه!
ڕۆژی (5. 10. 2016)، له گوتاری (ئایینزا و پارت)دا نووسیبوم و ئێشته‌ش، جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌مه‌وه و ده‌ڵیم: (تا هه‌ردوو ئایینزای سووننه و شیعه بمێنن، ئایینی ئیسلام هه‌رگیز یه‌کگرتوو و سه‌رکه‌وتوو نابێ. تا هه‌ردوو باڵه‌که‌ی (جه‌لالیی) و (مه‌لایی)ش هه‌بن، گه‌لی کورد هه‌رگیز سه‌رناکه‌وێ و به سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو شادنابێ!)
یاسای پارێزگه‌کان
ئایا به ڕاستی، بزووتنه‌وه‌ی (گۆڕان) ده‌یه‌وێ، ده‌سکه‌وته‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی و ئامانجه‌کانی گه‌لی کورد، پشتاوپشت سواری که‌ره شه‌له کۆنه‌که‌ی ناناوه‌ندێتی پارێزگه‌کان بکاته‌وه، به به‌نده‌کانی یاسای پارێزگه‌کانی (عه‌بدولڕه‌حمان به‌زازی)ی سه‌رۆک شالیارانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق)ی ساڵی (1966) قایلبێ؟!*
ئایا پاشکۆیی و ملکه‌چیی سه‌رانی ده‌وڵه‌تی (عێراق)، له سیسته‌می فیدراڵیی، ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و په‌رله‌مانی هه‌رێم باشتره، وا ئه‌ندامه‌کانی له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان، خۆپیشانده‌ران گهرمدهکهن و هانده‌ده‌ن، پڕ به ده‌م هاوارده‌که‌ن و ده‌ڵێن: ده‌سه‌ڵاتی کوردیی و په‌رله‌مانی هه‌رێممان ناوێ، داوای یاسای پارێزگه‌کان ده‌که‌ن؟!
تێبینی:
* ڕۆژی (29. 06. 1966)، (عه‌بدولڕه‌حمان به‌زاز)ی سه‌رۆک شالیارانی (عێراق)، پڕۆگرامێکی (12) خاڵی بڵاوکرده‌وه، دانی به ناناوه‌ندێتی پارێزگه‌کاندا نا. ئه‌م پڕۆژه‌یه، له مێژووی گفتوگۆکانی نێوان سه‌رکردایه‌تی شۆڕش و فه‌رمانڕه‌وایانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (عێراق) دا، به (به‌یانی 29ی حوزه‌یران) ناسراوه. گه‌رچی هیچی بۆ کورد تێدا نه‌بوو، که‌چی هه‌ردوو باڵه‌که‌ی (جه‌لالیی) و (مه‌لایی)، زۆر به گه‌رمیی پێشوازییان لێ کرد و بروسکه‌ی پیرۆزباییان بۆ لێدان!( دوکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز، کورد و شۆڕش و هه‌لی مێژوویی، چاپی 1، سوید، 1996، ل 132.)
یاسای پارێزگه‌کانی هه‌رێمی فیدراڵ
ئاخر له‌بری ئه‌و پڕۆژه شهپڵهلێدراوهی یاسای پارێزگه‌کان، ئایا هیچ پڕۆژه‌یه‌کی دیکه‌ی باشتر نییه، په‌نای بۆ به‌رین؟! ئه‌ی ناکرێ، به هه‌موومان، ئه‌م ده‌سکه‌وته گرنگه نه‌ته‌وه‌یی و ڕامیارییه بپارێزین و پێشیخهین، له‌نێوچوارچێوه‌ی هه‌رێمی فیدراڵیی باشووری (كوردستان)، سیسته‌می یاسای پارێزگه‌کان بچه‌سپێنین؟! ئه‌ز ساڵی (1994)، به نامیلکه‌یه‌ک ئه‌م پێشنیازهمکردووه، بۆ سه‌رکردایه‌تی هه‌موو گرووپ و پارته‌کانم ناردووه، به‌ڵام که‌س بایه‌خی پێ نه‌دا، چونکه مه‌به‌ستیان نه‌بوو، ئاوێکی کوردانه، به ئاگری جه‌نگی نێوخۆدا بکه‌ن!
هه‌ڵبه‌ته ئێسته‌ش نه‌چووه بچێ و ده‌توانرێ، هه‌مان چاره‌سه‌ر په‌سه‌ندکرێ و جێبه‌جێکرێ. به ئه‌و شێوه‌یه‌ش، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گرفته ڕامیاریی، فه‌رمانڕه‌وایی، ئابووریی، کۆمه‌ڵاییه‌تیی و که‌لتوورییه‌کانمان لهکۆڵدهبێتهوه و چاره‌سه‌رده‌کرێ، هێمنیی و ئاشته‌واییش، باڵی پیرۆزی پڕ له خۆشیی و پێشکه‌وتن، به‌سه‌ر ماڵه پڕ له ئاژاوه‌که‌ی کورددا ده‌کێشێته‌وه؟!
تێبینی:
* پێشنیازه‌کانیش ئه‌مانه بوون و ده‌کرێ، یه‌کێکیان په‌سه‌ندکرێ:
1- ده‌توانرێ، که‌ڵک له یاسای کۆمۆناتی وڵاتانی ئه‌ورووپا به تایبه‌تی (سوید) وه‌رگیرێ. له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی نوێی په‌رله‌ماندا، له هه‌ر نێوچه‌یه‌کی هه‌ڵبژاردندا، ئه‌و پارته‌ی زۆربه‌ی ده‌نگه‌کانی هێنا، به ته‌نیا کاروباری ده‌زگه‌کانی ئه‌و پارێزگه‌یه به‌ڕێوه‌به‌رێ.
2- له‌به‌ر ڕۆشنایی نێوچه‌ی جوگرافیادا ده‌کرێ، دوو نێوچه‌ی ئۆتۆنۆمیی له (کوردستان)، له هه‌ردوو نێوچه‌ی (سۆران) و (بادینان) دامه‌زرێنرێ. به مه‌رجێ هه‌ر نێوچه‌یه‌ک، ده‌سه‌ڵاتی یاسایی ته‌واوی خۆی هه‌بێ. هه‌ردوو نێوچه‌که‌ش، زۆر به توندی، به میریی هه‌رێمی فیدراڵه‌وه ببه‌سرێنه‌وه. ده‌توانرێ، په‌رله‌مانی نێوچهییش هه‌ڵبژێررێ. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی باڵای هه‌رێمه‌که، له ڕووی ڕامیاریی، سوپایی، ئابووریی و دیپلۆماسییه‌وه، ته‌نیا هه‌ر به ده‌س په‌رله‌مانی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی نێوه‌ندیی ده‌زگه‌کانی میریی فیدراڵه‌وه بێ، بۆئه‌وه‌ی یه‌کێتی خاک و گه‌لی باشووری (کوردستان) بپاریزێ.
3- دوای هه‌ڵبژاردن، ئه‌و پارته‌ی له هه‌ر نێوچهیهکدا، زۆربه‌ی ده‌نگی ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کوردی به‌ده‌سهێنا، ئه‌وا هه‌ر ئه‌و پارته، هه‌موو کاروباره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌با.
4- پێویسته له هه‌ردوو نێوچه‌که‌دا، دێمۆکراسیی و ئازادیی ڕامیاریی، بۆ هه‌موو دانیشتووانی نێوچه جیاجیاکانی (کوردستان) و ڕێکخراوه ڕامیارییه‌کانی دابینکرێ. (دوکتۆر حوسێن موحه‌ممه‌د عه‌زیز، دواپڕۆژه، چاپی 1، سوید، 1994، ل 4-5.)
چی دیکه، فوو به که‌ڕه‌نای جه‌نگی نێوخۆدا مه‌که‌ن!
له کۆتایی ئه‌م زنجیره گوتاره‌دا، ڕووی ده‌مم له سه‌رکرده‌ی پارته‌کانی باشووری (کوردستان) ده‌که‌م و ده‌ڵیم: چی دیکه، ئه‌زموونه قیزه‌ونه‌کانی جه‌نگی نێوخۆ، کاره‌ساته ڕه‌شه‌کانی ساڵانی (1966) و (1996)، له (2016)دا دووبارهمهکهنهوه، چی دیکه، نیشتمانه‌که‌مان له چوار پارچه‌وه، هێنده‌ی دیکه پارچه‌پارچه مه‌که‌ن. چی دیکه، (په‌نجه‌کانی یه‌کدی مه‌شکێنن!)، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ی ئاغاکانی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (ئێران) و (عیڕاق)، دهسخۆشانهتان لێ بکه‌ن!
کاره‌سات ئه‌وه‌یه، سه‌رکردایه‌تی ئه‌م پارتانه‌ی له‌مه‌ڕ خۆمان، له‌پێناوی یه‌کدی سڕینه‌وه و ده‌سه‌ڵاتدا، هه‌موو جۆره سووکایه‌تیی و کلکایه‌تییه‌ک، له ئه‌و دوو ده‌وله‌ته داگیرکه‌ره‌ی (کوردستان) قه‌بووڵده‌که‌ن، به‌ڵام ئاماده‌نین، گوێ له یه‌کدی بگرن و چاره‌سه‌رێکی گونجاو، بۆ گرفته‌کانی نێوانیان و گه‌لی کورد بدۆزنه‌وه. به داخه‌وه ئه‌مه‌ش ئیشی ئه‌وڕۆیان نییه، به‌ڵکوو هه‌ر له کۆنه‌وه، فێری بیانیپه‌رستیی و سهرشۆڕییبوون!
وا دیاره، ئه‌و نه‌هه‌ماتیی و به‌ڵا گه‌ورانه، هه‌موویان له ئه‌و ساڵانه‌دا دووباره‌ده‌بنه‌وه، که کۆتای‌یان به (6) دێ و له ئه‌م ساڵیش‌دا (2016)، (حه‌لیمه)ی کوردیی، بۆ سه‌ر نه‌ریته کۆنه‌که‌ی خۆی بگه‌ڕێته‌وه؟!
به کورتی، ئامانجی من ئه‌وه نییه، گۆمی ناکۆکیی و دووبه‌ره‌کیی نێوان باڵه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی قووڵترکهمهوه، وه‌ک له نووسینی هێندێ کۆلکهنووسهری فه‌یسبووکدا ده‌یبینم، به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سکی پارتایه‌تی پاڵیانپێوهدهنێ و هه‌وڵده‌ده‌ن، به فووی کۆنه‌قین و داخی دڵی ڕه‌شیان، پشکۆی ژێر خۆڵه‌مێشی جه‌نگی نێوخۆ بگه‌شێننه‌وه. به‌ڵکوو ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تی، پاراستنی ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌م ئه‌زموونه لاوازه‌ی هه‌ریمی باشووری (کوردستان)، به ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ره گه‌وره و پیرۆزی خۆم ده‌زانم!