شێرزاد شێخانی: هەولێریات 10.
حەلاقی سەر تەنەكە
لەسارانی شێستەكان هەمو دونیا فریش بو. حەتتا فەسڵەكانیش. هاوینان گەرما دەهات،بەس نەوەكی ئێستا هێلكە لەسەر جادە ببرژێنیو، بەدوازدە سپلیت خۆت یەكتۆز فێنك بكەیەوە، ئەوێ ساران بەپانكەیەكی سەقفی شڕوشەق، یان پانكەیەكی سەرمێز هەمو مارەكەمان سارد دەبوەوە، بە ئاوڕشێنەكی دەمەو عەسرانێ حەوشەكەمان، مارەكەمان بەكامیلی فێنك دوەبوەوە.. سەر لەئێوارانیش جێیەكانمان لەسەربان ڕادەخران هەتا دەچوینە سەربان بەس بەبا دۆشەگو بالیفەكانمان وەكی بەفر سارد دەبونەوە، كە سەرمان بەلایەكی بالیفەكەوە دەنا لایەكەی دی فێنك دەبوەوە، لەبیرمە ئێواران داكم چاكەتی لەبەر دەكردین پێش ئەوەی بچینە سەربان دەیگۆت با سەرماتان نەبی. شەربەی ئاوەكەشمان لەسەر دیواری سەربان دەبوە بووز، هەندەك جاریش شفتی یان گندۆرەمان لەسەر دیواری سەربان دادەنا ئەویش سارد دەبوەوە، لەگەر حیكایەتەكانی داپیرم پێش نوستن دەمانخواردن.
كچو كوڕ هەمویان فریشبون، جارێ كچەكانمان بەحەیاتیان دەرمانبۆیاغیان لەدەموچاوی نەدەدا، وەكی ئێستا نەبو كە هەر كچەكەك تۆزەك هەراشبو، یەك تەنەكە بۆیاغ لەدەموچاوی بدا.. چاوی ڕەش دەكا، روومەتیشی بەسۆراوسپیاو، ماسكارا لەبرژانگی، پرچیشی مێشو لوول، زۆربەشیان عەمەلیاتی كەپویان كردیە، بەموختەسەری هەمو جوانەكانیان سەناعییە.. كوڕەكانیش نە مەساجی دەموچاویان دەكرد لەلای حەلاق، نە خۆشیان دەكردە قەشمەڕو پۆپیتەی سلێمانی لەسەر سەریان بنەخشێنن، یان وەكی سۆفیەكانی ئیسكان قاقۆ بكەنە سەریان.
ئەوزەمان هەندەك حەلاقی كوردەواریش هەبون كەلەكن مزگەفتی شێخەڵڵا خڕدەبونەوەو لەسەر تەنەكە خەركیان تراش دەكرد. ئەوجا ئەمن ئەو وەختی زۆرم حەز لەسینەمابو، بابم 50 فلسی دەدامێ لۆ ئەوەی بچم لەكن حەلاقی سەرم بتراشم، بەس ئەمن دەچومە لای ئەو حەلاقانەی سەر تەنەكە كە بە10 فلس سەرم دەدتاشی لۆ ئەوەی 40 فلسەكەی دەمینێتەوە بیدەمە بیتاقەی سینەما.
مەجۆ قەساب و جەمیلی بابی شێرۆ قەسابو عیزەت و مام پیرباڵ قەساب رۆژانە لەقەسابخانەكەی پشت بازاڕی نیشتمانی ئێستا حەیوانیان سەردەبڕی و یەكسەر گۆشتەكەیان بەفریشی دەهینایە دوكانەكانیان و دەیانفرۆشت. پەنیر فرۆشەكانی ناو قەیسەری رۆژانە ماست و پەنیری گوندەكانی دەورەپشتی هەولێریان بەفریشی لۆ دەهات، سبەینان زوو قەیماغی گامێشەكانی شەهابە عەرەبی سەیداوە دەهاتە ناو بازارێ.. كەبابخانەكانی كۆیسنجاق و حاجی شەوقی وفاروق و حاجی مەعروف و كەبابخانەكەی ناو نەجاران هەمو خواردنەكانیان فریش بون. ترشیاتی مام نادرو تەماتەی سۆرەكراوی كوردەواری و نانی گەرمی فرنی حەمویان تامی خۆیان هەبو، ئێستا عەینەن كەبابەكەی نەجارو فاروق هەمان تامیان نیە چونكە هەمویان سەناعیین، بەس خوا دەزانی لەگەر چی تێكەری دەكەن، هەر خواش دەزانی ئەو تەماتەو خیارانەی ئێستا دەیخۆین چ مادەیەكی تێكەر كرایەو، ئەو گۆشتەی سندانیشی دەكەین چ هۆرمۆنەكی لێكوترایە.
لەزەمانی مەدا خەركی زەمییرو ویژدانی هەبو، موسابەقە بو كێ باشترینو پاكترین و خۆشترین خواردن دەداتە خەركی، دوكاندار ئەمین و دەستپاك بو، كابرای تاجیری هەولێری بەتەلەفۆن یان بەنامە داوای لەتاجیری بەغدا دەكرد دو بارە لۆری ئەشیای لۆ بنێری بەبێ ئەوەی یەك فلسی بداتێ، دوای ئەوەی دەیفرۆشتن ئەوجا حەق و حیسابیان دەكرد، ئەوەندە سییقەیان بەیەكدی هەبو بایی یەك ملیۆن دیناری ئەشیای داوا بكردایە لۆی دەنارد، ئێستا ئەگەر زۆر ئاگات لەخۆت نەبی براو ئامۆزاكانت گیرفانت دەبڕن.
لەوانەیە هەندەك كەس كە ئەو مەقالانەم دەخیننەوە برێن ئەو پیاوە كۆنەپەرستەو هەر لەرابردو دەژی، بەران باوەر بكەن هەر میللەتەك پەندو عیبرەت لەرابردی خۆی وەرنەگری موستەقبەلەكەی تاریكە، ئاخر پشتكردنمان لەو رابردیەی خۆمانە ئەمەی گەیاندیتە ئەو وەزعە شڕەی ئێستامان كە كەس بەكەس نیەو كەس خەمی كەسی نیە، بوینە قەشمەرزاری هەمو دونیا بەدەست سیاسەتەمەدارانمان كە هەر یەكەیان لۆ رۆژە كەی خۆی دەژیو خەمی كەسی نیە، لۆیە حەمویان فركان فركانیانە كێهایان زۆرتر پارە دەدزی و زووتر دەورەمەند دەبی لەسەر حیسابی خەركی فەقیرو فەقەرات.. خۆزگە هەر ئەو زەمان بمردبامەو ئەو رۆژە رەشەی ئێستام نەدیتبایە، خۆزگە وا بایە.. بەدرەكی زۆر غەمبارەوە لێرەدا بەجێتان دەهێلم، باقی وەلسەلام.
- Latest Posts by شێرزاد شێخانی
شێرزاد شێخانی: ئاشبەتاڵ بە ئاشبەتاڵ.
-شێرزاد شێخانی: ئایا بایکۆتی هەڵبژاردن چارەسەرە؟
-شێرزاد شێخانی: پەرلەمان و فەعۆیەکانی پارتی.
- All Posts