ئەنوەر قادر ڕەشید: ئەرشیف کردن کەلتووری نەتەوە زیندوەکانە.
هەموو مێژووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری، کە لە دێر زەمانەوە تا ئێستا مابێتەوە و توانرابێ توێژینەوەی لە بارەوە بکرێ، ئەو ئەرشیفەیە کە کاتی خۆی تۆمار کراون و بوونەتە مەتریاڵی زیندوی تێگەیشتن و باوەڕپێکراو، ئەگەر وێنە و هێڵکاری سەردیوار و بەر ئەشکەوتەکان و تێکستە تۆمارکراوەکان نەبوونایە، یان ئەو کەلەپوور و ئاسەواری شارستانیە کۆنانە نەبوونایە، چۆن ئەکرا بزانرێ ژیان چۆن بووە و بیروباوەڕی مرۆڤ و سەرهەڵدانی فەلسەفە و گوزارشت لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤایەتی بە چ راڕەوێکدا تێپەڕیوە و لە مێژووی مرۆڤایەتیدا چەند شکست و سەرهەڵدان رویانداوە و…..
بە دڵنیاییەوە لەم هەرێمە درک بەوە کراوە کە ئەرشیف کردن و توێژینەوە لە هەموو بوارەکاندا، شەرمەزاری بۆ سەرانی ئیمڕۆ ئەکاتە مێژوویەکی هەتایی و زبڵدانی مێژوو ئەبێتە جێی شیاویان، هەر بۆیە ئەوان ئەو لایەنەیان فەرامۆش کردووە و ئەیانەوێت لەڕێی میدیا عەیبارەکانیانەوە مێژوویەکی ئاوەژوو بکەنە سەرچاوە.
من لێرەدا مەبەستمە تەنیا باس لە یەک لایەنی ئەرشیف کردن بکەم ئەویش شانۆیە، چونکە شانۆ لایەنێکی زیندوی کەلتوریە و وەک هەموو کایەکانی تری داهێنان لە لایەکەوە ئەبێتە شایەتحاڵی سەردەم و لە لایەکی ترەوە ئەرشیف کردنی ئەبێتە مەتریالێکی زیندو بۆ نەوەکانی داهاتوو کە بتوانن توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر بکەن و بیکەنە بنەمایەکی زانستی بۆ پەرەپێدانی ئەو هونەرە.
شانۆ وەک کتێب و تابلۆ و پەیکەر و موزیک و گۆرانی تۆمار کراو نیە، نمایشی شانۆیی ماندوبوونی چەندین داهێنەرە بۆ ماوەیەکی دورودرێژی خۆ ئامادە کردن و کاتی پرۆڤە و ئامادەکاریە لۆجستیە پڕ لە گرفتە بیرۆکراتیەکان و ئامادەکاری تەکنیکی و…. پاش ئەو هەموو کۆسپ و تەگەرانەش، نمایش بۆ چەند رۆژێک پێشکەش ئەکرێت و لە زوربەی جارەکاندا تەنانەت سکرێپتی بەرهەمەکەش لە دەست ئەچێت و بێجگە لە چەند گرتەیەکی ڤدیۆیی ئەماتۆری هیچی تری لێ نامێنێتەوە.
بۆیە پێویستە گروپ و تیپ و نێوەندە شانۆییەکان خۆیان ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرن و هەوڵ بدەن نمایشەکانیان بە ئامادەبوونی بینەر و بە شێوازێکی تەکنیکی جوان تۆمار بکەن و پاش مۆنتاژ لە کەڤەرێکی جواندا بیخەنە سەر DVD و لە کتێبخانە و نێوەندی کەلتوری و بارەگای تیپ و گروپەکان و کاتی نمایشی شانۆیی بفرۆشرێنەوە و هەندێ دانەی لە کتێبخانەی گشتی و زانکۆ و تەنانەت ئەگەر بکرێ لە نێوەندە جیهانیەکانی توێژینەوەی هونەری و …. دانرێن تا وەک ئەرشیف بپارێزرێن و بۆ دواڕۆژ کەڵکیان لێ وەرگیرێ و ببێتە یارمەتیەکی داراییش بۆ بەرهەمی تر.