herokosrat-barham

شێرزاد شێخانی: كوفرەكانی یەكێتی پارتی كردە فیرعەون ـ بەشی دووەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

دەرەدە كوشندەكەی باڵباڵێن

لەدەیان وتاردا باسمان لە باڵباڵێنی ناو یەكیتی كردوە، زۆرجاریش و تومە ئەم باڵباڵێنە شتێكی سروشتییە لەناو حزبێكی وەكو یەكێتی كە لەئەساسدا لەسەر شێوەی نیمچە بەرەیی پێكهاتوە. تا مام جەلال دیاربو هیچ باڵێكو كەسێك نەیئەتوانی لەژێر سێبەری ئەودا ململانێكان بباتە دەرەوە، مام بەگەورەیی خۆی و كاریزماكەیەوە هەمیشە چەتری كۆكەرەوەی هەمو ئەندامانی یەكێتی بو، ئەو زامنی یەكێتی ناو یەكێتی بو، بەڵام كاتێك بەهۆی نەخۆشیەكەیەوە لە سەركردایەتی حزبەكە دوور كەوتەوە، ئیدی سەركردەی باڵەكان وەكو دێو درنج كەڵبەیان لەیەكتر تیژكردو كەوتنە لەتلەتكردنی گیانی یەكتری، بەمەش گەورەترین خزمەتیان بە ئەجیندای دوژمنانی یەكێتی گەیاندو یەكێتی وا زەعیف و شەكەت كرد، كە بەئاشكرا بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی ببنە پاشكۆی حزبێكی نەیاری وەكو پارتی، تەنانەت كار بگاتە ئەوەش كەناڵێكی وەكو “روداوی” پارتی سپۆنسەری فیستڤاڵە ئەدەبییەكانی یەكێتی بكات، كە ئەمەش هەوڵێكە بۆ كڕینی هەڵوێستی هەندێ لەسەركردەكانی یەكێتی، جارێك بەناوی پشكە نەوتی دزراو كە قسە هەیە هەندێ لەسەركردەكانی یەكێتی تێوە گلابن، بەشێكیشیان بە دەمچەوركردنیان بە پرۆژەو ئیمتیازاتەوە.

ئەمڕۆ زۆر بەوازحی لەنێو كۆمەڵگەدا باس لەپاشكۆبونی یەكێتی ئەكرێت بۆ پارتی، تەنانەت هەندێ لەسەركردەكانی وا چونەتە ناو ئەجینداكانی پارتیەوە كە تەنها ئەوە ماوە جلەكانیانیشیان زەردكەن و شەرمیش نە لەیەكێتی و رابردوی خۆشیان بكەنەوە، نە حیسابیش بۆ نەهامەتیو ماڵوێرانی خەڵكی كوردستانیش بكەن كە ئەمڕۆ بەدەست پارتییەوە دەناڵێنن.

ململانێكان گەیشتونەتە ئاستێكەوە كەوا لەپێناو بەرژەوەندی تاكەكەسی بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی كار بۆ ئیسقانشكاندنیش بەرن، بەمەش قاعیدەی یەكێتی پێش لەقاعیدە جەماوەرییەكەی توشی حاڵەتی بێزاریو نائومێدی ببن. ئەم ململانێیە كە ئیستا زۆر سەخت بوەو وەكو ئەڵێن لەناو یەكێتیدا كەس بەكەس نیەو، كەس بەرامبەرەكەی خۆی ناخوێنێتەوە، ئەمەش كاری كردۆتە سەر شێوەی ئەدای یەكێتی لەزۆربەی پرسە چارەنوسسازەكان كە ساڵانێك یەكێتی خەباتی بۆ كردوە لەپێناو میللەتەكەیدا، ئێستا لەبەر شەڕی بەرژەوەندی تایبەتی و تاكەكەسی نێوان سەركردەی باڵەكان یەكێتی وەكو حزبێكی جەماوەری ناپەرژێتە سەر دیفاعكردن لەقوت و نانی خەڵكیش  كە ئەمرۆ بەناهەق لە میللەت بڕاوەو وەكو سزایەكی سیاسی بەسەریا سەپێنراوە، ئەو یەكێتییەی كاتی خۆی زەلزەلەی ئەخستە بەرەی دوژمنانی میللەتەوە، پێشمەرگە دلێرەكانی چاونەترسانەو بوێرانە ئاگری دوژمن نەئەگەڕانەوە، لەپێناو میللەتەكەیان ئامادە بون روبارێك خوێن ببەخشن، پێشمەرگەی یەكێتی ببونە نمونەی قارەمانێتی كاتێك بەسەر سەربازگەكانی بەعسیەكانیان دائەدا، ئەمڕۆ وایلهاتوە ناتوانێ دو قسەی خێریش لەپێناو میللەتەكەیدا بكات و بەدەسەڵاتێكی دیكتاتۆرو تاكڕەو بڵێ، لێرەدا بوەستە.

من نازانم ئازایەتی و شەڕەفمەندی ئەندامو كادیرو پێشمەرگەكانی یەكێتی لەچیدایە، كاتێك ئەبن بەدەسكەلاو بەفیتی بەشێك لەسەركردە بەرژەوەندخوازەكانی ناو یەكێتی دەست ئەكەن بەبینەقاقای یەكتریەوە، دووریش نیە بەیانی لولەی تفەنگەكانیشان ئاراستەی سنگی یەكتر بكەن، لەكاتێكدا ئەمە شەڕی ئەوان نیە، شەڕی راستەقیینەیان ئەبێ شەڕی  نان و قوتی خەڵك بێت، ئەركی پاراستنی عەرزوناموسی كچ و ژنەكانمان بێ كە بەداخەوە ئەم قەیرانی دارایی و نەبونیدا رەنگە وا بكات ئەمانە شەڕەفی خۆشیان بفرۆشن بۆ لەتە نانێك.

 ئەمڕۆ گەورەترین ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی كەوتۆتە سەرشانی یەكێتیەكان، چونكە تەنها یەكێتی ئەتوانێ بەهێزەكەی خۆیو جەماوەركەی ئەم هاوكێشە سەقەتانەی هەرێم بگۆڕێ.

لەمەسەلەی گەڕانەوە بۆ بەغداو بۆ دابینكردنی موچەو قوتی هاوڵاتیان، ئێستا بەشێك لەو سەركردە بەرژەوەندخوازانەی یەكێتی لەبری پارتی هەوڵی فەشەڵهێنان بەم پرۆژەیە ئەدەن كە لەسەرەتادا كوتلە پەرلەمانییەكەی یەكێتی لەبەغدا پشنگییریان لێكرد، بەڵام وا دیارە ویستی پارتی دژە لەگەڵ هەر چارەسەرێك بۆ رزگاركردنی قوتی خەڵك، ئەو سەركردانەی یەكێتی ئەیانەوێ وا لەحزبەكەی خۆیان بكەن ببێتە بەشێك لەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق بەمیللەتەكەمان ئەكرێ. لەجیاتی ئەوەی خۆیان ببونایە بەخاوەنی ئەم پرۆژەیە، ئێستا بەتەلەفۆن و تەلەفۆنكاریی داوا لەئەندامەكانی یەكیتی لەناو پەرلەمانی عیراقدا ئەكەن پشتن لەم پرۆژەیە بكەن و باجێكی قوڕستر بەیەكێتی بدەن، چونكە میللەت لەخۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەدا بریاری خۆیداو، چاویی بڕیوەتە ئەم پرۆژەیە كە هەناسەیەكی پێبداتەوەو، قووتەكەی لەدەست دەسەڵاتە دزو گەندەڵەكانی هەرێم دەربكات.

كاتی ئەوە هاتوە كێشەی ئەو باڵِباڵێنە كۆتایی پێبێت، یەكێتی بگەڕێتەوە سەر سەرەتاییەكانی خەباتی خۆی كە وەك بەدیلێك بۆ زوڵمو زۆرداریی پارتی تەرحكرد، ئێستاش جەماوەری كوردستان چاوی لەو یەكێتیەیە كە ساڵانێك ببوە تاكە ئومێدو داكۆكیكەری مافە نەتەوەییەكانمان، ئێستا كاتی موراجەعەیە بەر لەوەی كارەكە بگاتە ئەوەی میللەتیش لە یەكێتی بێئومێد بێت و بیخاتە خانەی دوژمنانی میللەت و دیكتاتۆرە زۆردارەكانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت