جەزا ئەحمەد فارس: قەیرانى دارایى دەرئەنجامى گەندەڵییە لەداهاتى گشتى هەرێم.
سەرکردە سیاسیەکان، خەڵکى هەرێمى کوردستانیان توشى قەیرانێکى گەورە کرد. چونکە ئەوان فێرى ئەوە بوون لە یەک کاتدا سەرجەم داهاتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان و، بەشێکیش لەو بودجەیەى کە لە عێراقەوە دەهات بەشێوەیەکى نایاساى بۆ خۆیان بەرن.
بۆیە کاتێک کە بودجەى هەرێمى کوردستان بڕا، سەرەتاى قەیرانەکان دەستیان پێکرد. سەرکردە سیاسیەکان لە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار لە برى ئەوەى لەخەمى ئەوەدا بن کە قەیران دروست نەبێت، کەوتنە دروستکردنى چەندین قەیران، خەڵکى هەرێمى کوردستان هەرگێز پێشبینى ئەوەى نەکرد بوو، کە گەندەڵى سەرکردەکان گەشتبێتە ئاستێک، دەست بەرن بۆ قوتى منداڵەکانیان و موچەکانیان بۆ بکەن بە ڕوبعە موچەو، وە دواترش لە برى مانگانە بۆیان بکەن بە چەند مانگ جارێک.
کێشەى بنەڕەتى لە دروستبونى ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى، کە ناشەفافیەکى زۆر لە داهاتى گشتى هەیە بە شێوەیک گروپێکى بچوک کۆنتڕۆڵى هەموو شتێکیان کردووە بۆ خۆیان و، تەخشان و پەخشانى داهاتى گشتى دەکەن، بەمەش یارى بە چارەنوسى موچەى فەرمانبەرانەوە دەکەن.
بەدروستبوونى قەیرانى دارایى لە هەرێمى کوردستان، رووى راستى پیاوە سیاسیەکانمان بۆ دەرکەوت. ئەوە ڕوونبوو کە ئەوان چەند پیاوێکى بچوکن، ئەوان هێندەى بازرگانن و خەریکى بازرگانین بەسەر خەڵکى هەرێمى کوردستانەوە نیو هێندە پیاوى سیاسى راستەقینەنین کە لە خەمى خەڵکەکەى خۆیاندا بن و بیانەوێت خزمەتیان بکەن.
لەم قەیرانەوە تێگەشتین کە ئەوانەى لەم هەرێمە سیاسەت ئەکەن بەکەڵکى فەرمانڕەوایى نایەن و سەرکردە سیاسیەکانى ئێمە جگە لە گروپێکى نادیموکراسى قۆرخکار زیاتر هیچى تر نین.
داهاتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ئەگەر بە شێوەیەکى شەفافانە بخرێتە ڕوو، ئەوە بێگومان ئەم داهاتە بەشى سەرجەم تێچووەکانى هەرێمى کوردستان دەکات.
لەبەر ئەوەى ناشەفافیەکى زۆر لە داهاتى ناوخۆى هەرێمى کودستان هەیە، خەڵکى بەتەواوەتى بێئومێد بوون لەم دەسەڵاتە، چونکە هیچ ئیرادەیەکى راستەقینە بوونى نیە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.
گروپێک لە سەرکردە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان کۆنترۆڵى هەموو شتێکیان کردوەو یارى بە چارەنوسى خەڵکەوە دەکەن.
بۆئەوەى کە هەرێمى کوردستان لەو قەیرانانە رزگار بکرێن، دەبێت ئەو گروپە بچوکەى کە کۆنتڕۆڵى داهاتى گشتى ئەم هەرێمەیان کردوەو ئاراستەى سیاسەتەکانى حکومەت بۆ بەر ژەوەندى خۆیان دەکەن بەهەرشێوەیک بێت دور بخرێنەوە لە دەسەڵات، چونکە بە بەردەوام بونى ئەم گروپە قۆرخکارە ئەوە قەیرانەکان هیچ ئاسۆیەکى چارەسەریان نابێت و وە ئەگەر بە شێوەیەکى کاتیش ئەم قۆناغە تێبپەڕێنین، ئەوە بێگومان توشى چەنید قەیران و نەهامەتى ترمان دەکەن.
ئەم گروپەى کە ئێمەیان توشى ئەم هەموو نەهامەتى و قەیرانانە کردوە، خاوەنى داهاتێکى زۆرن کە بەشێوەیەکى نایاساى ئەو داهاتەیان پێکەوە ناوەو لە بانکەکانى دەرەوە هەڵیانگرتووە بەناوى خۆیان و خزم و کە سوکاریانەوە.
مەترسى گەورە بریتیە لەوەى کە ئەم گروپە بچوکە بە بەرنامە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە خەڵکى ئەم هەرێمە هەژار و برسى بکەن بۆ ئەوەى وەک کۆیلەى خۆیان بە کاریان بیەنن، وەک چۆن مامەڵە بەداهاتى گشتى ئەم هەریمە و ئاراستەى سیاسەتەکانە حکومەت دەکەن، ئاواش خەڵک ناچار بکەن کە بیان خەنە خزمەتى خۆیانەوە.
لەو ڕاستیە دەگەین کە دەسەڵاتى سیاسى لە هەرێمى کوردستان لەماوەى کاکردنیدا دوور لە هەموو بنەماکانى ئەخلاق و پێوانە عەقلانیەکانى زانستى سیاسى مامەڵەى کردووە، چونکە لەسەرەتاى دروستبوونى ئەم هەرێمەوە گروپێکى بچوک کۆنترۆڵى هەموو شتێکیان کردوەو ئەوان بڕیار لەسەر چارەنوسى ئەم هەرێمە دەدەن.