عیماد عەلی: سەرمابردەڵەی گیرۆدەی تەڵە.
دەگێرنەوە، لە گوندێکی ئەم کوردستانەی خۆماندا پیرە پیاوێکی هەمیشە سەرمابردەڵە، هەر لە گەنجیەوە، ترسێکی زۆری لە زستان هەبووە، لە سەرمادا بۆ ماوەیەک لە ماڵەکەی خۆی بە شتی لاوەکی کە هیچ پەیوەندیەکی بە زستانەوە نەبێت، بۆ ئەوەش خۆی لە دابینکردنی پێداویستیە زەروریەکان بشارێتەوە خەریک کردووە و زۆر بێ هیچ ئیشێک وەک بۆق خۆی سڕکردووە و، دەبوایە خەڵک خزمەتی بکردایە و پێداویستیەکانی دابین بکردایە. بەڵام لەدوا زستانێکی قورس و سەرمایەکی تیژدا، رۆژێکیان بانگی دەکەن بۆ کۆکردنەوەی چیلکە و دار و هەر هیچ نەبێت بۆ گەرمکردنەوەی ژوورەکەی خۆی رایدەکێشن. لەوێدا لە یەکەم جاری دەرچونی و پاش تەواوبونی زەخیرەی زستانی، بەختی خۆی وایکردبوو کە پاش گەرانێکی کەم پێیەکی ببێت بە تەڵەیەکی ژێر بەفری نزیک لە دێکەی خۆیانەوە. لە پاش ساڵان و مانگان و خۆمەڵاس دان و خۆدزینەوە و بەرگریکردن لە نەبونی پێویستی، بۆ یەکەمجار هێز و غیرەت بتگرێت و ئەمەشت توش بێت!. بۆیە نیمچە شاعیرێکی گوندەکەی شیعرۆکەیەکی تەنزئامێزی دوور و درێژی لەسەر هۆنیبووەوە:
تۆ گەنج بوویت خاڵە تەمەڵ تەوەزل بە پیری چی بکەیت جوانی چاو بەکل
زستان هات و سەرما برستی لێ بریت هیچی بۆ نەهێشتیت و شاخی بۆ هەڵدریت
پێویستت بە دار نەبوو بۆ ئاگر و کوانو گورج و گۆڵەکەی هاورێت بەرماڵی بۆ دادریت
ئاگری دارە زۆرەکەت خەڵکی دڵخۆشکرد و بۆ دواجار لە دژی سەرماو کڕیوە راپەریت
بەڵام شێخی گەرم خۆگر و گەرماوی زستان بۆ چیلکە رۆیشتیت و تەڵەکە قاچێکی بریت
و…. تد،
پاش ئەوەی ئەم سەرکردەو حزبانە لەتافی گەنجێتی و لاویاندا لەخۆخۆری و بەرژەوەندیخوازی خۆیاندا توشی هەزار و یەک کێشەی لا بەلایان کردین و تەنانەت خۆیان لە ئەرکەکانی سەرشانیان دەدزیەوە، وا ئەمرۆ لە قوڵایی قەیراندا داروچیلکەی گەرم کردنەوەی بارەگاکانی خۆیشیان لەسەر شانی تاکی ئەم میلەتە بەدبەختە دابین دەکەن.
ئەمرۆش وەزعە سیاسیەکەمان وای لێکردوین کە توشی چەندین سەرکردەی مامەپیرە ئاسا بوین و لەسەر حسابی میلەت ئاگروکوانوی گەرمیان بۆ دابین کراوە و دەکرێت و، تا ئەمرۆش بێ منەتن، کەچی تاکە ئەرکێک بکەوێتە ئەستۆیان وایان لەخۆیان کردووە خەریکە قاچیان دەبێتەوە بەپەتی تەڵەی دوژمنانەوە و ناتوانن خۆیان لێی رزگارکەن.
وا بۆ بیست و پێنج ساڵی رەبەق دەچێت، بە شێوەیەکی خوارو خیچ و زەرەرمەند و لەدەستدانی سەرجەم هەلەکان تا رۆژگاری ئەمرۆش، خاڵە تەمەڵ و تەوەزل ئاساکان کوردستان دەبەن بەرێوەو گەلی کوردستان بەرگەی هەموو شتێکی گرتوون و بەمەگرەو مەژی رایانکێشاوە بەدەست ئەم حزب و سەرکردانەوە، کە بۆ حاڵی کەسی و حزبی خۆشیان نەیانتوانیوە وەک مامە پیرەی سەرمابردەڵە، کە لە ژیانیدا هەمیشە بەردەرکی هەموو ماڵانی دەگرت بۆ پێداویستیەکانی خۆی، بژین، کەچی ئەمان لەسەر قوت و رزقی ماڵ و منداڵی تاکی کورد وەک پاشا دەژین و، تاکە بەرپرسیارێتیەکیان لە دابینکردنی پێداویستیەکی ژیانیان بۆ دابین ناکرێت و ئەم گەلەیان خستۆتە دەستی قەدەرەوە و، بەخۆیان وا دەژین وەک ئەوەی نە بایان دەیبێت نەش باران.
ئەوەی بەراوردی دەرچونی مامە پیرە بۆ دار و چیلکەی خۆی لە دواجاردا لەگەڵ رەفتاری سەرکردایەتی کورد و خۆ خستنە باوەشی وڵاتانی دەوروبەر و نەهێشتنەوەی هیچ هێڵێکی گەرانەوە بۆ رێگەیەکی راستر بکات، ئەوەمان دێنێتە بەرچاو کەشێخی خۆنەژێن چۆن قاچەکانی بە تەڵەکەوە بوبێت و نەتوانێت خۆی رزگار کات و هاوار بکات بچن بە هانایەوە، هەم لە دۆ بێت و هەمیش لە دۆشاو، ئەمجارە نەک دەبێت داروچیلکەی ئاگری زستانی بۆ دابین بکەن، بەڵکو دەبێت تاوەکو چاکبونەوەی قاچیشی لە خزمەتیدا بن. ئایا گەلی کوردستان خزمەتی گەندەڵ و خۆپەرست و تەسکبین و خۆویست و بیرتەسک دەکات، کە بۆتە چەلی عەلی بە ملیەوە، یان دەکەوێتە ژێر گیر و گازاندە و رەخنەی نەیاران و دوژمنانیەوە، ژیانی خۆی و دواررۆژی میلەتەکەی و ئەو بەرهەمە بچوکەی بەخوێنی شەهیدان هاتۆتەدەست، لە دواجاردا دەیخاتە دەست وڵاتانی دەوروبەرەوە.
لە دوا ئەرکی نێوخۆیی و، دوا هەلی بەردەم لایەنەکان و، لەیەکەم هەنگاوی پارتی بۆ چارەسەری قەیرانەکە لەدوای پەامەکەی بارزانیەوە، وا بە روونی ترسەکەمان جێی خۆی دەگرێت و ئەوەمان وەک مانگەشەو بۆ دەرەدەکەوێت، کە بەهیچ شێوەیەک خەمی کات لەدەستچون و زەرەری گشتیان نیە و، خەریکبون بە کار و شتی ناپێویست و لابەلا و، ناجدیەت و خۆدزینەوە لە دۆزینەوەی چارەسەر لە کاتی خۆیدا، دەدەخات . ئەمەش کردەوەی خاڵە پیرەی خۆخەریککەرە بە کارە لاوەکیەکانەوە لەکاتی پێویستبونیدا، بۆ ئەوەی بەشداری کاری گەورەتر نەکات، بۆیە دەبێت لەەدواجاردا چاوەرێی قاچ کەوتنە تەڵەکەیان بۆ بکەین.