ئاکۆ برایم: هەوڵەکانى پارتى. چارەسەرە یان کوشتنى کات؟
بۆکات بەسەربردن و وەخت بەهەدەردان و رابواردن بەعەقڵى میللەت، جارێکى دیکە پارتى بەسپۆنسەرى فازیل میرانى، گەڕێکى دیکەى دیژلەمەو میوە خواردنى رێکخست و، کەوتۆتە هاتوچۆ بۆلاى لایەنەکان، تا هەموو پێکەوە چارەسەر و رێگە چارەیەک بۆ ئەو زنجیرە قەیرانانە بدۆزنەوە. هەموومان پێمان خۆشە و ئارەزوو دەکەین، کە رەوشەکە ئارام بێت، لایەنەکان تەبا و کۆک و هاوڕابن، میللەت ئاهێک بەبەریدا بێتەوە و گیرفان و سکى پڕ بێتەوە، لەم نەهامەتى و بێ سەرو بەرییە رزگارمان بێت. بەڵام ئەوەى کەفازیل میرانى و وەفدى پارتى دەیکەن گەمەیەکى دۆڕاو و، کارێکى کۆن و کارتێکى سووتاوە. پێشتریش هەمان کاریان ئەنجامداوە بەڵام هیچى لێ شین نەبووە لەبەر ئەوەى:
1- گەر پارتى و کاک مەسعود بەجدى یانە و ئەخوازن بەزووترین کات وڵات لەم قەیرانە رزگار بکەن، ئەبێت هەنگاوى کردارى بهاون، سەرەتا متمانە و باوەڕ بۆمیللەت بگێڕنەوە، بژێوى و ژیانى خەڵک باشتر بکەن، و مووچەى فەوتاویان بۆبگڕێنەوە، بەدەنگ مانگرتن و بایکۆیتانەوەبێن و، بەزووترین کات چارەسەریان بکەن. گەرنا میللەت گیرفان بەتاڵو سک برسى و، کاسە خاڵى چ دەربەستى پرسى سەرۆک و پەرلەمان و حکومەتە؟!، ئەوان هێندەى پەرۆشى ژیانى خۆیانن، لەکوێ گوێ دەدەنە کورسى و پۆست. کە ئەمەش بۆ ئایندەو بۆکاتى هەڵبژاردن و دەنگدان کاریگەرى ئەرێنى و نەرێنى دەبێت.
2- پاڵەوانى سەرەکى کێشەو قەیران و نەهامەتییەکان خودى بەڕێز مەسعود بارزانى یە، پۆست و کورسییەکەى ئەوە و ایکردوەکە بکەوینە ناو دەریایەک قەیران و گرفتەوە، بەهۆى ئەوەوە حکومەت پەکى کەوتوە پەرلەمان لەکار خراوە، تەواوى دامەزراوەکان ئیفلیج بوون. کەچى خۆى لێ بێبەرى دەکات و خۆى ناکاتە خاوەنیان. دووراو دوور لەرێى شاندى بێ دەسەڵاتەوە، ئەو ئەرکە لەکۆڵ خۆى دەکاتەوە. کە زەرور و پێویستە بۆخۆى سەردانى لایەنەکان بکات و، بەرنامە و پڕۆژەى خۆى بخاتە روو، کە دڵنیام تەنها بەسەردانکردنى بۆ لاى لایەنەکان لەسەدا هەشتاى گرژى و گرێ کوێرەکان ئوتوماتیکى دەکرێنەوە. بۆخۆشى دەتوانێت راستەوخۆ بڕیاربدات و، واژو لەسەر خاڵەکان بکات. نەک لەرێگەى لیژنە و شاندەوە کەدڵنیام دەسەڵات و توانایان زۆر سنوردارە، بۆ هەر پرس و باسێک کەنەتوانن خۆیانى لەقەرە بدەن، دەگەڕێنەوە بۆلاى بارزانى، بەمەش لیژنەکە جگە لە پۆستەچى و قسەهێنەر هیچى دیکە نین. زیاتر زۆرتر گرفتەکە دوا دەخات و بۆدەمێکى درێژتر.
3- بۆئەوەى بەراستى و دروستى نیەت پاکى و پەرۆشى پاریتمان بۆچارەسەرکردن بۆدەرکەوێت، باشترە یەکەو راست بارزانى بۆخۆى واز بهێنێت (ئیستیقالە) بکات، بۆ ئەوەش مەروسومێک دەربکات خۆى لەوپۆستە ببەخشێت و، کەسێکى دیکە راسپێرێت تا کاتى هەڵبژادن و دروستکردنى کابینەى نوێ ئەرکى سەرۆکایەتى هەرێم بگرێتە ئەستۆ. بەڵام کەنایکات و خۆى لێ دەدزێتەوە (تەنها بە روکەش ئەوە دەوروژێنێت). گومان بۆ دورکەوتنەوە لە پرسە سەرەکییەکە زیاتر دەکات.
4- وەفدى دیژلەمە خۆرەکان کە هەڵگرى پەیامى ئاشتى و پێکەوە ژیانن، ئەبێت هەوڵ و فشارەکانیان زیاتر بکەن لەسەر ئاسایش و هێزە ئەمینەکان، کەنابێت کەس سزا بدرێت، لەسەر بیروراى جیاواز کەس تیرۆر نەکرێت، لە زیندان نەخریت، تا هەوڵەکەیان مایە پووچ نەبێت، چونکە بمانەوێت یان نا هەر تیرۆر و ئەشکەنجەو بێ سەروشوێنکردنێک کە لە زۆنى زەرد ئەنجام دەدرێت، گەر دەستى ئەویش تیانەبێت، دیسان پارتى بەرپرسیارە لە سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان و رەخساندنى کەشى ئەمنى. ئەگەر نا هەر تیرۆرێکى لەو چەشنەى کە رویاندا ئەبێتە هۆى لەباربردنى ئەو هەوڵ و تەقەلایە، خەڵکیش بەراستەوخۆ یان ناراستەوخۆ تۆمەتەکە دەدەنە پاڵ پارتى و ئەو بەبەرپرسیار دەزانن.
5- کێشەى سیاسى ئەم هەرێمە بریتیە لە گرژى و ئالۆزییەکانى نێوان بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى بەپلەى یەکەم. پاشان پارتى و یەکێتى بەپلەى دووەم. کەچى زۆر سەیرە لیژنەکە وەک کورد ئەڵێت: (لەپاشەوە لغاو دەکەن) دەستپێک دەچن لەگەڵ پارتى زەحمەتکێشان و تورکمانەکان و شیوعى و سۆسیالیست و ئاشوریدا کۆدەبنەوە، کەهەمووان دەزانن ئەوانە لەگەڵ رێزم هیچ سەنگ و بنکەیەکى جەماوەریان نى یە، لەحکومەت و پەرلەمانیشدا قورسایى ئەوتۆیان نى یە. هەروەها هەمووان وەک لق و ناوچەى پارتى لێیان دەڕوانین. لەگەڵ پارتیشدا تا ئەورۆِ هیچ گرژى و لێک نەگەیشتن و دوراییەکى سیاسیان نەبووە. ئەرێ ئیدى خێرە سەرەتا لەوانەوە دەست پێدەکەن و، بیربۆچوونى ئەوان لەپێش هەمووانەوە بەهەند وەردەگرن، ئایا ئەمە گاڵتەکردنى سیاسى و کات بەهەدەردان رابواردن بەویست وئیرادەى خەڵک نەبێت چى دیکە دەگەیەنێت؟
زۆرگوتن قورئان خۆشە، بۆ چارەسەر و رێگەى دەربازبوون لەم قەیرانە, بچۆ پرسیار لە، سیاسى، لە خەڵکى ناوبازار، لەکاسب، لە ژن, لەمنداڵ لەهەرکێ دەکەیت بیکە. بزانەچیت دەستدەکەوێت کە کۆى وەڵام و بۆچونى هەمووان لەدووخاڵدا کۆدەبێتەوە :
یەکەم: دورکەوتنەوەى بارزانى لەکورسى دەسەڵات و، بەپرەوکردنى حوکمدارى بەشێوازى دیموکراسى.
دووەم: باشکردنى ژیانى خەڵک و ئاه بەبەردا کردنەوەى، ئەویش لەرێگەى ریگە گرتن لە بەتاڵان نەبردنى داهاتى میللەت و شەففیەت لە دارایدا.