دکتۆر محەمەدئەمين گەناوى: قەیرانی گەنج لە قەیرانا.
نەتەوەکان چەند لە یەکتر جیاواز بن لە ڕووی فەرھەنگی و شارستانی، ئاینی وە عەقڵیەت بەڵام لە ھەندێ بابەتی سەرەکی ژیان وە تێروانینیان بۆ ئەم بابەتانە کە گرنگی ژیانیان ھەیە لە رووی فتری ھەروەھا بەرژەوەندی و ھەوڵ بۆ مانەوە لە ژیان و شکۆمەندی ئینسان و نەتەوە و نیشتیمان، یەکە و جیاوازی جەوھەریان نیە. ھەرچەندە لە ھەندێ حاڵا بەھۆی جیاوازیی فەرھەنگیەوە وە جیاوازیەکانی ترەوە ئەشێ لە فۆرما وە لە ئامرازا جیاوازی ھەبێ. بۆ نمونە ھەموو ئینسانەکان لەھەر نەتەوەیەک بە شێوەیەکی فتری بێت یان بە حوکمی عادەت و فەرھەنگی کۆمەلایەتی بێ، حەز ئەکەن لە شوێنێکا بژین کە ناوی خێزانە ئەمە وەک غەریزە، یان ئارەزوو. بەلام فۆرمی ژیان و پەیوەندی خێزانی لە نەتەوەو کۆمەلگایەکەوە لەگەل نەتەوەو کۆمەلگایەکی تر جیاوازە.
بۆ نمونە, ئە گەر لە رووی پەروەردەی کۆمەلایەتیەوە بۆ نمونە تەنھا گەنج وەربگرین وەکو چینێکی دیاری کراوی کۆمەلگا بۆ تەمەنێکی دیاریکراو ئە بینین کە تا ئیستاش ئەم تێروانینە ھاوبەشە بۆ گەنج، کە گەنج ھێزی دینامیکی بەردەوامی ژیانی ماددی و معنوی ولات و کۆمەلگایە، بەلام فۆرمی ماملەو تێگەیشتن لە گەنج دووبارە جیاوازە لە کۆمەلگە یەکەوە بۆ کۆمەلگەیەکی تر.
بۆ رووبەروبوونەوەی قەیران و تحدیەکان لەھەر شوێنێ لە دنیا، پەنا بۆ ھێزی گەنج وە عەقڵ و ئەزمونی زانا و شارەزاکانی، وە بەحەق سیاسی و بیرمەندانی نەتەوە ئەبردرێ.
ئیتر پرسیار ئەمەیە, ئایا قەیرانەکان، قەیرانی گەنج دروستئەکەن، یان قەیرانی گەنج ئەبێتە ھۆی دروستبونی قەیرانەکان؟
چی بکرێ ئەگەر ھەم گەنج لە قەیرانا بوو، وە قەیرانەکانی تریش لە ناو کۆمەلگە بوونیان ھەبوو؟
زۆرێ لە برادەرانی فەیس بووک بۆ وەڵامی ئەمە پێیان وابوو کە قەیرانەکان دروستکەری قەیرانینن بۆ گەنج.
بۆ وەڵامی ئەم بۆچونە ئەبێ پرسیاری شیاو ئەمەیە: چی بکرێ بۆ ئەوەی لە قەیرانا ھە م قەیرانی خۆی ھەم قەیرانەکان چارەسەر بکات؟.
ھەروەکو لە شوێنێکی تریشا ئەمەم وتوەو نوسیوە کە: قەیران دروست بوون لەھەر بوارێکا لە ئەنجامی ئەنجامدانی ھەر چالاکیەکدا لە یەکێک لە قۆناغەکان ئەشێ دروست ببێت وە ھەم ئەشێ بەکەڵک بێت بۆ دارشتنەوەی کارو بەرنامەو دوبارە خوێندنەوە و ناسین و ئەمجا فێر بوون و ئەزموون وەرگرتن.
ھەڵبەتە کە ئەڵێین قەیرانی گەنج لە کۆمەڵگای ئێمەدا وەک بەشێک لە جیھانی سێ یان کۆمەڵگە ئیسلامیەکان مەبەست لەمەنیە، کە کەمی گەنجمان ھەبێ وەکو وڵاتانی پیشەسازی رۆژئاوا کە قەیرانی گەنجیان ھەیە لە رووی ژمارەییەوە، واتە کەمی گەنج بە پێوەری دیمیگرافی و ھێزی کار لە بازاری کارا. بەڵکو لای ئێمە کە باسی قەیرانی گەنج ئەکرێت، مەبەست لە نەبوونی رۆڵی گەنجە لە رووی فکری و سیاسی وە کۆمەڵایەتیەوە، وە ھەروەھا نەبوونی گەنج خۆیەتی وەک کەسایەتیەکی ئازاد, خاوەن بریار و روانگە وە سەربەخۆبوونی.
لە کۆمەلگە بەستراوەکان، پەتکراوەکان لە رووی فەرھەنگی, شارستانی, سیاسی, ئابوری، وە کۆمەلایەتیەوە گەنج چەندەھا پەتیکورتی لەملکراوە بە جۆرێ، کە ھەناسەی ھەموو گەشەیەکی فکری, عقلی وە فەرھەنگی لێ براوە, ئەمەش وای کردوە کە کەسایەتی سەربەخۆیی خۆی نەبێ، واتە خاوەنی چارونوسی خۆی وە خاوەنی خۆی نەبێ، لە بەرئەوە گەنج لەم کۆمەلگایانەدا شێواو کراوە deformed.
ئەم شێواوکردنە لە ماڵەوە دەست پێ ئەکات تا قوتابخانەو زانکۆ و شوێنی کار، ئەمجار لە ناو ھەموو کایەکۆمەلایەتیەکان, لەبەر ئەوە ئەبینی کە گەنج جگە لە تاک تاک بەشێکە، وە کۆپیە لە رەوتە تقلیدی و کلاسیکە کۆمەلایەتیەکان بەھەموو رەھەندە فکری و کلتوریەکانیەوە, ھەر لەبەر ئەمەشە کە ئەبینین لەکاتی قەیرانەکانا مەگەر دەگمەن، ئەگەر نا گەنجیش وەکو ھەموو چینەکانی تری کۆمەلگا گوتارو دەربرینیکی تازەو جددی و یەک لاکەرەوەی لانیە.
لەم کۆمەلگایانەدا کە سەروەری تاک ھەیە، وە دەسەلات دەسەلاتی خەلکە, کە گەنج توشی ھەر قەیرانیکی ئەبێ دامودەزگای پەیوەندیدار لەسەر ھەموو ئاستەکان کار ئەکەن بۆ چارەسەری قیران و کێشەکانی گەنج, بەھەمانجۆر کاتێ گەل و ولات توشی ھەر قەیرانێ ببێ گەنج بە ھاوکاری خەڵکانی بە ئەزمون و خاوەن فکری خلاق، دیسان لە ریگەی دامەزراوەکانەوە بەشداری کارا ئەکات لە چارەسەری قەیرانەکان.
لەم شوێنانە وەک جیھانی سێ وە ئیسلامی بە کوردوستانیشەوە کە ھەم ولات ھەم گەنج لە قەیرانان, بۆ نمونە کە وەلات لە قەیرانی ئابوری, دارایی, سیاسی وە کۆمەلایەتدایەوە بۆ گەنج، جگە لە ھەمان ئەم قەیرانانە قەیرانی فکری, فەرھەنگی وە ناسنامە، شوناسیشی ھەیە.
ئەم حالەش واتای ئەمەیە, کە قەیرانەکانی ولات و کۆمەلگە قەیرانەکانی گەنجیان زۆرتر کردوە، وە قەیرانەکانی گەنجیش بە ھەموو رەھەندەکانیەوە قەیرانەکانی ولاتیان درێژخایەن ترو بێ چارەتر کردووە.
بۆیە لەم شوێنانەی کە باسکرا، واتە کاتێ کۆی ولات و کۆمەلگا لە قەیراندایە بە گەنجیشەوە، وە ھەروەھا قەیرانەکانی گەنج خۆشی پێویستی بە فکری داھێنەرو سیاسەتی نیشتیمانی گشتگیر وە شۆرشی فکری, فەرھەنگی وە گۆرانی سستەمی سیاسی و ئابوری و ئیداری ھەیە. بەوزەی گەنج وەک رەگەزی سەرەکی بۆ گۆرانکاریی. وە ئەبێ ئەمە بزانرێ، کە گۆرانکاری بنەرەتی بۆ بن برکردنی قەیرانەکانی گەنج لە قەیرانەکانا ئەبێ لە دەرەوەی ژیانی ئەم واقعە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی و ىێ گەیشتنە فەرھەنگیەی ئیستابێ لە ھەریەکێ لەم شوێنانە لەدنیا کە قەیرانەکان لەوانە قەیرانەکانی گەنجیش بوونەتە کابوسی خەڵک و ولات .