کامەران وریا قانع: گۆڕان بوون.
خه‌وتن له‌گه‌ڵ لینین و به‌كارهێنانى هه‌مان ئاوده‌ست، وات لێناكات له ماركسیه‌ت و لینیزم تێبگه‌ى. ئه‌مه قسه‌ى ستالین بوو كه به توڕه‌یه‌وه به خێزانى لینینى وت: كاتێك لینین له‌سه‌ره مه‌رگ بوو، خێزانه‌كه‌ى له بێمانایی ستالین گه‌یشت بوو كه بۆ سه‌ركرده ده‌ست نادات. ئه‌م نموونه‌یه‌م بۆ ئه‌وه هێنانهیەوه. مه‌رج نیه ئه‌وه‌ى وێنه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیروان بگرێت، یان له‌سه‌ر لیستى گۆڕان پۆستێك یان ببێته ئه‌ندام په‌رله‌مان واته ئه‌و كه‌سه گۆرانخوازه. گۆڕان بوون پێشه‌وه‌ى پرۆسه‌یه‌كى سیاسى بێت، پڕۆسه‌یه‌كى ئه‌خلاقیه. ئه‌خلاقى به ماناى بێده‌نگ نه‌بوون به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو ئهتكردنهى یاسا و ئه‌و هه‌موو تاڵانیه‌ى له‌م وڵاته ئه‌كرێت. زۆر كه‌س هه‌یه تا ئێستا سه‌رى نه‌كردوه به هیچ ده‌زگایه‌كى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ڵام له‌ناو دنیا بینى خۆی و له‌ناو ژیانى تاكه كه‌سى جوانترین په‌یامى گۆرانى هه‌ڵگرتوه، زۆر كه‌سیش هه‌یه به‌رده‌وام له ده‌زگاكانى گۆرانه، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌خلاقى گۆرانى دۆراندوه.
سه‌دان كادرى پارتى و یه‌كیه‌تى هه‌یه گۆرانخوازن له ته‌ماشاكردنى ژیان و سیاسه‌ت، سه‌دان كادرى گۆرانیش هه‌یه پارتى و یه‌كیه‌تى عه‌یار 24ن به‌رامبه‌ر چۆنیه‌تى ته‌ماشا كردنى سیاسه‌ت كردن له‌م هه‌رێمه.
گۆران بوون پرۆسه‌یه‌كى به‌رده‌وامه، به‌وه نابێت یه‌كجار ده‌نگت بۆدا، ئیتر وا هه‌ست بكه‌یت كارى خۆت ته‌واو كردوه. گۆڕان بوون بریتیه له‌وه‌ى نه‌یه‌ڵیت روحى ره‌خنه گرتنت بمرێت، گۆران بوون پرۆسه‌یه‌كى ئاسان نیه له‌م هه‌رێمه ،دنیایه‌ك ته‌ڵه‌و به‌ربه‌ستى له پێشه، هه‌ر له ته‌ڵه‌ى ژیانى كه‌سیه‌تیه‌وه بۆ به‌ربه‌ستى سرینه‌وه‌ى فیزیكى.
هه‌موو ئه‌ركى سیاسى گۆڕان ئه‌وه‌یه، به خه‌ڵكى كوردستان و ده‌ره‌وه‌ى بڵێت: ده‌كرێت سیاسه‌ت بكه‌یت و كوڕى بنه‌ماڵه نه‌بیت، ده‌كرێت به‌رپرسى گه‌وره‌ترین ده‌زگاى وڵات بیت، خه‌باتێكى درۆینه‌ى رابردووت نه‌بێت، ده‌كرێت گروپى فشار دروست بكه‌یت و په‌یوه‌ندیت به هیچ حزبێكه‌وه نه‌بێت، ده‌كرێت به دژ گه‌نده‌ڵى بچینه‌وه‌و مه‌رامى كهسێیهتى له پشت نه‌بێت، به‌گشتى ده‌كرێت ژیانێكى زۆر شایسته‌تر له ئێستا دروست بكرێت هه‌ر به تواناكانى كۆمه‌ڵگاى كوردى خۆیى.
سیاسه‌ت كردن به‌شێكى بریتیه له خه‌ونى كه‌سیه‌تى، كه‌سانێك دروست ده‌بن حه‌ز ده‌كه‌ن ببن به یه‌كێك له ئه‌ستێره‌كانى كۆمه‌ڵگا، ئه‌مه‌ش خه‌ونێكى زۆر ڕه‌وایه، به‌ڵام ئه‌م حه‌ز تا ئه‌و كاته ڕه‌وایه كه حه‌زى گشتى نه‌كه‌یت به قوربانى. كه‌م نین ئه‌و ئه‌ستێره گه‌نج و ئازایانه‌ى ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه پێشكه‌شى كۆمه‌ڵگاى كردوه له شه‌وه تاریك و بێهواكاندا.
له كۆتایدا ئه‌وه‌ى ماڵئاواى له گۆڕان ده‌كات ئه‌هریمه‌ن نیه و ئه‌وه‌ى له ناوى ده‌مێنێته‌وه فریشته نیه، هیچ حزبێكى سیاسى له كوردستان به بارته‌قاى گۆران مێژووى نه‌بردۆته‌وه، ره‌نگه تاقه شتێك نه‌وه‌كانى دوارۆژ سه‌ربه‌رزبن پێی ئه‌وه‌یه كاتێك مێژوو ده‌خوێنه‌وه، چاویان و دنیابینیان به‌ر ئه‌م ده‌نگه ئازا‌و زولاڵه ده‌كه‌وێت كه به بێ هیچ چه‌ك و پاره‌یه‌ك گه‌وره‌ترین كابوس بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانى بێویژانى كورد.