نەبەز گۆران: كورد لەناو نەخشەكاندا نییە.
(1)
ئەو راپۆرتانەی لەم ماوەیەدا لەلایەن دەزگا ستراتیژییەكانەوە بڵاو كرانەوە، بە هیچ شێوەیەك باس لە گۆڕینی نەخشە كۆنەكان ناكات و، باس لە بوونی نەخشەی نوێ بۆ كورد ناكات! جگە لەوەی باسێك لەم بارەیەوە نییە، هەندێك لە ڕاپۆرتەكان چۆن كێشەی مەزهەبی لە عێراق، یان كێشەی توندوتیژی ئایدۆلۆژی ئایینی لە سوریا باسدەكەن، ئاواش باس لە كورد دەكەن، یانی وەك كێشەیەك لەناوچەكەدا!
ڕاپۆرتەكەی (ئۆڵبرایت و هاردی) تەنها لەیەك شوێندا باسی هەرێمی كوردستاندەكات.ئەویش باسەكەی پەیوەندی بە دوو خاڵەوە هەیە، یەكەم هەرێمی كوردستان بوەستێنرێت لەو فەزا گەندەڵییە و چارەسەرێك بۆ ئەو فراوانبوونی گەندەڵییە حیزبییە رەچاو بكرێت. پاشان هەرێمی كوردستان ناچار بكرێت لەگەڵ ناوەند رێكبكەوێت و پەیوەستبێت بە رێككەوتنەكەوە. لەبارەی كوردی رۆژئاواشەوە، بەهەمان شێوە لە چوار چێوەی دەوڵەتی سوریا باسی لێوەدەكات.
راپۆرتەكەی دەزگاكەی (كیسنجەر) زۆر گرنگی بە كورد نادات. دوادیدارەكەی (كیسنجەر)یش، زۆر بە روونی باز دەدات بەسەر كورددا. دوادیدارەكەی (چۆمسكی) كە دۆستی كوردە، تەنها كەمێك ستایشی تێدایە بۆ كوردانی رۆژئاوا، لەوە زیاتر شتێكی نوێ ناڵێت.
هەموو ئەو سەرنجە تاكەكەسیانەش لەسەر كورد هەن، چ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەمریكاوە، چ لەلایەن دەسەڵاتدارنی ئەوروپاوە، تەنها باس لەوە دەكەن بۆ شەڕی دژی تیرۆر هاوكاری ئابووریی و سەربازی كوردەكان لە چوارچێوەی عێراق و سوریادا بكرێت! نە دەزگا ستراتیژییەكان، نە بۆچونە تاكەكەسییەكان باسێك لەبارەی نەخشەی نوێوە ناكەن. ئەوە تەنها كوردە باس لەوە دەكات چارەسەر پارچەپارچەكردنی (عێراق و سوریایە) كوردیش لەو گۆشە نیگایەوە باسیدەكان لەبەرژەوەندی خۆیدایە و ئەم بەرژەوەندییە تایبەتییە لای جیهانی دەرەوە هێشتا شوێنی گوێ لێگرتن نییە.
پرۆژەكەی (جۆی بایدن) كە كورد زۆر ئومێدی پێبوو كۆتایی هات. (برجنسكی) پێی وایە: “دەبێت سەرلەنوێ ئەمریكا بگەرێتەوە بۆ بەهێزكردنەوەی دەوڵەتەكان، تا دەستە دەرەكییەكان كورت بكاتەوە.” كۆی راپۆرتە ستراتیژەكانیش هەمان خاڵ گرنگی پێدەدەن. ئەو رێككەوتنەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكا لەسەر شەڕی (موسڵ) راستییەكەی رێككەوتنێكی كوشندەبوو. سەركردایەتی سیاسیی بەهۆی قەیرانی ئابووریی و نەتوانینی ئیدارەدانی هێزەكانی ئەم رێككەوتنەی كرد، لێ لەرووی ستراتیژیەوە ئەو رێككەوتنە هەرێمی كوردستانی ناچاركرد بیر لە نەخشەی نوێ نەكاتەوە و، پاش شەرەكە دەبێت بگەرێتەوە شوێنە كۆنەكان، واتە :(ناوچەی دژە فڕین.) رێككەوتنێكی تەواو كاتی بوو، رەچاوی ئایندەی تێدانەكرابوو، ئەنجامەكەشی ئازاردەردەبێت بۆ هەرێمی كوردستان.
(2)
گەر لە نزیكەوە بروانین و چاوێك لە دراوسێكان بكەین، هاوكاردەبێت بۆ تێگەیشتن لە دۆستە دورەكان. ئێستا ستراتیژی توركیا هێنانە پێشەوەی نەخشە كۆنەكەیە، كە بە نەخشەی (نیشتیمانی) ناسراوە. ئەو نەخشەیە گەرچی زۆر خەیاڵییە، لێ باس لەهاتنی توركیا دەكات بۆ شارەكانی (موسڵ، هەولێر، كەركوك) توركیای ئێستا خەون بە گەڕانەوەی دەوڵەتی عوسمانییەوە دەبینێت، ئەمە خەونێكە سەردەمەكەی تێپەڕییوە، بەڵام مادام ئەوان خەونی گەورەیان هێشتا ماوە، كەوایە لە هەرشوێنێك كورد ببێتە مەترسی بۆ نەخشەكەی ئەوان، ئەوان لەو شوێنەدا ئامادە دەبن بۆ نەهێشتنی ئەو ترسە.
ستراتیژی ئێستای توركیا زۆر روونە، ستراتیژێكە بۆ كەمكردنەوەی توانای كورد و، سەرلەنوێ بەكارهێنانەوەی هێز بۆ سەركوتكردنی كورد. چونكە توركیا لەوە تێگەیشت پرۆسەی ئاشتی كە سەرۆك (ئاپۆ) زۆر لەسەری دەوەستا، پرۆسەیەكە ئەنجامەكەی بۆ توركیا باش نابێت، بۆیە جارێكی دیكە گەڕایەوە سەر بەكار هێنانی هێز بۆ نەهێشتنی ئەو ترسە. ئەگەر ئەوروپاییەكان و ئەمریكایەكانیش خۆشحاڵبن بە پرۆسەی ئاشتییەكە، ئەوا توركیای ئێستا لە ماناكانی تێگەیشتووە و لەبری ئەوەی شەڕەكە لەناوخۆدا بێت، هەوڵی گواستنەوەی شەرەكە دەكات بۆ دەرەوەی خۆی. گەرچی (كیسنجەر) پێی وایە: “دواشەری ناوچەكە لەناو توركیا دەبێت.” ئەما هێشتا دوا شەر لە ئارادا نییە و، شەرێكی گەورە هەیە، كە پێیدەوترێت شەری تیرۆری جیهانی.
هاتنە پێشەوەی توركیا لە (سوریا و عێراق)، ئەشێت بۆخۆی ستراتیژێكی گواستنەوەی شەرەكە بێت و، ئەشێت ستراتیژێكیش بێت لە پاڵ توركەكاندا خزمەت بە ئێرانییەكان بكات، بۆئەوەی زیاتر بێنە ناوەوە. بە دیورێكی دیكەدا كورد لەم نێوانەدا هێشتا روون نییە سەرقاڵی چییە. جیاواز لە كێشە ناوخۆییەكانی، لەرووی سیاسەتی دەرەوە تەنها لە چوارچێوەیەكی زۆر دیاریكراودا گرنگی پێدەدرێت. ئەشێت ئەو قسەیەی (كیسنجەر)یش راست بێت كاتێك وتویەتی: ” كورد وادەزانێك ئەمریكا رێكخراوێكی خێرخوازییە.” هەڵبەتە هێشتا هەمان دید بۆ ئەمریكا لەناو سیاسەتی كوردییدا بوونی هەیە.
ئێستا لە نزیكەكانمان توركیایە. دەزانین سەرقاڵی چییە. دەزانین گەڕانەوەی بۆ هێز تەنها پەیوەندی بە ستەمكاری حیزبێكی ئایینیەوە نییە، تەنها ئەوەنییە پێمان وابێت:(ئۆردوگان ئەتاتوركێكە بەلەچكەوە.) لەڕوی سیاسەتی دەرەوە، كار لەسەر بەهێزكردنی پاییەی توركیا دەكات و، لەترسی رێككەوتنامەی (لۆزان) جارێكی دیكە رێككەوتنامەی (نیشتیمانی) زیندوو دەكاتەوە بۆ ئەوەی رێگری بكات لە هەر گۆڕانكارییەك ئەگەر ڕووبدات. هەرچەندە دڵنیاشە گۆرانكارییەك روونادات، ئەما بۆ فراوانكردنی هەیمەنەی خۆی و فشارخستنە سەر دەرەوە، لەجوڵەی خۆی ناوەستێت.
(3)
ئێرانییەكان بە تەواوەتی هاتوونەتە ناوەوە. هەموو سیاسییە دیارەكانی ناوچەكە، كەباس لە رۆژهەڵات دەكەن، باس لە بوونی ئێرانێكی بەهێز دەكەن. (هیلالی شیعی) گەر پێشوتر تەنها دیدگایەك بووبێت، ئەمرۆ هێزە. غیابی ئەمریكا لەسەردەمی ئیدارەی سەرۆك (ئۆباما) بەهێزبوونی ئێران بوو. ئەم دەوڵەتە بە هەمان دەوڵەتی توركیا خەونی كۆنی هەیە، خەونی گەڕانەوەی ئیمپراتۆریەتی ساسانی. لە هەموو حاڵەتێكدا ئەم خەونە تەحقیق نەكرێت، ئەوان توانیویانە لەرێگای سێبەرەكانیانەوە ئامادەییەكی تەواویان هەبێت.
عێراقەكەی ئێستا، عێراقی ئێرانییە. سوریای دەسەڵاتی (عەلەویی) سوریایی ئێرانی و روسی و هاوپەیمانەكانیانە. (لوبنان و بەحرێن) تا دەگاتە بەشێكی (سعودییە) بریتیە لەو شەپۆلەی ئێران ئاراستەی دەكات. بەژداریكردنی (حشدی شەعبی) لە شەڕی (موسڵ)دا گەرچی ئەمریكاییەكانی نیگەرانكردووە، ئەما شەرێكە سەرلەنوێ كێشە مەزهەبییەكان زیندودەكاتەوە و (سعودییە و قەتەر) یش دێنە ناوەوە و دەستەكانی ئێران لەناوچەكەدا بە بیانووی ئەو شەرەوە، بەهێزتر دەبن. ئەشێت لە هەندێك وێستگەدا لە ناوچەكەدا ئێران خۆی ئامادەیی هەبێت، ئەما بەرامبەرەكانی كە دەوڵەتە سوننە مەزهەبەكانن خۆیان ئامادەییان نییە، لەرێگای نوێنەرەكانیانەوە شەرەكە دەكەن و، نوێنەرەكانی ئەوانیش بریتین لە هێزە توندرەوەكانی ناوچەكە.
بەپێی راپۆرت و سەرنجی سیاسەتوانانی جیهانبێت، هێشتا ئومێدێك نییە بۆ چارەسەركردنی كێشە گەورەكانی رۆژهەڵات، گەرچی هەمووان لەسەر ئەوە كۆكن دەبێت شەرە مەزهەبییەكان و، شەری دەوڵەتییەكانی وەك : (توركیا، ئێران، سعودییە، ئیسرائیل) سنوورێكیان بۆ دابنرێت بۆئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە ناوچەكە، ئەما كەسیان پێماناڵێن لە چ كات و لە چ شوێنێك سنوورەكە دادەنرێت و ئارامییەكە كەی دەگەڕێتەوە.
هەتادێت هەیمەنەی دراوسێكانی كورد لە ناوچەكەدا بەهێزتردەبێت. رۆژئاوایی و ئەمریكایەكانیش هێشتا ئیدارەی شەرەكە دەدەن و، شەرەكەیان گواستەوە بۆ شەری (فرۆكەی بێ فرۆكەوان.) وەك (چۆمسكی) دەڵێت: ” ئەشێت هەمان شەر لەخولێكی تردا، هێزە توندەرەوەكان بەهەمان چەكەوە بیكەن!”
نەوەی دووهەمی هێزە توندرەوەكانی ئێستا، چاوەراندەكرێت لەم نەوەیە توندوتیژتربن و، لەم نەوەیە زیاتر خاوەن تەكنەلۆژیای بەهێز بن و، شەرەكە بگوازنەوە بۆ زۆر شوێنی دیكە.
(4)
ئەوەی روونە ستراتیژێك، پرۆژەیەك بوونی نییە بۆ گۆڕینی نەخشەكان، چ لەلایەن رۆژئاواییەكانەوە، چ لەلایەن ئەمریكا و هاوپەیمانەكانییەوە، چ لەلایەن روسیا و هاوپەیمانەكانییەوە. ئەوەی هەیە تەنها گوتارێكی لۆكاڵییە كورد لەناو خۆی خۆیدا باسی دەكات. ئەم گوتارە لۆكاڵییە ناوخۆییە، دەتوانرێت وەك ئومێدی پوچ سەیربكرێت و، دەشتوانرێت وەك فۆرمێك لە فۆرمەكانی گوتاری فاشییەت بۆ روكەش گەڕایی خوێندنەوەی بۆ بكرێت.
بۆچوونی نوێی ئیدارە نوێیەكەی ئەمریكا، كە (ترامپ) سەركردایەتی دەكات، گەڕانەوەیە بۆلای نەوە كۆنەكە. گەر ئەمە راستییەكی تێدابێت، كەوایە ئەوانەی خاوەن دەزگای ستراتیژی گرنگن و، سەرنجەكانیان هەمیشە بەكارهێنانی هێزی تیاییە دێنەوە پێش و، بەهاتنە پێشەوەی ئەوان، لەرێگای هێزەوە دەوڵەتە پڕ لەكێشەكان جارێكی دیكە بەهێز دەكەنەوە، نەك دەسكاری نەخشەكانیان بكەن. بەهەمان شێوەی ئیدارەكانی پێشوو، لەو چوارچێوەی ئاسایشی خۆیان دەكەوێتە مەترسییەوە هاوكاری كورد دەبن، لەمە زیاتر شتێكی نوێ نایەتە ئاراوە.
چ دراوسێكانی كورد، چ ستراتیژی دەرەوە باس لە بوونی كوردێك ناكات خاوەن نەخشە و خۆ بەرێوەبردنێكی سەربەخۆیانەبێت. كەچی لەناوخۆی كورددا، ئەم گوتارە بێ ئامانجە كراوەتە كەرەستەیەك بۆ داپۆشینی كێشە گەورەكانی ناوخۆ و دەرەوە!
پاش شەڕی (موسڵ) ئەكرێك هەندێك گۆڕانكاری بكرێت، بەڵام گۆڕانكارییەكان بەو شێوەیەنین كورد ببێت بەخاوەن ئیدارەیەكی سەربەخۆ. لەبری ئەوە جارێكی كە ناچار دەكرێتەوە لە چوارچێوەی پێشودا دانیشێت و لەگەڵ عێراق رێك بكەوێتەوە. گەر بەم شێوەیە نەبێت چاوەڕواندەكرێت ئەوەشی بەدەستی هێناوە، چ لە رێگەی دراوسێكانییەوە، یان لە رێگەی خراپ بەكارهێنانی خۆیەوە لەناو خۆی و، كێشە ناوخۆییەكانەوە، ئەوەش بەرەو شوێنێكی ئالِۆزتر بڕوات.