ئازاد حەمدی: مامۆستا حەمەی گوڵ، شەهیدی بێ موچەیی.
کێ لە ئێمە حەمەی گوڵی لەبیرماوە، ساڵێک زیاترە ، وەکو زۆری تر .. بووە قوربانیەکی تر کەبەهۆی بڕینی موچەکەیەوە و بەناو پاشەکەوتەوە. سەری ئاهو ناڵینی نایەوە. زۆرێک لەوانەی دەیان ناسی ،چاوەڕوانی ئەوەیان لێنەدەکرد. پیاوێکی بەرگەگر کە هەر لەمناڵیەوە هەتیوکەوت پاش چەندین نەهامەتی و نەبوونی زۆرانبازی لە گەڵ ئاستەنگە ناخۆشیەکانی ژیان. ئەمجارە بەرگەی نەگرت. کۆتایی بە ژیانی هێنا.. کەوتە ئەوپەڕی مەیئوسی. ووتەی کاکە دانای هاوشاری نەیتووانی کارێکی ئەرینی بکاتە سەری. کە بە مەبەستەوە دەڵێ:
تۆ بۆ ڕابوردوو و ئێستایەک مەژی درۆزنەکان بۆتیان خوڵقاندووە
بۆ ئایندەیەک بژی کە خۆت بیخوڵقێنی
من لە مندالیەوە ئەو کاکە حەمەیەم دەناسی، 1942 لە گەڕەکی کانیئاشقانی هەڵەبجە هاتبووە دنیاوە بە ناوی ( حەمە حەمە ساڵەح رەحمان ). سەرەتای ژیانی بە هەتیوی لە باوەشی دایکێکی بێوەژنی كۆڵنەدەر گەورە بوو لەسەر دوکانێکی بچووک. پێمان دەووت (حەمەی عەدە ) کە شانبەشانی بەسەربردنی ژیانێکی ئاسایی، تووانی ببێتە مامۆستا، بە هۆیەوە دایکە تێکۆشەرەکەی سەربەرزانە سەری نایەوە.
ئەو کاکە حەمەیەمان لەدووای ڕاپەڕین لە سلەیمانی دیەوە، لەسەر شۆستەکەی خوار ئۆرزدیەوە، چەن ئینجانە گووڵێکی دانابوو بۆ فرۆشتن، کە ماوەیەک بێکار مابووەوە. هەر بە هۆی گووڵفرۆشیەوە ناز ناوی (حەمەی گووڵی ) پێبەخشرا.
سەرسامیمان لەوەوە دەستی پێکرد، سەرەڕای ئەو هەموو چەرمەسەریانەی بەسەریدا هاتبون و کەم نەبوون. کەچی بەو ڕادەیە هیڵاک بوو بەدەست قەرزاریی و بێ مووچەیی و پاشەکەوتەوە، سەرئەنجام کۆتای بە ژیانی هێناو بە مندالەکانی وتبوو: قەرزارم و، حکومەتی هەرێمیش ئەوەندە ملێون دینار قەرزارمە، کە بۆی پاشەکەوت دەکات.