ساڵح موسلیم : وەڵامێك بۆ نێچیر بارزانی، ئێمە دیکتاتۆرین یا ئێوە؟
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
- وێنەکە، شەهید شەرڤان سالح موسلیمە
یەک کوڕم هەبوو ئەویش لەبەرەکانى جەنگى دژە تیرۆرى داعش وەک سەدان گەریلاى هاوشێوەى شەهید کرا، کچێکم ئیستا وەک شەڕەڤان چوار ساڵە گەریلایە.
ئێمە باوک و برازا و مام و ئامۆزامان نەکردۆتە بەرپرس و سەرۆکى هەموو دەسەڵاتە گرنگەکانى دەوڵەت و حیزب.
ئێمە لەسەر حسابى برسیکردنى خەڵکى بە دزینى داهاتى گشتى خۆمان وەک شاهنشا و سوڵتان ناژین و میللەت برسى و بێ مووچە.
ئێمە کودەتا ناکەین بەسەر مەزنترین دامەزراوەیى شەرعى وڵات تا لەبەرخاترى کورسى حوکمڕانى بنەماڵە پـــەرلەمان پەکبخەین.
ئێمە لەسەر پۆستێکى فەیسبووک و وتارێک رۆژنامەنووس تیرۆر ناکەین پێش ئەوەى هەر دە پەنجەکەى بشکێنین.
ئێمە کەرامەتى گەریلاکانمان لەهەموو پیرۆزیەک لامان پیرۆزترە بـــــۆیە لەبەر ئینتیمای سیاسى کەسایەتى ئەتکناکەین و سەر و برۆ و سمێڵى ناتاشین و شاربەدەرى ناکەین لە زێدى باوباپیرانى.
ئەوە ئێمە نەبووین و نابین، کە خۆمان لەکۆشک و باڵەخانەى چەند سەد دۆنمى بژین و میللەتەکەشمان بەسەرماى زستان لە وڵاتى نەوتدا بەرمیلێ نەوتى پێ ڕەوا نەبینین.
ئێمە وەک ئێوە سیاسەت و کوردایەتیمان نەکردووە بە کۆمپانیایى بازرگانى ڕەش بۆ خۆ زیاتر دەوڵەمەندکردن تا خەڵکەکە زیاتر هەژار بن، ئەوە ئێمە نەبوین کە دەرگا و پەنجەرەى بارەگا حیزبیەکانمان لە خوێنى خەڵکى لاپیرۆزتربێ بەوەى تەقە لە خۆنیشاندەرى بێ چەک و دیفاع بکەین و بیانکوژین.
ئێمە خەباتى سیاسى و چەکدارى ئەکەین بۆیە هەین و بەرپرسین نەک لەبەرئەوەى کوڕى بنەماڵەیەکى دیاریکراوین یــــان کوڕ و برازاى کەسێکى بەرپرس بووین .
ئەوە ئێمە نەبووین دەعوەتى حەرەس جمهورى بەعسى کورد کوژ و ئەنفالچى فاشیمان کردبێ بۆ داگیرکردنى خاکى نیشتیمانەکەمان لەپێناو پاراستنى بەرژەوەندى بنەماڵە.
ئێمە چاوساغیمان بۆ میت و جەندرمەى تورکى نەکردووە تا خاکەکەمان گڵاو بکەن و کوردى هەرێم و پارچەکانى تر بکوژن.
ئەوە ئێمە نین ئەزبەنى بە گاڵتەجاڕى و بوغرابوونەوە بە خەڵکە ڕەش و ڕووت وبرسى و ناڕازیەکەى خۆمان بڵێن (هەڵپەڕن چى ئەکەن بیکەن).
ئێمە وەک ئەوان ئەژین و وەک ئەوانیش ئەمرین.
ئێمە ئەگەر دیکتاتۆر بووینایە ئیستا وەک جەنابتان لە ئەنکەرە فەرشى سووریان بۆ داخەستین و پاشتر لە گرانبەهاترین بازاڕەکانى پۆشاکمان ئەکڕى، یان بە فڕۆکەى تایبەتى خۆمان دەعوەتى کچە گۆرانیبێژێکى لەشفرۆشى ئەمریکى ڕاپمان ئەکرد تا لەئاهەنگى کوڕە نازدارەکەماندا گۆرانى بڵێ بەرامبەر بە چەند سەد دەفتەرە دۆلارێ .
ئیستا ئەزبەنى زانیت کێ دیکتــــاتۆرە ؟
ئەم وتارە وەرگیراوە
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە