هەورامان عەلی: کۆدە شاراوەکانی تیرۆری ئەندرێ کارلۆڤ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تیرۆری باڵوێزی ڕوسیا (ئەندرێ کارلۆڤ) لە نێوجەرگەی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیادا، جارێکی تر شێواوی و داڕوخانی خێرای سیاسی و ئابوری و لەوەش خراپتر ئەمنی تورکیایی هێنایەوە سەر شانۆی میدیاکانی جیهان. تورکیا لەسەر دەستی ئۆردۆگان و ڕەوتەکەی، بەشێوەیەکی خێرا ڕووە و دەولەتێکی شکست خواردوو مل دەنیت.

کات و شوێنی تیرۆرەکە ، کەسایەتی و پیشەی تیرۆریستەکە و تیرۆرکراوەکە ،هەندێك کۆدی ئاشکرایان هەلگرتووە کە دەکرێت باسیان بکەین :

جەنگی حەلەب
گومانی تێدا نیە سیاسەتی ئۆردۆگان و ڕەوتەکەی لە سوریادا بە گشتی و لە جەنگی حەلەبدا بە تایبەتی شکستی هێنا، ئەمەش مایەی نیگەرانی و ناڕەزایەتیەکی زۆری ئیسلامگەراکانی نێو حکومەت و کۆمەڵگای تورکی لێ کەوتوەتەوە. ئۆردۆگان نەیتوانی وەفاداربێت بەو هەموو بەڵێنەی بە چەکدارە تیرۆریستەکانی دابوو لە سوریادا. لە جەنگی حەلەبدا هەر تەنیا لوتی ئیسلامیە تیرۆریستەکان نەشکا، بەڵکە شکستێکی گەورەی سیاسەتی ئۆردۆگانیش بوو کە بەدرێژایی پێنج ساڵی ڕابردوو، ڕۆڵی گەورەی لەو ئاگرەدا بینیوە کە تەڕو وشکی لە سوریادا سوتاند. شکستی سیاسەتی ئۆردۆگان لە بەرتەسککردنی ڕۆڵی یەپەگە و یەپەژە لە ڕوداوە سیاسی و سەربازیەکانی سوریادا، چەندین ناوەندی بڕیاری تورکی چ ئیسلام گەراکان و چ نەتەوەیە پەرستە فاشستەکانی توشی کاردانەوەی هێستریایی کردووە.

ناسنامەی تیرۆریستەکە
تیرۆریستەکە (مەولوت مەرت ئالتینتاش) ئەفسەری هەواڵگری تورکیایە و کادرێکی دڵسۆزی حیزبەکەی ئەردۆگانە. ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە ئیسلام گەراکان توانیویانە وەك نەخۆشی شێرە پەنجە لە نێو پەیکەرەی دەولەت و دامەزراوەکانیدا بلاوببنەتەوە و لە هەرکاتێکدا بە ئاسانی دەتوانن تاوانی گەورە گەورە بخوڵقێنن. ئیسلامگەرا جیهادیەکان لە نێو دامەزراوە ئەمنیەکانی تورکیادا تەنیا شانەی نوستوی جیهادی نین، بەڵکە بەشێکی فراوانی لاشەی ئەو دامەزراوانە پێك دەهێنن، ئەمەش پرۆسەی داڕوخانی دەولەتی تورکیا هەرچی زیاتر خێراتر دەکات.

قوربانیەکە
ئەندرێ کارلۆڤ ( 1954 – 2016 ) یەکێکە لە دبلۆماتکارە ناسراوەکانی ڕوسیا کە خاوەنی 40 ساڵ ئەزمونی کاری دبلۆماسیە، ئەو دەرچوی پەیمانگای پەیوەندیە نێو دەولەتیەکان لە ساڵی 1976 و دەرچوی ئەکادیمیایی دبلۆماسی ساڵی 1992 ئەو هەر لە تەمەنی لاویدا لە وەزارەتی دەرەوەدا گەلێك ئەرکی گرتوەتە ئەستۆ. ساڵی 2013 وەك باڵوێزی ڕوسیا لە تورکیا دەستی بەکار کردووە، بەدرێژایی سێ ساڵی ڕابردوو ڕۆڵی گەورەی گێرا لە دروستکردنی پەیوەندی بە هێزی سیاسی و ئابوری نێوان تورکیا و ڕوسیا، بە تایبەت دوای خستەخوارەوەی فرۆکە ڕوسیەکە و ئەو تەنگژە مەترسیدارەی بەشوێنیدا هات.
کارلۆڤ بە ئەندازیاری ڕێکەوتنی حەلەب دا دەنرێت، هاوکات کۆبونەوەی ڕوسیا، تورکیا و ئێران لەسەر دۆسیەی سوریا لە ئاکامەکانی هەوڵە دبلۆماسیەکانی ئەوە. بێ هیچ گومانێك تیرۆری ئەو هەوڵدانێکی جدیە بۆ تێکدانی ئەو هەوڵانەی کە بەشوێن دەروازەیەکدا دەگەڕێن تا بەر بە لافاوی خوێنی سوریەکان بگیردرێت.

عومەر گۆنای و مەولوت مەرت
گەرچی هێشتا زۆر لایەنی تاوانەکە ئاشکرا نەبوو، بەڵام گەلێك پرسیاری سادە هەن جێگەی گومانی گەورەن بۆچ هێزە ئەمنیەکان ڕێ و شوێنی پێویستیان نەگرتوەتە بەر کە کەسێك بە ئاسانی و بە چەکەوە بتوانێت بگاتە بەردەم جەنابی باڵوێزوو بێ هیچ بەرگری و کاردانەوەێ بە ئاسانی بەبەرچاوی کامێرا و ئامادە بوانەوە قوربانیەکە گولە باران بکات و چەند خولەکیش خەرکی وتاردابێت بۆ پاساوی تاوانەکەی؟! ئەو زۆر لەسەر خۆی تاوانەکەی ئەنجام دا و پاشان وتی:
حەلەب- مان بیرناچێت، سوریامان بیرناچێت، ئێمە بەیعەتمانداوە لەسەر “جیهاد” كردن.
پاشان وتی ، ئەوەی دەستی هەبێت لە و ستەمەدا دەبێت باجەكەی بدات، لەم هۆڵەش ناچمە دەرەوە تاكو نەكوژرێم.
پاشان قسەیەكی ئوسامە بن لادن سەرۆكی كوژراوی رێكخراوی ئەلقاعیدەی وتەوە کە دەڵێت: ئەگەر وڵاتەكەمان سەقام گیر نەبێت بۆمان، ئێوەش چێژ لەسەقام گیری نابینن.
ڕێگەدان بە تاوان بار تا تاوانەکەی ئەنجامبدا پاشان ڕێگەدان بەوەی کە ئامانجی تیرۆرەکەی ڕاگەیەنێت، دواتر کوشتنی، لە کاتێکدا بە ئاسانی دەتوانرا دەسگیر بکرێت و لە لێکۆلینەوەکاندا ئاشکرای بکات کێ لە پشتی تیرۆرەکەوە هەیە. هەموو ئەوانە ئاماژە بە سیناریۆیەکی دەزگا هەواڵگریەکان دەکات. هەفتەی پێشو هەواڵی مەرگی کتوپری عومەر گۆنای تاوانباری سەرەکی تیرۆری سێ ژنە تێکۆشەرەکەی پاریس چەند ڕۆش پێش دادگایی کردنی بلاو کرایەوە، گومان هەڵناگرێ عومەر گۆنای کوژراوە تا بکوژی ڕاستەقینە و لایەنە تێوە گلاوەکانی ئەو تاوانە ئاشکرا نەکرێن، ئایا کوشتنی مەولوت مەرت-یش بەم شێوەیەی کە دیمان ، بۆ هەمان مەبەست بوو؟!

ئاکامەکانی تاوانەکە
ئەگەرچی هەم پۆتین و هەم ئۆردۆگان لە یەکەمین کاردانەوەیاندا باسیان لە پەیوەندی هاوبەش و کارکردن بۆ ئاشتەوایی لە قەیرانی سوریادا کرد، بەڵام تیرۆری کارلۆڤ کاریگەری درێژماوەی خراپی دەبیت لەسەر پەیوەندیەکانی هەردوو دەولەت. دەستدرێژی کردنەسەر باڵوێزی دەولەتێکی گەورەی وەك ڕوسیا لە ناوجەرگەی پایتەختی تورکیا، گەر ڕاستەوخۆ باڵێکی ناوەندی بڕیاری لە پشتەوە نەبێ، ئەوا بێ هیچ گومانێك نیشانەی شکستی گەورەی ئەو دەولەتە و دامەزراوەکانیەتی لە پاراستنی دبلۆماتکارەکان و مایەی لە دەستدانی متمانەیە لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا. تیرۆری دبلۆمات کارەکان و تەقینەوەکانی ئەم دواییە هەلومەرجێك دەخولقێنێت کە وەبەرهەمهێنەرە بیانیەکان و کەرتی گەشتیاری و ئارامی گشتی متمانەیان لە دەست دەدەن کە ئەمەش قەیرانی ئابوری تورکیا چەند بەرابەر زیاد دەکات.

نزیکەی سێ ساڵ لەمەو بەر ئەسەد- ی چکۆڵە، لەسەر دەستتێوەردانی تورکیا لە کاروباری سوریا وتی:
ئەوانەی دوپشك لە گیرفانیاندا هەڵدەگرن ، دەبێت چاوەڕێی ڕۆژێکیش بکە تا پێوەیان بدات!
بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو، ئۆردۆگان و حکومەتەکەی بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتە فاشی و ئیسلامیەکانیان، کۆمەڵگەی تورکیان کردوەتە مۆڵگای جۆرەها ڕێخراوی تیرۆریستی ئیسلامی. تورکیا بە ئاشکرا لە شەڕی سوریادا سپانسۆر و پاڵپشتی فەرمی و نافەرمی تەواوی چەتە ئیسلامیەکان بووە و هەیە، پەیوەندیە سیاسی، سەربازی و ئابوریەکانی لەگەڵ داعش لە کەس شاراوە نیە. سیاسەتە فەرمیەکانی ئۆردۆگان و حکومەتەکەی ئاکەپە نەك هەر نەیتوانی بەرژەوەندیەکانی تورکیا لە سوریادا بپارێزێت، نەك هەر نەیتوانی ڕۆڵی ئیجابی لە قەیرانی سوریا و ئاکامە دڵتەزێنەکانیدا ببینێت، بەڵکە زەمینەی بۆ بە سوریا بونی تورکیاش خۆشکرد. سەرکوتی هەرجۆرە ئۆپۆزسیۆنێکی دیموکرات و چەپ، پێشێلکردنی فراوانی ئازادیە سیاسیەکان . سەرکوتی ئاشکرا و داخستنی سەدان دەزگای ڕاگەیاندن و زیندانیکردنی هەر دەنگێکی ناڕازی و پێشلکردنی هەمەلایەنەی ئازادی بیر و ڕا و بەیان، هەڵگیرساندنەوەی شەرێکی سەخت و خوێناوی لە باکوری کوردستان و ئەنجامدانی دەیان کۆمەڵکوژی گەورە و بچوك. کارنامەی حکومەتە فاشست و ڕەگەزپەرستەکەی ئۆدۆگان بووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا. پرسیارە واقعیەکە ئەوەیە ئایا سیاسەتە شێتانەکانی ئۆردۆگان تورکیا بەرەو هەڵوەشانەوەی یەکجاری دەبات و ئەمە سەرەتایی کۆتاییە؟! لە داهاتوویەکی نزیکدا وەڵامی ئەو پرسیارەمان وەچنگ دەکەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت